پاش هه‌ره‌سى شۆڕشى ئه‌یلول، پارتى چۆن كه‌وته‌وه‌ ده‌ستى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ؟

بۆچى ئیدریس بارزانى له‌ كۆنگره‌ى 9 ى پارتیدا خۆى بۆ سه‌رۆكى حزب نه‌پاڵاوت؟

پاش هه‌ره‌سى شۆڕشى ئه‌یلول، پارتى چۆن كه‌وته‌وه‌ ده‌ستى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ؟

2647 خوێندراوەتەوە

پاش هه‌ره‌سى شۆڕى ئه‌یلول پارتى دیسان چۆن دروستبوەوە؟ دروستبوونى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان چ كاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى پارتی هه‌بوو ؟ بۆچى سه‌رکردەکانی سه‌ركردایه‌تى كاتى پارتى، " قیاده‌ موه‌قه‌ته‌" سامى عه‌بدولڕه‌حمان‌ و گروپه‌كه‌ى له‌كۆنگره‌ى 9دا هه‌موویان جیابوونه‌وه‌، ؟ بۆچى ئیدریس بارزانى له‌كۆنگره‌ى 9ى پارتیدا خۆى بۆ سه‌رۆكى پارتى نه‌پاڵاوت ؟

ئه‌وكاته‌ى كه‌ سه‌رکردەکانی قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌و ده‌یانوویست له‌پاش هه‌ره‌سى شۆڕى ئه‌یلول، به‌فۆرم‌و ڕێكخستنێكى نوێوه‌ پارتى درووست بكه‌نه‌وه‌، بنه‌ماڵه‌ى بارزانى له‌ كه‌ره‌ج بوون، به‌ڵام له‌پاش كۆنگره‌ى 9و كۆتایى هێنان به‌قیاده‌ موه‌قه‌ته‌، پارتى كه‌وته‌وه‌ ده‌ستى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى.

سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كانى پارتى جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ دووباره‌ درووستكردنه‌وه‌ى پارتى به‌ڕێبه‌رى‌و ئاگادارى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى بووه‌، به‌ڵام هه‌ندێك له‌و سه‌رچاوه‌ مێژووییانه‌ى كه‌ باس له‌هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ى شۆڕش ده‌كه‌ن له‌پاش هه‌ره‌سى شۆڕى ئه‌یلوول، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ى یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ له‌به‌رده‌ستا نییه‌ كه‌ درووستبوونه‌وه‌ى پارتى، به‌ئاگادارى‌و چاودێرى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى بووبێت‌، ئه‌وكاته‌ى كه‌ "سامى عه‌بدولڕه‌حمان"یش له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تردا "قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ ـ سه‌ركردایه‌تى كاتى پارتى" درووست ده‌كه‌نه‌وه‌ ماڵى بارزانى ئاگایان لێنه‌بووه‌، هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌کردەکانى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ دژى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى‌ و به‌تایبه‌تى دژى ئیدریس بارزانى بوون.

له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سى شۆڕشى ئه‌یلولدا، له‌به‌هارى ساڵى 1975 دا، شتێك به‌ناوى پارتى دیموكراتى كوردستان نه‌ماو، ئه‌و حیزبه‌ى كه‌ له‌ 16/8/1946دا دامه‌زرا وه‌كو حیزب كۆتایى هات.

سه‌ركردایه‌تى شۆڕشى ئه‌یلول به‌تایبه‌تى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى له‌ كه‌ره‌ج شوێنى تایبه‌تییان بۆ ئاماده‌كراو پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ش له‌ئۆردووگاكاندا له‌ژێر چاودێرى ساواكدا نیشته‌جێكران.

كرمانج گوندى له‌كتێبى " سى ساڵ خه‌بات‌ و وڵاتێكى وێران) باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سه‌رانى شۆڕشى هه‌ره‌س پێكراو له‌ كه‌ره‌ج، به‌ كاریگه‌رى گۆڕانكارییه‌كانى سه‌رگۆڕه‌پانى كوردستانى عێراق‌ و جموجووڵه‌كانى مام جه‌لال‌ و سه‌ركرده‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانى كوردستان‌ و بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالستى، كه‌وتنه‌ په‌یوه‌ندى كردن به‌بڕواپێكراوه‌كانى خۆیان به‌مه‌به‌ستى ناردنه‌وه‌یان بۆ كوردستان، پاش ماوه‌یه‌ك توانییان كۆمه‌ڵێك كه‌س كۆ بكه‌نه‌وه‌و بیان نێرنه‌وه‌.

،،

له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سى شۆڕشى ئه‌یلولدا، له‌به‌هارى ساڵى 1975 دا، شتێك به‌ناوى پارتى دیموكراتى كوردستان نه‌ماو، ئه‌و حیزبه‌ى كه‌ له‌ 16/8/1946دا دامه‌زرا وه‌كو حیزب كۆتایى هات.

asx
ئیدریس بارزانی، مەلا مستەفا بارزانی، مەسعود بارزانی


ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ڕابه‌رایه‌تى " سامى عه‌بدولڕه‌حمان" و چه‌ند كه‌سێكیتر له‌ 26/5/1976 ( قیاده‌ موه‌قه‌ته‌) "سه‌ركردایه‌تى كاتى پارتى"یان ڕاگه‌یاند، وه‌كو سه‌ر له‌نوێ پێكهێنانه‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان، سه‌رکردەکانی قیاده‌ موه‌قه‌ت پێكهاتبوون له‌ ( سامى عه‌بدولڕه‌حمان، جه‌وهه‌ر نامیق، فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یى، كه‌ریم شه‌نگالى، وریا ساعاتى، ئازاد خه‌فاف، عه‌بدوڵا ساڵح)‌و چه‌ند كه‌سێكیتر، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ش ده‌ست به‌جێ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى نیشتیمانیدا كه‌ هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا خۆى ڕاگه‌یاندبوو، شه‌ڕى نێوخۆى نێوانیان ده‌ستى پێكردو ناكۆكیى‌و شه‌ڕو ململانێكانى سه‌رده‌مى شۆڕشى ئه‌یلوولى نێوان باڵى " جه‌لالى‌و مه‌لایى" زیندوو بوویه‌وه‌و قۆناغێكى دیكه‌ى ده‌ستى پێكرد.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌و كه‌ ته‌نها یه‌ك هه‌فته‌ بوو، قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ ده‌ستى به‌جموجوڵ كردبوو، له‌ هاوینى ساڵى 1976 یه‌كه‌م مه‌فره‌زه‌ى چه‌كدارى یه‌كێتى كه‌ ژماره‌یان 37 پێشمه‌رگه‌ بووه‌، به‌سه‌ركردایه‌تى " برایم عه‌زۆ" له‌ناوچه‌ى بادینان، به‌ده‌ستى هێزه‌كانى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ ده‌كوژرێن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ شه‌ڕى كاره‌ساتى هه‌كارى كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( عه‌لى عه‌سكه‌رى‌و دكتۆر خالیدو حسێن شێخ بابه‌) كه‌ سێ سه‌ركرده‌ى باڵى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالیسى ناو نیمچه‌ به‌ره‌یى یه‌كێتى بوون، دواى به‌دیل گرتنیان له‌لایه‌ن سه‌رانى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌وه‌ كوژران.
هه‌رچه‌نده‌ ڕۆڵ‌و كاریگه‌رییه‌كى ئه‌و تۆیان نه‌بوو، هاوكات له‌ گه‌ڵ دروستبوونى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌دا، به‌ڕێبه‌رى" دكتۆر مه‌حمود عوسمان"و هه‌ریه‌كه‌ له‌ " قادر جه‌بارى‌و شه‌مسه‌دین موفتى‌ و عه‌دنان موفتى"، "لیژنه‌ى ئاماده‌كاریی پارتى" درووست بووبوو، به‌وته‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مانه‌ ده‌یانوویست‌و به‌نیازبوون پارتى له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌كى نوێ‌و هاوچه‌رخ ڕێكبخه‌نه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى كه‌ ئه‌م گروپه‌ له‌ سوریا بوون كه‌سیان له‌ ده‌ور كۆنه‌بوویه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ى له‌ سوریا بوون‌و كارى سیاسییان ده‌كرد بۆ یه‌كێتى‌ و له‌ ده‌ورى مام جه‌لال كۆ بوو بوونه‌وه‌.
ئه‌م گروپه‌ى دكتۆر مه‌حمود، به‌رده‌وام له‌هه‌وڵدا بوون بۆ خۆ نزیككردنه‌وه‌یان له‌سه‌ركرده‌كانى باڵى بزوتنه‌وه‌ى ناو یه‌كێتى، هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌ مێژووییه‌كان، سه‌رکردەکانى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌وه‌ و هه‌م دكتۆر مه‌حمود له‌و سه‌رده‌مه‌دا ویستوویانه‌ ناكۆكى‌و دووبه‌ره‌كى بخه‌نه‌ ناو باڵه‌كانى یه‌كێتى‌و هه‌ر ئه‌وانیش ڕۆڵى سه‌ره‌كییان بینیووه‌ له‌وه‌ى كه‌ سه‌ركرده‌كانى باڵى بزوتنه‌وه‌ى سۆسیالستى ناو نیمچه‌ به‌ره‌ی یه‌كێتى، به‌سه‌ركردایه‌تى" ڕه‌سوڵ مامه‌ند" له‌ یه‌كێتى جیاببنه‌وه‌، دواى جیابوونه‌وه‌شیان له‌یه‌كێتى له‌گه‌ڵ " لیژنه‌ى ئاماده‌كارى پارتى" به‌سه‌رۆكایه‌تى دكتۆر مه‌حمود عوسمان، یه‌كیان گرت‌و سه‌ركردایه‌تییه‌كى نوێیان به‌ناوى ( حزبى سۆسیالستى یه‌كگرتووى كوردستان- حسیك) پێكهێنا.

sxc
لە چەپەوە: نەوشیروان مستەقا، مەسعود بارزانی، جەوهەر نامیق سالم، فەلەکەدین کاکەیی، سامی عەبدولرەحمان، .....


جیا له‌م دوو گروپه‌، "عه‌لى شه‌نگارى"ش كه‌ له‌شۆڕى ئه‌یلوولدا ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى‌و به‌پرسى لقى 5ى پارتى بووه‌، له‌ مانگى ئه‌یلوولى ساڵى 1975داو له‌دواى هه‌ره‌سى شۆڕشى ئه‌یلوول له‌ ئێرانه‌وه‌ چوو بووه‌ سوریاو له‌وێ حیزبێكى به‌ناوى " یه‌كێتى دیموكراتى كوردستان" درووستكردبوو، عه‌لى شه‌نگاریش به‌هه‌مان شێوه‌ى دكتۆر مه‌حمودو جه‌ماعه‌ته‌كه‌ى ده‌یوویست به‌فۆرمێكى نوێوه‌ دیسان پارتى درووست بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌میش هیچ كاریگه‌رییه‌كى نه‌بوو، چونكه‌ سیاسییه‌كانى سووریا بۆ مام جه‌لال‌و یه‌كێتى یه‌كلایى بووبوونه‌وه‌، هه‌ر له‌و كاته‌دا كه‌ له‌سووریا بوو، عه‌لى شه‌نگارى به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كانى یه‌كێتى ده‌كرد، حیزبه‌كه‌ى شه‌نگارى تا ساڵى 1993 به‌بێ ڕۆڵ‌و كاریگه‌رى بوونى هه‌بوو، له‌كۆنگره‌ى 11ى پارتیدا شه‌نگارى حیزبه‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و چوویه‌ ناو پارتى بوویه‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى.

،،

سه‌رکردەکانى "قیاده‌ موه‌قه‌ته‌" له‌گه‌ڵ "ئیدریس بارزانی"دا نێوانیان خۆشنه‌بووه‌و به‌تووندیش دژایه‌تى یه‌كتریان كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ زۆرینه‌ى سه‌رانى "قیاده‌ موه‌قه‌ته‌" له‌به‌ر ناكۆكى توندیان له‌گه‌ڵ هێڵى ئیدریس بارزانیدا، به‌شدارى كۆنگره‌ى 9ى پارتییان نه‌كردو له‌و كۆنگره‌یه‌دا خۆیان نه‌پاڵاوت‌و دواتریش ڕیزى پارتیان جێهێشت.


زانیارییه‌ مێژووییه‌كانى ئه‌و ده‌مه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌رکردەکانى "قیاده‌ موه‌قه‌ته‌" له‌گه‌ڵ "ئیدریس بارزانی"دا نێوانیان خۆشنه‌بووه‌و به‌تووندیش دژایه‌تى یه‌كتریان كردووه‌، هه‌ربۆیه‌ زۆرینه‌ى سه‌رانى "قیاده‌ موه‌قه‌ته‌" له‌به‌ر ناكۆكى توندیان له‌گه‌ڵ هێڵى ئیدریس بارزانیدا، به‌شدارى كۆنگره‌ى 9ى پارتییان نه‌كردو له‌و كۆنگره‌یه‌دا خۆیان نه‌پاڵاوت‌و دواتریش ڕیزى پارتیان جێهێشت، پاش دوو ساڵیش ئه‌و سه‌ركردانه‌ى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌، جگه‌ له‌ هه‌ردوو جه‌وهه‌ر نامیق‌و فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یى، به‌ڕێبه‌رى سامى عه‌بدولڕه‌حمان، ( پارتى دیموكراتى گه‌لى كوردستان) "پارتى گه‌ل"یان دامه‌زراند، "پارتى گه‌ل" كه‌ وه‌كو پارتێكى نه‌ته‌وه‌یى چه‌پخواز خۆى وێنا ده‌كرد.
"كرمانج گوندى" له‌كتێبى " سى ساڵ خه‌بات‌و وڵاتێكى وێران"دا باسله‌وه‌ ده‌كات كه‌ سامى عه‌بدولڕه‌حمان‌و سه‌رانى دیكه‌ى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌، به‌توندى دژایه‌تى ئیدریس بارزانیان ده‌ركرد، بۆیه‌ له‌دواى جیابوونه‌وه‌شیان‌و درووستكردنى "پارتى گه‌ل" هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌و به‌فراوانتر به‌توندى كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنى پارتى، به‌تایبه‌تى هێڵى ئیدریس بارزانى.

sdc
مەسعود بارزانی ـ پیرمام ـ  ١٩٩٦.٩.٣ ـ فۆتۆ: رۆیتەرز


به‌پێى سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كانى پارتى، قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ له‌ 10/11/1975دا یه‌كه‌م به‌یانى ڕاگه‌یاندنى دامه‌زراندنى سه‌ركردایه‌تى كاتى ده‌ركردووه‌و له‌ كۆنفرانسى مانگى ئابى 1976یشدا له‌ به‌رلین، ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ به‌فه‌رمى جێگیركراون‌و هه‌ر له‌و كۆنفرانسه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ ( مه‌سعود بارزانى، ئیدریس بارزانى، سامى عه‌بدولڕه‌حمان، عه‌لى عه‌بدوڵا، نورى شاوه‌یس، جه‌وهه‌ر نامیق، ئازاد به‌روارى، عارف ته‌یفور، كه‌مال كه‌ركوكى، ئازاد خه‌فاف، وریا ساعاتى، دڵشاد میران، محه‌مه‌د ڕه‌زا) شه‌رعیه‌تییان پێدراوه‌، ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى سه‌ركردایه‌تى كاتى‌و سامى عه‌بدولڕه‌حمانیش سكرتێرى بووه‌، ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ش تا ساڵى 1979و كۆنگره‌ى 9ى پارتى به‌رده‌وامبووه‌.
هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ى تر ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ئیدریس بارزانى‌و مه‌سعود بارزانى له‌مانگى مایسى 1975دا په‌یوه‌ندییان به‌ژماره‌یه‌ك كادیرى سیاسى‌و سه‌ربازى شۆڕشى ئه‌یلووله‌وه‌ ده‌كه‌ن، بۆ درووستكردنه‌وه‌ى ڕێكخستنێكى نوێ، به‌وته‌ى كرمانج گوندى، جموجوڵه‌كانى مام جه‌لال‌و سه‌ركرده‌كانى كۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌ران‌و سه‌ركرده‌كانى بزووتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى ، وای له‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى كردووه‌ كه‌ بكه‌ونه‌ خۆیان.
"پارتى گه‌ل" حیزبه‌كه‌ى سامى عه‌بدولڕه‌حمان له‌ناوه‌ڕاستى ساڵى 1992دا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ گه‌ڵ حسك‌و پاسۆكدا كۆنگره‌ى یه‌كگرتنیان به‌ست‌و حیزبێكى نوێیان به‌ناوى " پارتى یه‌كگرتن" پێكهێنا، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ هێزێكى گه‌وره‌ترو فراوانتره‌وه‌ به‌شدارى یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن بكه‌ن له‌كوردستاندا، كه‌متر له‌ساڵێكى خایاند " پارتى یه‌كگرتن" بوون به‌چه‌ند به‌شه‌وه‌و سامى‌و هاوڕێكانى گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناو پارتى.
له‌ساڵى 1979 له‌پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى كاتى، له‌كۆنگره‌ى نۆیه‌مى پارتیدا، پارتى جارێكی تر به‌ناوى "پارتى دیموكراتى كوردستان" ده‌ستى پێكرده‌وه‌و جارێكی تر ئه‌و حیزبه‌ كه‌وته‌وه‌ ده‌ستى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى، له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه‌ چه‌ند مانگێك دواى كۆچى دوایى مسته‌فا بارزانى گرێدرا، "مه‌سعود بارزانى" به‌سه‌رۆكى پارتى‌و "عه‌لى عه‌بدوڵا"ش به‌ سكرتێرى پارتى هه‌ڵبژێردران.

،،

له‌ساڵى 1979 له‌پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى كاتى، له‌كۆنگره‌ى نۆیه‌مى پارتیدا، پارتى جارێكی تر به‌ناوى "پارتى دیموكراتى كوردستان" ده‌ستى پێكرده‌وه‌و جارێكی تر ئه‌و حیزبه‌ كه‌وته‌وه‌ ده‌ستى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى، له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه‌ چه‌ند مانگێك دواى كۆچى دوایى مسته‌فا بارزانى گرێدرا، "مه‌سعود بارزانى" به‌سه‌رۆكى پارتى‌و "عه‌لى عه‌بدوڵا"ش به‌ سكرتێرى پارتى هه‌ڵبژێردران.

سامى عه‌بدولڕه‌حمان‌و گروپه‌كه‌ى، ئه‌وانه‌ى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌یان درووستكردبوو، له‌لایه‌ن باڵى ده‌ستڕۆشتووى پارتییه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ناوى چه‌په‌كانى پارتییان لێنرابوو، به‌شدارى كۆنگره‌یان نه‌كردو ڕازى نه‌بوون به‌میكانیزمه‌كانى دیاریكردنى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى، به‌وته‌ى فازڵ میرانى، ئه‌وان واته‌ سامى‌و هاوڕێكانى ده‌یانزانى كه‌ له‌هه‌ڵبژاردن ده‌رناچن، چونكه‌ كارێكى زۆر بۆ ده‌رنه‌چوونیان كرابوو، وه‌ لایه‌نیتر له‌ ڕووى نوێنه‌رانه‌وه‌ زۆر به‌هێزتر بوو، ئه‌وه‌ش بوویه‌ هۆى ئه‌وه‌ى خۆیان هه‌ڵنه‌بژێرن‌و به‌شدارى كۆنگره‌ نه‌كه‌ن.
هه‌ر به‌وته‌ى فازڵ میرانى، مه‌سعود بارزانى داواى له‌ئیدریسى براى كردووه‌ كه‌ خۆى بۆ سه‌رۆكایه‌تى پارتى هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام ئیدریس بارزانى به‌هۆى ئه‌و هێرشه‌ گه‌وره‌یه‌ى كه‌ له‌سه‌رى بووه‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌ خۆى بۆ سه‌رۆك هه‌ڵبژێرێت.

DCV
مەسعود بارزانی، مام جەلال، سامی عەبدولرەحمان


ئه‌م قسه‌یه‌ى فازیڵ میرانى دیسان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و ناكۆكیی‌و ململانێ توونده‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌نێوان سه‌رانى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌و ئیدریس بارزانیدا هه‌بووه‌و ئه‌و هێرشه‌ى سه‌ر ئیدریس بارزانیش له‌وكاته‌دا، هه‌ڵبه‌ت هێرشى سامى عه‌بدولڕه‌حمان‌و گرووپه‌كه‌ى بووه‌.
مه‌سعود عه‌بدولخالق كه‌ له‌كتێبى ( ناسنامه‌ى حیزبه‌ كوردستانی) یه‌كاندا باسى له‌وه‌ كردووه‌ قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ وه‌كو لایه‌نێكى نوێ به‌سه‌رۆكایه‌تى سامى عه‌بدولڕه‌حمان، هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان‌و ماڵى بارزانى ئاگایان له‌ دروستبوونى نه‌بووه‌و سه‌رانى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ش ته‌نها وه‌كو هێما ناوى بارزانییان هێناوه‌.

،،

مه‌سعود عه‌بدولخالق كه‌ له‌كتێبى ( ناسنامه‌ى حیزبه‌ كوردستانی) یه‌كاندا باسى له‌وه‌ كردووه‌ قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ وه‌كو لایه‌نێكى نوێ به‌سه‌رۆكایه‌تى سامى عه‌بدولڕه‌حمان، هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان‌و ماڵى بارزانى ئاگایان له‌ دروستبوونى نه‌بووه‌و سه‌رانى قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ش ته‌نها وه‌كو هێما ناوى بارزانییان هێناوه‌.


به‌وته‌ى مه‌سعود عه‌بدولخالق، هه‌رچه‌نده‌ پاشتر مه‌سعود بارزانى‌و ئیدریسى براى زاڵبوونه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر قیاده‌ موه‌قه‌ته‌دا، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ بیسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌و شۆڕشه‌ یان درووستبوونه‌وه‌ى پارتى به‌ ئاگادارى‌و ڕێنمایى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى درووستبووبێته‌وه‌.
سه‌ید كاكه‌ له‌بیره‌وه‌رییه‌كانى خۆیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ش، وه‌كو یه‌كێتى دژایه‌تى شۆڕى ئه‌یلوولیان كردووه‌، سه‌ید كاكه‌ كه‌ یه‌كێكبووه‌ له‌سه‌ركرده‌كانى باڵى بزووتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى ئه‌وسه‌رده‌مه‌ى ناو یه‌كێتى‌و له‌شه‌ڕى هه‌كاریدا له‌لایه‌ن قیاده‌موه‌قه‌ته‌وه‌ به‌دیل گیراوه‌، له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا باسله‌وه‌ ده‌كات كه‌ كاتى گیرانیان له‌لایه‌ن قیاده‌ موه‌قه‌ته‌وه‌ به‌سامى عه‌بدولڕه‌حمانى وتووه‌ كه‌ ئێمه‌ ڕێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانیدا هه‌بووه‌، له‌وه‌ڵامدا سامى وتوویه‌تى ئێوه‌ چۆن له‌خۆتانه‌وه‌ ئیدریس به‌ به‌رپرسى ئێمه‌ ده‌زانن، ئێمه‌ سه‌ر به‌ئیدریس نین، سه‌ید كاكه‌ ئه‌مه‌ وه‌كو به‌ڵگه‌ دێنێته‌وه‌ كه‌ قیاده‌ موه‌قه‌ته‌ نه‌ك هه‌ر به‌ڕێنمایى ماڵى بارزانى كاریان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو چه‌نده‌ دژى یه‌كێتى بوون، هێنده‌ش دژى ماڵى بارزانى بوون.
برایم جه‌لال له‌كتێبى"چه‌پێك له‌مێژووى كۆمه‌ڵه‌دا ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ دامه‌زراندنى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان مه‌ترسییه‌كى زۆرى له‌ دڵى بارزانى‌و هه‌ندێك له‌سه‌رانى كۆنى پارتی‌و ته‌نانه‌ت ساواكى ئێرانیش درووستكردووه‌، بۆیه‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى كه‌وتوونه‌ته‌ته‌قه‌لاى خۆ خڕكردنه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى په‌یداكردنى هێزى چه‌كدارى‌و جموجوڵى سیاسى بۆ ڕێگه‌ گرتن له‌یه‌كێتى، به‌قه‌ولى برایم جه‌لال به‌ یه‌كێتییان ڕاگه‌یاندووه‌ "ئه‌گه‌ر شۆڕشیان پێنه‌كرێت، شۆڕشیان پێ تێك ده‌درێت".
ڕاپۆرتى سیاسى مه‌سعود بارزانیش له‌كۆنگره‌ى 9ى پارتیدا كه‌ له‌به‌شێكیدا ده‌ڵێت:" دوژمنان‌و خائینان وایان ده‌زانى پارتى نه‌ماوه‌و مه‌یدان بۆ ئه‌وان چۆڵ بووه‌" ئه‌و ئاماژه‌یه‌ى لێده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ درووستبوونى یه‌كێتى نیشتیمانى گوڕى به‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى داوه‌ كه‌ دیسان ده‌ست پێبكه‌نه‌وه‌.

بۆ نووسینى ئه‌م ڕاپۆرته‌ سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌.
یه‌ك: سی ساڵ خه‌بات‌و وڵاتێكى وێران – كرمانج گوندى – 1990- سوید.
دوو: بزافى ڕزگاریخوازى نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌ كوردستانى عێراق 1980 – 1988- د. عه‌لى ته‌ته‌ر نێروه‌ی- 2008 – دهۆك.
سێ: ناسنامه‌ى حیزبه‌ كوردستانییه‌كان- مه‌سعود عه‌بدولخالق- 2009- هه‌ولێر.
چوار: چه‌پكێك له‌ مێژووى كۆمه‌ڵه‌- برایم جه‌لال- چاپى سێیه‌م- 2011- سلێمانى.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی