عەبدولرەزاق شەریف: له‌ نێوان شه‌ش لایه‌نی ئایدۆلۆژیا جیاواز قورسه‌ به‌ره‌ دروست بكرێت

"لە ڕێگەی یاساوە دۆسیەی تەقەکردن لە گردی زەرگەتە یەکلایی دەکەینەوە"

عەبدولرەزاق شەریف: له‌ نێوان شه‌ش لایه‌نی ئایدۆلۆژیا جیاواز قورسه‌ به‌ره‌ دروست بكرێت

1170 خوێندراوەتەوە

دیداری بنار هیدایه‌ت


عەبدولرەزاق شەریف، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان دەڵێت:"باوه‌ڕ ناكه‌م شه‌ش لایه‌ن بتوانن به‌یه‌ك عه‌قڵه‌وه‌ به‌ره‌یه‌ك پێكبهێنن، ده‌شڵێت دوای بڕیاره‌كه‌ى دادگای فیدراڵی عێراق هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌به‌رده‌ممان كراوه‌ن"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ "نه‌ دوژمنی پارتین نه‌ دوژمنی یه‌كێتین".


دیپلۆماتیك مەگەزین: ئه‌مرۆ دادگای فیدراڵی عێراق وه‌ڵامی تانه‌ی ناڕه‌زایی لایه‌نه‌كانی دایه‌وه‌، دواین هه‌ڵوێستی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان چییه‌؟
عەبدولرەزاق شەریف: بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌فه‌رمی وتویه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ حزبه‌كان بیروڕا ده‌گۆڕینه‌وه‌ و هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان كراوه‌یه‌ به‌ بایكۆتیشه‌وه‌، له‌و رووه‌وه‌ ئێمه‌ش هه‌مان بۆچوونمان هه‌یه‌.


دیپلۆماتیك مەگەزین: ئایا به‌بایكۆت كردن چاره‌سه‌ری كێشه‌ و گیروگرفته‌كان ده‌كرێت؟
عەبدولرەزاق شەریف: مه‌سه‌له‌ چاره‌سه‌ركردن نیه‌ و به‌به‌شداریكردنیش چاره‌سه‌ركردن نیه‌، له‌و پرۆسه‌یه‌دا ساخته‌كاری كراوه‌، ئه‌گه‌ر به‌شداری بكرێت شه‌رعییه‌ت دانه‌ به‌و ساخته‌كارییه‌ی كراوه‌، ئه‌مانه‌ى ده‌یڵێم بۆچوونی خۆمه‌، دواجاریش ئه‌و پارته‌ سیاسییانه‌ى به‌یه‌كه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر پرۆسه‌كه‌ ده‌ده‌ن.


دیپلۆماتیك مەگەزین: بڕیار وایه‌ شه‌ش لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كه‌ به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكبهێنن، به‌پێی زانیارییه‌كان به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌كات، ئایا بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌چێته‌ ژێر هه‌یمنه‌ی ئه‌و به‌ره‌ هاوبه‌شه‌وه‌؟
عەبدولرەزاق شەریف: دروستكردنی به‌ره‌ له‌نێوان ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ پێشنیاركراو نیه‌، له‌میدیاكان ئه‌و شته‌ باسكراوه‌، به‌ڵام وه‌كوو خۆیان ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ كۆبوونه‌وه‌یان كردبێت بۆ ئه‌و به‌ره‌یه‌ی باسی لێوه‌ ده‌كرێت دووره‌ له‌راستییه‌وه‌.

،،

دروستكردنی به‌ره‌ له‌نێوان ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ پێشنیاركراو نیه‌، له‌میدیاكان ئه‌و شته‌ باسكراوه‌، به‌ڵام وه‌كوو خۆیان ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ كۆبوونه‌وه‌یان كردبێت بۆ ئه‌و به‌ره‌یه‌ی باسی لێوه‌ ده‌كرێت دووره‌ له‌راستییه‌وه‌.

dfc
عەبدولرەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران


دیپلۆماتیك مەگەزین: له‌ ئه‌گه‌ری دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی له‌و جۆره‌، هه‌ڵوێستی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان چی ده‌بێت؟
عەبدولرەزاق شەریف: تا ئێستا باس له‌دروستكردنی به‌ره‌ نه‌كراوه‌، ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و شه‌ش حزبه‌ بتوانن به‌ره‌ دروستبكه‌ن، به‌ڵام ره‌نگه‌ دوو یا سێ حزبیان بتوانن به‌ره‌یه‌ك دروستبكه‌ن، به‌ره‌ له‌خۆیه‌وه‌ دروست نابێت، ده‌بێت رێكه‌وتنی سیاسیی و كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وامی له‌سه‌ر بكرێت.


دیپلۆماتیك مەگەزین: ئه‌و حزبانه‌ى باسیان ده‌كه‌یت، له‌چ لایه‌نێك پێك دێن؟
عەبدولرەزاق شەریف: پێم وانیه‌ له‌نێوان شه‌ش حزب دروست بێت، ده‌بێت په‌یماننامه‌ له‌نێوان هه‌بێت و ئه‌گه‌ر رێكه‌وتن بكرێت ده‌توانرێت به‌ره‌ دروست بكرێت، به‌گشتی له‌نێوان شه‌ش لایه‌نی ئایدۆلۆژیا جیاواز ئه‌گه‌رێكی قورسه‌ به‌ره‌ دروست بكرێت، گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌كێتییدا رێكه‌وتنی كرد ، 25 خاڵ دارێژرا باس له‌وه‌كرا كێی پێی باشه‌ بچێته‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌وه‌، به‌ڵام پێم وایه‌ سه‌ركه‌وتنی سیاسیی پێشنیاركراوه‌ نه‌ك به‌ره‌.


دیپلۆماتیك مەگەزین: بۆچی نه‌وه‌ى نوێ له‌و به‌ره‌یه‌دا نه‌بوو؟
عەبدولرەزاق شەریف: هیچ زانیارییه‌كم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ بۆ نه‌وه‌ى نوێ بانگهێشتی ناو ئه‌و شه‌ش لایه‌نه‌ سیاسییه‌ نه‌كراوه‌، ئاگاداری ئه‌وه‌ نیم.

،،

تا ئێستا باس له‌دروستكردنی به‌ره‌ نه‌كراوه‌، ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و شه‌ش حزبه‌ بتوانن به‌ره‌ دروستبكه‌ن، به‌ڵام ره‌نگه‌ دوو یا سێ حزبیان بتوانن به‌ره‌یه‌ك دروستبكه‌ن، به‌ره‌ له‌خۆیه‌وه‌ دروست نابێت، ده‌بێت رێكه‌وتنی سیاسیی و كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وامی له‌سه‌ر بكرێت.

dfc
بارەگای سەرەکی بزوتنەوەی گۆران ـ گردی زەرگەتە ـ سلێمانی


دیپلۆماتیك مەگەزین: بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتی له‌سه‌ره‌تای بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن گرژی و ساردی كه‌وته‌ نێوانیان و دواتر به‌ته‌قه‌كردن كۆتایی هات، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بچنه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ؟
عەبدولرەزاق شەریف: جه‌ماوه‌ر و سه‌ركرده‌ و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌یه‌كێتی نیشتیمانی توڕه‌یه‌، ئه‌وان به‌نامه‌یه‌ك داوای لێبوردنیان نه‌كرد، له‌كاتێكدا ده‌بوایه‌ خۆیان هاوكاربوونایه‌ له‌دادگایی كردنی ئه‌وانه‌ى هاتنه‌ سه‌ر گرده‌كه‌، ئێمه‌ له‌رێی یاساوه‌ ئه‌و كه‌یسه‌ یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌ و هیوادارین یه‌كێتی هاوكارمان بێت و ته‌گه‌ره‌ نه‌خاته‌ به‌رده‌م دادگایی كردن، ئه‌گه‌ر به‌ڕه‌سمی داوای لێبوردن بكه‌ن كاره‌كان باشتر ده‌بن، گۆڕان نه‌دوژمنی یه‌كێتییه‌ و نه‌دوژمنی پارتییه‌، هه‌موومان هاوڵاتی یه‌ك وڵاتین و له‌یه‌ك شوێن كارده‌كه‌ین و چه‌ندین بابه‌تی وه‌ك نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ و خاك له‌نێوانماندایه‌ و هاوبه‌شین.


دیپلۆماتیك مەگەزین: هه‌ڵوێستی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت چۆن بوو له‌رووداوی شه‌وی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ و بانگه‌وازه‌كه‌ى كه‌ی ئێن ئێن بۆ بارزانی؟
عەبدولرەزاق شەریف: ئاگام له‌و بانگه‌وازه‌ى كه‌ی ئێن ئێن و هه‌ڵوێستی نێچیرڤان بارزانی نه‌بووه‌.


دیپلۆماتیك مەگەزین: پارتی به‌نه‌یاری گۆڕان هه‌ژمار ده‌كرێت، پارتیش ناڕه‌زایی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامی ده‌نگدانه‌كه‌، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پارتی جوڵانی شه‌قام و په‌رله‌مانی به‌دوادا نایه‌ت.
عەبدولرەزاق شەریف: نه‌مبیستووه‌ پارتی ناڕه‌زایی هه‌بێت و تانه‌ى له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان دابێت، ده‌بینین یه‌كێتی و پارتی له‌كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وامدان بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌نێوان خۆیاندا، ناڕه‌زاییم بیستووه‌ له‌هه‌ندێك كادری پارتیی ئه‌ویش نافه‌رمییه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێستی فه‌رمی پارتی و یه‌كێتی وه‌ك دوو رووی یه‌ك دراو وایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌، هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك دوای 16 ی ئۆكتۆبه‌ر مه‌كته‌بی سیاسیی هه‌ردوولایان كۆبوونه‌وه‌ كه‌ له‌خانه‌قینه‌وه‌ تا پردێ یه‌ك پێشمه‌رگه‌ى پارتی لێ نه‌مابوو.


دیپلۆماتیك مەگەزین: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌كۆتایی مانگی نۆ ده‌كرێت، هیچ ئاماده‌كارییه‌كتان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ساخته‌كاری دووباره‌ نه‌كرێته‌وه‌.
عەبدولرەزاق شەریف: هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى رێگری بكه‌ین له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ى ساخته‌كاری و له‌هه‌فته‌ى ئایینده‌وه‌ ده‌ست به‌كاره‌كان ده‌كه‌ین.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك