ڕۆیشتنی داعش و هاتنەوەی ئەمریکییەکان بۆ عێراق

ڕۆیشتنی داعش و هاتنەوەی ئەمریکییەکان بۆ عێراق

1040 خوێندراوەتەوە

گەڕانەوەی سەربازە ئەمرییکییەکان بۆ عێراق لە قۆناغی دوای یۆنیۆ/ حوزەیرانی ٢٠١٤، کە چەکدارەکانی داعش دەستیان گرت بەسەر ڕووبەرێکی فراوانی خاکی وڵاتەکەدا، جیاوازە لە قۆناغی ئازاری ٢٠٠٣ کە داگیرکردنی سەرتاپای عێراق و ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن بوو لە ٩ی ئەبریل/ نیسانی هەمان ساڵ و کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە، پاشان دامەزراندنی نیزامێکی فەرمانڕەوای نوێ، جیاوازیەکە ئەوەیە، کە هاتنی سەربازە ئەمریکییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ عێراق، لەسەر داوای بەغداد بوو بۆ پشتیوانیکردنیان لە شەڕی داعشدا، ئەوەش شەرعیەتی دایە بوونی ئەوان لە عێراقدا.

 
فاکتەرەکانی گەڕانەوەی ئەمریکییەکان

یەکەم:بایەخی عێراق لە ڕووی ستراتیژیی و سیاسیی و ئابوریی و ئاسایشەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


دووەم:
زیادبوونی دەسەڵاتی ئێران لە عێراقدا، کە لەگەڵ داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستیپێکرد، لە قۆناغی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش گەیشتە ترۆپکی خۆی، ئەمەش بەلای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بایەخێکی گەورەی پێدەدرێت، لە کاتێکدا تێچووی شەڕ و داگیرکردنی عێراق لە ئەستۆی ئەمریکا بوو، بەڵام بە دەرەنجام ئێران جێگەی ئەمریکای گرتەوە لە عێراقدا.


سێیەم:
هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ بوونی ڕاستەوخۆی لە ناوچەکەدا، مۆسکۆ لە بەهێزکردنی بوونی خۆی لە سوریادا سەرکەوتوو بوو، هەروەک کاردەکات بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی عێراقیشدا بوونی هەبێت.


چوارەم:
شەڕی دژ بە تیرۆر، پێویستی بە دەستێوەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش لە عێراقد، ئەوەش پشت بەستوو بوو بەو تێڕوانینە باوەی ناو ناوەندە سیاسیی و توێژینەوە ئەمریکییەکان دەربارەی پەلە کردن لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە سالی ٢٠١١دا، تەنانەت ئەمریکا هەنگاوی شکستخواردووی وەهای نا کە بووە هۆی دووبارە گەڕانەوەی چالاکی گروپە چەکدارە تیرۆریستەکان و، هەوڵەکانی ئەمریکای بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیریی لە عێراقدا پێش کشانەوەی سەربازەکانیان بە هەدەردا.

،،

بەپێی پێشبینییەکان، ژمارەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراقدا لە ماوەکانی داهاتوودا زیاتر دەبێت لە سایەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ چڕکردنەوەی بوونی ئەمریکا لە عێراقدا، دوای ئەوەی جێمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا، دەسەڵاتی بڕیاردانی پێدرا بۆ زیادکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و سوریا

 

قەبارەی هێزە ئەمریکییەکان

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گەڕانەوەی بۆ عێراقدا سیاسەتی پلەبەندی پەیڕەو کرد، لە دەستپێکردنی پرۆسەی ( چارەسەری ڕیشەیی بۆ تیرۆر) وە دەستیپێکرد، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش لە قوناغی دوای ١٠ی یۆنیۆ/ حوزەیرانی ٢٠١٤، ئەوەش لە ڕێی ناردنی سەربازەکانییەوە بەشێوەی وەجبە وەجبە لە چەند کاتێدا، وەجبەی یەکەمیان لە ١٧٠ سەرباز پێکهات کە ڕەوانەی عێراق کران، بە کۆتایهاتنی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەیان گەیشتە ١٥٥٠ سەرباز، ئەرکی ڕاگەیەنراوی سەربازە ئەمریکییەکان پێدانی ڕاوێژ و بەرچاوڕوونی بوو بە هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق، کە لە چەند ناوچەیەکەوە لە ڕوبەڕوبوونەوەدا بوون لەگەڵ چەکدارەکانی داعشدا.
لە ماوەی ساڵی ٢٠١٥، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بوو لە زیادکردنی قەبارەی هێزەکانی لە عێراقدا، تا گەیشتە نزیکە ٤٠٠٠ لە ڕاهێنەرو هونەریی و ڕاوێژکارە سەربازیی و ئەمنییەکان لەگەڵ هێزێکی تایبەت، ساڵی ٢٠١٦ بەشێوەی وەجبەی ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ کەسی ڕەوانەی عێراق کران و تاوەکو ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا گەیشتە زیاتر لە ٦٠٠٠ سەرباز، سەرباری بوونی ١٨٠٠ سەربازی تر کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەو هێزانەدا دایان نانێت کە شەڕی داعش دەکەن، بەڵکو لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد جێگیرن و عادەتەن ڕادەسپێردرێن بۆ جێبەجێکردنی چەند ئەرکێکی کاتی و خێرا.


بەپێی پێشبینییەکان، ژمارەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراقدا لە ماوەکانی داهاتوودا زیاتر دەبێت لە سایەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ چڕکردنەوەی بوونی ئەمریکا لە عێراقدا، دوای ئەوەی جێمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا، دەسەڵاتی بڕیاردانی پێدرا بۆ زیادکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و سوریا، هەرکاتێک کە پێویستی کرد بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی.

  
پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا

شوێن و پێگەی هێزەکانی ئەمریکا، دابەش دەبێت بەسەر خۆرئاوا و ناوەڕاست و باکوری عێراقدا، لە بنکەی سەربازیی و سەربازگەی هەمیشەیی و کاتی پێکدێت: یەکەم: بنکەی تاجی.


دووەم: بنکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.


هەردوو بنکەکە، ناوەندێکن بۆ سەرکردایەتی و کۆنترۆڵکردن و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و زانیارییە هەواڵگرییەکان.


سێیەم: بنکەی (عەین ئەسەد)، زۆر تۆکمە و پارێزراوە، پرۆسە تایبەتەکان لێرەوە ئەنجام دەدرێن، نزیکەی ٣٠٠ ڕاوێژکاری سەربازی ئەمریکی تێدایە.


چوارەم: بنکەی (حەبانیە)، دوو سەربازگەی تێدایە یەکێکیان بۆ بۆ ڕاهێنان و حەوانەوە و هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی، ئەویتریان بۆ بۆ کۆنترۆڵکردن،

سەربازگەیەکی دیکەش سەر بەم بنکەیە کە سەربازگەی ڕوتبەیە، وەک ناوەندێک بۆ ئەو پرۆسانەی ئامانج لێیان پاراستنی ڕێگەی نێودەوڵەتی نێوان عێراق و سوریا و ئوردنە.


پێنجەم: بنکەی (بەلەد)، لە ڕووی قەبارەوە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە عێراقدا، کۆگای سەربازیی و شوێنی هەستان و نیشتنەوەی فڕۆکەی ئێف ١٦ی تێدایە.


شەشەم: بنکەی (سپایکەر)، دەکەوێتە نزیک شاری تکریت.
حەوتەم: بنکەی (گەیارە)، دوای ئەوەی لە دەستی داعش دەرهێنرا، ئەمریکییەکان نۆژەنیان کردەوە ئامادەیان کرد بۆ شوێنی هەستان و نیشتنەوەی فرۆکە تێیدا، بایەخی ئەم بنکەیە ئەوەیە کە دەبێتە بنکەیەکی ئاسمانیی هاوبەش بۆ فرۆکە ئێف١٦ کانی ئەمریکا و عێراق، دەشکرێت ببێتە بەدیلی بنکەی (ئەنجەرلیک)ی تورکیا، ژمارەی هێزە ئەمریکییەکان لە بنکەی گەیارە دەگاتە ١٠٠٠ سەرباز، لەگەڵ ١٧٠٠ سەربازی فرە ڕەگەزی تر لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش.

،،

بنکەی (گەیارە)، دوای ئەوەی لە دەستی داعش دەرهێنرا، ئەمریکییەکان نۆژەنیان کردەوە ئامادەیان کرد بۆ شوێنی هەستان و نیشتنەوەی فرۆکە تێیدا، بایەخی ئەم بنکەیە ئەوەیە کە دەبێتە بنکەیەکی ئاسمانیی هاوبەش بۆ فرۆکە ئێف١٦ کانی ئەمریکا و عێراق، دەشکرێت ببێتە بەدیلی بنکەی (ئەنجەرلیک)ی تورکیا,

  

ئەرکی هێزە ئەمریکییەکان

یەکەم: ڕاهێنان
هێزە ئەمریکییەکان هەڵدەستن بە ڕاهێنان کردن بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ شەڕی چەکدار و ناو شارەکان، خولی زۆریان کردۆتەوە بۆ ڕاهێنانی سەربازیی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و چەکدارە عەشایەرەکانی پارێزگاکانی ئەنبار و نەینەوا، ئەوان ئامادەکران و پڕچەککران بۆ بەشداریکردن لە جەنگی ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانی خۆیان و ئەو ناوچانەی دیکە کە داعش دەستی بەسەردا گرتبوون.


دووەم: پشتیوانی
هێزە ئەمریکییەکان هەڵدەستان بە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی لۆجستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، کە بەشدارییان کرد لە شەڕەکانی دژ بە داعشدا، ڕاوێژکارە ئەمریکییەکان ڕاوێژ و خیبرەی سەربازیی و زانیاریی هەواڵگرییان دەدایە ئەو هێزانە، لەگەڵ هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی عێراق لە هێرشە ئاسمانییەکاندا بۆ سەر داعش، وە سەرپەرشتی گەیشتنی پشتیوانیە لۆجستییەکان.


سێیەم: بەشداری شەڕ
سەرباری ئەوەی بەرپرسە عێراقییەکان، بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمریکییەکانیان لە شەڕەکانی دژ بە داعش ڕەت دەکردەوە، بەڵام لە واقیعدا بەشدارییەکی کارای ئەم هێزانە هەبوو لە شەڕەکانی ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانی ئەنبار و شەڕی ڕزگارکردنی موسڵ، هەلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لە جۆری ئاباچی و سۆپەر کۆبرا هەڵدەستان بە دروستکردنی پشتیوانی ئاسمانیی بۆ هێزە عێراقییەکان لە پرۆسەی ڕزگارکردنی موسڵ، هەروەک کەتیبەیەکی تۆپهاوێژی ئەمریکی بەشدارییان کرد لەم پرۆسەیەدا، سەرباری هێزی دیکە بۆ پوچەڵکردنەوەی بۆمبە چێندراوەکان و پاککردنەوەی ڕێگاکان بۆ هێزە بەشداربووەکانی پرۆسەکە.


چوارەم: پرۆسەکانی دابەزاندن
هێزە ئەمریکییەکان هەستان بە ئەنجامدانی چەند پرۆسەیەکی ئاسمانیی لەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعشدا بوون، ئامانجی خۆشیان پێکا، دیارترینیان لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بوو لە قەزای حەویجە، کە هێزە ئەمریکییەکان توانیان ژمارەیەک بارمتەی لای داعش ڕزگار بکەن.


پێنجەم: بەرپاکردنی سەقامگیریی
کارکردن بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی سەقامگیریی و ئاسایش بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکان لە دەستی داعش.


شەشەم: بەهێزکردنی هێزە عێراقییەکان
بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق تاوەکو بتوانن پارێزگاری لە ئاسایشی وڵاتەکە بکەن، لەگەڵ ڕوبەڕوبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئەمنیی کە ڕەنگە لە داهاتوودا ڕووبدات.


حەوتەم: ڕێگرتن لە هاتنی چەکدارە بیانییەکان
کارکردن لەسەر ئەوەی جارێکی تر ڕێگە نەدرێت چەکدارە بیانییەکان بێنەوە عێراق، واتە دەرنەکەوتنەوەی ڕێکخراوی داعش یان هەر گروپێکی تیرۆریستی دیکە لە سنوری عێراقدا.


هەشتەم: بونیاتنانەوەی دامەزراوەی سەربازیی عێراق
ئامادەکردنی پلان و بەرنامە بۆ دووبارە ئامادەکردن و بونیاتنانەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق، بە تایبەت پێشخستنی خیبرە و توانای ئەو فیرقە و یەکە سەربازیانەی کە لەو ناوچانەدا بوون داعش کۆنترۆڵی کردن.


بەوشێوەیە ئەرکی هێزە ئەمریکییەکان، دوای کۆتایهاتنی داعش لە عێراقدا فرە جۆرە، وەک پاراستنی ڕێگە نێودەوڵەتیەکان و دووبارە کردنەوەیان، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ئیقلیمیی ئێران لە عێراقدا.

،،

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەوڵ دەدات بۆ هەبوونی بنکەی سەربازیی کە سەربەستی جموجوڵ و مانۆڕی پێبدات، لە حاڵەتێکدا تورکیا ڕەتیکردەوە ئەمریکا بنکەی "ئەنجەرلیک" بەکاربهێنێت بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە دیاریکراوەکانی 

 

ڕێگریییەکانی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان

سەرباری ئەوەی گەڕانەوەی هێزە ئەمریکییەکان و بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا، لەسەر داوای حکومەتی عێراق بوو بۆ هاوکاریکردنیان لە جەنگی دژ بە داعشدا و جۆرێک لە پەسەندکردن و خۆشحاڵیش هەبوو بۆ گەڕانەوەی ئەو هێزانە، بەتایبەت لە لایەن چەند پێکهاتەیەکی کۆمەڵگەی عێراقییەوە، وەک کوردەکان، هەروەها سووننەکان، کە بەشێکی زۆریان دژی بوونی سەربازیی ئەمریکا بوون لە ڕابردوودا، بەڵام ڕێگریی و دژایەتی دیکە هەیە بۆ مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان و بەردەوامی مانەوەیان لە داهاتوودا.


دیارترین ئەو ڕێگریی و دژایەتیانەش لە لایەن چەند گروپێکی چەکدارەوەیە وەک ( سەرایا سەلام، عەسائیبی ئەهلی هەق، کەتیبەکانی حیزبوڵا)، ئەوان ڕایانگەیاندووە شەڕی هێزە ئەمریکییەکان دەکەن وەک هێزێکی داگیرکەر کە گەڕاونەتەوە عێراق و پێویستە بەرەنگارییان بوەستنەوە، هەروەها زیادبوونی ژمارەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراقدا بەلای ئێرانەوە مەترسیدارە، ئەوە وای لێدەکات سەرئێشە و کێشە بۆ هێزە ئەمریکییەکان بنێتەوە لە ڕێگەی ئەو گروپە چەکدارانەی وابەستن بە تارانەوە، کە دەکرێت هێزە ئەمریکییەکان بکەنە ئامانج، بە تایبەت لەگەڵ کۆتایهاتنی پاساوەکانی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا بە کۆتایهاتنی شەڕی داعش.


هەڵوێستی ئەم گروپانە، هاوشێوەی هەڵوێستی چەند هێزێکی سیاسیی عێراقییە، وەک تەیاری سەدر و ئیتلافی دەوڵەتی یاسا، کە ڕایانگەیاندووە بوونی ئەمریکا لە عێراقدا ڕەت دەکەنەوە، ئەوە پاڵ دەنێت بە حکومەتی عێراقەوە لە کات و قۆناغی دواتردا داوای کشانەوەی ئەو هێزانە بکات، سەرباری ڕایگشتی ئەمریکیی، کە بوونی سەربازیی وڵاتەکەیان لە عێراقدا دوای لە ناوبردنی داعش ڕەت دەکەنەوە و داوای کشانەوەیان دەکەن.
تێڕوانین بۆ داهاتوو


ئامانجی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراقدا تەنها بۆ تیابردنی داعش نەبوو، بەڵکو تێڕوانینێکی ئەمریکیی هەیە بۆ بوونی سەربازیی درێژخایەنی وڵاتەکەیان ئەگەر هەمیشەییش نەبێت لەسەر خاکی عێراق، ئەم تێڕوانینە پشتدەبەستێ بەو ڕەخنانەی سیاسییەکانی ئەمریکا لە بڕیارەکەی ئیدارەی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکای دەگرن، بە کشاندنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق لە ساڵی ٢٠١١، سەرباری بوونی ئەرکی ئایندەیی ئەو هێزانە لە چوارچێوەی گەرەنتی نەگەرانەوەی گروپە تیرۆریستییەکان بۆ عێراق، لەگەڵ بەهێزکردنی ستراتیژیی ڕوبەڕوبوونەوەی ئێران لە سایەی سیاسەتە بەرهەڵەستکارەکانی دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران.


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەوڵ دەدات بۆ هەبوونی بنکەی سەربازیی کە سەربەستی جموجوڵ و مانۆڕی پێبدات، لە حاڵەتێکدا تورکیا ڕەتیکردەوە ئەمریکا بنکەی "ئەنجەرلیک" بەکاربهێنێت بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە دیاریکراوەکانی و دژی هەر دەوڵەتێکی تر، کاتێک ئەو ئامانجانە پێچەوانەی سیاسەتی تورکیا بێت لە ناوچەکەدا.

لە کۆتاییدا، دەکرێت بوترێت، ڕووداوەکانی ١٠ی حوزەیران/ یۆنیۆی ٢٠١٤ بووە هەلێکی لەبار بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق، ئەرکەکانیشیان زۆرن لە دژایەتیکردنی داعش و لە ناوبردنی، هەتا دووبارە ڕێکخستنەوەی بارودۆخی عێراق و لە قاڵبدانی ڕۆڵی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا، هەروەها گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کار و وەبەرهێنان لە عێراقدا، هەروەها بۆ بەدیهێنانی بوونی سەربازیی درێژخایەنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی