ئاماژه‌ سیاسییه‌كانی پشت درێژنـه‌كـردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی عێراق

دادگای فیدراڵی به‌ زیانی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان كۆتایهێنا به‌ مشتومڕی ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان

ئاماژه‌ سیاسییه‌كانی پشت درێژنـه‌كـردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی عێراق

736 خوێندراوەتەوە

رۆژی 30ی حوزه‌یران، ته‌مه‌نی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق كۆتاییهات و خولێكی چوار ساڵی خۆی ته‌واو كرد، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ دۆخی سیاسیی عێراق به‌هۆی جیاوازی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار ناسه‌قامگیره‌ و هێشتا دیار نییه‌ په‌رله‌مانی نوێ كه‌ی یه‌كه‌م دانیشتن ئه‌نجام ده‌دات و كه‌ی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران دیاری ده‌كرێن و حكومه‌تی نوێ پێكده‌هێنرێت، جگه‌ له‌وه‌ش لایه‌نه‌ نارازییه‌كان هێشتا داوای ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌نجامانه‌ ده‌كه‌ن تا ئاستی دووباره‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن.


وه‌ك لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی عێراق پێشتر رایگه‌یاندبوو، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (1ی ته‌موزی 2018)، ته‌مه‌نی یاسایی په‌رله‌مان كۆتایی دێت و قابیلی درێژ كردنه‌وه‌ نابێت، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانیش له‌ 30ی حوزه‌یرانی 2014 ئه‌نجامدرا و به‌ گه‌یشتن به‌ 30ی حوزه‌یرانی 2018 ته‌مه‌نی كۆتاییهات، به‌مشێوه‌یه‌ ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان دوا هه‌ناسه‌ی خۆیدا و ته‌مه‌نی له‌ كاتژمێر 12ی شه‌وی شه‌ممه‌ كۆتاییهات.

هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵی زۆر هه‌بوو له‌ چەند لایەنێکەوە بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان هه‌تا ئه‌وكاته‌ی پرسی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن یه‌كلاده‌بێته‌وه‌ و په‌رله‌مانی تازه‌ هه‌ڵبژێردراو ده‌توانێت یه‌كه‌م دانیشتنی خۆی به‌رێوه‌ده‌بات، به‌ڵام به‌هۆی ده‌نگی به‌هێزی چه‌ند لایه‌نێكی كاریگه‌ریی عێراقه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایا ئه‌نجامێكی باشیان هێنابوو، هه‌وڵی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان شكستیهێنا، ئه‌وه‌ش مانای ناردنی كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ی سیاسیی گرنگه لە ئێستادا.
دوای ته‌واونه‌بوونی رێژه‌ی یاسایی په‌رله‌مانتاران له‌ رۆژانی پێنجشه‌ممه‌ و هه‌ینى 28 و 29ی حوزه‌یران، كۆبوونه‌وه‌كه‌ دواخرا بۆ شه‌ممه‌ واته‌ دوایین هه‌وڵیش له‌ كۆبوونه‌وه‌کەی دوێنی شه‌ممه‌ی په‌رله‌مان بوو كه‌ ده‌یویست هه‌مواری چواره‌م بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان بكاته‌وه‌ بۆ ژماردنه‌وه‌ی گشتی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست و برگه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانیشی بۆ زیاد كرابوو، به‌ڵام به‌هۆی پرنه‌كردنه‌وه‌ی رێژه‌ی یاسایی دانیشستنه‌كه‌ و ئاماده‌بوونی ته‌نها 127 په‌رله‌مانتار سه‌رینه‌گرت.
رۆژی 29ی حوزه‌یران، جه‌عفه‌ر موسه‌ویی وته‌بێژی سیاسیی موقته‌دا سه‌در له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا موباره‌كه‌ی له‌ كۆتاییهاتنی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان كرد و هه‌وڵی درێژكردنه‌وه‌شی به‌ سه‌رپێچی و دژ به‌ چاكسازیی و گۆرانكاریی وه‌سف كرد.
به‌بۆنه‌ی كۆتانییهاتنی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانه‌وه‌، فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عێراق رۆژی شه‌ممه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد و داوای له‌ لایه‌نه‌ براوه‌كان كرد په‌له‌ بكه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی نوێی په‌رله‌مان و كۆمار و وه‌زیران.

،،

گرنگترین ئاماژه‌ی درێژنه‌كردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌نجامه‌ راگه‌یه‌نراوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری په‌رله‌مانی عێراق ئیدی بووه‌ته‌ ئه‌مری واقیع و هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت قبوڵی بكه‌ن، ده‌رگاكانیش به‌ رووی هه‌ر هه‌وڵێكی لایه‌نه‌ نارازییه‌كان بۆ گۆرینی ئه‌م ئه‌نجامانه‌  داده‌خرێن و قوفڵ ده‌درێن.

 

dfc
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەبێ پرکردنەوەی رێژەی یاسایی ـ بەغداد ـ شەممە  ٢٠١٨.٦.٣٠


هاوشێوه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانیش هێزه‌ عێراقیی و كوردییه‌كان به‌سه‌ر دووبه‌ردا دابه‌ش بوون.
له‌ ناو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كاندا براوه‌كانی وه‌ك سائیرونی موقته‌دا سه‌در كه‌ یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنن، دژی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان بوون، چونكه‌ ئه‌وه‌ مانای درێژه‌دانه‌ به‌ پرسی هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان و گۆرانكاریی له‌ ئه‌نجامه‌كانی ئێستادا كه‌ به‌ قازانجی سه‌درییه‌كان نییه‌.
سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش، پارتی و یه‌كێتی دژی بوون چونكه‌ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان به‌رده‌وامیدان بوو به‌ هه‌وڵه‌كانی گۆرینی ئه‌نجامه‌ راگه‌یه‌نراوه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ژماردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان، كه‌ دیسان پارتی و یه‌كێتی دژی ئه‌مه‌ن به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك.
گرنگترین ئاماژه‌ی درێژنه‌كردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌نجامه‌ راگه‌یه‌نراوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری په‌رله‌مانی عێراق ئیدی بووه‌ته‌ ئه‌مری واقیع و هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت قبوڵی بكه‌ن، ده‌رگاكانیش به‌ رووی هه‌ر هه‌وڵێكی لایه‌نه‌ نارازییه‌كانیش بۆ گۆرینی ئه‌م ئه‌نجامانه‌ بۆ له‌مه‌ودوا داده‌خرێن و قوفڵ ده‌درێن.
هه‌روه‌ك، زۆرینه‌ی شه‌قامی عێراقیی و مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینیش پشتیوانیان له‌ هه‌وڵه‌كانی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان نه‌كرد، ته‌نانه‌ت ئایه‌توڵا سیستانی له‌ وتاری هه‌ینی له‌ رێگه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ وتی ده‌بێت لایه‌نه‌كان چاویان له‌سه‌ر شه‌ری دژ به‌ تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی خه‌ڵك بێت نه‌ك پۆست و پله‌. ئه‌وه‌ش ناراسته‌وخۆ ئاماژه‌ بوو به‌وه‌ی شه‌ركردن له‌سه‌ر درێكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان شه‌ری پۆست و پله‌یه‌.

پشتیوانی نه‌كردنی مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی شیعه‌كان له‌ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان، به‌ دیوه‌كه‌ی تردا واته‌ پشتیوانیكردن له‌وه‌ی هه‌رچی زووه‌ حكومه‌تی نوێی عێراق پێكبهێنرێت له‌سه‌ر بنه‌مانی ئه‌نجامه‌ راگه‌یه‌نراوه‌كانی هه‌ڵبژاردن و كۆتاییهێنان به‌ بگره‌وبه‌رده‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان كه‌ له‌ 12ی ئایاره‌وه‌ عێراقییه‌كانی دابه‌ش كردووه‌.
هه‌روه‌ها، دادگای باڵای فیدراڵیش پێش كۆتاییهاتنی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان، له‌ ته‌فسیركردنی بۆ برگه‌ی یه‌كه‌م له‌ ماده‌ی 56ی ده‌ستوری عێراقی رایگه‌یاند درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌ و كارێكی باتڵه‌، هه‌روه‌ك دادگای فیدراڵی بریاری ئه‌وه‌شیدا كه‌ ته‌نها سندوقی
ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌ی پشت درێژنه‌كردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌، له‌مه‌ودوا قورسایی هه‌وڵ و كاره‌كانی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ و بچرینی به‌شی خۆیان ده‌بێت له‌و كێكه‌ی بریاره‌ تا ساڵی 2002 لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان لێی بخۆن.

،،

وا ده‌ركه‌وێت مانگی ته‌موز له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی كه‌شوهه‌وای عێراق، كه‌شی هاتۆچۆی نێوان لایه‌نه‌كان گه‌رموگوڕتر ده‌بێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كه‌ پێشبینی ده‌كرێت به‌ هاتنی مانگی ئاب سیماكانی حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌ربكه‌وێت، بۆ ئه‌م كاره‌ش لایه‌نه‌ ئیقلیمیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ عێراقییه‌كان په‌له‌تریانه‌.

 

dfc
بریاری دادگای فیدراڵی بۆ پشتیوانی لە بریارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاران ( ٩ دادوەرەکە) 


به‌وپێیه‌ش وا ده‌ركه‌وێت مانگی ته‌موز له‌گه‌ڵ گه‌رمبوونی كه‌شوهه‌وای عێراق، كه‌شی هاتۆچۆی نێوان لایه‌نه‌كان گه‌رموگوڕتر ده‌بێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كه‌ پێشبینی ده‌كرێت به‌ هاتنی مانگی ئاب سیماكانی حكومه‌تی نوێی عێراق ده‌ربكه‌وێت، بۆ ئه‌م كاره‌ش لایه‌نه‌ ئیقلیمیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ عێراقییه‌كان په‌له‌تریانه‌.

دوا نیوه‌ری ئه‌مرۆش كه‌ دادگای باڵای فیدراڵی بریاریدا به‌ شتیوانیكردن له‌ بریاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ( 9 دادوه‌ره‌كه‌) سه‌باره‌ت به‌ هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان ته‌نها له‌و ناوه‌ندانه‌ی هه‌ڵبژاردن كه‌ سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌، نه‌ك هه‌ژماركردنه‌وه‌ی 100%ی ده‌نگه‌كان، به‌م بریاره‌ دادگای فیدراڵی كۆتاییهێنا به‌ مشتومری هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌ستی كۆی ده‌نگه‌كان و خه‌ونی لایه‌نه‌ نارازییه‌كانی بۆ گۆرانكاریی ریشه‌یی له‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌بار برد، بۆیه‌ له‌ ئێستادا ته‌نها شتێكی چاوه‌روانكراو بۆ ناو گۆره‌پانی سیاسیی عێراق ئه‌وه‌یه‌ دادگای باڵای فیدراڵی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن و كاندیده‌ ده‌رچووه‌كان به‌ فه‌رمی په‌سه‌ند بكات تاوه‌كو په‌رله‌مانی نوێ ده‌ستبه‌كار بێت.
رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تیش ئه‌مرۆ بڵاویكرده‌وه‌، سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی سوننه‌ وه‌ك سه‌لیم جبوریی، خه‌میس خه‌نجه‌ر، جه‌مال كه‌ربولی، ئه‌حمه‌د جبوریی، سه‌عید به‌زاز چوونه‌ته‌ ئه‌سته‌نبوڵ و به‌سه‌ر په‌رشتی توركیا گفتوگۆ له‌سه‌ر پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی سیاسیی یه‌كگرتوو ده‌ده‌ن وه‌ك خۆئاماده‌كردن بۆ دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ جدیه‌تی وڵاتانی ئیقلیمی به‌ تایبه‌ت ئێران و توركیا بۆ هه‌رچی زووتر پێكهێنانی حكومه‌ت و به‌شداری به‌هێزی حزبه‌ دۆسته‌كانیان له‌و حكومه‌ته‌دا كه‌ تا چوار ساڵی تر عێراقی دراوسێیان به‌رێوه‌ده‌بات.

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی