سه‌عید كاكه‌یى، ئه‌و پیاوه‌ى کە هێنده‌ى نه‌مابوو بکرێتە خائین له‌ كۆتاییدا بووه‌ پاڵه‌وان

سه‌عید كاكه‌یى، ئه‌و پیاوه‌ى کە هێنده‌ى نه‌مابوو بکرێتە خائین له‌ كۆتاییدا بووه‌ پاڵه‌وان

4094 خوێندراوەتەوە

هێشتا به‌ته‌واوى ته‌پوتۆزى دواى گه‌رده‌لولى ڕۆژى هه‌ڵبژاردن نه‌نیشتبوه‌وه‌، ده‌نگى ناڕه‌زایى له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دژى به‌رز بوبویه‌وه‌، هه‌ندێك ده‌یانوت فێڵى لێكردوین و هه‌ندێكى دیكه‌ش ده‌یانوت كه‌سێكى كه‌م شاره‌زابووە و فێڵى لێكراوه‌ له‌ لایه‌ن هاوكاره‌كانییه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ ته‌پوتۆزى توڕه‌ییه‌كان نیشتنه‌وه‌ و وێنه‌كه‌ وه‌ك خۆى ده‌ركه‌وت ئه‌و بووه‌ پاڵه‌وانێكى گه‌وره‌ له‌دیدى ئه‌وانه‌وه‌ كه‌ تا دوێنێ ره‌خنه‌یان لێده‌گرت.


سه‌عید كاكه‌یى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیارانى كۆمسیۆنى سه‌ربه‌خۆیى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، به‌ته‌نیا ڕووبه‌ڕووى هه‌موو ئه‌ندامانى كۆمسیۆن و ساخته‌كاریه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان بووەته‌وه‌ له‌ ناو كۆمسیۆندا، وه‌ك خۆى ده‌ڵێت نایه‌وێت بچێته‌ ژێربارى ڕێكاره‌ نایاسایه‌كانى ئەنجومه‌نى كۆمسیاران و به‌ده‌نگى به‌رز ره‌خنه‌كانى ده‌گرێت.

سه‌عید كاكه‌یى، خێزانداره‌ و له‌دایكبووى 1960 ى قه‌زاى داقوقه‌ له‌ پارێزگاى كه‌ركوك، له‌سه‌رده‌مى شاخدا پێشمه‌رگه‌ بووه‌ له‌ناو ڕیزه‌كانى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستاندا، .سه‌ڕه‌ى باكگراونده‌ شۆڕشگێڕانه‌كه‌ى ده‌رچووى به‌شى هونه‌ره‌، به‌ڵام زیاتر له‌وه‌ى وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك بناسرێت وه‌ك ڕاوێژكارى سه‌ربازیی ناسراوه‌.

كاكه‌یى هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ره‌ له‌ دیبلۆماسیه‌ت و دكتۆراشى له‌ دانوستاندنى نێوده‌وڵه‌تییه‌ له‌ زانكۆیه‌كى ئه‌مریكى لە فلۆریدا وەرگرتووە، له‌ ئێستاشدا ره‌گه‌زنامه‌ى كه‌نه‌دى هه‌یه‌.


له‌سه‌ره‌تاى پرۆسه‌ى ئازادى عێراق 2003-2005 وه‌ك وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ئه‌مریكا كارى كردوه‌، به‌تایبه‌تى له‌گه‌ڵ جۆرج كه‌یسى فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق.له‌ 2004-2007 وه‌ك ڕاوێژكار كارى كردووه‌. له‌ 2007-2008 مامۆستا بوه‌ له‌ كۆلێژى جه‌نگ له‌ كالیفۆرنیا. له‌ 2008-2012 ڕاوێژكاربوه‌ له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى له‌ عێراق.

،،

سەعید کاکەیی، 2003-2005 وه‌ك وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانى ئه‌مریكا كارى كردوه‌، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ جۆرج كه‌یسى فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق.له‌ 2004-2007 وه‌ك ڕاوێژكار كارى كردووه‌. له‌ 2007-2008 مامۆستا بوه‌ له‌ كۆلێژى جه‌نگ له‌ كالیفۆرنیا. له‌ 2008-2012 ڕاوێژكاربوه‌ له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى  عێراق.

 

edd
سەعید کاکەیی، کاتی پێشمەرگایەتی لە شاخ


كاكه‌یى ده‌ڵێت "كاركردنم له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان له‌ به‌غداد له‌سه‌ر پێشنیارى ڕه‌وانشاد مام جه‌لال سه‌رۆك كۆمارى عێراق بووه‌".


له‌دواى دروستبوونى كابینه‌ى شه‌شەمى حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌ له‌سه‌ر پێشنیارى نه‌وشیروان موسته‌فا بووەتە ڕاوێژكار له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ڵام ته‌نها 9 مانگ له‌م پۆسته‌دا به‌رده‌وام بوه‌، چونكه‌ به‌هۆى ناردنه‌وه‌ى وه‌زیره‌كانى گۆڕان له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ ئه‌ویش له‌كاره‌كه‌ى دورخراوه‌ته‌وه‌.


له‌ كۆتایى ساڵى رابردوو دواى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌نجومه‌نى كۆمسیۆنى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ده‌نگیدا به‌ 9 كه‌سى دیكه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران، كاكه‌یى یه‌كێك بوو له‌و 9 كۆمسیاره‌ نوێیه‌ى ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌یان وه‌رگرت، ئه‌و به‌ پشتیوانى راسته‌وخۆى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وه‌ك یه‌كێك له‌ دوو كورده‌كه‌ى ناو كۆمسیۆن دیارى كرا.

سه‌عید كاكه‌یى به‌هۆى نیگه‌رانیه‌كانیه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ر زوو كۆمسیۆنى دایه‌ به‌ر نه‌شته‌رى ره‌خنه‌كانى و رایگه‌یاند كه‌ له‌هه‌ڵژاردنه‌كاندا ساخته‌كارى گه‌وره‌ كراوه‌.


پاش تێپەربوونی 72 كاتژمێر به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كاندا، دواى فشارى ده‌رونى ئه‌ندام و هه‌ڵسوڕاوه‌كانى گۆڕان له‌سه‌رى، سه‌عید كاكه‌یى پۆستێكى كورتى بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند" ئه‌گه‌ر خوێنى خۆم نه‌كرده‌ قوربانى گیڕانه‌وه‌ى ده‌نگه‌ دزراوه‌كانتان شیرى دایكم پێ حه‌رام بێت".

له‌پاش ئه‌و په‌یامه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ گۆڕا، سه‌عید كاكه‌یى بڕیاریدا بێده‌نگى بشكێنێت به‌رامبه‌ر به‌ كۆمسیۆن و كۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌وانیان له‌سه‌ر گرێ بدات، ئه‌ندامانى كۆمسیۆن پێیان وتبوو ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ بكات ئه‌وا ڕوبه‌روى سزا ده‌بێته‌وه‌.

دواى ئه‌وه‌ى كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كه‌ى گرێداو ره‌خنه‌ى له‌ كۆمسیۆن گرت، ئه‌ندامانى كۆمسیۆن رایانگه‌یاند كه‌ سه‌عید كاكه‌یى له‌ژێر فشارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندایه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتنیشى لێكراوه‌ له‌ لایه‌ن حزبەکەیەوە، هه‌رچه‌نده‌ كاكه‌یى تۆمه‌ته‌كه‌ى كۆمسیۆنى ره‌تكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند كه‌ لێدوانه‌كانى كۆمسیۆن ژیانى خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

،،

پاش تێپەربوونی 72 كاتژمێر به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كاندا، دواى فشارى ده‌رونى ئه‌ندام و هه‌ڵسوڕاوه‌كانى گۆڕان له‌سه‌رى، سه‌عید كاكه‌یى پۆستێكى كورتى بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند" ئه‌گه‌ر خوێنى خۆم نه‌كرده‌ قوربانى گیڕانه‌وه‌ى ده‌نگه‌ دزراوه‌كانتان شیرى دایكم پێ حه‌رام بێت".

 

bkm
مام جەلال و سەعید کاکەیی

هه‌وڵه‌كانى سه‌عید كاكه‌یى و ده‌ركه‌وتنه‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كانى له‌ چه‌ند ڕۆژى دواتردا كاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌ سه‌ركه‌وتنى ئه‌و كه‌مپینه‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ هێزه‌ ناڕازییه‌كان ڕێكیان خست و بووە هۆى هێنانه‌ سه‌رخه‌تى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش.

له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا ڕاگه‌یاندنه‌كان كۆمسیۆنیان بیرچویه‌وه‌ و زومى كامێراكانیان بۆ سه‌عید كاكه‌یى گۆڕى، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ریه‌كه‌یان نازناوێكیان پێ ده‌به‌خشى، له‌ پیاوى ئاشكراكردنى فه‌زیحه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پاڵه‌وانى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ساخته‌كاریه‌كانى هه‌ڵبژاردن.


ئێستا به‌ بڕیارى كۆمسیۆن، سه‌عید كاكه‌یى بۆ ماوه‌ى 60 ڕۆژ له‌ ئه‌ندامیه‌تى ئه‌نجومه‌نى كۆمسیاران سڕكراوه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر ئۆفیسه‌كه‌شیدا گیراوه‌ به‌ كۆمپیته‌ر و زانیاریه‌كانى ناویشیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و كۆڵى نه‌داوه‌ و سەرەراى ئه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌ى كۆمسیۆن بۆ سزادانى به‌ پێشێلكردنى یاسا ده‌زانێت و دواى له‌سه‌ر به‌رپرسانى كۆمسیۆن تۆمار كردوه‌، هاوكات شاری به‌غداشى به‌جێ نه‌هێڵاوه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ ئه‌ویش كۆمسیۆنێكى دیكه‌ى كردبێته‌وه‌.

كۆمسیۆن له‌به‌رده‌م دوڕیانێكدایه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئاكامى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌هه‌ر دیوێكدا بكه‌وێت نه‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ى سه‌عید كاكه‌یى و نه‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ى ریاز به‌دران له‌ سزاى لیژنه‌ ترسناكه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌ربازیان نه‌بێت، لەه‌ تێوه‌گلان به‌ ساخته‌كاریه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ به‌فیڕۆدانى پاره‌ و سامانى وڵات.

له‌وانه‌یه‌ به‌ ده‌نگ هه‌ڵبڕینه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ى سه‌عید كاكه‌یى خۆى له‌ لێپرسینه‌وه‌ى لیژنه‌ تۆقێنه‌ره‌كه‌ى عه‌بادى ده‌رباز كردبێت به‌ خۆبێبه‌ریكردن لێیان و پێشكه‌شكردنى كۆمه‌ڵێك دیكۆمێنت.


ئێستا كۆمسیۆن ئه‌و بابه‌ته‌ له‌سه‌ر سه‌عید كاكه‌یى ده‌وروژێنێت كه‌ ئه‌و سه‌رۆكى لیژنه‌ى كڕینى ئامێره‌ كۆرییه‌كان بووه‌ و گرێبه‌ستى سیستمه‌كه‌ش له‌ ئیسپانیا هه‌ر ئه‌و كردویه‌تی، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌فێڕۆدانى پاره‌ هه‌بێت تیایدا ئه‌وا ئه‌ویش تیایدا به‌شداره‌ و بگره‌ سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ش بووه‌.

كاكه‌یى نایشارێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و سه‌رۆكى لیژنه‌ى كڕین بووه‌ به‌ڵام له‌و پرۆسه‌یه‌دا به‌تەنها نه‌بووه‌ به‌ڵكو چه‌ند به‌رپرسێكى باڵاى كۆمسیۆن و كه‌سانى ئیدارى و ژمێریاریان له‌گه‌ڵدابووه‌ و ئه‌و به‌پێى پسپۆڕیه‌كه‌ى كه‌ دانوستاندنه‌ ئه‌و كاره‌ى كردوه‌.

،،

كۆمسیۆن له‌به‌رده‌م دوڕیانێكدایه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئاكامى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌هه‌ر دیوێكدا بكه‌وێت نه‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ى سه‌عید كاكه‌یى و نه‌ كۆمسیۆنه‌كه‌ى ریاز به‌دران له‌ سزاى لیژنه‌ ترسناكه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌ربازیان نه‌بێت، لەه‌ تێوه‌گلان به‌ ساخته‌كاریه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ به‌فیڕۆدانى پاره‌ و سامانى وڵات.

 

dfc
حەیدەر عەبادیی و سەعید کاکەیی

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ كۆمسیۆن هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراوه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیا كۆریه‌كه‌وه‌ كه‌ كۆمپانیایه‌كى بچوكه‌ و ئۆفیسه‌كه‌ى له‌ ژورێكى بچوكى وڵاتێكى دیكه‌یه‌و پێشتریش تۆمه‌تبار كراوه‌ به‌ ساخته‌كاریی له‌ هەڵبژاردنى چه‌ند وڵاتێكى دیكه‌،  كاكه‌یى ده‌ڵێت" گرێبه‌ستى كڕینى ئه‌و ئامێرانه‌ له‌سه‌رده‌مى كۆمسیۆنى پێشوو كراوه‌ و ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ته‌نها پاشكۆیه‌كى ئه‌و گرێبه‌سته‌ كۆنه‌ بووه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك كه‌موكوڕیی".

كاكه‌یى باس له‌وه‌ ده‌كات یه‌كێك له‌ كه‌موكوڕیه‌كان كه‌ كۆمسیۆن كردویه‌تى ئه‌نجام نه‌دانى گرێبه‌ست بووه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كى بوارى چێكکردنى سیستمه‌كه‌ له‌كاتێكدا ده‌بوایه‌ به‌پێى ڕێكاره‌كان ئه‌و كاره‌ بكرایه‌.


هه‌رچه‌نده‌ كاكه‌یى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان رێژه‌یه‌كى ده‌نگه‌كان دووباره‌ به‌ده‌ست بژمێردرێنه‌وه‌.

،،

سەعید کاکەیی پێىوایه‌ وه‌ك چۆن ئه‌وه‌ راسته‌ كه‌ ساخته‌كاریی كراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وه‌ش راسته‌ كه‌ لێدوانى لایه‌نه‌ نارازییه‌كانیش موباله‌غه‌ى تێدایه‌ و ته‌زویركردنه‌كه‌ به‌و قه‌باره‌ گه‌وره‌یه‌ش نییه‌ كه‌ ئه‌وان باسى ده‌كه‌ن.

 

dfc
سەعید کاکەیی لە کاتی ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیاکەی کۆریای باشور


كاكه‌یى سوره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ساخته‌كارى گه‌وره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا كراوه‌، به‌ڵام پێى وایه‌ بژاردنى ده‌ستى ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، چونكه‌ ساخته‌كارییه‌كان به‌ڕێگه‌ى ئه‌لكترۆنى كراون و ده‌سكارى ده‌نگى ناو سندوقه‌كان نه‌كراوه‌ و ئه‌وه‌ى له‌ سندوقه‌كه‌دایه‌ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ له‌سه‌ر هارد دیسكى ده‌نگه‌كانه‌ كه‌ دراوه‌ته‌وه‌ به‌ لایه‌نه‌كان.


سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌رى كردنه‌وه‌ى سندوقه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانیان كاكه‌یى ده‌ڵێت ئه‌و متمانه‌ی ته‌واوى به‌كارمه‌ندانى كۆمسیۆن هه‌یه‌ و هه‌ركه‌سیش ناپاكى بكات ڕوبه‌ڕوى سزا ده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ى كه‌ كردویه‌تى.


هه‌روه‌ها پێشى وایه‌ وه‌ك چۆن ئه‌وه‌ راسته‌ كه‌ ساخته‌كاریی كراوه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وه‌ش راسته‌ كه‌ لێدوانى لایه‌نه‌ نارازییه‌كانیش موباله‌غه‌ى تێدایه‌ و ته‌زویركردنه‌كه‌ به‌و قه‌باره‌ گه‌وره‌یه‌ش نییه‌ كه‌ ئه‌وان باسى ده‌كه‌ن.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری