ئایا جڤاتى نیشتیمانى ده‌توانێت ببێته‌ فریاد ڕه‌سى گۆڕان ؟

كۆمپانیاى وشه‌، حزبێك له‌ هه‌ناوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا

ئایا جڤاتى نیشتیمانى ده‌توانێت ببێته‌ فریاد ڕه‌سى گۆڕان ؟

2682 خوێندراوەتەوە

بەشی دووەم

ساڵى 2008 كاتێك تازه‌ نه‌وشیروان موسته‌فا كۆمپانیاى وشه‌ى دروستكردبوو، له‌ گۆڤارى لڤین وتارێكى شیكاریم بڵاوكرده‌وه‌ له‌سه‌ر كۆمپانیاى وشه‌، كه‌ ته‌نها كۆمپانیایه‌كى میدیایى نییه‌، به‌ڵكو بناغه‌ى حزبێكى سیاسییه‌، بیرمه‌ دواتر كه‌ كاك نه‌وشیروانم بینى پێى وتم "نوسینه‌كه‌تم به‌دڵ نه‌بوو، چونكه‌ ده‌ستى منت بۆ یه‌كێتى و پارتى كه‌شف كرد، واتكرد ئه‌وان زووتر له‌وه‌ى كه‌ ده‌بووایه‌ بزانن خه‌ریكى چین پێیان زانین"، راستى من ئه‌و قسه‌یه‌م به‌لاوه‌ سه‌یر بوو، چونكه‌ پێموابوو یه‌كێتى و پارتى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌یانزانى نه‌وشیروان موسته‌فا به‌ بێده‌نگى دانانیشێت گۆڕه‌پانه‌كه‌یان بۆ چۆڵ ناكات.

مه‌به‌ستم له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ ته‌نها یه‌ك شت بوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌ى له‌روِوى مێژوویى و داموده‌زگایى و پێكهاته‌وه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت كۆمپانیاى وشه‌ و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ یه‌كترى جیابكرێته‌وه‌.

ناوكى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بریتییه‌ له‌ كۆمپانیاى وشه‌ و هه‌ر كۆمپانیاكه‌یه‌ له‌ قۆناغێكدا گه‌وره‌تر ده‌بێت و ده‌بێته‌ حزب و بۆخۆشى وه‌ك كرۆك و هه‌ناوى بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

له‌راستیدا كۆمپانیاى وشه‌ له‌ هیچ كۆمپانیایه‌كى دونیا ناچێت له‌ ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ كارى كرد تا دروستكردنى حزب، ئێستاش له‌ بوارى چیمه‌نتۆوه‌ كار ده‌كات هه‌تا سۆپه‌رماركێت و فه‌یسبوك، به‌م دوایانه‌ش په‌لى هاویشتوه‌ بۆ بازرگانى له‌ زۆر بوارى تر.

سروشتى مێژوویى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان وا هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ كۆمپانیاى وشه‌ دڵى زیندوو و هه‌ناوى بزوتنه‌وه‌كه‌ بێت، كۆمپانیاكه‌ خاوه‌نى هه‌موو شتێكى بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ به‌ میدیا و داهات و موڵكه‌كانى كه‌ له‌سه‌رى تاپۆ كراوه‌.

جیاكردنه‌وه‌ى كۆمپانیاكه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ و دابڕینى لێى دوو مانا زیاتر هه‌ڵناگرێت، یان ده‌رهێنانى هه‌ناو و دڵى بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستى لاوازكردن و خستن، یان ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ى ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هه‌ناو و دڵییه‌وه‌، زیاتر رێى تێده‌چێت ئه‌گه‌رى دووه‌میان به‌هێزتربێت.

،،

جیاكردنه‌وه‌ى كۆمپانیاكه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ و دابڕینى لێى دوو مانا زیاتر هه‌ڵناگرێت، یان ده‌رهێنانى هه‌ناو و دڵى بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستى لاوازكردن و خستن، یان ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ى ده‌ستگرتن به‌سه‌ر هه‌ناو و دڵییه‌وه‌، زیاتر رێى تێده‌چێت ئه‌گه‌رى دووه‌میان به‌هێزتربێت

 

DFC
نما و چیا، کوڕانی نەوشیروان مستەفا

 

ئه‌گه‌ر كاتى خۆى له‌ نه‌وشیروان موسته‌فا قبوڵكرابێت (هه‌ندێ جاریش قبوڵنه‌كراوه‌) به‌وپێه‌ى خۆى سه‌رى هه‌ردوو گوریسه‌كه‌ى به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌، ئه‌وا به‌ڕاشكاویی هاوڕێكانى ئاماده‌نین له‌ دۆخى ئێستادا ئه‌وه‌ قبوڵ بكه‌ن.
ئه‌وان پێیان وایه‌ گرێدانى ئه‌و دوو حاڵه‌ته‌ پێكه‌وه‌ شتێكه‌ ته‌نها بۆ نه‌وشیروان موسته‌فا ده‌ستى داوه‌ كه‌ خۆى سه‌رۆكایه‌تى هه‌ردووكیانى كردووه‌، ئێستا كه‌ كۆمپانیاكه‌ و حزبه‌كه‌ له‌ یه‌كترى جیاكراونه‌ته‌وه‌ ئه‌و ئاورته‌كردنه‌ بۆ كه‌سى دیكه‌ ده‌ست نادات.

خاڵى سه‌ره‌كى كێشه‌كان له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا بریتییه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى كۆمپانیاى وشه‌.


كوڕه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فا وه‌ك میراتى شه‌خسى ده‌یبینن و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و موڵكى گواستراوه‌ و نه‌گواستراوه‌ى كۆمپانیاكه‌یان خستووه‌ته‌ سه‌ر خۆیان، له‌مه‌شدا هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و گه‌نجه‌كانى ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ و هه‌ندێك له‌ هه‌ڵسوڕاوه‌ سه‌ربازییه‌كان پشتگیریان ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ كۆمپانیاكه‌ حه‌قى یاسایی و شه‌رعیی كوڕه‌كانه‌ و نابێت كه‌س لێیان داگیر بكات.

هه‌رچى كوڕه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كۆمپانیاى وشه‌ له‌ده‌ستێكى ئه‌میندایه‌ و "وه‌كو جاران ته‌نها بۆ خزمه‌تى بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌كاریده‌هێنن".

له‌ به‌رامبه‌ردا ناڕازییه‌كان ده‌ڵین پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمپانیاى وشه‌ ڕێكبخرێته‌وه‌.

ته‌نانه‌ت لاریان نییه‌ له‌وه‌ى كۆمپانیاكه‌ به‌ناوى كوڕه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فا بمێنێته‌وه‌ به‌مه‌رجێك له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى باڵاوه‌ سه‌رپه‌رشتى كار و كاسابه‌تى بكرێت و داهاته‌كه‌شى بخرێته‌ ژێر ده‌ستى ئیداره‌ى گشتى بزوتنه‌وه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى شه‌فافیه‌ت له‌ خه‌رجى و داهات.

له‌وانه‌یه‌ كوڕه‌كانى نه‌وشیروان موسته‌فا راستگۆ بن له‌وه‌دا كه‌ كۆمپانیاى وشه‌ له‌ خزمه‌تى بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌كاربهێنن، به‌ڵام ئه‌وه‌یان له‌بیرچووه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌وان تاكه‌ سه‌رچاوه‌ى داهاتى بزوتنه‌وه‌كه‌یان له‌ده‌ستدایه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌ڵسوڕاندنى ته‌واوى بزوتنه‌وه‌كه‌ هه‌یه‌ و هه‌موو ئۆرگانه‌كانیان خستووه‌ته‌ ژێرده‌ستى خۆیانه‌وه‌.

 

له‌نێوانى كۆمپانیاى نۆكان و كۆمپانیاى وشه‌دا

ئه‌گه‌ر خانه‌واده‌ی تاڵه‌بانى به‌هۆى كۆمپانیاى نۆكانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر یه‌كێتیدا گرتبێت ئه‌وا مه‌ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌مان سیناریۆ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیشدا دووباره‌ ببێته‌وه‌.
له‌كاتێكدا كۆمپانیاى نۆكان له‌روِوى شكڵییه‌وه‌ سه‌ر به‌ئیداره‌ى گشتییه‌ و به‌شێكه‌ له‌ هه‌یكه‌لى دامه‌زراوه‌كانى یه‌كێتى، كه‌چى كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان هێشتا ئاماده‌ نین كۆمپانیاى وشه‌ به‌شێك بێت له‌ په‌یكه‌رى ڕێكخستنى گۆڕان. هه‌روه‌ك پارتى دیموكراتی كوردستانیش مه‌كته‌بى وه‌به‌رهێنانى هه‌یه‌ و راسته‌وخۆ سه‌ر به‌ مه‌كته‌بى سیاسییه‌.

،،

له‌كاتێكدا كۆمپانیاى نۆكان له‌روِوى شكڵییه‌وه‌ سه‌ر به‌ئیداره‌ى گشتییه‌ و به‌شێكه‌ له‌ هه‌یكه‌لى دامه‌زراوه‌كانى یه‌كێتى، كه‌چى كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان هێشتا ئاماده‌ نین كۆمپانیاى وشه‌ به‌شێك بێت له‌ په‌یكه‌رى ڕێكخستنى گۆڕان.

 

DFC
باڵەخانەیەک لەسەر گردی زەرگەتە ـ سلێمانی

به‌گشتى له‌ناو حزبى كوردیدا پاره‌ له‌هه‌ر كوێیه‌ك بوو قورسایى حزبه‌كه‌ و ناوه‌ندى بڕیار له‌وێ ده‌بێت، به‌تایبه‌تى كه‌ ئێستا له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا قاسه‌كانى ژوورى ئیداره‌ى گۆڕان خاڵییه‌ و هه‌ركه‌سێك پێویستى به‌پاره‌ بێت له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا بۆ ڕاپه‌ڕاندنى كاره‌كانى ده‌بێت سه‌ردانى كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان بكات، له‌كاتێكدا ئه‌وان هیچ به‌رپرسیارێتیه‌كی فه‌رمیان نییه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌دا.

هه‌مان ئه‌زموون له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامیشدا هه‌بوو، له‌كاتێكدا مه‌لا سدیق عه‌بدولعه‌زیز رابه‌ری گشتی بوو به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى پاره‌ى حزبه‌كه‌ لاى كوڕه‌كانى مه‌لا عه‌لى عه‌بدولعه‌زیز بوو مه‌كته‌بى سیاسى بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیی هیچ ده‌سه‌ڵاتێكى نه‌بوو، هه‌مووو كه‌س ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوڕه‌كانى مه‌لا عه‌لى نه‌ك مه‌كته‌بى سیاسیى.


داهاته‌كانى كۆمپانیاى وشه‌ چین؟

كۆمپانیاى وشه‌ خاوه‌نى چه‌ند جۆرێك داهاته‌ كه‌ به‌شێكیان بریتییه‌ له‌ موڵك و به‌شێكى دیكه‌ى پشكه‌كانێتى و به‌شێكیشى بریتییه‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆنى knn و به‌م دوایانه‌ش له‌ڕێگه‌ى دروستكردنى چه‌ند كۆمپانیایه‌كى دیكه‌وه‌ چووه‌ته‌ ناو هه‌ندێك بوارى بازرگانى دیكه‌وه‌، كه‌ زۆربه‌ی به‌رپرسانى گۆڕان ئاگادارن و به‌ به‌شه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ و ناشه‌فافه‌كه‌ى كۆمپانیاى وشه‌ى ده‌زانن.

كۆمپانیاى وشه‌ خاوه‌نى گردى زه‌رگه‌ته‌یه‌ كه‌ ڕوبه‌ره‌كه‌ى نزیكه‌ى 122 دۆنمه‌ و به‌ پاره‌ى كاش به‌ نزیكه‌ى 153 ملیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، هه‌روه‌ها خاوه‌نى 25% ى سۆپه‌رماركێتی میترۆیه‌ كه‌ به‌ موساته‌حه‌ بۆ ماوه‌ى 25 ساڵ دراوه‌ به‌ ڕزگارى حاجى كایل.
هه‌روه‌ها به‌هۆى وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى كارگه‌ى چیمه‌نتۆى گاسن له‌سه‌ر ناوى كۆمپانیاى وشه‌، بوونه‌ته‌ شه‌ریكى فاروقى مه‌لاموسته‌فا له‌و كارگه‌یه‌ و پشكى 15% ى كارگه‌كه‌یان هه‌یه‌، به‌جۆرێك فاروقى مه‌لا مه‌سته‌فا له‌و بڕه‌ تێچووه‌ى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كۆمپانیاى وشه‌ خۆش بووه‌ و له‌ یه‌كه‌م ساڵه‌وه‌ قازانجی ئه‌و پشكانه‌یان پێده‌دات.

به‌پێى راپۆرتێكى كه‌ناڵى knn ی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ره‌تاى مانگى ئازارى ئه‌مساڵدا بڕى 2 ملیۆن دۆلار قازانجى كارگه‌ى چیمه‌نتۆى گاسن وه‌رگیراوه‌ كه‌ به‌پێى راپۆرته‌كه‌ بڕى 1 ملیۆن دۆلار له‌و پاره‌یه‌ خراوه‌ته‌ به‌رده‌ستى بزوتنه‌وه‌كه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى كه‌مپینى هه‌ڵبژاردنى 12ی ئایاری په‌رله‌مانى عێراق.

پشكه‌كانى كۆمپانیای وشه‌ له‌ كارگه‌ی چیمه‌نتۆی گاسن، له‌ ساڵى 2016 له‌ لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر چیاى كوڕى و له‌ ته‌موزى 2017 شدا پشكه‌كانى تری كۆمپانیاى وشه‌ كه‌ 300 ملیۆن پشك بوون گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر چیا و نما.

ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌وه‌ى كه‌ناڵى knn خراوه‌ته‌وه‌ سه‌ر كۆمپانیاى وشه‌ هه‌ندێك له‌ هه‌ڵسوڕاوانى گۆڕان گله‌یى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بایكۆت كراون، چونكه‌ دژى ئه‌وه‌بوون كه‌ناڵه‌كه‌ بخرێته‌ سه‌ر كۆمپانیاى وشه‌.

 

حزب له‌هه‌ناوى حزبدا

له‌ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی دیكتاتۆریدا هه‌ندێك داموده‌زگا كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌یكه‌رى ده‌وڵه‌تدان ئه‌ركى گرنگ و ئه‌وتۆیان پێ ده‌سپێردرێت وه‌ك ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تێكى دیكه‌بن له‌ناو ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا، ئامانجیش له‌م كاره‌ كۆنترۆڵكردنى ته‌واوه‌تى ده‌وڵه‌ته‌كه‌یه‌.

ئه‌مه‌ بۆ حزبه‌ نا دیموكراتیه‌كانیش راسته‌، به‌نمونه‌ له‌ ناو یه‌كێتى و پارتیدا ده‌زگاى پاراستن و زانیارى یان كۆمپانیاى نۆكان، ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ڕۆڵه‌ى هه‌یانه‌ له‌سه‌روو دامه‌زراوه‌ باڵاكانى حزبه‌وه‌ن و كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر كۆى جوڵه‌ سیاسیه‌كان له‌ناو حزبدا.

،،

كۆمپانیاى وشه‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا خه‌ریكه‌ هه‌مان ڕۆڵ ده‌بینێت و ده‌بێته‌ حزبێكى دیكه‌ له‌ هه‌ناوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى موڵك و سه‌رچاوه‌ى دارایى و میراتى مه‌عنه‌ویی نه‌وشیروان موسته‌فایان له‌ پشته‌ به‌ئاسانى به‌هه‌موو جومگه‌كانى حزبدا شۆڕبوونه‌ته‌وه‌.

 

كۆمپانیاى وشه‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا خه‌ریكه‌ هه‌مان ڕۆڵ ده‌بینێت و ده‌بێته‌ حزبێكى دیكه‌ له‌ هه‌ناوى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى موڵك و سه‌رچاوه‌ى دارایى و میراتى مه‌عنه‌ویی نه‌وشیروان موسته‌فایان له‌ پشته‌ به‌ئاسانى به‌هه‌موو جومگه‌كانى حزبدا شۆڕبوونه‌ته‌وه‌.

ته‌نانه‌ت جۆرێك له‌چاوچنۆكى له‌ناو حزبه‌كه‌دا دروستبووه‌ به‌تایبه‌ت له‌ناو به‌شێك له‌ گه‌نجه‌ خوێنده‌واره‌كاندا كه‌ چاویان له‌ پۆست و پله‌ی حزبى و حكومییه‌، له‌برى ئه‌وه‌ى به‌رگرى له‌ بنه‌ماكانى گۆڕان بكه‌ن خه‌ریكن ده‌بن به‌ پارێزه‌رى نادادپه‌روه‌رییه‌كان.

 

چاره‌سه‌ر چییه‌؟
ئایا جڤاتى نیشتمانى ده‌توانێت ببێته‌ فریاد ڕه‌سى گۆڕان ؟

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر لێوارى دابه‌شبوونێكى حه‌تمیه‌، به‌ته‌نها ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ كێ له‌و دیو ده‌رگاى گرده‌كه‌وه‌ زۆرینه‌ى له‌گه‌ڵه‌ و ده‌توانێت بڕیاره‌كان یه‌كلایى بكاته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت به‌وردى حسابى ئه‌وانه‌ش بكرێت كه‌ جڵه‌وى جه‌ماوه‌رى بزوتنه‌وه‌كه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌ خوار گرده‌كه‌وه‌.

له‌ ئێستادا ئه‌ندامێكى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و 5 ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌شدارى كۆبونه‌وه‌كان ناكه‌ن، ژماره‌ى هه‌ڵسوڕاو و به‌رپرسه‌ حكومییه‌كانى گۆڕان كه‌ ده‌ست له‌كارده‌كێشنه‌وه‌ به‌ره‌به‌ره‌ هه‌ڵده‌كشێت. ڕۆژانه‌ ده‌یان راپۆرت و وتارى ره‌خنه‌ئامێز له‌ لایه‌ن یار و نه‌یاره‌كانى گۆڕانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، بێگومان ئه‌گه‌ر به‌شى زۆرى ئه‌مانه‌ ناراستیش بن ئه‌وا ئه‌وه‌نده‌ى راسته‌ كه‌ له‌ناو ماڵى گۆڕاندا كێشه‌ هه‌یه‌.

ئێستا هه‌مووان چاویان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ (12ی7ی2018)ی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌، كه‌ ئایا ده‌توانێت ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كان بدۆزێته‌وه‌ و گۆڕان له‌و ته‌ڵه‌زگه‌ گه‌وره‌یه‌ ڕزگار بكات ؟
له‌ ئێستادا كه‌ خانه‌ى راپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رى گشتی ناتوانن له‌ئاستى ئه‌و ته‌حدییه‌ گه‌وره‌یه‌ى به‌رده‌مى بزوتنه‌وه‌ی گۆران بن، بۆ خۆشیان به‌شێكن له‌ كێشه‌كان.

 

DCF
کۆبوونەوەیەکی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆران ـ گردی زەرگەتە ـ سلێمانی

،،

ئێستا هه‌مووان چاویان له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ (12ی7ی2018)ی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌، كه‌ ئایا ده‌توانێت ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كان بدۆزێته‌وه‌ و گۆڕان له‌و ته‌ڵه‌زگه‌ گه‌وره‌یه‌ ڕزگار بكات ؟

 

ئیستا ته‌نها جڤاتى نیشتیمانى ماوه‌ كه‌ وه‌ك به‌رزترین ده‌سه‌ڵات له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه‌دا بتوانێت ڕێگه‌ چاره‌یه‌ك بدۆزێته‌وه‌ بۆ دۆخى ناوخۆیى گۆڕان به‌جۆرێك كه‌ هه‌ردوو ئاراسته‌كه‌ رازیی بكات و بتوانێت نیگه‌رانى هه‌موولایه‌كی بزوتنه‌وه‌كه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌.

له‌وانه‌یه‌ باشترین ڕێگه‌ چاره‌ بریتى بێت له‌ دانانى میكانیزمێك بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان كۆمپانیاى وشه‌ و بزوتنه‌وه‌كه‌.
هه‌روه‌ها بڕیردان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی گۆڕان له‌ سه‌ر ئاستى مه‌كۆكانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێكخه‌رێكى گشتی نوێ بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌.


ئه‌گه‌ر جڤاتى نیشتیمانى بتوانێت به‌ چاره‌سه‌رێكى بنه‌ره‌تى یان لانیكه‌م چاره‌سه‌رێكى مامناوه‌ند له‌ نیوان هه‌ردوو ئاراسته‌كه‌دا به‌ ڕازیی و ناڕازیی بێته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وا هه‌نگاوێكى مێژووى گرنگى ناوه‌ كه‌ له‌ مێژوى بزوتنه‌وه‌كه‌دا تۆمار ده‌كرێت و جه‌ماوه‌رى گۆڕانیش دڵخۆش ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنێكى زۆر هه‌ستیاردایه‌ بۆ په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ بریاره‌ له‌ 30ی ئه‌یلولی ئەمساڵدا ئه‌نجام بدێت.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری