بزوتنەوەی گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا

بزوتنەوەی گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا

3517 خوێندراوەتەوە

به‌شى یه‌كه‌م

ئه‌و ڕۆژه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فایان به‌خاكسپارد له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌، هاوڕێكانى په‌یمانیاندا "ڕێبازه‌كه‌ى به‌ زیندویى بهێڵنه‌وه‌"، به‌ڵام خه‌ریكه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ و رێبازه‌كه‌شى له‌ لایه‌ن هاوڕێ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانییه‌وه‌ له‌پاڵ گۆڕه‌كه‌ى و له‌ گردى زه‌رگه‌ته‌ ده‌نێژرێت، هه‌رچه‌نده‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سه‌ركه‌وتو بوو له‌وه‌دا كه‌ به‌ خێرایى پۆسته‌كه‌ی نه‌وشیروان موسته‌فا پڕ بكاته‌وه‌، به‌ڵام ڕووداوه‌كانى دواتر سه‌لماندیان كه‌ ئه‌و خیرا پڕكردنه‌وه‌یه‌ هێنده‌ش له‌ قازانجى گۆڕان نه‌بووه‌ و به‌سه‌ر هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌تریدا خستن.


راسته‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌یهێشت بۆشایى حزبى دروست بێت له‌ دواى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ به‌ڵام ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێت به‌شێوه‌یه‌كى خراپ ئه‌و بۆشایه‌ى پڕكرده‌وه‌.

هه‌ڵبژاردنه‌كانی خانه‌ی راپه‌راندن و رێكخه‌ری گشتی پرۆسه‌یه‌كی پڕ له‌ ته‌شه‌نوج و ململانێ و ڕێكه‌وتنى ژێربه‌ژێر و كراوه‌ بوو بۆ ده‌ستێوه‌ردانى ئه‌وانى تر، به‌جۆرێك ته‌نانه‌ت یه‌كێتى و ماڵى تاڵه‌بانى ڕۆڵیان هه‌بوو له‌ ئاراسته‌كردنى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌وڵه‌كانى خۆیان خسته‌گه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ و ڤیتۆیان له‌سه‌ر هه‌ندێك كه‌سى ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ هه‌بوو.


وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى كه‌ ئایا یه‌كێتى چۆن ده‌توانێت كاریگه‌رى له‌سه‌ر بابه‌ته‌ ناوخۆییه‌كانى گۆڕان دابنێت، هه‌مان ئه‌و وه‌ڵامه‌یه‌ كه‌ چۆن نه‌وشیروان موسته‌فا ده‌یتوانى كاریگه‌رى له‌سه‌ر ململانێ ناوخۆیه‌كانى یه‌كێتى هه‌بێت.

له‌كاتێكدا زۆر كه‌س له‌ ئاستى خواره‌وه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌بوون كه‌ قادرى حاجى عه‌لى دواى نه‌وشیروان مسته‌فا بێته‌ ڕێكخه‌رى گشتى به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ له‌ ناو گرده‌كه‌دا هه‌روا به‌ئاسانى نه‌بوو، چونكه‌ زۆر كه‌س هه‌بوون له‌ ئاستى باڵاى گۆڕاندا كه‌ ڕوانگه‌ى سیاسى قادرى حاجى عه‌لیان به‌دڵ نه‌بوو، هه‌روه‌ها ماكینه‌یه‌كى گه‌وره‌ى سیاسیش به‌و ئاراسته‌یه‌ ئیشى ده‌كرد كه‌ له‌و ململانێیه‌دا قادرى حاجى عه‌لى نه‌یباته‌وه‌.

،،

هه‌ڵبژاردنى خانه‌ى راپه‌ڕاندن به‌و هه‌یكه‌له‌ى ئێستاوه‌ یه‌كه‌م خیانه‌تى دۆسته‌كان بوو له‌ نه‌وشیروان موسته‌فا، چونكه‌ به‌پێى نامه‌كه‌ى نه‌وشیروان موسته‌فا داوایكردبوو كه‌ خانه‌ى راپه‌ڕاندن له‌ تێكه‌ڵكردنى كه‌سانى شاره‌زاو خاوه‌ن ئه‌زمون له‌گه‌ڵ خوێنى نوێ و هیمه‌تی گه‌نجه‌كان پێكبهێنرێت و ژنانیش به‌شداریان پێبكرێت، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ڵپه‌ و ململانێى خۆیان ڕێگه‌یان به‌و ئه‌زمونه‌ نه‌دا

له‌سه‌ره‌تادا ناوى هه‌ریه‌ك له‌ قادرى حاجى عه‌لى و محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم هات بۆ ڕێكخه‌ری گشتی به‌ڵام هه‌رزوو ده‌ركه‌وت كه‌ فڕێدانى ناوى محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، "فه‌یك" بوو ته‌نها مه‌به‌ست لێى ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ردوو كاره‌كته‌ره‌كه‌ پێكه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌ بكشێننه‌وه‌ بۆ كه‌سى سێیه‌م.

به‌هۆى ئه‌و دۆخه‌ ده‌رونى و سیاسییه‌ گرژه‌ى كه‌ دروست بوو، قادرى حاجى عه‌لى له‌ پرۆسه‌ى خۆكاندیدكردن بۆ رێكخه‌ر و خانه‌ى راپه‌راندن كشایه‌وه‌ و مه‌یدانه‌كه‌ى چۆڵكرد بۆ كاندیدى ته‌وافوقى كه‌بریتی بوو له‌ عومه‌رى سه‌ید عه‌لى.

ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كشانه‌وه‌ى قادرى حاجى عه‌لى له‌ خۆكاندیدكردنی بۆ ڕێكخه‌ر یان لانیكه‌م بۆ ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن هه‌ڵه‌بوو، ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌وانه‌ى تائێستا ته‌نانه‌ت لاى دۆسته‌كانیشى هه‌رگیز نه‌یوتووه‌ كه‌ خواستى هه‌یه‌ بۆ ڕێكخه‌رى گشتى، له‌كاتێكدا له‌ دڵه‌وه‌ خۆى به‌ شایسته‌ترین كه‌س ده‌زانێت بۆ ئه‌و كاره‌، له‌مه‌دا زیاتر حه‌زى كردووه‌ پێشنیارى بكه‌ن نه‌ك خۆى داواى بكات.

،،

ئێستا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ كشانه‌وه‌ى قادرى حاجى عه‌لى له‌ خۆكاندیدكردنی بۆ ڕێكخه‌ر یان لانیكه‌م بۆ  خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن هه‌ڵه‌بوو، تائێستا لاى دۆسته‌كانیشى هه‌رگیز نه‌یوتووه‌ خواستى هه‌یه‌ بۆ ڕێكخه‌ر، له‌كاتێكدا له‌ دڵه‌وه‌ خۆى به‌ شایسته‌ترین كه‌س ده‌زانێت بۆ ئه‌و كاره‌، له‌مه‌دا زیاتر حه‌زى كردووه‌ پێشنیارى بكه‌ن نه‌ك خۆى داواى بكات.


هه‌رچه‌نده‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و پێى وابووبێت به‌وكاره‌ى گۆڕانى له‌ ململانێی و دوو له‌ت بوونێكى حه‌تمى دوورخستوه‌ته‌وه‌ و قوربانیی به‌خۆى داوه‌، به‌ڵام ده‌ركه‌وت دواخستنى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كان له‌ قازانجى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا نییه‌.

چیرۆكى وه‌سێتنامه‌كه‌ى نه‌وشیروان موسته‌فا
له‌سه‌روبه‌ندى ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى خانه‌ى راپه‌ڕاندن، نامه‌یه‌كى نه‌وشیروان موسته‌فا ئاشكرا كرا، وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ وه‌سیه‌تى ناوبراو بۆ دواى خۆى.

نامه‌كه‌ له‌لایه‌ن كوڕه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فاوه‌ له‌ كۆمپیوته‌ره‌كه‌ى باوكیان دۆزرایه‌وه‌، له‌سه‌ره‌تادا كوڕه‌كان نامه‌كه‌یان پیشانى محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیمى هاوسه‌ری پوریاندا، كه‌ زیاتر وه‌ك سه‌روه‌سێتیان مامه‌ڵه‌ى ده‌كرد تا سه‌ركردایه‌تى گۆڕان، دواتریش نامه‌كه‌ راكێشراو خرایه‌ به‌رده‌مى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى.

له‌ راستیدا ئه‌و نامه‌یه‌ زیاتر ڕێنمایى بوو له‌وه‌ى وه‌سێتنامه‌ بێت، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا هه‌ندێك كه‌سیش هه‌ن له‌ناو گۆڕان گومانیان هه‌یه‌ ئه‌و نامه‌یه‌ راسته‌قینه‌ بووبێت.


هه‌ڵبژاردنى خانه‌ى راپه‌ڕاندن به‌و هه‌یكه‌له‌ى ئێستاوه‌ یه‌كه‌م خیانه‌تى دۆسته‌كان بوو له‌ نه‌وشیروان موسته‌فا، چونكه‌ به‌پێى نامه‌ دۆزراوه‌كه‌ نه‌وشیروان موسته‌فا داوایكردبوو كه‌ خانه‌ى راپه‌ڕاندن له‌ تێكه‌ڵكردنى كه‌سانى شاره‌زاو خاوه‌ن ئه‌زمون له‌گه‌ڵ خوێنى نوێ و هیمه‌تی گه‌نجه‌كان پێكبهێنرێت و ژنانیش به‌شداریان پێبكرێت، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ڵپه‌ و ململانێى خۆیان ڕێگه‌یان به‌و ئه‌زمونه‌ نه‌دا و له‌ كۆبونه‌وه‌كانى گروپى راوێژدا ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌كان و هێنانوبردن و پاشه‌كشه‌ به‌هه‌ندێك له‌ كاندیده‌ گه‌نج و نزیكه‌كانیان به‌جۆرێك كه‌ ده‌رچوونى خۆیان مسۆگه‌ربێت به‌بێ ململانێ.

،،

ئه‌وه‌ راسته‌ عومه‌رى سه‌ید عه‌لى یه‌كێكه‌ له‌ دڵسۆزترین كه‌سه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فا و پێشمه‌رگه‌یه‌كى پاكه‌ و تێوه‌نه‌گلاوه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى و كه‌سێكى خاكی و دڵسۆزه‌ به‌ڵام ته‌نها ئه‌مانه‌ به‌س نین بۆ بوونه‌ ڕێكخه‌ر و كه‌سی یه‌كه‌می حزبێكی گه‌وره‌.

له‌مه‌دا چه‌نده‌ تاوانى به‌قه‌ولى نه‌وشیروان موسته‌فا" شۆڕشگێڕه‌كان" هه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ش هه‌ڵسوڕاوه‌ گه‌نجه‌كان تاوانباربوون كه‌ له‌به‌ر پاشكۆیه‌تى و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر كوتله‌كاندا چاوپۆشیان له‌ پشكى گه‌نجان كرد له‌ناو خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندا.


ئه‌نجامى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌ره‌نجام دروستكردنى خانه‌یه‌كى راپه‌ڕاندنى پیرى به‌بێ به‌شدارى گه‌نجان و ژنان لێ كه‌وته‌وه‌ و مه‌كته‌ب سیاسیه‌ كۆنه‌كانى ناو یه‌كێتى هه‌ره‌مى ده‌سه‌ڵاتى بزوتنه‌وه‌كه‌یان گرته‌ ده‌ست، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ بڕیارى سیاسى و جوڵه‌ى سیاسى بزوتنه‌وه‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست نوخبه‌یه‌كى سیاسى به‌ته‌مه‌ن كه‌ هه‌ندێك جار له‌لایه‌ن نه‌یاره‌كانیانه‌وه‌ وه‌ك تانه‌ پێیان ده‌ڵێن"خانه‌ى پیران".

له‌وانه‌یه‌ دروستكردنى خانه‌ى راپه‌ڕاندن به‌و ده‌موچاوانه‌وه‌ یه‌كه‌م كه‌لێنى سیاسى بووبێت كه‌ شاسوار عه‌بدولواحید قۆستیه‌وه‌ و لێیه‌وه‌ هاته‌ ناو كایه‌ى سیاسیه‌وه‌، ئه‌م رای هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی گۆرانیشه‌.

ئه‌مریكییه‌كان له‌و ڕاپۆرته‌ ناوخۆییانه‌ى له‌سه‌ر كوردستان ئاماده‌ى ده‌كه‌ن بۆ ناوه‌ندى دیپلۆماتى خۆیان له‌ واشنتۆن نوسیویانه‌ "دواى نه‌وشیروان موسته‌فا گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كى سیاسى به‌هێز ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌كرده‌ى سیاسى به‌هێزى نییه‌".

ته‌نانه‌ت به‌شى زۆرى ئه‌و ململانێ و كێشانه‌ى له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا دروست بوون و به‌شى زۆریان ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ ته‌داخولى كوڕه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فاوه‌، له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر په‌یوه‌ندى به‌ لاوازى ڕێكخه‌ر و خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نى بڕیارى جه‌ریئانه‌ و خێرا نین و ناتوانن له‌كاتى خۆیدا بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى خۆیان بده‌ن و ڕێگه‌ ده‌ده‌ن به‌وه‌ى كه‌ كه‌سانى دیكه‌ ته‌داخولى كاره‌كانیان بكه‌ن.

،،

ئه‌مریكییه‌كان له‌و ڕاپۆرته‌ ناوخۆییانه‌ى له‌سه‌ر كوردستان ئاماده‌ى ده‌كه‌ن بۆ ناوه‌ندى دیپلۆماتى خۆیان له‌ واشنتۆن نوسیویانه‌ "دواى نه‌وشیروان موسته‌فا گۆڕان وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كى سیاسى به‌هێز ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سه‌كرده‌ى سیاسى به‌هێزى نییه‌".

ئه‌وه‌ راسته‌ عومه‌رى سه‌ید عه‌لى یه‌كێكه‌ له‌ دڵسۆزترین كه‌سه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فا و پێشمه‌رگه‌یه‌كى پاكه‌ و تێوه‌نه‌گلاوه‌ له‌ گه‌نده‌ڵى و كه‌سێكى خاكی و دڵسۆزه‌ به‌ڵام ته‌نها ئه‌مانه‌ به‌س نین بۆ بوونه‌ ڕێكخه‌ر و كه‌سی یه‌كه‌می حزبێكی گه‌وره‌.

ئه‌و له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ تواناى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كانى به‌ ئاسانى نییه‌ و ناشتوانێت خۆى له‌ كاریگه‌رى كارتێكه‌ره‌كانى ده‌وروبه‌رى به‌دووربگرێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار واده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ته‌نها "وه‌صی" بێت تا ڕێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان.


ئه‌م لاوازییه‌ى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى به‌هانه‌ى داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك باس له‌ كوڕه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فا بكه‌ن، له‌كاتێكدا هیچ پۆست و به‌رپرسیارێتیه‌كى فه‌رمیان نییه‌.

كه‌س ناتوانێت نكوڵى له‌ كاریگه‌رى و جێ په‌نجه‌ى كوڕه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فا بكات له‌ناو گۆڕاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها به‌هۆى به‌هێزى ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو به‌هۆى لاوازى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌ر و جڤاتى نیشتیمانیه‌وه‌یه‌.

له‌ناو گۆڕاندا كوڕه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فا هیچ به‌رپرسیارێتیه‌كیان نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌سیش ناتوانێت لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكات و له‌ڕووى ده‌ستورى ناوخۆیی گۆرانه‌وه‌ ئه‌وان راست ده‌كه‌ن كه‌ هیچ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیه‌كیان له‌ ئه‌ستۆ نییه‌، لێ له‌ڕوى واقعیه‌وه‌ ئه‌وان سه‌رمایه‌ى مادى و مه‌عنه‌وى بزوتنه‌وه‌كه‌یان له‌به‌رده‌سته‌، له‌كاتێكدا ئه‌وان پێیان وایه‌ ئه‌و سه‌رمایه‌ بۆ خزمه‌تى بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌كارده‌هێنن، ئاراسته‌كه‌ى دیكه‌ پێیان وایه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ كاریگه‌رى خۆیان له‌سه‌ر هه‌ڵسوڕاندنى كاروباره‌كان و بڕیارى بزوتنه‌وه‌كه‌ جێهێشتووه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ له‌و ناكۆكیه‌ى ناو گۆِڕاندا ململانێى كوڕه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فا بكرێت، راستیه‌كه‌ى ئه‌وه‌ هه‌م خۆبچوكردنه‌وه‌یه‌ و هه‌م بچوكردنه‌وه‌ى ئاراسته‌ى داواكاریه‌كانیشه‌.


راسترین ڕێگا بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و دۆخه‌ ململانێى ئاراسته‌ى بیركردنه‌وه‌ و سیاسه‌تى ڕێكخه‌ر و خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر بێده‌نگى و ده‌سته‌وه‌سانى ئه‌وان نه‌بووایه‌ هه‌رگیز چاره‌نوسى كۆمپانیاى ووشه‌ به‌وجۆره‌ى ئێستا یه‌كلایى نه‌ده‌كرایه‌وه‌ و دۆخى بزوتنه‌وه‌كه‌ش به‌م جۆره‌ى ئێستا نه‌ده‌بوو.

ڕێكخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌گه‌ر كه‌سێكى به‌هێزبێت ده‌توانێت ده‌ستى هه‌موو ئه‌وانه‌ ببڕێت كه‌ له‌سه‌روو ده‌ستورى ناوخۆیی بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت ته‌داخول له‌ كاره‌كاندا بكه‌ن و به‌هۆى جێبه‌جیكردنی دادپه‌روه‌ریشه‌وه‌ یه‌كڕیزى و ته‌بایى ناوخۆیى بزوتنه‌وه‌كه‌ بپارێزێت.


ئێستا له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا نه‌ ڕێز و حورمه‌تگرتنى یه‌كترى له‌شوێنى خۆى ماوه‌، نه‌ مۆراڵى سیاسى، هه‌ر ڕۆژه‌ى له‌و باره‌گا سه‌ره‌كیه‌ى پێى ده‌وترێت گرده‌كه‌ شه‌ڕێك و ئاژاوه‌یه‌ك و ڕووداوێكى ناخۆش ڕوده‌دات.


ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا له‌ناو گۆڕاندا ده‌گوزه‌رێت وێنه‌ى ماڵێكه‌ كه‌ سێبه‌رى گه‌وره‌یه‌كى به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌، (به‌هێز) یان (به‌ڕێز) جڵه‌وى په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌ندامه‌كانى بكات.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری