بۆچی فەرەنسـا هێزی سەربازیی لە خۆرئاوای کوردستان جێگیر کردووە ؟

بۆچی فەرەنسـا هێزی سەربازیی لە خۆرئاوای کوردستان جێگیر کردووە ؟

1835 خوێندراوەتەوە

 رۆڵی سوپای فەرەنسا لە سوریادا تەنها لەوەدا كورت نەبۆتەوە كە بەشداری بكات لە هێرشی موشەكی بۆ سەر ڕژێمی سوریا دوای ئەوەی تۆمەتبار كرا بە بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی دژی هاوڵاتیانی دۆما، یان بەشدار بێت لە هاوپەانێتی نێودەوڵەتی دژی گروپی تێرۆرستی داعش، بەڵكو پاریس ئێستا قراوانتر لەمانە كار دەكات و بە ڕێژەیەكی بەرچاو هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان بڵاو كردۆتەوە بە تایبەت لەو ناوچانەی كە هێزەكانی سوریای دیموكرات( هەسەدە) كۆنترۆلیان كردووە.

سوپای فەرەنسا لە ماوەكانی رابردوودا هەستاون بە دانانی 6 سەكۆی موشەكی لە نزیك گوندی (باغۆز)ی  سەر بە پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریادا، هەروەها چەندین راپۆرتیش ئاماژە بەوە دەكەن كە هێزێكی هاوبەشی ئەمریكی – فەرەنسی لە ( حەسەكە، رەقە، كۆبانێ) بوونیان هەیە.

هەروەها لە مەنبج  بە درێژایی خاڵی  بەریەكەوتنیان ( هێڵی تەماس) لەگەڵ سوپای توركیادا ئەم هێزانە بڵاوەیان  پێكراوە، ئەمەش بۆتە هۆی تێكچوونی پەیوەندیەكانی نێوان پاریس و ئەنقەرە، بە شێوەیەك ئەنقەرە هەرەشەی ئەوەی دەكرد كە ئەو هێزانە دەكەنە ئامانج گەر لەمپەر بۆ سوپای توركیا دروست بكەن.

راپۆرتە فەرەنسیەكان ئەوەندەی باس لە ئامانجی ئەو هێزانە دەكەن، ئەوەندە گرنگی بە ژمارەی هێزەكە نادەن، چونكە فەرەنسا لە سوریادا ستراتیژیەتی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و تێروانێكی نوێی سەبارەت بە قەیرانی سوریادا هەیە، بۆیە ئێمە لێرەدا سەرباری ئاماژە دان بە ژمارەو لایەنەكانی تری ئەم سوپایە، ئاماژە بە هۆكارەكانی بڵاوە پێكردنی ئەم هێزانەو ئامانجەكانیان دەكەین و دەمانەوێت بزانین بۆچی پاریس هێزی رەوانەی سوریا بە گشتی و رۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی كردووە.

،،

سوپای فەرەنسا لە ماوەكانی رابردوودا هەستاون بە دانانی 6 سەكۆی موشەكی لە نزیك گوندی (باغۆز)ی  سەر بە پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریادا، هەروەها چەندین راپۆرتیش ئاماژە بەوە دەكەن كە هێزێكی هاوبەشی ئەمریكی – فەرەنسی لە ( حەسەكە، رەقە، كۆبانێ) بوونیان هەیە.

dfc
بنکەیەکی سوپای فەرەنسا ـ سوریا

 

یەكەم: ژمارەی هێزەكە:

بەپێی ئەو راپۆرتانەی كەلەسەر هێزی فەرەنسا لە سوریادا ئامادە كراون، هێزەكە سەرەتا نزیكەی 70 سەربازی هێزی تایبەت بوون، پاشان 30 سەربازی تری پەڕەشوتەوانی فەوجی پیادەی دەریایی و هێزی مغاویری (ژمارە10 )یان بۆ زیاد كراوە، ئەمە سەرەرای ئەوەی كە هێزێكی مەدەفەعیشیان لە دێرەزوور جێگیر كراوە، بۆیە ئەم هێزانە بەردەوام لە رووی ژمارەوە زیاد دەبن، بەڵام تاكو ئێستا لە 200 سەرباز تێپەر نابن، واتە نزیكەی %10 ی قەبارەی هێزی ئەمریكی لە سوریادا.

دووەم: هێزەكەی فەرەنسا لە چەند ناوچەیەكی جیاوازدان:

فەرەنسا هێزەكەی لە سێ ناوچەی جیاوازدا بڵاوە پێكردووە كە ئەمانەن:

  • لەو ناوچانە بڵاوەیان پێكراوە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنترۆلیان كردووە، پێشتر پاریس ئەمەی پشتراستكردبووە و رایگەیاندبوو كە بوونی ئەم هێزە بۆ ئەوەیە كە چارەسەری ئەو كێشانە بكات لەو ناوچانەدا هەیە، بەبێ ئەوەی بەر یەككەوتنیان لەگەل سوپای توركیادا لە مەنبج هەبێت، یان رێگری لە هەسەدە بكەن.
  • ناوچە هاوبەشی فەرنسی – ئەمریكی: بەشێكی تری ئەم هێزانە لەو ناوچانەبڵاوبوونەتەوە كە بەرژەوەندی ئەمریكی و فەرەنسی تێدایە ، بۆ نموونە لەو ناوچەیەدا بڵاوبۆتەوە كە كۆمپانیای ( لاڤارج)ی فەرەنیسی لێیە بۆ دروستكردنی چیمەنتۆ، چونكە پێشتر خاوەنی كۆمپانیاكە لە پای پاراستنی ژیانی كارمەندەكانی لە ماوەی چوار سالی رابردوودا 50 ملیۆن دۆلاری داوە بە داعش، هاوكات ئەم هێزانە لە ناوچەی بیرە نەوتەكانی دێرەزوور بڵاو بونەتەوە.

،،

 هێزەکانی فەرەنسا لەو ناوچانە بڵاوەیان پێكراوە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆنترۆلیان كردووە، پێشتر پاریس ئەمەی پشتراستكردبووە و رایگەیاندبوو كە بوونی ئەم هێزە بۆ ئەوەیە كە چارەسەری ئەو كێشانە بكات لەو ناوچانەدا هەیە.

  • سنوری سوریا- عێراق: هێزەكەی فەرەنسا لەو ناوچانە بڵاو بوونەتەوە كە دەكەوێتە سەر سنوری عێراق- سوریا و مەترسی ئەوە هەیە چەكدارانی داعش لە نێوان هەردوو وڵاتدا هاتوچۆ بكەن.

 

سێیەم: ئامانجی جیاوازیان هەیە:

فەرەنسا دەیەوێت لە رێگەی بەهێزكردن و فراوانكردنی هێزەكەی چەند ئامانجێكی جیاواز بپێكێت كە ئەمانەی خوارەوە بەشێكی گرنگن لەو  ئامانجانە:

 

  • پشتگیری لە مانەوەی هێزی ئەمریكا لە سوریادا: ئەمە یەكێكە لە ئامانجە سەرەكیەكانی پاریس كە دەیەوێت ئەمریكا لە سوریادا بمێنێتەوە، ئەمەش بە ئاشكرا ئیمانوئێل ماكرۆن لە سەردانی بۆ واشنتن لە 24ی نیسانی ئەمساڵدا رایگەیاند كە دەیەوێت دۆناڵد ترەمپ هاوتە ئەمریكیەی رازی بكات لە سوریادا بمێنێتەوە، هۆكاری ئەمەشی بۆ ئەوە گێراوەتەوە كە هێشتا كاری سوپای ئەمریكا لە سوریادا تەواو  نەبووە.

هەرچەندە بەرپرسە سیاسی و سەربازیەكانی ئەمریكا بەردەوام رایدەگەیەنن كە مانەوەی هێزەكانیان تەنها پەیوەستە بە كاتەوە، بەڵام پاریس  دەیەوێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەم هێزانە نەكێشێتەوە و هاوكاری بەرژەوەندیەكانی ئەوروپا بكات لە سوریادا، بەتایبەت لە رێگری كردنی چەكدارانی داعش بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

dcv
شاری منبج ـ سوریا

 

  • رێگری لە فراوانخوازیەكانی توركیا:بوونی هێزەكانی فەرەنسا لەو ناوچانەی كە سوپای توركیا لە پێكداداندان لەگەڵ هەسەدەدا پەیوەندیەكانی ئەنقەرە و پاریسی ئاڵۆز كردووە و متمانە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەی ئەندامی ناتۆدا نەماوە، هاوكات میدیاكانی توركیا لە ماوەكانی رابردوودا بە نەخشەو زانیاری وردەوە ئاماژەیان بە بوونی هێزەكەی فەرەنسا كردبوو، ئەمەش بووە هۆی ئالۆزتر بوونی پەیوەندیەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە، چونكە پاریس پێی وایە بڵاوبونەوەی ئەم زانیاریانە مەترسی لەسەر هێزەكەیان دروست كردووە.

،،

بەرپرسە سیاسی و سەربازیەكانی ئەمریكا رایدەگەیەنن كە مانەوەی هێزەكانیان تەنها پەیوەستە بە كاتەوە، بەڵام پاریس  دەیەوێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەم هێزانە نەكێشێتەوە و هاوكاری بەرژەوەندیەكانی ئەوروپا بكات لە سوریادا، بەتایبەت لە رێگری كردنی چەكدارانی داعش بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

ئاڵۆزی پەیوەندیەكانی فەرەنساو توركیادا تەنها بە بوونی ئەم هێزەوە نیە، بەڵكو میدیاكانی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەكەن كە توركیا یەكێكە لەو دەروازانەی كە چەكدارانی داعش لێوەی دێنە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمە سەرەرای ئەوەی كە پاریس ئەنقەرە تۆمەتبار دەكات بەوەی  هاوكاری ئەو چەكدارانە دەكات كە دژی هەسەدە دەجەنگان و دەیانویست لە سالی 2014دا  لە كۆبانێ داگیر بكەن.

 

  • فراوانكردنی رۆلی خودی فەرەنسا: پاریس بۆ فراوانكردنی رۆلی خۆی لە سوریادا تەنها پشت بە لایەنی سیاسی و دیپلۆماسی نابەستێت، بەڵكو دەیەوێت لە سەرجەم لایەنەكەوە بوونی خۆی بەهێز بكات، چونكە تەنها لایەنی دیپلۆماسی بەس نیە بۆ ئامانجەكانی فەرەنسا، ئێستا لە دامەزراوە دیپلۆماسیەكانی ئەو وڵاتە زاراوەی( بەهێزكردنی پلانەكان) بەكاردەهێنرێت، وەك ئاماژەیەك بۆ فراوانكردنی هێزی سەربازی فەرەنسی ، چونكە بوونی ئەم هێزانە لە رۆژئاوای كوردستان دەبێتە هۆی باشتر كردنی لایەنی ئەمنی ئەو ناوچانە كە ماوەیەكی زۆرە بە بەراورد بە ناوچەكانی تری سوریا كە ئەمنیەتێكی رێژەیی لەو ناوچانەدا هەیە و بوونی فەرەنساش بەهێزتر دەكات.

 

چوارەم: دەرئەنجام

لە كۆتایدا دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی كە پاریس تێروانینی بۆ قەیرانی سوریادا گۆراوە، بەتایبەت دوای گۆڕانی هاوسەنگی هێزەكان و دەستوەردانی سەربازی توركیا لە عەفرین و رۆژئاوای كوردستان،  فەرەنسا دەیەوێت بوونی هێزەكانی خۆی لە سوریادا فراوانتر بكات و ئامانجەكانیشی گەورەتر بكات، چونكە لە سەرەتادا تەنها ئامانجی ئەوە بوو كە زانیاری لەسەر داعش وەربگرێت و لە رێگەری دیپلۆماسیەوە هاوكاری ئەو هێزانە بكات كە دژی داعش و رژێمەكەی سوریادان، بەڵام وا دیارە ئامانجی فەرەنسا ئێستا فراوان بووە و دەیەوێت لەلایەك رێگری لە پاوەنخوازی توركیا بكات و لەگەڵ هاوپەیمانەكەی ( ئەمریكا) پلانەكانی خۆیان لە سوریادا جێبەجێ بكەن، هەورەها دەیەوێت لە رێگەی هەسەدەوە بە تەواوی رێگری بكات لە بەهێز بوونەوەی داعش و دزە كردنی چەكدارەكانیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

كەواتە لە كۆتایدا ئەوەمان بۆ دەركەوت كە فەرەنسا بەردەوام هێزەكانی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان زیاد دەكات و وەك زلهێزێكی جیهانی رۆلی خۆی دەبینێت و دەیەوێت قەیرانی سوریا بە شێوەیەك بروات كە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندی خۆی و هاوپەیمانەكانی.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی