پەیوەندییەکانى ئەمریکا و ئێران لە ساڵى ٢٠٣٠ چۆن دەبێت؟

ڕاپۆرتی سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیژیی زانکۆى جەنگى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا

پەیوەندییەکانى ئەمریکا و ئێران لە ساڵى ٢٠٣٠ چۆن دەبێت؟

762 خوێندراوەتەوە

سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیجی سەر بە زانکۆى جەنگى وڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا ڕاپۆرتێکى ستراتیجى لە ژێر ناونیشانى "لە نەبونى پەیوەندییەکانەوە تا هاوبەشی ستراتیژیی : پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و ئەمریکا لە ساڵى 2030" بڵاو کردۆتەوە کەلە نوسینی ڕۆمان موزالفسکی یە و تیایدا لێکەوتە ئەرێنییەکانى ئاشتى نێوان ئێران وئەمەریکا لەسەر ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، چارەسەر کردنى کێشە دێرینەکان، دروست کردنى پەیوەندییەکى جیهانى لەخزمەت سراتیجی ئەمەریکا و گۆڕینی پێگەى سەربازى ئەمەریکا لە ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست خراوەتە ڕو. ئەوەى لەخوارەوە دێت کورتەیەکە لەو لێکۆڵینەوە 130 پەڕەیە:

 

یەکەم:ئەو هۆکارانەى کاریگەرى دروست ئەکەن لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و ئەمەریکا

داگڵاس لاولس جونیۆر بەڕێوەبەرى دامەزراوەى لێکۆڵینەوە ستراتیجەکان لە زانکۆى جەنگى سوپاى ئەمەریکا لە پێشەکى ئەم لێکۆڵینەوە ستراتیجیەدا دەڵێت: وڵاتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا و ئێران کە زیاتر لە سی ساڵە هەڵوێستى دوژمنانەیان بەرامبەر بەیەک گرتۆتە بەر، چەند جار لە هەوڵى گۆڕینی ئەو هەڵوێستە دوژمنکارانەیاندا شکستیان خواردووە. بەڵام دانوستانە ئەتۆمییەکە نەوەک بەرچاو ڕونییەکى بۆ چارەسەر کردنى کێشەکانى هەردولا دروست کرد لەسەر چارەسەر کردنى دۆسێى ئەتۆمی، بەڵکو دەرفەتى ڕەخساند بۆ یەک پەیوەندى ستراتیجی درێژ مەودا لە نێوان ئێران و ئەمەریکا کە سود مەند دەبێت بۆ هەردو لا. بەوتەى رومان موزالفسکى، بە دەسەڵات گەیشتنى سەرۆک کۆمارى نوێ لە هەردو وڵات، زیاتر بونى گوشارە ئابورییەکان لە دژى ئێران لە کاتى ئیدارەکەى ئۆباما، ئەو هۆکارانەى کە کاریگەرییان دروست کرد لەسەر گۆڕینی دۆخى ناوچەکە و پێداویستى هاوکارى ئابورى ئەمنى لە نێوان ئێران و ئەمەریکا تێکڕا ڕۆڵیان هەبو لە سەرخستنى ڕێک کەوتننامەى ئەتۆمى کە ئەتوانێت تا ساڵى 2030 ببێتە هۆى هێنانە ئاراوەى ئاشتییەکى ستراتیجی لەنێوان هەردو وڵاتدا.

 

دووەم: سێ بژاردە لەمەڕ ئایندەى پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و ئەمەریکا

موزالفسکى لەڕونکردنەوەى کاریگەرى هێزە جیۆ ئابورى و جیۆ پۆلەتیکییەکان لەسەر ئاشتى نێوان ئێران و ئەمەریکا باس لە گریمانە ئەکات لە پەیوەندییە ستراتیجیەکانى نێوان ئێران و ئەمەریکا کە ئەگەرى هەیە لە پانزە ساڵى داهاتودا بێتە دی: ئەو سێ گرمانەیەش بریتین لە بەشدارى ستراتیجی دواى ئەوەى کە ئێران تواناى ئەتۆمى بەدەست دەهێنێت. هاوکارى هەمە لایەنە دواى "مامەڵە گەورەکە" و بەشدارى ڕو لە هەڵکشانى ستراتیجی بە بێ دروست کردنى لێکەوتەى توند لەسەر دو گریمانەکەى پێشو.

سێيەم: جەخت کردنەوە لەسەر گۆشە گیر نەکردنى ئێران و پێویستى کارى هاوبەشی ستراتیجی لە نێوان ئێران وئەمەریکا:

موزالفسکى پێى وایە ئەنجام دانى کارى هاوبەش لەگەڵ ئێرانێکى ئەتۆمى باشترە لەوەى کە ئەو وڵاتە گۆشەگیر بکرێت، ئەمەش بۆ پێشگرتن لە ناکۆکى نەخوازراو و دابین کردنى سەقامگیری ستراتیجی لەناوچەیەکى نائارامى وەک خۆرهەڵاتى ناوەڕاست کارێکى پێویستە. ئەم نوسەرە ئەڵێت کارى هاوبەشی ستراتیجی نێوان ئێران و ئەمەریکا کارێکى باشە بۆ چاک کردنەوەى پەیوەندى دو دوژمنایەتى دێرینە لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و هەڵ سەنگاندنى لێکەوتەکانى ئەم گۆڕانە گەورەیە لەسەر هاوپەیمان و هاوبەش و تەواوى ناوچەکە.

،،

موزالفسکى پێى وایە ئەنجام دانى کارى هاوبەش لەگەڵ ئێرانێکى ئەتۆمى باشترە لەوەى کە ئەو وڵاتە گۆشەگیر بکرێت، ئەمەش بۆ پێشگرتن لە ناکۆکى نەخوازراو و دابین کردنى سەقامگیری ستراتیجی لەناوچەیەکى نائارامى وەک خۆرهەڵاتى ناوەڕاست کارێکى پێویستە.

چوارەم:  لێکەوتە ئەرێنیەکانى ئاشتى نێوان ئێران وئەمەریکا

موزالفسکی پێى وایە کە ئەگەر ئاشتى و سازش لە نێوان ئێران و ئەمەریکا بێتە ئاراوە، هاوکارى یەکپارچەیی و یەکگرتویی خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ئەکات و ئاسانکارى ئەکات بۆ ستراتیجی ئەمەریکا لەمەڕ پەیوەندى جیهانى. هەروەها ئەم ئاشتییە بارگرژییەکانى ناوچەکە کەم ئەکاتەوە و ناکۆکییە دێرینەکانیش ناهێڵێت و کۆمەکى دوبارە دروست کردنەوەى وڵاتان دەدات. موزالفسکی پێى وایە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست ناوچەى جەنگەکانەو ئەم ناوچەیە پێویستى زۆرى بە دوبارە دروست کردنەوە هەیە. ئەم کارە ئەو مۆڵەتە بە ئەمەریکا ئەدات کە بە ناردنى بەشێک لە هێزەکانى بۆ ناوچەکانى دیکەى جیهان پێگەى سەربازى خۆى بگۆڕێت و ئەو هێزەش کە لە ناوچەکە ئەمێنێتەوە بەکار بهێنێت بۆ جڵەو کردنى ئەو مەترسیانەى کە تازە سەر هەڵ ئەدەن.

پێنجەم: دانوستانى ئەتۆمى و ئەگەرى پەیوەندى ستراتیجی لە نێوان ئێران و ئەمەریکا

 دانوستانى ئەتۆمی نێوان ئێران و گروپی 1+5 لەدواى توندترین ئابڵۆقە هات بە درێژایی مێژوى ئێران ودەرفەتێکى نوێى ڕەخساند بۆ کەم کردنەوەى بارگرژى نێوان ئێران و جیهانى عەرەب و دواتر ئاشتى نێوان ئێران و ئەمەریکا لەدرێژ ماوەدا.

بەدەسەڵات گەیشتنى سەرۆک کۆمارى نوێ لە ئەمەریکا و ئێران، زیاتر بوونى ئابڵوقەکان، گۆڕاوە جیۆ ئابورى و جیۆپۆلەتیکەکان ڕۆڵیان هەبوو لە هاوکارى بۆ گۆڕانکارى نوێى لە پەیوندییەکانى نێوان ئێران و ئەمەریکا.

دانوستانى ئەتۆمى بە بۆچوونى زۆرێک، دەستپێکێکی نوێ بوو لە پەیوەندییەکانى نێوان ئەمەریکا و ئێران کە دەتوانێت هۆکار بێت بۆ سەرهەڵدانى پەیوەندى ستراتیژی ئێران و ئەمەریکا لە پانزە ساڵى داهاتودا، ئەگەرچی ترەمپ لە ٨ی ئایاری ٢٠١٨ لە رێکەوتنەکە هاتە دەرەوە.

،،

دانوستانى ئەتۆمى بە بۆچوونى زۆرێک، دەست پێکێکی نوێ بوو لە پەیوەندییەکانى نێوان ئەمەریکا و ئێران کە دەتوانێت هۆکار بێت بۆ سەرهەڵدانى پەیوەندى ستراتیژی ئێران و ئەمەریکا لە پانزە ساڵى داهاتودا، ئەگەرچی ترەمپ لە ٨ی ئایاری ٢٠١٨ لە رێکەوتنەکە هاتە دەرەوە.

 

شەشەم: سێ ئەگەرى هاوکارى دروستکەرى نێوان ئەمەریکا وئێران لە ئایندەدا

ئەم لێکۆڵینەوەیە کە لە کۆتاییەکانى ساڵى 2014 دا نوسراوە ، لە سێ جۆر ئەگەرى پەیوەندى نێوان ئێران و ئەمەریکا ئەکۆڵێتەوە کە پێ دەچێت تا ساڵى 2030 بێتە ئاراوە:

ا‌.کارى هاوبەشی ستراتیجی دواى بەدەست هێنانى تواناى ئەتۆمى لە لایەن ئێرانەوە.

ب‌.هاوکارییەکى هەمە لایەنە دواى مامەڵە گەورەکە.

ت‌.هاوکارى ڕو لە هەڵکشانى ستراتیجی دواى پێک هاتنى ئەتۆمى.

 ئەم پەیوندییە بە شێوەیەکى تایبەت جەخت ئەکاتەوە لەسەر هاوبەشی دروست کەر و دۆخى ئێستا و ئەگەرى هێرش کردنە سەر ئێران وەک گریمانەیەک ڕەت ئەکاتەوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیە لە کاتێکدا کە براوەى ئەم گریمانانە دیارى ناکات، عەقڵانییەت و ئاستىئەگەرى هەر پەیەوەندییەک هەڵ ئەسەنگێنێت و پێشنیارى سیاسەت ئەکات بۆ ئەمەریکا و ئێران و هاوبەشەکانیان وەک خۆ ئامادە کردن بۆ گۆڕانێکى ستراتیجی.

حەوتەم: لێکەوتە ئەرێنیەکانى ئاشتى نێوان ئێران و ئەمەریکا بۆ ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست

دروست بونى پەیوندى نێوان ئێران و ئەمەریکا بەئەگەرى زۆر لەسەر بنەماى سیاسەتى هاوبەش ئەبێت لەسەر چەند پرس گەلێکى دیارى کراو و بە شێوەى هاوبەشی ستراتیجی تەواوەتى نابێت لەبەر ئەوەى هەردوولا پێویستیان بە ڕێکخستنى سیاسەتەکانی خۆیان وهاوبەشەکانیان دەبێت.

بەم شێوەیە پەیوەندییەکانى نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر بنەماى هاوکارى ئەبێت لەسەر چەند پرسگەلێکى هەڵبژێردراو. ئەگەر ئاشتى لە نێوان ئێران و ئەمەریکا بێتە ئاراوە، ئەبێتە هۆى یەک ڕیز کردنى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و کۆمەکى ستراتیجی جیهانى ئەمەریکا ئەکات. ئەم ئاشتییە ئەبێـتە هۆى کەم کردنەوە برگرژى و چارەسەر کردنى ناکۆکییەکان و دروست کردنەوە و پەرەپێدانى وڵاتەکان کە بەهۆى شەڕەوە وێران بوون.

هەروەها هاوکارى ئەمەریکا ئەکات کە بە شێک لە هێزەکەى بنێرێتە ناوچەگەلێکى دیکە و پێگەى سەربازى خۆى بگۆڕێت تا سەربارى پیاڕاگەیشتن بە کێشەکانى دیکە لە سەرتاسەرى جیهان، ئەو هێزانەى دیکە کە ماونەتەوە لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست تەرخان بکات بۆ جڵەو کردنى ئەو مەترسیانەى کە ئەگەرى هەیە لە ئایندەدا سەر هەڵبدات. 

 

author photo

 

توێژه‌ر له‌ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان 

و پسپۆڕی كاروباری ئێران