ئایا ئێران دەتوانێت گەرووى هورمز دابخات؟

ئایا ئێران دەتوانێت گەرووى هورمز دابخات؟

1139 خوێندراوەتەوە


ـ BBC

 
وەرگێڕانی: ئاسۆ حمەصالح

 
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە بەرامبەر هەڕەشەی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی ڕێژەی کڕینی نەوتی ئێران لە بازاڕە جیهانییەکاندا, کاردانەوەیەکی مشتومڕهەڵگری نیشانداوە.

 
ئەو کە سەفەری کردووە بۆ سویسرا, لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئێرانییەکانی دانیشووی ئەو وڵاتە لە شاری بێرن گوتی "ئەمریکییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە دەیانەوێت بە تەواوی ڕێگە لە هەناردەی نەوتی ئێران بگرن, ئەوان مانای ئەم دەربڕێنە نازانن, چونکە لە ڕاستیدا بێمانایە نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت و لە هەمان کاتدا نەوتی ناوچەکە هەناردە بکرێت. ئەگەر ئێوە توانیتان, ئەو کارە بکەن بۆئەوەی دەرئەنجامەکەشی ببینن."

 
بۆچی وتەکانی حەسەن ڕۆحانی مشتومڕهەڵگرە؟

 

 

 

لە وتەکانی حەسەن ڕۆحانیدا ئەم بەشەی دەکرێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت: "لە ڕاستیدا بێ مانایە نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت و لە هەمان کاتدا نەوتی ناوچەکە هەناردە بکرێت." ئایا ئێران لە حاڵەتێکدا هەناردەی نەوتەکەی لەژێر فشاری ئەمریکادا بوەستینرێت, ڕێگە لە هەناردەی نەوتی "ناوچەکە" دەگرێت؟

 

 
لەگەڵ ئەوەی وتەکانی سەرۆک کۆماری ئێران – بەپێچەوانەی سەردەمی مەحموود ئەحمەدی نەژادەوە- دەرفەت بۆ لەیەکدانەوە دەهێڵنەوە, بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانی ئێران و بەرهەمهێنەرانی نەوتی خەلیجی فارس ئەوەندە باش نییە, وتەکانی ڕۆحانی زیاتر بۆنی "هەڕەشە"یان لێدێت.

  

وێنەکە: ئێران بەشێوەیەکی ڕێکخراو مانۆڕی سەربازی لە گەرووی هورمز ئەنجام دەدات. ئۆپەراسیۆنی گریمانەیی دژی هێزی دەریایی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت و ئەو ئامانجانەی کە لە شێوەی کەشتییەکانی ئەمریکا درووستکروان دەتەقێندرێنەوە.



 
یەکەم هەنگاو کە بە مێشکدا دێت, داخستنی گەرووی هورمزە کە تائێستا چەندین جار لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە چەندبارە کراوەتەوە.
بۆ نمونە ئەکبەر هاشمی ڕەفسنجانی, سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەری ڕێبەری ئێران لە شوورای باڵای بەرگری, ساڵی 1983 لە نوێژی هەینی تاراندا لەبارەی داخستنی گەرووی هورمزەوە گوتی:"ئێمە بە کەشتییەکانمان گەرووی هورمز داناخەین. ئێمە دیوارێکی ئاگرین درووستدەکەین بە تۆپەکانی 130 کە خۆتان دەزانن چەنێکمان هەیە. ئێمە کاتێک ڕۆژی دوو جار ئاگر لە گەرووی هورمزدا درووست بکەین, لە خودی بەندەر عەباسدا ئەگەر ئێمە تۆپە 175 ملیمەترییەکان کە مەودایان 48 کیلۆمەترە, دانێین و بە گولـلەکانی بۆردومانی ناوڕاستی گەرووەکە بکەین, کێ دەتوانێت بە گەرووەکەدا تێپەڕێت؟ ئێمە دەتوانین گەرووی هورمز بە کڵاشینکۆفیش داخەین..."

 
بەڵام ئەم هەڕەشەیە تا چەند کردارییە و چ دەرئەنجامێکی لێ دەکەوێتەوە؟ لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هەوڵدراوە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە.
ئایا ئێران دەتوانێت گەرووی هورمز دابخات؟

 

وێنەکە: یەکێک لە بەلەمە تیژڕەوەکانی سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز

 

 
بە وتەی بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا, بەڵێ, ئێران دەتوانێت گەرووی هورمز دابخات. ئەویش لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم و بە باجێکی زۆر قورسەوە.
کاردانەوەکان و هەڵسەنگاندنەکان بۆ ئەم هەڕەشەیە بۆ سەرەتای ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە, کاتێک کە گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران جارێکیتر هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزیان خستەوە نێو وتەی دەسەڵاتدارانی ئێران. لەو سەردەمەدا مارتن دیمپسی فەرماندەی ئەوکاتەی فەرماندەیی هاوبەشی سوپای ئەمریکا, لە وەڵامدانەوەی پرسیارێکدا لەبارەی توانای ئێران لە بە کردارکردنی هەڕەشەکەیدا بە تۆڕی (سی بی ئێس)ی ڕاگەیاند:
"ئێران برەوی بە تواناگەلێک داوە کە لە ڕاستیدا دەتوانێت بۆ ماوەیەک گەرووی هورمز دابخات. ئێمەش برەومان بە تواناگەلێک داوە تا دڵنیایی بەدەستبێنین ئەگەر شتێکی وا ڕوویدا, دەتوانین گەرووەکە بکەینەوە. هەربۆیە وەڵامی سادە ئەوەیە کە بەڵێ ئەوان دەتوانن (گەرووی هورمز) دابخەن."

 

وێنەکە: گەرووی هورمز ڕێڕەوێکە لەنێوان ئێران و عوماندا, کە دەرچەی هاتن و ڕۆشتنەکەی نزیکەی 50 کیلۆمەتر پانە.

 

 

 
بەڵام هەر وەک فەرماندەی ئەوکاتەی فەرماندەیی هاوبەشی سوپای ئەمریکا گوتوویەتی, ئەمە وەڵامێکی سادەیە بۆ پرسیارەکە.
بۆ بینینی ڕەهەندەکانی دیکەی ئەم هەڕەشەیەی ئێران و کاردانەوە چاوەڕوانکراوەکانی, دەبێت ببینین گەرووی هورمز چ گرنگییەکی هەیە بۆ جیهان.

 

گەرووی هورمز چەند گرنگە؟

 

وێنەکە: کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەکاتی چوونەدەرەوە لە گەرووی هورمز.

 

گەرووی هورمز گرنگترین ڕێڕەوی ئاوییە بۆ بازرگانی نەوت لە جیهاندا.

 
بەگوێرەی خەمڵاندنی ڕێکخراوی زانیاری وزەی ئەمریکا, لە ساڵی 2016دا –کە نوێترین زانیاری پشتڕاستکراوەی بەردەستە- ڕۆژانە نزیکەی 18 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕیوە. کە دەکاتە نزیکەی 19 لەسەدی خواستی نەوتی جیهان لە هەمان ساڵدا و خواستی ڕۆژانە بە 97 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل خەمڵێنراوە.
لە جیهاندا هەشت ڕێڕەوی ستراتیژی بۆ بازرگانی نەوت بوونی هەیە. ئەم داتایەی خوارەوە گرنگی زۆری گەرووی هورمز دەخاتەڕوو:

 

 

 

 

گەرووی هورمز چەند تەسکە؟

 

وێنەکە: دیمەنی گەرووی هورمز لە دوورگەی هورمزەوە

 

گەرووی هورمز هەروەکوو ئەوەی لە وێنەکەدا دیارە, لەنێوان ئێران و عوماندایە. مەودای هاتن و ڕۆیشتنی ئەم گەرووە نزیکەی 50 کیلۆمەترە. هەروەها تەسکترین مەودای ئەم گەرووە نزیکەی 40 کیلۆمەترە.

 

 

 

 

 
بەڵام گەرووەکە تەنها لە ناوڕاستدا قووڵە. هەر بۆیە لە نەخشە دەریاییەکاندا ڕێگایەکی ڕۆشتن و ڕێگایەکی هاتنی ئەمن و شریتێکی جیاکەرەوە –لەنێوان دوو ڕێگاکەدا- بۆ کەشتییە نەوتییە قورسەکان دانراوە. بە گشتی پانتایی شریتی بەکارهێنراو بۆ کەشتییە قورسەکان نزیکەی 10 کیلۆمەترە.

 
لە درێژەدا ڕێگەی ئەو تانکەرانەی بەرەو خەلیجی فارس دەڕۆن, بە نزیک هەردوو دورگەی تەنەبی بچوک و گەورەدا تێدەپەڕێت کە لە نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبیدا کێشەیان لەسەرە و ئەم نەخشەیە گرنگی ستراتیژیی ئەوان دەردەخات.

 
لەگەڵ تەسکی ڕێگای نەوتهەڵگرەکان و بوونی کەشتییە قورسەکان کە ناچارن لە ئاوی قووڵدا سەفەر بکەن, داخستنی گەرووی هورمز یان ڕێگە دەریاییەکان – بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی کە هەندێک لە میدیاکان دەیخەنەڕوو- هاوشێوە داخستنی جاددەیەک نیە. بەڵکو بۆ ڕاگرتنی کەشتییەکان, لە کرداردا تەنها بژاردە سەربازییەکان هەن. ئەویش بۆ نائەمن کردنی ڕێگای کەشتییەکان. ئەو شێوازە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقیشدا ئەزموونکراوە.

 

ئێران چ ئامرازێکی لە بەردەستدایە بۆ داخستن (نائەمن کردن)ی گەرووی هورمز؟

 
تەکنیکی هێزی دەریایی ئێران, لەدوای شەڕی ئێران و عێراق, تووشی وەرگۆڕانێکی بنەڕەتی هات و لە هێزێکی دەریایی کلاسیکییەوە گۆڕا بۆ هێزێکی نا ڕێکخراو. بەشێک لەم وەرگۆڕانە بەهۆی گەمارۆ سەربازییەکانی ئێرانەوەیە کە تازەکردنەوە و چاککردنەوەی کەشتییەکانی ئەو وڵاتەی دژوارکردووە.

 
ئەزموونی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 1988 لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکدا کە ئەمریکا بە ئاخووندەک (Operation Praying Mantis) ناوی دەبات, ڕوویدا. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەش بە یەکێک لەو هۆکارەکانە دەزانرێت کە وایکرد ئێران بڕیار بدات هێزە دەریاییەکەی بگۆڕێت بۆ هێزێکی ناڕێکخراو. لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزی دەریایی کلاسیکی ئێران لە بەرامبەر ئاگری ئەمریکادا بێ بەرگری بوو.

 
لە ئێستادا هێزی دەریایی ناڕێکخراوی ئێران لە خەلیجی فارسدا چوار دەستە چەکی سەرەکی هەیە:

 
مینە دەریاییەکان:

 
لەگەڵ ئەوەی لە ڕواڵەتی میدیاکانی ئێراندا و لە مانۆڕەکانی سوپای پاسداراندا لە ناوچەی خەلیجی فارس, زیاتر چاو لەسەر جۆرەکانی بەلەمی سەربازی درووستکراوی ئێران و مووشکەکانی زەوی بۆ دەریایە, لە خەمڵاندنە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەریتانیادا زیاتر چاو لەسەر مینە دەریاییەکانی ئێرانە. لەو ڕاپۆرتانەی کە لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە, خەمڵێنراوە کە ئێران زیاتر لە پێنج هەزار مینی دەریایی لەبەردەستدایە. ئەم مینانە بە تەکنەلۆژیایەکەوە کە هێندەش پێشکەوتوو نیە, دەتوانن لە ناوچەیەکی فراواندا مەترسی دروستبکەن.

 
بەلەمە تیژڕەوەکان:

 
لەگەڵ ئەوەی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا لە خەلیجی فارسدا جێگیرە و هێزە نێودەوڵەتییەکان و کەشتی مین ڕوب لە ناوچەکەدان, بەڵام بەرپرسانی سوپای ئەمریکا دەڵێن کۆکردنەوەی مینەکان بەشێوەیەکی سەلامەت, بەهۆی بوونی بەلەمە تیژڕەوەکانی سوپای پاسدارانەوە, مەترسیدارە.
وێنەکە: یەکێک لە بەلەمە تیژڕەوەکانی سوپای پاسداران

 
وا دەخەمڵێنرێت ئێران نزیکەی 20 بەلەمی درووستکراوی وڵاتی چینی لەبەردەستدایە کە مووشەکی دژە کەشتییان لەسەرە. هەروەها لە کەشتیگەلی سوپای پاسداراندا, نزیکەی 40 بەلەمی سویدی و ڕێژەیەکی نادیاری بەلەمی بچووکی درووستکراوی ئێران بەکاردەهێنرێن.

 
ژیردەریایی:

 
ئێران لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیت, سێ ژیردەریایی "کڵاس کیلۆ"ی لە ڕووسیا کڕی. ئەم ژێردەریاییانە لە خەمڵاندنە سەربازییەکانی ئەمریکادا بە مەترسی جددی دەناسرێن.

 
نمونەیەکی هاوشێوەی ئەم ژێردەریاییانە کە لە بەردەست کۆریای باکووردایە, هەشت ساڵ پێش ئێستا بەلەمێکی کۆریای باشووری نوقوم کرد. هەروەها ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ژێردەریاییشی درووست کردووە, بەڵام لەبارەی تایبەتمەندی و کاراییانەوە هیچ خەمڵاندنێک بوونی نییە.


مووشەکە دژە کەشتییەکان:


ئێران سێ جۆر مووشەکی دژە کەشتی درووستکراوی چینی لەبەردەستدایە. لەم ساڵانەی دواییدا دەسەڵاتدارانی ئێران گوتوویانە مووشەکگەلی پێشکەوتووی دیکەشیان درووست کردووە, بەڵام لە خەمڵاندنەکانی خۆرئاوادا بۆ توانای دەریایی ئێران, تەئکید لەم سێ جۆرە مووشەکە چینییە کراوەتەوە:
مووشەکی (سی ئێس ئێس – سی), ناسراو بە کرمی ئاوریشم کە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا سوودی لێ وەرگیراوە و مەودای ئەم مووشەکە نزیکەی 300 کیلۆمەترە.

 

  

وێنەکە: هاویشتنی مووشەکی کرمی ئاوریشم لە مانۆڕیکی سەربازیدا لە خەلیجی فارس



 
ئەو مووشەکانەی دیکەی ئێران کە ئەمریکا بە هەڕەشەی جددی لەقەڵەمی داون, بریتین لە مووشەکەکانی (سی-801) و (سی-802). حزبوڵای لوبنان لە ساڵی 2006دا و لە میانەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا, بە بەکارهێنانی یەکێک لەم مووشەکانە بەلەمێکی ئیسرائیلی بە ئامانج گرت.

 

 
دەکرێت بە چ شێوەیەک گەرووی هورمز دابخرێت؟


داخستنی گەرووی هورمز بە هێزی سەربازی, بە واتای داخستنی یەکێک لە شادەمارە سەرەکییەکانی بازرگانی نەوت, هەروەها بە واتای داخستنی ڕێگەی پەیوەندی دراوسێکانی ئێران لە خەلیجی فارس لەگەڵ دنیای دەرەوەدا دێت, بێ گومان ئەمەش ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە.
هەر بەم هۆیەشەوە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆنگرەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتیکدا کە ساڵی 2016 پێشکەشی کردووە, پێیوابووە دەکرێت ئێران داخستنی گەرووی هورمز هەنگاو بە هەنگاو ئەنجام بدات, بۆئەوەی بتوانێت کاتی کاردانەوەی سەربازی –تا ئەندازەیەک- کۆنترۆڵ بکات:

 
 ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی کەشتی لە گەرووی هورمز, بەبێ هیچ ئاماژەکردنێکی ڕاستەوخۆ بە دەرئەنجامەکانی.


 ڕاگەیاندنی ئەوەی کە دەکرێت ئەو کەشتییانەی تێدەپەڕن لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت, یاخود ڕابگیرێن.


 سوود وەرگرتن لە ئامرازی سەربازی بۆ تەقەکردنی هۆشداریدان بەڕووی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکاندا.


 سوود وەرگرتن لە ئامرازە سەربازییەکان بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتییە ناسراوەکان.


 مینڕێژکردنی گەرووەکە و خەلیجی فارس.


 سوود وەرگرتن لە ژێردەریایی و مووشەک بۆ بە ئامانج گرتنی کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکان.

 
ئەگەرچی لەوانەیە بە خوێندنەوەی هەنگاوەکانی سەرەوە, کردەیی بوونی ئەم ڕێکارانە لە دنیای ئەمڕۆدا دوور لە لۆژیک دەربکەون, بەڵام ئێران لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا ئەم ڕێکارانەی ئەنجامدا. هەر لە هاویشتنی مووشەکەکانی کرمی ئاوریشم بەڕووی نەوتهەڵگرەکاندا, تا مینڕێژکردنی دەریا. تا ئەوەی کە یەکێک لە مینەکان تەقییەوە بە کەشتی سەربازی (ساموێل بی. ڕۆبێرتز)ی ئەمریکیدا و ئەمریکا ڕاستەوخۆ کەوتە شەڕەوە لەگەڵ ئێراندا. ئەگەرچی هەر بە بڕیاری واشنتۆن ڕووبەڕووبوونەوەکان کۆتاییان هات.

 
لەوکاتەدا ڕێکارە سەرەتاییەکانی ئێران نەبووە هۆی داخستنی گەرووی هورمز. بەڵام تێچووی بیمەی کەشتییەکانی بردە سەرەوە, هەروەها ترافیکێک بۆ چوونەدەرەوەی کەشتییەکان لە خەلیجی فارس پێکهێنرا کە بۆ بازرگانی جیهانی تێچووی زۆری هەبوو.

 

کاردانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە بەرامبەر داخستنی گەرووی هورمز چی دەبێت؟

 

هەروەک پێشتر باسکرا, کۆتا جار کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاماژەیان بە داخستنی گەرووی هورمز کرد, ساڵی 2012 بوو, پاش ئەوە و بە هاتنە سەر کاری حەسەن ڕۆحانی و دەستپێکردنی دانووستانە ئەتۆمییەکان, هەڕەشەیەکی جددی لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە بەرگوێ نەکەوت. بەڵام لەکاتی گەرمەی هەڕەشەکاندا, بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا و بە نمونە وتەبێژی یەکەی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا کە لە خەلیجی فارسدا جێگیرە, ڕایانگەیاند کە: "بە هیچ شێوەیەک خۆیان ڕاناگرن لە هەمبەر هەر جۆرە هەوڵێک بۆ داخستنی گەرووی هورمز ."


هەروەها لیۆن پانتا, وەزیری بەرگری ئەوکاتەی ئەمریکا لە میانەی گفتوگۆ لەگەڵ تۆڕی (سی بی ئێس)دا گوتی کە داخستنی گەرووی هورمز "هێڵی سوورە" بۆ ئەمریکا.
بەڵام جددیترین کاردانەوەی حکومەتی ئەمریکا, لەڕێگەی بەرپرسانی حکومەتەکەی ئۆباماوە بە ڕژنامەی نیویۆرک تایمز گەشت. ئەم ڕۆژنامەیە بڵاویکردەوە کە ئەمریکا لەڕێگەی کەناڵێکی شاراوەوە پەیامی ناردووە بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران و ڕایگەیاندووە کە داخستنی گەرووی هورمز هێڵی سوورە بۆ حکومەتی ئەمریکا و هەنگاوی سەربازی سوپای ئەمریکای بەدوادا دێت.

 

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك