"عەبادی دیکتاتۆرە نەک بیرمەند"

"عەبادی دیکتاتۆرە نەک بیرمەند"

2102 خوێندراوەتەوە

 

نوسینی: رەیچڵ ئەڤراهام / لە سەنتەری توێژینەوەکانی خۆرهەڵاتی نزیک

و / هەژار عوسمان

گۆڤاری فۆڕن پۆڵسی ئەمریکی لە لیستی دیارترین بیرمەندانی ساڵی 2017دا، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەک بیرمەند داناوە، عەبادی لە لیستەکەی ''فۆڕن پۆڵسی''دا ژمارە (٦٥)ه، فۆڕن پۆڵسی لەو بابەتەدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە عەبادی شەڕی کردووە بۆ یەکگرتوویی عێراق، چڵە زەیتوونی پێشکەش بە کوردەکان کردووە [پێشکەشکردنی چڵە زەیتوون بە واتای پێشاندانی نیەتی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە شەڕوشۆڕە]، تەنانەت فەرمانی کردووە ئێران لە هەندێک ناوچەی دیاریکراوی عێراقدا بچێتە دەرەوە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێدا.

بەپێچەوانەی بانگەشەکانی گۆڤاری فۆڕن پۆڵسیەوە، عەبادی هەر وەک مالیکی، کە دەستدرێژیی کردووەتە سەر هاوڵاتییانی و کوشتوونی، نوێنەرێکی تائیفیی دیکەی ئێرانە، عەبادی ستەمکار و دیکتاتۆرە، نەک بیرمەندێکی خاوەن بیر.

لەژێر دەسەڵاتی عەبادیدا، هەرێمی کوردستانی عێراق ئازارێکی گورچکبڕیان بەدەست سوپای پاسدارانی ئێران، سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە چەشت دوای ئەوەی کەرکووک و دووز خورماتوو و ناوچە جێناکۆکەکانیان پاش ڕیفراندۆم داگیر کرد و خەڵکی ئەو ناوچانەش ناچار بوون لەتاو ژیانی خۆیان لە شار و شوێنەکانیان هەڵبێن، دوای داگیرکردنەکە، سوپای عێراق و هاوپەیمانەکانی چەندین خەڵکیان ڕفاندووە، دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر زۆر کەس و ئەو کەسانەشیان دەستگیرکردووە کە چەک و ئاڵای کوردستانیان هەیە و پشتگیری لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، پاشان، خانوو و ماڵی زۆر کورد لە کەرکووک و دووز و ناوچەکانی تر سوتێنراون و تەختی ئەرز کراون، ماڵی چەندان کوردیش تاڵان کراوە.

دوای دەستگرتن بەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دەوربەریدا، زیاتر لە 180 هەزار کورد بەهۆی عەبادی و هاوپەیمانەکانییەوە ئاوارە بوون، ئەم دۆخە فشارێکی دیکەی بۆسەر فشارەکانی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و لەو ڕۆژەشەوە یەک دیناریان لە بەغداوە بۆ ڕەوانە نەکراوە هەتا لە ناوچەکانیاندا خەمێک لە دۆخی ئاوارەکان بخۆن، پێش ئەوەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانداریی زیاتر لە 1.2 ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی کردووە، لەناویاندا چەندان ئێزدییو مەسیحی هەن کە لە دەست داعش هەڵاتوون، ئەمەش وای کردووە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 30% زیاد بکات.

داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بە ڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا، دۆخێکی دروست کردووە کە وڵاتانی دیکە نەتوانن ئەو یارمەتییە مرۆیی و داراییانە ڕەوانەی کوردستان بکەن کە پێویستیانە، حکومەتی ناوەندیی عێراقیش هەوڵی دەستڕاگەیشتنی کوردەکانی بە پێویستییە مرۆییەکانیان زۆر سەخت کردووە، ئەمەش کاریگەریی خراپی کردووتە سەر تەندروستیی چەندین پێشمەرگە، کە پێویستیان بە چارەسەرە لە دەرەوەی وڵات، دوای ئەوەی لە شەڕی داعشدا بریندار بوون، کاریگەریشی کردووەتە سەر ئەو بڕە خۆراکەی دەبەخشرێت بە هاوڵاتییە کوردەکان دوای بومەلەرزە کارەساتئامێزەکە کە گوڕەکەی 7.3 پلە بوو، لە کورتیدا، هەر سەرۆکێک پێویستیی هاووڵاتییەکانی پشتگوێ خست و خەڵکەکەی بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی برسی کرد، ئەوا ئەو سەرۆکە دابەشکارە نەک یەکخەر وەک ئەوەی ''فۆڕن پۆڵسی'' بانگەشەی بۆ دەکات.

،،

عەبادی، جۆن ئێف. کەنەدی نییە. عەبادی فرانکلین دی. ڕۆزفێڵت نییە، ئەبراهام لینکن نییە، جۆرج واشنتن نییە، تۆماس جێفرسن و هیچ سەرۆکێکی گەورەی دنیا نییە کە شایان بەوە بێت ناوی لە مێژوودا وەک بیرمەندی دیار تۆمار بکرێت، ئەو بیرمەندانەی کاریگەرییان لەسەر مرۆڤایەتی هەبووە بەرەو باشتر

 

وەک ئەوەی خوێ بکاتە برینی کوردەکانەوە، عەبادی ددانی بە  قوربانیانی 1824 خێزانی شەهید و زیاتر لە 10 هەزار پێشمەرگەی بریندار نەنا کە شەڕی داعشیان کرد. بەهەرحاڵ، عەبادی، سەرکوتکاری و فشارخستنە سەر خەڵکی کوردی کەرکوک بە بەزاندنی داعش بەراورد دەکات. بەختیار شاوەیس، پەرلەمانتاری یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ''وتارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق تایفی بوو و ئاڕاستەی چەند گروپێکی دیاریکراو بوو، نەک ئەوەی ئاڕاستەی تەواوی نەتەوەکانی عێراق بێت. ناونەهێنانی پێشمەرگە پێشێلکردنی دەستوری عێراقە، لەکاتێکدا لە دەستوردا وا تۆمار کراوە کە پێشمەرگە بەشێکە لە تەواوی سیستمی بەرگریی عێراق''. وەزیری پێشمەرگەش دەڵێت ''چۆن سەرۆک وەزیران عەبادی چاوەڕێی ئەوە دەکات کە خێزانی شەهیدەکان و پێشمەرگە بریندارەکان و خەڵکی کوردستان دڵسۆز بن بۆ عێراق لە کاتێکدا بە زاریدا هەڵنایەت ناوی پێشمەرگە بهێنێت و قوربانییەکانیان بەرز بنرخێنێت؟''

پێویستە کەسێک لە ئیدیتۆری گۆڤاری فۆڕن پۆڵسی بپرسێت، ئەگەر عەبادی یەکخەری عێراقە و دیکتاتۆرێکی تایفی نییە، بۆچی ڕەتی کردووەتەوە کە هیچ گفتوگۆ و دانوستانێک لەگەڵ کوردەکان بکات؟ بۆچی وەها گەمارۆیەکی وەحشییانەی خستووەتە سەر کوردەکان لە بەرانبەر گوزارشتکردن لە مافی دیموکراتییانەی خۆیان؟ بۆچی بەدوای ئەوەیە کە دەست بخاتە بینی کوردەکان و تا ئاستی مەرگ برسییان بکات؟ بۆچی هێزەکانی عەبادی خەڵکی کورد دەڕفێنن و دەستگیریان دەکەن و دەستدرێژیی سێکسییان دەکەنە سەر؟ بۆچی ماڵی کوردەکان دەسووتێنیت و تاڵانیان دەکات؟ ئەی ئەگەر عەبادی گوێڕایەڵی ئێران نییە، بۆچی ئێرانی هێناوە تاکو ڕۆڵێکی وەحشییانەیان لە سەرکوتکردنی کوردەکان هەبێت و بۆچی بە دەستەڵاتەکەی هەموو شتێک دەکات لەپێناو پەرەپێدانی بەرژەوەندییەکانی ئێران و زیانگەیاندن بە ئەمەریکا؟ ئەی ئەگەر عەبادی لیبراڵێکی ڕاستەقینەیە، بۆچی چەند ناوچەیەکی لە نەتەوەی کورد پاک کردەوە ڕێک وەک ئەوەی داعش کردی؟ عەبادی زۆر باشتر نییە لە داعش، کە ماڵەکانیان دەسووتاند، بە کۆمەڵ دەستدرێژیی سێکسییان دەکردە سەر ژنان و پاکتاوی ڕەگەزیی کوردیان دەکرد! ئەگەر عەبادی یەکێکە لە بیرمەندە دیارەکانی ساڵی 2017 بێت، ئەوا دنیاکەمان ئەخلاقی لەدەستداوە و بیرمەندی دیار چ مانایەکی هەیە!

عەبادی، جۆن ئێف. کەنەدی نییە. عەبادی فرانکلین دی. ڕۆزفێڵت نییە، ئەبراهام لینکن نییە، جۆرج واشنتن نییە، تۆماس جێفرسن و هیچ سەرۆکێکی گەورەی دنیا نییە کە شایان بەوە بێت ناوی لە مێژوودا وەک بیرمەندی دیار تۆمار بکرێت، ئەو بیرمەندانەی کاریگەرییان لەسەر مرۆڤایەتی هەبووە بەرەو باشتر. بەپێچەوانە، عەبادی هەمان مامەڵەی نوری مالیکی، بەشار ئەسەد، ئایەتوڵا خومەینی، ئیسماعیل هەنییە و هەر دیکتاتۆرێکی تایفیی دیکەی گوێڕایەڵی ئێرانی لەگەڵ کوردەکان و گروپەکانی تری عێراقدا کردووە. ئیدتۆری فۆڕن پۆڵسی هەڵەیەکی کوشندەی کردووە کە وەها شەرەفێکی بە عەبادی بەخشیووە.

 

هەژار عوسمان :

بەکالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی

رۆژنامەنووس و وەرگێڕ

 

سەرچاوە:

https://foreignpolicyblogs.com/2018/01/09/abadi-dictator-not-one-prominent-thinkers/