گوریسی هەڵبژاردنەكان بەدەستی كێوە دەپچڕێت

پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دژی ئەنجامەكانن و كۆمسیۆن و سەرۆكایەتی كۆمار بەرگری لێدەكەن

گوریسی هەڵبژاردنەكان بەدەستی كێوە دەپچڕێت

920 خوێندراوەتەوە

هەریەكە لەدامەزراوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەستاونەتەوە و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و سەرۆكایەتی كۆمار بەرگری لە ئەنجامەكان دەكەن.


لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسایەك كردوە كە بەتەواوی دۆخی عێراق و چارەنوسی هەڵبژاردنەكان دەباتە قۆناغێكی نوێوە.


ئەمین بەكر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە دیبلۆماتیك مەگەزینی ووت لە پڕۆژە یاساكەدا كە ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە دوای دوبارە بژاردنەوەی 100% ی دەنگدان ن دەكاتەوە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دانانی دەستەیەكی دادوەری لە جێگەیان كە بەكاری دوبارە ژماردنەوەی دەستی سندوقەكان هەستن".

،،
ئەمین بەكر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق:

لە پڕۆژە یاساكەدا كە ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە دوای دوبارە بژاردنەوەی 100% ی دەنگدان ن دەكاتەوە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دانانی دەستەیەكی دادوەری لە جێگەیان كە بەكاری دوبارە ژماردنەوەی دەستی سندوقەكان هەستن".


ئەم پڕۆژە یاسایە كە بڕیارە لە دووشەمەی داهاتوو دەنگدانی لەسەر بكرێت دۆخی عێراق دەباتە قۆناغێكی نوێوە.

ڕۆژبەڕۆژ گۆڕەپانی سیاسی عێراق گۆڕانكاری گەورە و خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، لەكاتێكدا لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لە مانۆڕەكانیان بەردەوامن بۆ دیاریكردنی وێنەی حكومەتی ئایندە. هەوڵەكانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان و دروستكردنی فشار لەسەر كۆمسیۆن تادێت زیاتر دەبێت. لەلایەكەوە پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی دەركردوە بە مەبەستی رەتكردنەوەی دەنگدانی دەرەوەی وڵات و ئاوارەكان لەهەندێك پارێزگادا جگە لە موسڵ و لەلایەكی دیكەش بڕیاری بژاردنەوەی 10%ی دەنگەكانی بەدەستداوە و ئەگەر دەركەوت 25% تەزویر هەیە ئەوكاتە بڕیاری بژاردنەوەی سەرجەم وێستگەكان دەدرێت. هەر لەو بڕیارەیدا پەرلەمان دوایكردوە كە ئەنجومەنی كۆمسیاران ڕەوانەی دادگا بكرێن بۆ لێكۆڵینەوە.


ئەم هەوڵانەی پەرلەمان هاوكات بوو لەگەڵ جوڵەی سەرۆك وەزیران عەبادی بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە ساختەكاریەكان دوای ئەوەی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی دروستكرد لە هەریەكە لە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆكی دادگای فیدراڵی و سەرۆكی دەستەی نەزاهە و سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی و سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و چەن دەزگایەكی دیكە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە رێكارەكانی كۆمسیۆن و ئامێرەكانی دەنگدانی زیرەك. لەگەڵ ئەوانەشدا عەبادی ریگەیاند كە ئەو لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن نییە.


دوابەدوای بڕیارەكەی پەرلەمان لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەمەی رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هاتنە دەنگ و لەسەر زاری ریاز بەدران سەرۆكی دائیرەی هەڵبژاردنەكان پابەندبونیان بە بڕیارەكەی پەرلەمان رەتكردەوە و رایانگەیاند كە بڕیارەكەی پەرلەمان كودەتایە و شەڕی ناوخۆ لەوڵاتدا هەڵدەگیرسێنێت.
لەبەرامبەردا، ئەمین بەكر، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت" هەڕەشەكردن بە دروستبونی شەڕی ناوخۆ، مەترسیەكی گەورەیە هەركەس بانگەشەی بۆ بكات و دەبێت داوای یاسایی لەسەر تۆمار بكرێت"

بەرەی ناڕازی لە عێراق و كوردستان سورن لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پەرلەمانیشیان كردۆتە سەنگەری سەرەكی جوڵاندنی دۆسیەكەیان لەم كارەشیاندا تاڕادەیەك ئەنجومەنی وەزیرانیشیان لەگەڵدایە بە هەندێك جیاوازییەوە، لەبەرامبەریشدا ئەوانەی كە بەئەنجامەكان دڵخۆشن پشتگیری كومسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەن و بەم دوایانەش سەرۆكایەتی كۆمار


پشتگیری خۆی بۆ كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەربڕی و دژی جوڵەكانی ئەنجومەنی نوێنەران وەستایەوە.

ئەوەی بەڕونی دیارە ئەوەیە كە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان سەرۆك و هەردوو جێگرەكەی سورن لەسەر یەكلاكردنەوەی دۆسیەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و رەتكردنەوەیی و دادگایكردنی ئەنجومەنی كۆمسیاران.

،،

بەرەی ناڕازی لە عێراق و كوردستان سورن لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پەرلەمانیشیان كردۆتە سەنگەری سەرەكی جوڵاندنی دۆسیەكەیان لەم كارەشیاندا تاڕادەیەك ئەنجومەنی وەزیرانیشیان لەگەڵدایە بە هەندێك جیاوازییەوە، لەبەرامبەریشدا ئەوانەی كە بەئەنجامەكان دڵخۆشن پشتگیری كومسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكەن و بەم دوایانەش سەرۆكایەتی كۆمار

وادیارە بەرەی ناڕازی لە عێراق و كوردستان لە پەرلەمانەوە بەردەوام دەبن لەهەوڵەكانیان بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەكە و تەواوی دامودەزگاكانی دەوڵەتی عێراق دەكەونە ناو یەكێك لەبارەكانی پشتگیری یان دژایەتی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە.


تەنانەت بارودۆخەكە خەریكە رەهەندێكی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت، لەكاتێكدا پێشتر ئەمریكی و ئێرانیەكان وەك بابەتێكی ناوخۆیی سەیریان دەكرد. هەرلەوچوارچێوەیەشدا یان كۆبیش نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان پرسی ساختەكاری هەڵبژاردنەكانی عێراقی لەئەنجومەنی نوێنەران وروژاند و باسی لە هەڵوێستی شەش لایەنی كوردستانیش كە ئەنجامەكان رەتدەكەنەوە و داوای دوبارە هەڵبژاردن دەكەنەوە، لەبەرامبەردا دووپارتی سەرەكی كە یەكێتی و پارتین ئەو داواكارییە رەت دەكەنەوە.

هەر ئەمڕۆش فۆئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق لە چەند بەیانەمەیەكی جیاوازدا دژی هەوڵەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنران وەستایەوە و هەنگاوەكانی بە نادەستوری و دەستێوەردان لە كارەكانی كۆمسیۆن وەسفكردوە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری