بەرەی فەتح درزی تێ دەكەوێت و هەژموونی ئێرانیش لە عێراق لاواز دەبێت

ئێران و ئەمریكا سەرئێشەی سەركردە عێراقییەكان

بەرەی فەتح درزی تێ دەكەوێت و هەژموونی ئێرانیش لە عێراق لاواز دەبێت

1352 خوێندراوەتەوە


وەرگێران و داڕشتنەوە
رەزوان زەڵمی

 

كۆبوونەوەی هادی عامری سەرۆكی لیستی فەتح لەگەڵ دوغلاس سیلیمان سەفیری ئەمریكی لە عێراق، درز دەخاتە نێو لیستەكە و ئەمریكاش دەیەوێت رێكخراوی بەدر كە هادی عامری سەرۆكییەتی دوور بخاتەوە لە لیستی فەتح كە لیستێكە دۆست و جێگەی دڵخوازی ئێرانییەكانە.

 

ئەمریكا و ئێران سەر ئێشەی سەركردەكانی فەتح:

سەركردەكانی لیستی فەتح جیاواز بیر دەكەنەوە لەبارەی نزیك و دووریان لە ئەمریكا و ئێران ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ململانێ لەنێوانیاندا روو بدات و یەكدی تۆمەتبار بكەن، بۆ نموونە هادی عامری كە سەرۆكایەتی لیستی فەتحی دەكرد بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق پێی باشە لە واشنتۆن نزیك ببێتەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەبێت بەڵام نەبێتە هۆی تورەیی ئێران، بەڵام لەبەرامبەردا بزووتنەوەی عەصائیبی ئەهلی حەق كە دووەم لیستی گەورەی نێو هاوپەیمانییەتی لیستی فەتحە و خەزعەلی سەرۆكایەتی دەكات، هەموو نزیك بوونەوەیەك و پەیوەندییەك لەگەڵ ئەمریكا رەد دەكاتەوە كە ئەمەش جێ بەجێكردنی داوایەكی كت و متی ئێرانییەكانە.

 

دوغلاس سیلیمان، سەفیری ئەمریكا لە عێراق

،،

قەیس خەزعەلی وەك سەرۆكی بزوتنەوەكەش رایدەگەیەنێت ئەم هەڵسوكەوتەی ئەمریكا بەرامبەریان دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەوان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەدا پێنج كورسیان هێناوە بۆ پەرلەمانی عێراق ئەمە لە كاتێكدا ئەوان ساڵی 2014 تەنها یەك كورسی پەرلەمانیان هەبووە.

 


ئەنتی ئەمریكییەكان كێن.؟

بەم دواییانەش كۆنگرێسی ئەمریكی پشتگیری تەواوی ئەو پرۆژەیەی كرد كە بزوتنەوەی ناوبراو (عەسائیبی ئەهلی حەق) بخاتە لیستی رێكخراوە تیرۆرستییەكانی جیهانەوە، قەیس خەزعەلی وەك سەرۆكی بزوتنەوەكەش رایدەگەیەنێت ئەم هەڵسوكەوتەی ئەمریكا بەرامبەریان دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەوان لە هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەدا پێنج كورسیان هێناوە بۆ پەرلەمانی عێراق ئەمە لە كاتێكدا ئەوان ساڵی 2014 تەنها یەك كورسی پەرلەمانیان هەبووە.


بانكی ناوەندی عێراقی كە باڵاترین دەسەڵاتی ـ دراوە ـ لە عێراقدا، ئەم بانكە كە عەسائیبی ئەهلی حەق كارەكانی بەرێوە دەبات، بەتایبەت ئاڵوگۆر كردنی دراو لەنێوان عێراق و ئێران، بەهۆكاری ئەوەی كە لە لیستی تیرۆردایە لای ئەمریكییەكان كەوتووتە ژێر باری كۆمەڵێك كۆت و بەندەوە كە هەموو مامەڵەیەكی پەیوەندیدار بەدراوەوە لەگەڵیدا قەدەغە دەكات.


پێشتریش ئاراس كەریم كە بەرێوەبەری بانكی ((بلاد)) بوو لە عێراق و سەركردە لە كۆنگرەی نیشتمانی و یەكێك بوو لە كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بەهەمانشێوەی بزووتنەوەكەی خەزعەلی، كارەكانی بانكی مەركەزیش خرایە لیستی رەشەوە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بە تۆمەتی پەیوەندی و ئاڵوگۆری دراو لەگەڵ ئێرانیەكان.


هەرچەندە ئاراس و عەبادی پێشتر پەیوەندییەكی باشیان هەبوو وە هاوكاری یەكدیش بوون بەڵام وەك وەڵامێك بۆ ئەمریكییەكان عەبادی ناچار بوو وەك سەرۆكوەزیران هەموو مامەڵەیەكی دراو لەگەڵ بانكی بلاد رابگرێت و دەست بەسەر هەموو پارەو پولەكەیاندا بگرێت. كە ئەمەش هەژموونی بریاری ئەمریكییەكان لە عێراق دەردەخات و بە سەركردە عێراقییەكان دەڵێت "كە بەبێ ئەمریكا ناتوانن شتێكی ئەوتۆ بكەن و هەر نزیكبوونەوەیەكیان لە ئێران توشی كێشە و مەترسیان دەكات."

 

قەیس خەزعەلی، سەرۆكی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق

 

،،

هەوروەها صەدر وەك سەرۆكی یەكەم لیستی براوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەناوی (سائیرون) رایدەگەیەنێـت: كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك رازی نابن لە حكومەتی نوێی عێراق عەسائیبی ئەهلی حەق بەشدار بن.

 

دروستبوونی كێشە لەنێوان سەركردەكانی فەتح:

كەواتە لێرەوە دەتواین بڵێین ئەمریكییەكان هەركاتێك بیانەوێت درز دەخەنە نێوان سەركردە عێراقییەكان لە بەرژەوەندی خۆیان، ئەو هەوڵانەی دوغلاس سیلیمان وەك سەفیری ئەمریكی لە عێراق بۆ دوورخستنەوەی بزووتنەوەكەی خەزعەلی لە گۆرەپانی سیاسی عێراق و هێنانە پێشەوەی رێكخراوی بەدر كە هادی عامری سەرۆكییەتی، بووەتە هۆی ئەوەی كێشەی جدی و گەورە بكەوێـتە نێوان عامری و خەزعەلی.


هەوروەها صەدر وەك سەرۆكی یەكەم لیستی براوەی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەناوی (سائیرون) رایدەگەیەنێـت: كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك رازی نابن لە حكومەتی نوێی عێراق عەسائیبی ئەهلی حەق بەشدار بن. چونكە پێشتر خەزعەلی وەك سەرۆكی ئەم بزووتنەوەیە هاوكارێكی باشی صەدر بوو بەڵام بە پاڵپشتی ئێران جیا بوویەوە لە صەدرو بزووتنەوەیەكی درووست كرد و تۆمەتبار كرا بە ئەنجامدانی چەندین كاری توندوتیژی لە عێراق بە بیانووی ئەوەی گوایا ئەوان تاكە بزوتنەوە و پارتێكن كە دژی ئەمریكییەكان و داگیركەران بن لە عێراق.


ئەمەش لەكاتێكدا دێت كە جەعفەر موسەوی بەناوی وتەبێژی لیستی سائیرون رایگەیاند كە لەم رۆژانەدا كۆبوونەوەكان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان دەست پێ دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، بەڵام موسەوی بەبێ ناوهێنانی هیچ كوتلەیەك راشیگەیاند كە دە رۆژی كۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز گەرمترین رۆژە سیاسییەكان دەبێت لە عێراق و بە رۆژی یەكلاكەرەوەش ناوی دەبات.


موسەوی ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە ئەمرۆ لە عێراق دوو ئاراستە هەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق ئەوانیش نزیكبوونەوە یان دوور كەوتنەوە لە ئێران، و راشیگەیاند دوو شەمەندەفەری گەورە كە براوەی هەڵبژاردنەكانن بەرێوەن بۆ درووستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ئەوانیش یەكەم سائیرون و دووەم كوتلەی دەوڵەتی یاسا، و موسەوی دەشڵێت "دوور نییە كە لە خاڵێكی نزیكدا یەك بگرن و ئەو كوتلە گەورە پەرلەمانییە پێك بهێنن."

 

موقتەدا صەدر، سەرۆكی لیستی سائیرون

،،

حكومەتی نوێی عێراق پێ دەچێت حكومەتی كاڵبوونەوە و نەمانی هەژموونی ئێرانییەكان بێت لە عێراق و بەپێچەوانەشەوە زاڵبوونی هەژموونی ئەمریكا بێت بەسەر حكومەتی نوێدا وەهەروەها دوورخستنەوەی ئەوانەش بێت كە تووشبوون بە لایەنگری بۆ ئێران لە پێش هەموویانەوە عەسائیبی ئەهلی حەق.

 

 

خۆهەڵدان و رزگار بوون لە كەشتییەكەی ئێران:

 

ئەم زانیارییانەی پێشەوە ئەوەمان پێ دەڵێت كە زۆرێك لە سەركردە عێراقییەكان رەنگە بیانەوێت ئیدی لەو كەشتییەی كە ئێرانییەكان درووستیان كردبوو خۆیان هەڵبدەنە خوارەوە و خۆیان رزگار بكەن لە هەژموونی ئێرانی، بەهۆكاری ئەو بەرژەوەندییەی كە سەرەتا لەگەڵ ئێرانییەكان هەیانبوو لە بەرگی بیروبارەری ئایینیدا.


لەبەرامبەر ئەمەشدا سەركردە ئێرانییەكان هەستیان بەوە كردووە كە ئیدی دیوە راستەقینەكەیان لە عێراق دەردەكەوێت كە بەرژوەندییەكی سیاسی و پرۆژەیەكی سیاسیان هەبووە لە عێراق نەك پرۆژەیەكی عەقائیدی و دینی، ئەمەش بەهۆكاری ئەو پەیوەندییە نارێكەی كەوا لەگەڵ ئەمریكییەكان لەماوەی رابردوودا هەیانبوو.


و یەكێك لەو كەسایەتی و بزووتنەوانەی كە بە ئاشكرا لەگەڵ هەژموونی ئێرانییەكانە لە عێراق خەزعەلی و بزوتنەوەكەیەتی كە ئەمەش بە سوتاندنی كارتی خەزعەلی ناودەبرێت لە عێراق بەهۆكاری ئەو پشتگیری و پەیوەندییەی كە لەگەڵ ئێران هەیەتی و لە لایەن ئەمریكاشەوە لە لیستی تیرۆردایە.

 

لەكۆتایدا حكومەتی نوێی عێراق پێ دەچێت حكومەتی كاڵبوونەوە و نەمانی هەژموونی ئێرانییەكان بێت لە عێراق و بەپێچەوانەشەوە زاڵبوونی هەژموونی ئەمریكا بێت بەسەر حكومەتی نوێدا وەهەروەها دوورخستنەوەی ئەوانەش بێت كە تووشبوون بە لایەنگری بۆ ئێران لە پێش هەموویانەوە عەسائیبی ئەهلی حەق وەك بەشێك لە لیستی فەتح. وەهەروەها ئەمریكییەكان دەیانەوێت لایەنەكانی دیكەش بخەنە ژێر تاقیكردنەوە تاكو بزانن چەند سەركەوتوو دەبن لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا و پچراندنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران و بەدەستهێنانی متمانەی ئەمریكییەكان.

...

سەرچاوە:

http://rawabetcenter.com/archives/67753

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك