ئه‌ردۆغان و ئه‌تاتورك و ئۆجالان بردیانه‌وه‌

دوای ئەتاتورک، ئەردۆغان بەهێزترین فەرمانڕەوای تورکیای نوێ دەبێت

ئه‌ردۆغان و ئه‌تاتورك و ئۆجالان بردیانه‌وه‌

1082 خوێندراوەتەوە

سه‌ڵاحه‌دین خدێو

و: پێشەوا ئەنوەر

رۆژی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨، به‌ سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ی دووباره‌ی حزبی داد و گه‌شه‌پێدان سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی فه‌رمی سیستمی سه‌رۆكایه‌تییه‌ له‌ تورکیادا، له‌ ڕاستیدا له‌ دوای موسته‌فا كه‌ماله‌وه‌ ئه‌ردۆگان به‌هێزترین ده‌سه‌ڵاتداری توركیای نوێ ده‌بێت، به‌م جیاوازییه‌وه‌ كه‌ ئه‌م توانیوویه‌تی له‌ دوای ده‌یان ساڵ له‌ دوورخستنه‌وه و په‌راوێزخستنی دین  بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ چه‌قی سیاسه‌ت له‌ توركیادا.

ئه‌ردۆغان دوایین سه‌ركه‌وتنی چۆن به‌ده‌ستهێنا؟

سه‌ره‌ڕای دابه‌زینی نرخی لیره‌ له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا و هه‌ندێ كێشه‌ی دیكه‌، سه‌قامگیری باری ئابووری له‌ دۆخی گشتیدا كارتێكی براوه‌ بوو كه‌ وه‌ك ده‌ورانی ڕابردوو توانی ده‌نگده‌ران هه‌روا له‌ پشتی داد و گه‌شه‌پێدانەوە پێداگر و نه‌گۆڕاو بپارێزێت.

هۆكاری دووه‌م دۆخی باری نائاسایی بوو كه‌ له‌ دوای كۆدێتا شكستخواردووه‌كه‌ی دوو ساڵ پێشه‌وه‌ سه‌پێندرا و هێشتایش درێژه‌ی هه‌یه‌.

پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌م بارودۆخه‌ بۆ سه‌ركوتكردنی دژبه‌رانی خۆی و جڵه‌وی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و به‌تایبه‌ت راگه‌یاندنه‌كان و ڕۆژنامه‌نوسان سودێكی زۆری بردووه‌.

كورده‌كان و هه‌وادارنی گوله‌ن ئامانجی زۆرترین سه‌ركوتكردنه‌كان بوون و به‌پێی ڕاپۆرتی چاودێرانی بێ­لایه‌ن، دیموكراسیەتی توركیا له‌ ساڵانی دواییدا هه‌ژارتر بووه‌.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ بانگه‌شه‌ و ململانێی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و كه‌سی ئه‌ردۆگان به‌ ڕوونی خۆی نیشان­دا، ئه‌وان به‌ به‌كارخستنی ئه‌ده‌بیاتێكی میلیتاریانه‌ و سودوه‌رگرتنێكی زۆر و هه‌ڕه‌مه‌یی له‌ ده‌سته‌واژه‌كانی وه‌ك قه‌ندیل، مه‌نبج، شه‌نگال و عه‌فرین به‌باشیانزانی فه‌زایه‌كی نەتەوەپه‌رستانه‌ و هه‌ستبزوێن دروستبكه‌ن.

له‌به‌رانبه‌ردا حزبه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان كه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ یه‌ك به‌ره‌دا یه‌كیانگرتبوو، ویستیان به‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ ئابورییه‌كان ئه‌ردۆگان به‌ زه‌ویدا بكێشن.

،،

 پارتی داد و گه‌شه‌پێدان نه‌یتوانی وه‌ك ده‌وره‌ی پێشوو زۆرینه‌ی ڕه‌ها به‌ده‌ستبهینێت، ئەمجارە بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی یانی پارتی نەتەوەپەرستی تورک ـ مەهەپە ـ  یە كه‌ به‌ هه‌ڵوێستی دژه‌ كورد ناسراوه‌.

DFC
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان شمشێرێکی بەدەستەوەیە

هه‌ڵبه‌ته‌ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان نه‌یتوانی وه‌ك ده‌وره‌ی پێشوو زۆرینه‌ی ڕه‌ها به‌ده‌ستبهینێت، ئەمجارە بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت پێویستی به‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كه‌ی یانی پارتی نەتەوەپەرستی تورک ـ مەهەپە ـ  یە كه‌ به‌ هه‌ڵوێستی دژه‌ كورد ناسراوه‌.

لەو لاشەوە، حزبە کوردییەکە واتە پارتی دیموكراتی گه‌لان ـ هەدەپە ـ  سه‌ره‌ڕای سه‌ركوت و زیندانیكردنی ڕێبه‌رانی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش دره‌وشاوه‌تر بوو و هه‌شت كورسی زیاتری له‌ جاری پێشوو به‌ده‌ستهێناوه‌.

له‌ دوو ساڵی ڕابردوودا ئه‌ردۆگان جیاواز له‌ ساڵانی پێشوو، به‌ ئینكاریكردنی ڕاشكاوانه‌ی كێشه‌ی كورد تێكۆشاوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌ سه‌ربازییه‌كاندا بۆ سڕینه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوخۆدا تاوەکو بە تەدریجی بڕبڕه‌ی پشتی لقی سیاسی ئه‌و پارته‌ تێكبشكێنێت، کەچی دره‌وشانه‌وه‌ی هەدەپە له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و وه‌ستانی له‌ پله‌ی سێهه‌مدا له‌مپه‌رێكی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌م خه‌ونه‌دا.

DFXC
مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ دابه‌زینی كورسییه‌كانی پارتی داد و گه‌شه‌ به‌راورد به‌ ده‌وره‌ی پێشوو و په‌یوه‌ستبوونی ئه‌و به‌ پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توندڕه‌ویش ده‌توانێ شمشێرێكی دوو سه‌ره‌ بێت.

له‌ لایه‌كه‌وه‌ ڕێگه‌ له‌ به‌رزه‌فڕی و ستەمکاریی پارتی سه‌ره‌كی ده‌گرێت و له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌توانێت له‌ ئاینده‌دا ڕێگرێكی گه‌وره‌ بێت له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری زیندووبوونه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی ئاشتی و سوڵح له‌گه‌ڵ كورده‌كاندا.

،،

 له‌ پێنج ساڵی داهاتوودا بابه‌تی سه‌رەكی ئه‌ردۆگان كێشه‌ی كورده‌كان و سوریایه‌.

له‌م لایه‌نه‌وه‌ ده‌توانرێت بووترێت كه‌ له‌ پێنج ساڵی داهاتوودا بابه‌تی سه‌رەكی ئه‌ردۆگان كێشه‌ی كورده‌كان و سوریایه‌.

DF
عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان

پرسی فه‌رمانڕه‌وایی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات به‌سه‌ر  ٣٠%ی خاكی سوریا و نزیكی و پێكداچوونی ئه‌م هێزانه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ره‌كیترین و ستراتیژیترین دژبه‌رانی ده‌وڵه‌تی توركیا كه‌ ده‌یان نوێنه‌ری پشتیوانیان له‌ نێو په‌رله‌مانی توركیادا هه‌یه‌،  كاری سه‌ره‌كی سه‌رۆك ئه‌ردۆگان ده‌بێت.

ئه‌گه‌ر له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن چاوبپۆشین ده‌بێت بووترێت كه‌ له‌ سوریادا توانای یاریكردنی ئەردۆغان تا ئه‌م ئه‌ندازه‌یه‌ بوو و كۆتایی پێهاتووه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا بگاته‌ ڕێكه‌وتنێك له‌سه‌ر حسابی كورده‌كان و یا ڕێكه‌وتنێكی گشتیتر به‌ده‌ستبێت كه‌ كورده‌كانیشی تێدا حساب بۆكراوبن.

ئه‌گه‌ری دووه‌م ڕێتێچووتر ده‌بێت و به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ گۆڕاوگه‌لێكی زۆر و كاریگه‌ره‌وه‌..