بێدەنگییەکی گوماناویی.. بێهەڵوێستی حکومەت و حزبەکان بەرامبەر هاتنی سوپای تورکیا

گومان دەکرێت شێوە ڕێکەوتنێکی نهێنی لە نێوان حکومەتی هەرێم و تورکیادا هەبێت

 بێدەنگییەکی گوماناویی.. بێهەڵوێستی حکومەت و حزبەکان بەرامبەر هاتنی سوپای تورکیا

474 خوێندراوەتەوە

skynewsarabia

و: دانــا ساڵــح

سوپای تورکیا بەردەوامە لە پێشرەوییکردنی بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بە پاساوی روبەروبوونەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە کاتێکدا حکومەت و حزبەکانی هەرێمی کوردستانیش بێدەنگیان لەم هاتنەی سوپای تورکیا کردووە.

سەرچاوەیەک ئەوەی بۆ (سکای نیوز) پشتراست کردەوە کە "سوپای تورکیا لە ئێستادا لە نزیک گوندی بەرمیزەی قەزای سۆران لە باکوری خۆرهەڵاتی هەولێر جێگیربوون، بەبێ ئەوەی هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێک لە لایەن حکومەتی هەرێم و حزبە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت".

بە بروای چاودێران، بێدەنگی بەرامبەر هاتنی سوپای تورکیا ئاماژەیە بۆ هەبوونی لێکتێگەیشتن یان شێوە رێکەوتنێکی نهێنی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا، کە تێیدا تورکیا هەوڵ دەدات بۆ روبەروبوونەوە و بە ئامانجگرتنی هێزەکانی پەکەکە لە بنکەکانیان لە چیای قەندیل.

،،

بێدەنگی بەرامبەر هاتنی سوپای تورکیا ئاماژەیە بۆ هەبوونی لێکتێگەیشتن یان شێوە رێکەوتنێکی نهێنی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا، کە تێیدا تورکیا هەوڵ دەدات بۆ روبەروبوونەوە و بە ئامانجگرتنی هێزەکانی پەکەکە لە بنکەکانیان لە چیای قەندیل.

 

dfc
سەربازانی تورکیا لە ناو گوندی بەرمیزە ـ ناوچەی برادۆست ، پارێزگای هەولێر

بە گەیشتنیان بۆ سنوری گوندی بەرمیزە، واتە سوپای تورکیا بە قوڵی زیاتر لە ٢٥ کیلۆمەتر چوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، کە ئاماژەی ئاگادارکردنەوەیە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سەربازیی گەورە دژی پەکەکە، ئەوەش دوای کەمتر لە سێ مانگ تێپەربوون بەسەر دەرکردنی هێزە کوردییەکان لە ناوچەی عەفرینی سوریا لە لایەن سوپای تورکیاوە.

،،

بە وتەی کرمانج عیزەت قایمقامی قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر، کە لە رێگەی تەلەفۆنەوە بۆ سکای نیوز قسەی کرد، "هێزەکانی تورکیا خەندەق و سەنگەری سەربازییان لێداوە لەسەر سنوری گوندی بەرمیزەی سەر بە قەزای سۆران، کە تەنها دوو کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە دوورە".

 

بە وتەی کرمانج عیزەت قایمقامی قەزای سۆران لە پارێزگای هەولێر، کە لە رێگەی تەلەفۆنەوە بۆ سکای نیوز قسەی کرد، "هێزەکانی تورکیا خەندەق و سەنگەری سەربازییان لێداوە لەسەر سنوری گوندی بەرمیزەی سەر بە قەزای سۆران، کە تەنها دوو کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە دوورە".

قایمقامی سۆران وتیشی، هێزەکانی تورکیا بە قوڵی نزیکەی ٢٥ کیلۆمەتر و پانتایی ١٥ کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، روونیشیکردەوە کە " گوندی بەرمیزە لە شارۆچکەی سۆرانەوە نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر دوورە ".

کرمانج عیزەت، جەختیکردەوە کە "پرۆسە سەربازییەکەی تورکیا تەنها دژی هێزەکان و بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە نەک خەڵکی ناوچەکە، گوندی بەرمیزەش تائێستا لەژێر دەسەڵاتی کارگێریی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە".

لای خۆیەوە، ئیخسان چەلەبیی بەرێوەبەری ناحیەی سیدەکانی سنوریی لە قەزای سۆران وتی: " هێزەکانی تورکیا لەسەر زنجیرە چیای دیل جێگیر بوون، لە ناو سێگۆشەی سنوریی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا".

وتیشی:" سوپای تورکیا هەستاوە بە دروستکردنی بنکەی سەربازیی لەسەر چیاکە، کە تەنها ١٦ کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەکەوە دوورە".

dfc
کاروانی سەربازیی سوپای تورکیا لە ناو گوندی بەرمیزە

،،

حەیدەر عەبادیی: وڵاتەکەم هیچ زیانگەیاندنێک بە سەروەریی خاکەکەی قبوڵ ناکات، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش بێت.

 

رەحەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە میانی چاوپێکەوتنی هاوبەشی لەگەڵ چەند کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی وڵاتەکەی رایگەیاند ئەگەر بەغداد هەڵنەسێت بە پاککردنەوەی ناوچەکە لە پەکەکە، وڵاتەکەی چیای قەندیل و ناوچەی شنگال بۆردومان دەکات.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش رۆژی سێشەممەی رابردوو ئاشکرایکرد، کە بەغداد ئامادەیە بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ ئەنقەرە بۆ رێگرتن لەو هێرشانەی لە سنورەکانەوە دەکرێنە سەر تورکیا.

عەبادی داواشی لە تورکیا کرد رێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرێت، سیاسیەکانی تورکیاشی بەوە تۆمەتبارکرد بەهۆکاری ناوخۆیی تورکیاوە ئەم مەسەلەیە دەوروژێنن و ئەردۆغان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری دەهێنێت، عەبادی وتیشی وڵاتەکەی هیچ زیانگەیاندنێک بە سەروەریی خاکەکەی قبوڵ ناکات، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش بێت.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك