هاودیدانی بەرهەم ساڵح لەنێوان كۆنگرەی یەكێتی و كۆنگرەی حیزبەكەیدا

هاودیدانی بەرهەم ساڵح لەنێوان كۆنگرەی یەكێتی و كۆنگرەی حیزبەكەیدا

5611 خوێندراوەتەوە

د. بەرهەم ساڵح دوای بەستنی كۆنگرەی دامەزراندن، بەرەو یەكەم كۆنگرەی حیزبەكەی هەنگاودەنێت، هاوكات وابڕیارە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا كۆنگرە ببەستێت، لەنێوان ئەم دوو كۆنگرەیەدا چارەنوسی هاودیدانی بەرهەم ساڵح لەناو یەكێتیدا چی دەبێت؟ یەكێتی چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكات؟

رۆژی 17/9/2017، د. بەرهەم ساڵح، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێشكەش بە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كرد، دواتر لە 16 ی ئەیلولی 2017 دا لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان تۆماركرا و دواتر لە 27ی كانوونی یەكەمدا بەفەرمی مۆڵەتی كاركردنی لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وەرگرت و ڕۆژی 10 ی ئەم مانگە كۆنگرەی دامەزراندنی قەوارەی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری بەست و خۆی بە سەرۆكی قەوارەكە هەڵبژێررا.

د. رێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری بە "دیپلۆماتیك" ی وت، "بەم زوانە كۆنگرەی یەكەمی هاوپەیمانیەكە دەبەستین، كە چاوەڕواندەكرێت پێش مانگی ئایاری ئەمساڵ بێت".

بەوپێیەش كۆنگرەی یەكەمی هاوپەیمانیەكەی بەرهەم ساڵح، پێش كۆنگرەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبێت، كە وابڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بێت.

ئەزمونەكە بۆ یەكێتی تازە نیە

نوێترین ئەزمونی یەكێتی لەگەڵ جیابونەوە، هاتنە دەرەوەی نەوشیروان مستەفا بوو لەو حیزبە، كاتێك لە ساڵی 2006 دا بە تەواوەتی دەستبەرداربونی خۆی لەو حیزبە ڕاگەیاند، لەسەرەتادا نەوشیروان مستەفا كۆمپانیایەكی ب ۆڕاگەیاندن و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی بەناوی "وشە" دامەزراند، دواتر ئەمە سەری كێشا بۆ دامەزراندنی حیزبێكی سیاسی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان".

یەكێتی بە لەگەڵ دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان كەوتە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەی هاوسۆزی نەوشیروان مستەفا یان ڕونتر بڵێین گۆڕان بون و لەناو یەكێتیدا بون.

لێپرسینەوەی یەكێتی لەو كەسانە تا ئاستی دەركردن و نانبڕین و هەڕەشەلێكردن و زۆرجار هەوڵدان بۆ پەشیمانكردنەوە لەرێگای ئیمتیازی شەخسی و حیزبیەوە ڕۆیشت، ئەمەش بەردەوام بوو بۆ ماوەی چوار ساڵ تا ئەوكاتەی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی كۆچكردوی یەكێتی و نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردوی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیدارێكدا لە ساڵی 2012 لە دەباشان كۆبونەوە، ئەمەش سەرەتای گۆڕانكاری پەیوەندی ئەم دوو هێزە بوو لە دژایەتیەوە بۆ كاركردنی پێكەوەیی.

د. بەرهەم ساڵح، كە دواین پۆستی لەناو یەكێتیدا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو، بۆ ماوەی نزیك بە سێ‌ ساڵ بوو كاری حیزبی لەناو یەكێتیدا هەڵپەساردبوو، دواجار ئەم هەڵپەساردنە بە هاتنە دەرەوەی لە یەكێتی كۆتایی هات، بەرهەم ساڵح بەتەنها هاتە دەرەوە بەڵام چەندین كەس لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی هاوسۆز و هاودیدی بەرهەم ساڵحن و هێشتا لەناو یەكێتیدان، چارەنوسی ئەم كەسانە چی دەبێت؟ یەكێتی چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكات؟ بەرهەم ساڵح، پلانی بۆ چیە بۆ هاودیدەكانی لە یەكێتیدا؟

،،

سەعدی ئەحمەد پیرە، پێویستە دەستەیەك لە مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی پێكبهێنرێت بۆ پاككردنەوەی یەكێتی، لەو كەسانەی خوازیاری ئەوەن لە حیزبەكەی بەرهەم ساڵحدا كاربكەن.

مامەڵەی یەكێتی لەگەڵ هاودیدەكان

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە "دیپلۆماتیك" ی وت، ئەوانەی كە لە یەكێتیدا هاودیدی بەرهەم ساڵحن، مێژوویەكی گەورە و كاریگەرییان لە یەكێتیدا هەبوە و بە مانەوەیان لەیەكێتیدا گەورەتر و كاریگەرتر دەبن لەوەی بچنە حیزبێكی نوێوە.

puk
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی

سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی، ئاساییە لەناو یەكێتیدا خەڵكانێك هاوسۆزی بەرهەم ساڵح بن، بەڵام پێویستە ئەم بابەتە یەكلابكرێتەوە و ناكرێت كەسانێك لەناو یەكێتیدا بن و دام و دەزگا و پۆستەكانیان لە یەكێتیدا بۆ بەرژەوەندی حیزبێكی تر بەكاربهێنن، پێویستە ئەو كەسانە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت و سزا بدرێن.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی بە پێویستیشی زانی دەستەیەك لە مەكتەبی رێكخستنی یەكێتی پێكبهێنرێت بۆ پاككردنەوەی یەكێتی لەو كەسانەی خوازیاری ئەوەن لە حیزبەكەی بەرهەم ساڵحدا كاربكەن.

،،

د. رێبوار كەریم: مۆدێلی ئەوە بەسەر چاوە خەڵك لەسەر بیر و رای سیاسی جیاواز سزا بدرێت و نانبڕاو بكرێت، ئێمە دژی كەس نین و دەستی دۆستایەتی درێژ دەكەین

مامەڵەی بەرهەم ساڵح لەگەڵ "هاودیدە یەكێتیەكان"

د. رێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، ئەو كەسانەی لەناو یەكێتیدان و هاودیدی ئێمەن، خەباتێكی بەرچاویان هەیە و كەسانی خەمخۆرن، بەڵام ئەوان ئازادن چ بڕیارێك دەدەن، لە یەكێتیدا دەمێننەوە یان نا.

hawp
د. رێبوار كەریم، وتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری

وتیشی، مۆدێلی ئەوە بەسەر چاوە خەڵك لەسەر بیر و رای سیاسی جیاواز سزا بدرێت و نانبڕاو بكرێت، ئێمە دژی كەس نین و دەستی دۆستایەتی درێژ دەكەین و پێویستیش ناكات هیچ لایەنێك هاوپەیمانیەكەی ئێمە وەك نەیاری خۆی سەیر بكات.

رێبوار كەریم، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە بەهیچ شێوەیەك هاوپەیمانیەكەیان پۆست و دام و دەزگاكانی یەكێتیان بۆ بەرژەوەندی هاوپەیمانیەكەیان بەكارنەهێناوە و بەكاری ناهێنن.

هەنگاوەكانی داهاتوو

ئەگەرچی لەناو یەكێتیدا خەڵكانێكی دیار لەسەر بەرهەم ساڵح هەژماردەكرێن، بەڵام یەكلاكردنەوەیان چ لەلایەن یەكێتی و چ لەلایەن ئەو كەسانە خۆشیانەوە ئاسان نیە، بەو پێیەی لەناو یەكێتیدا پۆست و پلە و دەسەڵاتی زۆرییان هەیە، بە هاتنە دەرەوەیان زۆرێك لەوانە و زیاتریش لە دەست دەدەن، دوور نیە حەق و حسابیشیان لەگەڵ نەكرێت، بۆیە چاوەڕێ‌ دەكرێت ئەم بابەتە هاوشێوەی گۆڕان ساڵانێك بخایەنێت، بەدوور دەزانرێت یەكێتی بتوانێت لە كۆنگرەی ئەم جارەیدا چارەنوسی هەموو ئەو كەسانە یەكلا بكاتەوە، بەتایبەت كە دۆخی باش نیە و هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانی لەپێشە.

بەپێچەوانەوە چاوەڕێ‌ دەكرێت هەنگاوەكانی دەسەڵاتدارانی یەكێتی بەرامبەر هاودیدانی بەرهەم ساڵح تاوەكو دوای هەڵبژاردنەكان و دەركەوتنی قورسایی هاوپەیمانیەكەی نەرم بێت، ئەوەش لەپێناو رێگرتن لە بچوكبونەوەی زیاتری یەكێتی و هەڵوەرینی زیاتری كادرانی ئەو حیزبە.

ئەمە ئاراستە نەرمە بۆ بەرهەم ساڵحیش راستە، كە پێناچێت پەلە بكات لە هێنانە دەرەوەی هاودیدەكانی و ئەوەش كارتێكی فشاری باش و پارێزبەندییەكی باش دەبێت بۆ خۆی و حیزبەكەی تاوەكو لە هەر بەیەكدادان و گرژییەك دوور بن.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو