چی روودەدات ئەگەر ئەردۆغان هەڵبژاردنی دۆراند ؟

"گەیشتنی ئەردۆغان بە دەسەڵات وەک ئەحمەدی نەژاد بوو، شکستی وەک محەمەد رەزاشا دەبێت "

چی روودەدات ئەگەر ئەردۆغان هەڵبژاردنی دۆراند ؟

1735 خوێندراوەتەوە

هادی صوفی‌زاده
و: ئاكۆ حەمید
پاش سێ مانگ چاوه‌ڕوانى له‌ ڕاگه‌یاندنى پێشوه‌خته‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركیا، كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌ك ماوه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار و په‌رله‌مانى توركیا، هه‌ڵبژاردنێك كه‌ 17 مانگ زووتر له‌ كاتى خۆی ئه‌نجام ده‌درێت، له‌و ڕانگه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنى توركیا له‌ ده‌ره‌وه‌ى كاروباره‌ ناوخۆییه‌كانى ئه‌و وڵاته‌، كاریگه‌رى به‌رچاوى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ و هه‌رێمى و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بۆیه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنێكى هه‌ستیار داده‌نرێت.

ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ پرسیار و ئارگومێنتى زۆر هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌گه‌ر ئۆردوگان و پارتى داد و گه‌شه‌پێدان له‌ ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه‌، چاره‌نوسی توركیا چی ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر پارته‌كه‌ى ئۆردوگان (پارتى داد و گه‌شه‌پێدان) زۆرینه‌ى كورسیه‌كانى په‌له‌مانى به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام ئۆردوگان كورسی سه‌رۆك كۆمار له‌ ده‌ست بدات چی ڕوو ده‌دات؟ ئه‌گه‌ر ئۆردوگان زۆرینه‌ى ده‌نگى سه‌رۆك كۆمار به‌ده‌ست بهێنێت و پارته‌كه‌ى ببێت به‌ كه‌مینه‌ى په‌رله‌مان، باڵانسی هێز چۆن ده‌بێت؟
ده‌بێت سه‌ره‌تا بڵێین كه‌ رۆشتنى ئۆردوگان ته‌نها دوركه‌وتنه‌وه‌ى كه‌سێك یاخود پارتێك نیه‌، به‌ڵكو كۆتایی سه‌رده‌مى ئاڵتونى ئیسلامى سیاسییه‌ له‌ توركیا كه‌ زیاتر له‌ 15 ساڵه‌ كۆمه‌ڵگاى توركیا له‌ ڕه‌هه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگى و كه‌لتورییه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كى ئاینی ده‌كات.

زلفو لیوانلى كه‌سایه‌تییه‌كى ناسراو و دژ به‌ ئۆردۆگانه‌ ده‌ڵێت " داپیره‌ى ئۆردوگان سه‌رپۆش (حیجاب)ى نه‌كردووه‌، كه‌چی ئێستا هاوسه‌ر و خێزانى سه‌رپۆش ده‌ده‌ن". فه‌زاى كۆمه‌ڵایه‌تى توركیا به‌ جۆرێك ئاڵۆز بووه‌، كه‌ هه‌موو پیرۆزییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى نه‌هێشتووه‌، به‌جۆرێك سه‌رۆكى په‌رله‌مانى توركیا، ڕێگه‌ى به‌ ئاماده‌بوونى ئافره‌تان نه‌دا له‌ شانۆ و ئاهه‌نگێك كه‌ خۆى تێدا ئاماده‌بووه‌.
ده‌ركه‌وتنى ئۆردوگان و گه‌شتنى به‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ك ئه‌حمه‌دى نه‌ژارد بووه‌ و شكستى وه‌ك حەمه‌ ڕه‌زا شاى په‌هله‌وى ده‌بێت، پاشایه‌ك كه‌ له‌ لوتكه‌ى هێز و شكۆى ئابوریدا بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى فه‌زاى سیاسی سنوردار كردبوو، كه‌وته‌ به‌ر نه‌فرینى نه‌ته‌وه‌كه‌ى.

هێزى ئابورى ئۆردوگانیش زیاتر هێزى له‌ ناوبردنى پرۆسه‌ى دیموكراسی و بێ ده‌نگكردنى لایه‌نه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان بووه‌، ئێستا لیره‌ى توركى له‌ داروخانى ته‌واو دایه‌و به‌ جۆرێك ئه‌و شكۆ ئابورییه‌كه‌ى كه‌ ئۆردوگان لە هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشوو شانازى پێوه‌ ده‌كرد ئێستا بووه‌ به‌ مایه‌ى نیگه‌رانى بۆ ئه‌ندامانى پاره‌ته‌كه‌ى، چونكه‌ لیره‌ى توركى به‌رامبه‌ر به‌ دۆلارى ئه‌مریكى له‌ داروخانى ته‌واوەتیدایه‌. هه‌روه‌ها له‌ ئاستى ده‌ره‌وه‌ حكومه‌تى توركیا له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى وڵات له‌ ململانێدایه‌، بەجۆرێک سیاسه‌تى هه‌رێمى توركیا بۆ هیچ یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمییه‌كان جێگاى قبوڵ نیه‌.

،،

ده‌ركه‌وتنى ئۆردوگان و گه‌شتنى به‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ك ئه‌حمه‌دى نه‌ژارد بووه‌ و شكستى وه‌ك حەمه‌ ڕه‌زا شاى په‌هله‌وى ده‌بێت، پاشایه‌ك كه‌ له‌ لوتكه‌ى هێز و شكۆى ئابوریدا بوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى فه‌زاى سیاسی سنوردار كردبوو، كه‌وته‌ به‌ر نه‌فرینى نه‌ته‌وه‌كه‌ى.

DF
ئەردۆغان بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆی و حزبەکەی دەکات


به‌پێى زۆربه‌ى توێژینه‌وه‌ و پێشبینییه‌كان هاوپه‌یمانى كۆمارى كه‌ پارتى داد و گه‌شه‌پێدان (ئاك پارتى) و پارتى بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یی دروستییان كردووه‌ كه‌متر له‌ 50%ى كورسییه‌كانى په‌له‌مان به‌ ده‌ست ده‌هێنن.

هاوپه‌یمانى نه‌ته‌وه‌یی كه‌ هه‌ر سێ (پارتى سه‌عاده‌تى ئیسلامى ، ئیی پارتى"پارتى خێر" ، پارتى گه‌لى كۆمارى ) پێكیان هێناوه‌ به‌پێى توێژینه‌وه‌كان 40%ى ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست ده‌هێنن.

له‌م نێوه‌نده‌دا پارتى دیموكراتى گه‌ل كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى پێكهاته‌كانه‌وه‌یه‌ له‌ كاتى تێپه‌ڕاندنى 10%ى كورسی په‌رله‌مان، حكومه‌تى داهاتوو دیارى ده‌كات.

هه‌موو هه‌وڵى ئۆردوگان بۆ شكستى پێهێنـــانى H D Pو مانه‌وه‌یانه‌ له‌ په‌رله‌مان به‌ شێوه‌یه‌كى لاواز له‌ كاتێكدا كه‌ ئۆردوگان هێزى ته‌واوى په‌رله‌مانى به‌ ده‌ست بهێنێت.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار نه‌ك په‌رله‌مان بكه‌وێته‌ خولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كان، موحه‌ره‌م ئینجى كاندیدى پارتى كۆمارى گه‌ل، شانسێكى زیاترى هه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئۆردوگان چونكه‌ پارته‌كانى دژ به‌ ئۆردوگان وه‌ك پارتى دیموكراتى گه‌ل پشتگیری ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر میرال ئكشینار كه‌ سه‌رۆكایه‌تى ئیی پارت – پارتى خێر، ده‌كات، ڕووبه‌ڕووى ئۆردوگان ببێته‌وه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ پارتى دیموكراتى گه‌ل پشتگیری بكه‌ن و ده‌نگى پێ بده‌ن، چونكه‌ سیاسه‌تى ئیی پارت نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌ و به‌ هه‌مان شێوه‌ى پارتى كۆمارى گه‌لانه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سەڵاحەدین ده‌میرتاش ڕووبه‌ڕووى ئۆردوگان ببێته‌وه‌، ئییی پارتیش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ ڕوانگه‌ى نه‌ته‌وه‌ییان، ده‌نگى پێناده‌ن.
گه‌وره‌ترین نیگه‌رانى له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى توركیا، یاریكردنه‌ به‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌م نیگه‌رانییه‌ زیاتر له‌ به‌شی كوردستان هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ به‌بیانووى نه‌بوونى ئه‌منیه‌ت ڕێگر ده‌بێت له‌ رۆشتن بۆ ده‌نگدان، ترساندن و فریودانی ده‌نگده‌ران، وەک ئەوەی له‌ شارى سوروچ  روویدا كه‌ چوار كه‌س كوژران، ده‌ست پێكردنى پلانه‌كانى ئۆردوگانه‌.

ff
کەمپینێکی بانگەشە بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەدەپە

،،

گه‌وره‌ترین نیگه‌رانى له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى توركیا، یاریكردنه‌ به‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئه‌م نیگه‌رانییه‌ زیاتر له‌ به‌شی كوردستان هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌وڵه‌ت به‌ به‌بیانووى نه‌بوونى ئه‌منیه‌ت ڕێگر ده‌بێت له‌ رۆشتن بۆ ده‌نگدان، ترساندن و فریودانی ده‌نگده‌ران


چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ شكستى پارت و كه‌سایه‌تى ئۆردوگان كۆتایی پێبێت. هه‌رچه‌نده‌ كێبڕكێكان شان به‌ شان هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت و یه‌ك له‌ سه‌دى ده‌نگه‌كان ده‌توانێت چاره‌نوسی هه‌ر لایه‌نێك دیاری بكات، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌نجامى زۆرێك له‌ توێژینه‌وه‌كان شكستى ئۆردوگان له‌م قۆناغه‌ شتێكى چاوه‌ڕوان نه‌كراو نییه‌.

له‌ كاتى شكستى ئۆردوگان، سیاسه‌تى هه‌رێمى ئه‌م وڵاته‌ ئارام تر ده‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاسایی ده‌بێته‌وه‌.
به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى ئۆردوگان ئه‌گه‌ر چی فه‌زاى ئه‌و وڵاته‌ ئیسلامى تر و داخراوتر ده‌بێت، به‌ڵام وڵاتانى هه‌رێمى و كۆمه‌ڵگاى جیهانى ئۆردوگانیان ناوێت، ئه‌گه‌رى دروستكردنى ئابڵوقه‌ و قه‌یرانى ئابورى دژ به‌ حكومه‌تى ئۆردوگان، ئه‌گه‌رێكى به‌هێز و كراوه‌یه‌.