ئەمریکا ئاوڕ لە کوردەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەداتەوە

دەربارەی سەردانی مستەفا هیجری و عەبدوڵای موهتەدی بۆ واشنتۆن

ئەمریکا ئاوڕ لە کوردەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەداتەوە

881 خوێندراوەتەوە

فازڵ هه‌ورامى ـ ئەلمۆنیتۆر
و: به‌همه‌ن كه‌ریم

به‌و هیوایه‌ى كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا سوربێت له‌سه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى كۆمارى ئیسلامى ئێران، پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ كوردیه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن ببن به‌ به‌شێكى سه‌ره‌كى له‌و سیاسه‌ته‌ى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا كه‌ كار بو لاوازكردن و كۆتایهێنان به‌ حكومه‌تى ئێران ده‌كات.
مسته‌فا هیجرى سكرتێرى حزبی دیموكراتى كوردستانى ئێران له‌ 11 تا 17 ى مانگى حوزه‌یران سه‌ردانى واشنتۆنى کرد بۆ كفتوگۆكردن له‌سه‌ر بارودۆخى ئێران و چاوى به‌ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌، كۆنگرێسمانه‌كان و پسپۆرانى لێكۆڵه‌ر كه‌وت، له‌ كاتێكدا كه‌ پێشتر كۆبوونه‌وه‌ى كه‌سایه‌تییه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌مریكى و به‌شداریكردن له‌و كۆڕبه‌ندانه‌ى له‌ واشنتۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت ناباو بوو.

له‌ ئێستادا چڕبونه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كان له‌ ناوه‌نده‌ فكریه‌ جیاوازه‌كان ئاماژه‌یه‌ بۆ دووباره‌ ئاوڕدانه‌وه‌ى ئه‌مریكا به‌لاى پارته‌ كوردییه‌كان كه‌ له‌ چیاكانى رۆژهه‌ڵاتى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ له‌ دژى سوپاى ئێران له‌ شه‌ڕدان.
ئه‌لمۆنیتۆر زانیوویه‌تى له‌ كاتێكدا پێشتر سكرتێرى حزبى دیموكرات به‌رپرسانى دیموكراسى و مافه‌كانى مروڤى بینیووه‌ لە ئەمریکا، ئه‌مجاره‌یان به‌رپرسانى به‌شى ئێرانى له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بینیووه‌، له‌م روه‌وه‌ فواد به‌گزاده‌ نوێنه‌رى حزبى دیموكرات له‌ سلێمانى به‌ئه‌لمۆنیتۆرى وت كه‌ ئه‌و ئاگادارى هیچ كام له‌و كۆبوونه‌وه‌ نهێنیانه‌ نییه‌ كه‌ هیجرى له‌گه‌ڵ كۆنگرێسمانه‌كان ئه‌نجامیداوه‌.
به‌ پێچه‌وانه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانى پێشتر كه‌ به‌ زۆرى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى مافه‌كانى مرۆڤ بووه‌، ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ى ئێستا ده‌رباره‌ى هه‌ندێ بابه‌تى سیاسى گرنگ كه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر ئێران و رۆڵى حزبى دیموكرات هه‌یه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

سایتى فه‌رمى حزبى دیموكرات ده‌رباره‌ى سه‌ردانى هیجرى و كۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و كۆنگرێسمانه‌كان ده‌ڵێت كه‌ به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكى ده‌یانه‌وێت له‌ داواكاریه‌كانى كورد تێبگه‌ن .
جێگه‌ى ئاماژه‌یه‌ ناوه‌ندى له‌نده‌ن بۆ توێژینه‌وه‌ى سیاسى كه‌ ناوه‌ندێكى لێكۆلینه‌وه‌یه‌ له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ له‌ نیویۆرك باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بانگهێشتى مسته‌فا هیجرى و سه‌ركرده‌یه‌كى دیكه‌ى كورد بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بارودۆخى ئێران كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر روانگه‌ى دوناڵد تره‌مپ به‌رامبه‌ر رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ گشتى و كۆمارى ئیسلامى ئێران به‌ تایبه‌تى.

،،

ناوه‌ندى له‌نده‌ن بۆ توێژینه‌وه‌ى سیاسى: بانگهێشتى مسته‌فا هیجرى و سه‌ركرده‌یه‌كى دیكه‌ى كورد بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بارودۆخى ئێران كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر روانگه‌ى دوناڵد تره‌مپ به‌رامبه‌ر رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ گشتى و كۆمارى ئیسلامى ئێران به‌ تایبه‌تى.

DFC
مستەفا هیجری، سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران


ئیلى ئیم گۆڵدجێگرى یه‌كه‌مى به‌ڕێوه‌به‌رى ناوه‌ندى له‌نده‌ن ده‌ڵێت "ده‌بێت رێوشوێنى توند بگرینه‌به‌ر به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ چۆن؟ له‌ڕێگه‌ى قسه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئۆپوًزسیۆنى كوردى ئێران پێویسته‌ له‌سه‌رمان گۆڕانكارى له‌سه‌ركردایه‌تى ئێستاى كۆمارى ئیسلامى ئێران بخه‌ینه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌,

گۆڵد وتبووى ناوه‌ندى له‌نده‌ن كه‌ كۆبونه‌وه‌ى به‌رده‌وامى له‌سه‌ر پرسى سه‌ربه‌خۆى كورده‌كان هه‌یه‌، داواى ئه‌وه‌ ده‌كات ده‌ستێوه‌ردانى سه‌ربازى ڕاسته‌وخۆ وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌فغانستان و عێراق روویدا نه‌كرێت، له‌جیاتى ئه‌وه‌ هانى ئه‌مریكا ده‌دات كه‌ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ى هه‌مان تێڕِوانیان دژ به‌ كۆمارى ئیسلامى هه‌یه‌ رێكبخات و پێداویستى سه‌ربازى گونجاویان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ كوردیه‌كان وا ده‌رده‌كه‌ون كه‌ رێكخستى سه‌ربازى و هه‌واڵگرى گه‌وره‌یان له‌ ناوحۆى ئێراندا هه‌یه‌و خۆیان به‌ هاوبه‌شێكى ناوازه‌ ده‌زانن بۆ ئه‌م كاره‌.
مسته‌فا هیجرى سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ كورده‌كان یه‌كگرتووترین هێزى ئۆپۆزسیۆنن له‌ ئێراندا و هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌ هاوبه‌ش و هاوڕێ دروستبكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى رۆڵى كاریگه‌رمان له‌ گۆڕینى نیزامى كۆمارى ئیسلامیدا هه‌بێت"
عه‌بدوڵا موهته‌دى سكرتێرى كۆمه‌ڵه‌ى ئێران كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ هیجرى له‌ كۆبونه‌وه‌ى 13ى خوزه‌یران ئاماده‌ بوو، هه‌مان په‌یام دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت"من و هیجرى له‌كۆبونه‌وه‌كانى واشنتۆن، په‌یمانگاى هدسۆن و په‌یمانگاى واشنتۆن بۆ سسیاسه‌تى رۆژهه‌ڵاتى نزیك گفتوگۆمان له‌سه‌ر گۆڕینى نیزامى ئێران كردووه‌.
پێش ئه‌وه‌ى ببێت به‌ راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ى (جۆن بۆڵتن)له‌ مانگى ئابى ساڵى 2017 په‌ڕاوێكى پێشكه‌ش به‌ كۆشكى سپى كردو داوا له‌ ئیداره‌ى دۆناڵد تره‌مپ ده‌كات كه‌ گوشار بخاته‌ سه‌ر ئێران له‌ رێگه‌ى كشانه‌وه‌ له‌ رێكه‌وتنى ئه‌تۆمى و پشگیرى خواسته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كانى كورد له‌ عێراق  و سوریا و ئێران.

هه‌روه‌ها داوا ده‌كات پشتگیرى بلوج  و عه‌ره‌ب و كورده‌كانى ئێران كه‌ پێداگرى له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى كۆمارى ئیسلامى ئێران ده‌كه‌ن له‌ پێشینه‌ى كاره‌كانى ئه‌م ئیداره‌یه‌ بێت و هه‌موو پێداویستیه‌كانیان بۆ دابین بكات .
سه‌ردانى سه‌ركرده‌ كورده‌كانى ئێران به‌ دواى زنجیره‌یه‌ك پێكدادانى سه‌ربازى له‌ سنورى عێراق -ئێران له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌كانى حزبى دیموكرات و سوپاى ئێران دێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند جارێك به‌ڵینى رێگریان له‌و جۆره‌ هێرشانه‌ به‌ ئێران داوه‌، سوپاى ئێران ده‌ڵێت كه‌ 7 چه‌كدار حزبى دیموكراتیان كوشتوه‌وه‌ برینداركردووه‌، له‌ كاتێكدا حزبى دیموكرات باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ سیاكێو له‌ نزیك پارێزگای ئازه‌رباینجانى خۆرئاوا 9 سه‌ربازیان كوشتوه‌و 18 دیكه‌شیان بریندار كردووه‌.
له‌ ساڵەكانى هه‌شتاكانه‌وه‌ سوپاى ئێران ژماره‌یه‌كى زۆر شه‌ڕى له‌گه‌ڵ هێزە كوردییەکان ئه‌نجامداوه‌ و پێده‌چێت له‌و كاته‌وه‌ دركیان به‌ مه‌ترسى ئه‌م هێزانه‌ كردبێت و بوونیان به‌ مه‌ترسى ده‌زانن.

له‌ ساڵى 1979 و دواى شۆڕشى ئیسلامى ئێران زۆربه‌ى سه‌ركرده‌كانى سوپاى ئێران به‌شدارى ئه‌و شه‌ڕانه‌یان كردووه‌ كه‌ له‌ دژى كورده‌كان كراوه‌، پارته‌ كوردییه‌كان تا ئێستاش هه‌زاران پێشمه‌رگه‌یان له‌ نێو كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌.
له‌دواى به‌ڵێنى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م ساڵه‌وه‌ به‌وه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم رێگه‌ نادات خاكى وڵاته‌كه‌ى له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنى كوردى ئێران له‌ نێویشیاندا حزبى دیموكرات به‌كاربهێنرێت بۆ هێرش له‌ دژى ئێران به‌كاربهێنرێت، ئاڵۆزییه‌كان رویان له‌ زیادبوون كردووه‌,

ئەم وتانه‌ى بارزانى به‌ دواى ملدانى به‌رپرسانى هه‌رێم به‌ گوشاره‌ ئابوورى و سیاسیه‌كانى ئێران له‌ دواى ریفراندۆمه‌كه‌ى ئه‌یلولى 2017 وه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیى كوردستان دێت.

،، 

عه‌بدوڵا موهته‌دى سكرتێرى كۆمه‌ڵه‌ى ئێران كه‌ هاوشان له‌گه‌ڵ هیجرى له‌ كۆبونه‌وه‌ى 13ى خوزه‌یران ئاماده‌ بوو، هه‌مان په‌یام دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت"من و هیجرى له‌كۆبونه‌وه‌كانى واشنتۆن، په‌یمانگاى هدسۆن و په‌یمانگاى واشنتۆن بۆ سسیاسه‌تى رۆژهه‌ڵاتى نزیك گفتوگۆمان له‌سه‌ر گۆڕینى نیزامى ئێران كردووه‌.

DFC
عەبدوڵای موهتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران


به‌هۆى بوونى سنورێكى دوورو درێژ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، به‌رپرسانى ئێران ناوه‌ناوه‌ هۆشدارى له‌ به‌كارهێنانى ئه‌م سنوره‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیل و سعودیه‌و ئه‌مریكاوه‌ بۆ نانەوه‌ى پشێوى له‌ نێوخۆى ئێران ده‌ده‌ن,

له‌م روه‌وه‌ عه‌لى ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تى راوێژكارى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى رێبه‌رى باڵاى كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ 7ى شوباتى ئه‌مساڵدا رایگه‌یاندبوو"ئه‌گه‌ر ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیه‌ كوردستانى عێراق سه‌ركه‌توو بوایه‌ ئەوا ئێستا تانكه‌كانى ئیسرائیل له‌ سنورى كرماشان ده‌بوون".
له‌دواى روبه‌ڕوبونه‌وه‌كانى ئه‌مدواییه‌ له‌ 11ى كانونى دووه‌م وه‌فدێكى كونسوڵخانه‌ى ئێران له‌ هه‌ولێر به‌ فه‌رمى ناڕه‌زایه‌تى خۆى به‌ به‌رپرسانى هه‌رێم راگه‌یاندبوو و به‌ مافى ئێرانان زانیووه‌ كه‌ هێرش بۆ سه‌ر "ناوه‌ندى مه‌ترسی"كه‌ مه‌به‌ست بنكه‌كانى حزبى دیموكراته‌ له‌ هه‌ریمى كوردستان ئه‌نجامبدات,به‌ڵام حزبى دیموكرات له‌ ئێستادا شێوازى تازه‌ له‌ هێرشه‌كانیان له‌ ناوخۆى ئێران به‌كارده‌هێنن به‌بێئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بنكه‌كانیان له‌ هه‌رێمى كوردستان.

به‌گزاده‌ به‌ ئه‌لمۆنیتۆری راگه‌یاند داوامان له‌ حكومه‌تى هه‌رێم كردووه‌ كه‌ ته‌نها یه‌ك به‌ڵگه‌مان پێبدات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى یه‌ك پێشمه‌رگه‌مان له‌ بنكه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ره‌وانه‌ كردبێت.
له‌ دواى 10 ساڵ له‌ سرَبوون، ماوه‌ى دوو ساڵە حزبى دیموكرات چالاكیه‌ سه‌ربازیه‌كانى له‌ ناوخۆى ئێران ده‌ستپێكردۆته‌وه‌ و پێیناوه‌ته‌ ناو قۆناغێكى نوێى خەبات  له‌رێگه‌ى ئه‌نجامدانى راهێنانى سه‌ربازى به‌ شانه‌ نوستوه‌كان له‌ ناوخۆ بۆ چالاكى رێكخراوو بچوك.

حزبى دیموكرات بڵاوه‌ى به‌ ژماره‌یه‌ك یه‌كه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ى سیده‌كان له‌ پارێزگاى هه‌ولێر كردووه‌، ,كه‌ گه‌ریلاكانى په‌كه‌كه‌ به‌شدارى روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى توند له‌گه‌ڵ كۆماندۆسى توركى له‌ هه‌مان ناوچه‌ ده‌كه‌ن.

له‌ كاتى سه‌ردانى هیجرى بۆ واشنتۆن راپۆرته‌كان باس له‌ 24ى ئه‌ندامى تازه‌ى حزبى دیموكرات ده‌كه‌ن كه‌ راهێنانه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى سه‌ربازییان ته‌واو كردوه‌وه‌ ده‌ڵێن كه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ هه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌ك.
ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوانى سنوره‌كانى نێوان هه‌رێم و ئێران باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سوپاى ئێران به‌مدواییانه‌ تۆڕێكى گه‌وره‌ى رێگاوبانى بۆ ئاسانكارى هاتوچۆى سه‌ربازه‌كانى بۆ سه‌ر لوتكه‌ى چیاكان دروستكردووه‌ و ئه‌گەرچى جاران هاتوچۆى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ ئاسان بووه‌ به‌ڵام ئیستا به‌هۆى دروستكردنى ژماره‌یه‌كى زۆر بارەگای سه‌ربازیه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ى زۆر مه‌ترسیدار كردووه‌.
له‌ دواى كشانه‌وى تره‌مپ له‌ رێكەوتنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ له‌ ساڵى 2017 فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ شه‌ر ئێران روى له‌ زیادبوون كردووه‌.

به‌ تێوه‌گلانى زیاترى ئێران له‌شه‌رى به‌ وه‌كاله‌ت له‌ دژى ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانى، هێزه‌ كوردییه‌كان ده‌یانه‌وێت زیاتر بێنه‌ پێش، له‌ كاتێكدا واشنتۆن ده‌یه‌وێت شه‌ڕ بباته‌وه‌ ناوخۆیى ئێران، له‌م روه‌وه‌ حزبى دیموكرات ده‌ڵێت كه‌ ئه‌وان ده‌توانن جارێكى تر روبه‌ڕوى ئێران بوه‌ستنه‌وه‌.
له‌ماوه‌ى 7 ساڵى پێشوو كه‌ من لێره‌ بووم، ,پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ كوردیه‌كان له‌ هیچ هه‌واڵێكدا ناویان نه‌ده‌هێنرا، سه‌لاح بایه‌زیدى نوێنه‌رى كۆمه‌ڵو له‌ واشنتۆن كه‌ هاوڕێیه‌تى موهته‌دى و هیجرى له‌ كۆبونه‌وه‌كانى ئه‌م دوایه‌دا ده‌كرد ده‌ڵێت"پێمانوایه‌ ئه‌مه‌ قۆناغێكى نوێیه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت خۆمانى بۆ ئاماده‌ بكه‌ین هه‌تا بتوانین به‌شداری تێدا بكه‌ین "

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك