ژماردنەوەی دەنگی سنـدوقەکانی سلێمانی دەستی کـێی کەشف کرد ؟

ژماردنەوەی دەنگی سنـدوقەکانی سلێمانی دەستی کـێی کەشف کرد ؟

883 خوێندراوەتەوە

لایەنە نارازییەكان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، وەک خۆیان دەڵێن بەهۆی رێگە نەدانیان بە چاودێریكردنی تەواوی پرۆسەكە بایكۆتی پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانیان کردووە، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی کوردستانیش دەڵێت: "ئەوان دۆراون و شەڕ دەفرۆشن"

 
 د.جوان ئیحسان ئەندامی سەركردایەتی یەكێـتی و کاندیدی دەرچووی حزبەکە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێت و دەڵێت: " لەمێژووی سیاسی كوردا ئەزموونی ناشرینی لەم شێوەیە پێشكەش نەكراوە كە لایەنە نارازییەكان ئەنجامیاندا، هێشتا دەنگەكان بە رەسمی ئاشكرا نەكرا بوون دەرەنجامەكانیان رەتكردەوە، ئەمرۆش هێشتا دەرەنجامی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان رانەگەیەنراوە پێش رووداوەكە دەكەون و بایكۆتی دەرەنجامەكان دەكەن".

 

د.جوان ئیحسان ئەندامی سەركردایەتی یەكێـتی نیشتمانی

 

 
لە بەرامبەردا د.ئیسماعیل نامیق ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆران و بەرپرسی ژوری یاسایی بزوتنەوەکە پێیوایە رەتكردنەوەی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن و داوای هەژماكردنەوەی دەستی دەنگەكان هەر لەسەرەتاوە ئەوە بوو كە بە بەڵگە دەسەلمێندرا چ ساختەكارییەك لە پرۆسەی دەنگدان كراوە.

،،

د.ئیسماعیل نامیق بەرپرسی ژوری یاسایی گۆران: دادوەرەكان رێزیان لە بریارەكەی پەرلەمانی عێراق و دادگای فیدراڵی نەگرت و تەفسیرێكی خراپیان بۆ برگەی سێ لە یاساكە كرد و پرۆسەكەیان تووشی شەلەل كرد و نەیانهێشت هەژماری دەستی بۆ هەموو دەنگەكان بكرێت، چونکە دادوەرەكان حزبی دەرچوون و نەیانتوانی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن".

 
د.ئیسماعیل نامیق دەشڵێت:" هەر لەسەرەتاوە كاری باشمان كردوو و توانيمان لە پەرلەمانی عێراق هەنگاوی باش بنێن و یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار بكەینەوە تاوەکو دواتر دادگا بریارێكی دروست و بێ لایەنانە بدات لەبارەی هەژماكردنەوەی دەستی دەنگەكان.

 

د.ئیسماعیل نامیق ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆران

 

 


بەرپرسی ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆران ئاماژە بەوەش دەکات " دادوەرەكان رێزیان لە بریارەكەی پەرلەمانی عێراق و دادگای فیدراڵی نەگرت و تەفسیرێكی خراپیان بۆ برگەی سێ لە یاساكە كرد و پرۆسەكەیان تووشی شەلەل كرد و نەیانهێشت هەژماری دەستی بۆ هەموو دەنگەكان بكرێت، چونکە دادوەرەكان حزبی دەرچوون و نەیانتوانی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن".

،،

د.جوان ئیحسان ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی: "دادوەرەكان سەربەخۆ بوون و نابێت بەهیچ شێوەیەك پەنجەی تۆمەت بۆ دادوەرەكان ببەین چونكە پارێزبەندی یاساییان هەیە، و ئەوانەی دەست بۆ دادوەرەكان دەبەن لێپرسراو دەبن لەبەردەم یاسادا"

 

 
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان پێیوایە، "دادوەرەكان سەربەخۆ بوون و نابێت بەهیچ شێوەیەك پەنجەی تۆمەت بۆ دادوەرەكان ببەین چونكە پارێزبەندی یاساییان هەیە، و ئەوانەی دەست بۆ دادوەرەكان دەبەن لێپرسراو دەبن لەبەردەم یاسادا و ئەمە كەلتوورێكی زۆر خراپە بڵاویدەكەنەوە لە كۆمەڵگەدا"

 
د. جوان ئیحسان دەشڵێت: "لایەنە نارازییەكانی هەرێمی كوردستان متمانەی دەنگدەر و ئەندامەكانیان لەدەستداوە و لە هەڵبژاردنەكاندا دۆران و نازانن چی بكەن شەر دەفرۆشن بۆیە باشترە دان بە واقیعەكەدا بنێن و نائارامی دروست نەكەن".

 
هەرچی بەرپرسی ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆرانە، رەخنە لە ئەدای دادوەرەکانی کۆمسیۆن دەگرێت و  دەڵێت: " كۆمسیارەكانی پێشووی كۆمسیۆن زۆر باشتر بوون لەم دادوەرانەی كە بەناوی كۆمسیارەوە دانراون و پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان بەرێوە دەبەن، چونكە پێ دەچوو كۆمسیارەكانی پێشوو یاساكەیان وەك خۆی جێبەجێ بكردایە و هەموو سندوقەكانیان هەژمار بكردایەتەوە نەك تەنها بەشێكی سندوقەكان".

 
 هەر لەسەر هەژمارنەکردنەوەی سەرجەم سندوقەکان، د.ئیسماعیل نامیق جەخت دەکاتەوە لەوەی کە " بە غەدرێكی گەورەی دەزانين كە زۆرترین و گەورەترین ساختەکاریی لە سلێمانی كراوە كەچی تەنها 188 سندوق دەنگەكانیان هەژمار دەكرێنەوە، بەمەش هیچ گۆرانكارییەك روو نادات و تەنها بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵكییە، رێگەیان نەداوە چاودێرەكانی لایەنە نارازییەكان لە نزیكەوە چاودێری پرۆسەكە بكەن بۆیە كشاونەتەوە و دەسەڵات بە ویستی خۆی دەنگەكانی هەژمار كردووە بۆیە هەر دەرەنجامێك رابگەیەندرێت ئێمە رەدی دەكەینەوە".

،،

د.ئیسماعیل نامیق: بە هەژمارکردنەوەی دەنگی بەشێک لە سندوقەکان هیچ گۆرانكارییەك روو نادات و تەنها بۆ خۆڵكردنە چاوی خەڵكییە، دەسەڵات بە ویستی خۆی دەنگەكانی هەژمار كردووە بۆیە هەر دەرەنجامێك رابگەیەندرێت ئێمە رەدی دەكەینەوە".

 
لە قسەکانیدا بۆ دیپلۆماتیک مەگەزین، ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێـتی دەڵێت: "بە چاودێری وڵاتانی بیانی و كیانە سیاسییەكان دەنگەكان هەژمار كراونەتەوە، بۆیە ئیدی نابێت لەوە زیاتر وڵات سەرقاڵی ئەم شەرە بكرێـت و هاوڵاتیان شایەنی ئەوە نین هێندە ماندوو بكرێن, لایەنە نارازییەكان چیان داوا كرد جێبەجێكرا ئیدی چیان دەوێت".

 

 
لەكۆتایدا د.ئیسماعیل نامیق دەڵێت: "ئەگەر دەركەوت هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان هیچ گۆرانكارییەكی جدی نەهێناوەتە ئاراوە لە ژمارەی كورسییەكان ئەوا دەردەكەوێت لایەنێك یاخود هێزێكی دەرەكی كاری بۆ یەكێتی و پارتی كردووە و كۆمەڵێك ئەندام پەرلەمان و نوێنەری دروستكراو و ساختە دەچنە بەغدا و دەبنە نوێنەری خەڵكی كوردستان، بۆیە نابێت قبوڵ بكرێت و دەبێت لایەنە نارازییەكان نەبنە شەریكی بەشداری پەرلەمان و حكومەتی عێراقی و بایكۆتی پرۆسەی سیاسی بكەن".

 

 
د.جوان ئیحسانیش بەرگری لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پاکێتی پرۆسەی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان دەکات و دەڵێت:" ئەو كەسانەی كە هەڵبژاردنەكەیان نەبردەوە و كەوتنە سوكایەتیكردن بە ئەندام پەرلەمانە دەرچووەكان و بە تەزویرچی ناویان بردن، دەبێت دادگایی بكرێن و باشترە برۆن بەلای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیانەوە كە پێ دەچێت لەوێش حاڵیان خراپتر بێت".

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان