نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت وەزیرەكانی گۆڕان و كۆمەڵ دەربكات؟

نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت وەزیرەكانی گۆڕان و كۆمەڵ دەربكات؟

1881 خوێندراوەتەوە

لە 12 ئۆكتۆبەردا پارتی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆرانی لە حكومەت دەركرد، بەڵام بزوتنەوەی گۆران ملی نەدا بۆ ئەم بریارەی پارتی و لە حكومەت نەكشایەوە، ئەم قۆناغە تاوەكو رۆژی 20 ی مانگی رابردوو درێژەی كێشا، لەدوای ئەو بەروارەوە هەست دەكرێت قۆناغی دووەمی دەستبادانەكە لەنێوان ئەو دوو هێزەدا دەستیپێكردوە و ئەم جارە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت تۆڵە لە گۆران بكاتەوە و لەژێر ناوی یاسادا وەزیرەكانی گۆران دەربكات.

تائێستا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی پەسند نەكردوە، گومان دەكرێت بارزانی بیەوێت وەزیرەكان دەربكات نەك دەستلەكاركێشانەوەیان پەسند بكات.

،،

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە هێشتا تێنەگەیشتووین ئەمانە بۆ لە حكومەت دەرچوون، ئێمە لەوە تێنەگەیشتووین، وەڵامی ئەوەمان دەوێت، چوار ساڵە لەگەڵمانن تازە تێگەیشتوون ئەو حكومەتە وایە و وایە، ئێمە ئەو پرسیارانەمان هەیە.

رۆژی 20- 12 – 2017 بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كشانەوە و دواتر نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ مەلا بەختیار رایگەیاند، "سەبارەت بە پۆستە بەتاڵەكانی گۆڕان و كۆمەڵ، جارێ ئەمە یەكەم شت رێكاری یاسایی هەیە، راستە ئەوان دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، بەڵام دەبێت ئەو دەستلەكاركێشانەوەیە لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسندبكرێت، تاوەكو ئێستاش ئەو دەستلەكاركێشانەوانە لەلایەن ئێمەوە پەسند نەكراوە، بەپێی یاساش ئەوان دەبێت لە ئەركەكانیان بەردەوام بن، تا ئێستا پەسندمان نەكردووە".

نێچیرڤان بارزانی وتیشی، "ئێمە هێشتا تێنەگەیشتووین ئەمانە بۆ لە حكومەت دەرچوون، ئێمە لەوە تێنەگەیشتووین، وەڵامی ئەوەمان دەوێت، چوار ساڵە لەگەڵمانن تازە تێگەیشتوون ئەو حكومەتە وایە و وایە، ئێمە ئەو پرسیارانەمان هەیە، بۆیە لەبەرئەوە پێمانوایە دەبێت جاری قسەیان لەگەڵ بكەین بزانین مەسەلەكە چییە".

لەبەرامبەردا دانا عەبدولكەریم، بەرپرسی ژووری حكومەت لە ژووری حكومەت و پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆران بە "دیپلۆماتیك"ی راگەیاند، " گۆران چوار ساڵ نیە لەو حكومەتەدایە، تەنها ساڵێك و دوو مانگ لەو حكومەتەدا بوین، دوای 12ی ئۆكتۆبەریش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێمی كوردستان و شەری داعش كشانەوەمان لە حكومەت دواخست، جگە لەوەش ئەو كاتە نەكشاینەوە تاوەكو پارتی كودەتاكەی بەسەر حكومەت و پەرلەماندا بۆ نەچێتەسەر و ئەم كارەی لە ناوخۆ و دنیای دەرەوەدا بەئاسایی بەسەردا تێنەپەڕێت".

سەبارەت بە قسەكانی نێچیرڤان بارزانی، دانا عەبدولكەریم وتی" نێچیرڤان بارزانی با پێمان بڵێت بە كام یاسا سەرۆكی حزبەكەی و خۆی بڕیاریاندا وەزیرەكانی حكومەت لە 12ی ئۆكتۆبەر دەربكەن و رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان بكەن بچێتەوە سەر كارەكەی، ئەو كاتەش باسی یاساش بكات ئاساییە".

"نێچیرڤان بارزانی ناتوانێت وەزیرەكانی گۆڕان دەربكات"

رێكخەری ژووری حكومەتی گۆران تەئكیدیشی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك لەژێر هیچ پاساوێكدا نێچیرڤان بارزانی ناتوانێت وەزیرەكانی گۆڕان دەربكات، لەكاتێكدا ئەوان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە.

وتیشی، دوو ساڵە وەزیرەكانی گۆران لە حكومەتدا نین، لەماوەی ئەم دوو ساڵە سەرۆك وەزیران بۆ نەیتوانی وەزیرەكانی گۆران دەربكات.

بەپێی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 1992 ، كە لەساڵی 2005 دا پەرلەمانی كوردستان هەمواری كردوە، وەزیرەكان نامەی دەستلەكاركێشانەوە ئاراستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن و تا ئەو كاتەی سەرۆك وەزیران واژۆی دەكات پێویستە وەزیر لەسەر كارەكەی بەردەوام بێت.

"حكومەتێك پڕ لە وەزیری بە وەكالەت"

لای خۆیەوە كەمال موسلیم، وەزیری ئەوقافی حكومەتی هەرێم لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆران بە "دیپلۆماتیك"ی وت، نێچیرڤان بارزانی، بۆیە دەستلەكاركێشانەوەكە پەسند ناكات، چونكە زۆرینەی كابینەكەی دەبێت بە وەزیری بە وەكالەت، جگە لەوەش دەستلەكاركێشانەوەی تیمی حكومی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوەیەكی سیاسیە نەك یاسایی، ئەم پرسە بەوە چارەسەر نابێت سەرۆك وەزیران دەستلەكاركێشانەوە پەسەند نەكات و لەسەر دەوام نەكردن وەزیر دەربكات.

گێمی دووەمی دەست بادانەكە دەستیپێكرد

لە 12 ئۆكتۆبەردا پارتی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆرانی لە حكومەت دەركرد، بەڵام بزوتنەوەی گۆران ملی نەدا بۆ ئەم بریارەی پارتی و لە حكومەت نەكشایەوە، ئەم قۆناغە تاوەكو رۆژی 20 ی مانگی رابردوو درێژەی كێشا، لەدوای ئەو بەروارەوە هەست دەكرێت قۆناغی دووەمی دەستبادانەكە لەنێوان ئەو دوو هێزەدا دەستیپێكردوە و ئەم جارە نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت تۆڵە لە گۆران بكاتەوە و لەژێر ناوی یاسادا وەزیرەكانی گۆران دەربكات، ئەم نیازەی سەرۆك وەزیرانیش ئەوكاتە دەركەوت كە رایگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكانی گۆران و كۆمەڵی پەسند نەكردوە و دەیەوێت بزانێت بۆ دوای چوار ساڵ ئێستا دەستلەكاردەكێشنەوە.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو