بۆمبێكى گه‌وره‌ بۆ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان ته‌وقیت كرا

له‌ هه‌ڵپه‌ساردنى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كێ براوه‌یه‌ ؟

بۆمبێكى گه‌وره‌ بۆ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان ته‌وقیت كرا

2995 خوێندراوەتەوە

به‌ بڕیارى دواخستنى هه‌مواركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستان و هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم، بۆمبێكى به‌هێز بۆ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان چێنرا، پرۆژه‌ یاساى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، ئه‌و پرسه‌ى كه‌ گه‌وره‌ترین قه‌یرانى سیاسى‌و بارگرژى له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا لێكه‌وته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ په‌رله‌مان په‌كخرا، یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى به‌ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان سپێردراو به‌وه‌ش شه‌ڕێكى گه‌وره‌ بۆ خولى داهاتووى په‌رله‌مان سازێنرا.


له‌ كۆبوونه‌وه‌ى 11- 7 – 2018ى په‌رله‌مانى كوردستاندا، پرسى ئاگراوى‌و دژوارى هه‌مواركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، به‌جۆرێك گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كراو هه‌ڵپه‌سێردرا، ئه‌گه‌ر كه‌سێك مشتومڕو ململانێ‌و بارگرژییه‌كانى دوو ساڵى ڕابردووى نه‌دیبێت، لایواده‌بێت كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مان بۆ پرۆژه‌ یاسایه‌كى لاوه‌كى گرێدراوه‌و به‌نیسبه‌ت ژیانى سیاسى‌و سیستمى سیاسی كوردستانه‌وه‌ به‌هایه‌كى ئه‌و تۆى نییه‌.
ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان به‌ پرۆژه‌ یاساى هه‌ڵپه‌ساردنى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمدا، " دیار"یان به‌" نادیار" سپارد، " دیار"ێكى ئاڵۆزو ئاوێزان به‌ چه‌ندان بارگرژى‌و ململانێى سه‌خت‌و دژوار، به‌ " نادیار" ێك كه‌ پێشبینى كردن بۆ هاتن‌و شێوازى پێكهاتنى ته‌واو زه‌حمه‌ته‌.

 

dc
نوسراوی داواکاری  بۆ خستنە بەرنامەی پرۆژە یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم

 

پرسى هه‌موارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ 19ى ئابى ساڵى 2015دا، گه‌وره‌ترین شڵه‌ژانى سیاسى خولقاندو ئاگرى له‌ دۆخه‌ سیاسییه‌كه‌ به‌ردا، بەڵام له‌ 11ى ته‌مموزى 2018دا وه‌ك پرسێكى لاوه‌كى له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ بڕیارى هه‌ڵپه‌ساردنى درا.

به‌و پێیه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ سه‌وداى سیاسی نێوان پارتی‌و یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌یه‌، دوور نییه‌ سپاردنى پرسى هه‌مواركردنه‌وه‌ى پرۆژه‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ خوولى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان، ببێته‌ یه‌كێك له‌ پرۆژه‌ پڕ كێشه‌و دژواره‌كان بۆ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان.

به‌ په‌سه‌ندكردن هه‌ڵپه‌ساردنى پرۆژه‌ یاساى هه‌موارى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بۆ خوولى داهاتووى په‌رله‌مان، په‌رله‌مانتارانى گۆڕان پێیانوایه‌ توانیویانه‌ كارێكى گه‌وره‌ بكه‌ن‌و وه‌كو ئه‌وان باسیده‌كه‌ن له‌ سه‌ره‌تاى خوولى ئایینده‌ى په‌رله‌ماندا چاره‌نووسى دامه‌زراوه‌كه‌ تا ئاستى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌.
په‌رله‌مانتارانى گۆڕان، به‌بێ ئه‌وه‌شى كه‌ بزانن ده‌رئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان چۆن ده‌بێت‌و ڕێژه‌و قه‌باره‌یان له‌ناو په‌رله‌ماندا چۆن ده‌بێت، باسله‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ خولى ئاینده‌ى په‌رله‌ماندا كار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌كه‌ ده‌كه‌ن.

 

dfc
دانیشتنی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای هەمواری دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم ـ  ٢٠١٨.٧.١١

،،

پرسى هه‌موارى یاسای سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم له‌ 19ى ئابى ساڵى 2015دا، گه‌وره‌ترین شڵه‌ژانى سیاسى خولقاندو ئاگرى له‌ دۆخه‌ سیاسییه‌كه‌ به‌ردا، بەڵام له‌ 11ى ته‌مموزى 2018دا وه‌ك پرسێكى لاوه‌كى له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ بڕیارى هه‌ڵپه‌ساردنى درا.

 

هه‌ڵه‌ى گه‌وره‌ى فراكسیۆنى گۆڕان له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌موارى پرۆژه‌ یاساكه‌یان به‌ خولی داهاتووی په‌رله‌مان سپاردووه‌، خولێكى په‌رله‌مان كه‌ كه‌س نازانێت پێكهاته‌كه‌ى چۆنه‌و كه‌س نازانێت ڕه‌وشى سیاسى چۆن ده‌بێت‌و هێزه‌كان له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ڕێده‌كه‌ون بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت.
ڕه‌نگه‌ خۆشبینى په‌رله‌مانتارانى گۆڕان له‌و ڕووه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتبێت كه‌ له‌ناو پرۆژه‌ یاساى هه‌ڵپه‌ساردنه‌كه‌دا بڕیار دراوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا، هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم ناكرێت‌و ئه‌وه‌ش به‌ ده‌ستكه‌وتى گه‌وره‌ ده‌زانن.
گومانى تێدا نییه‌ كه‌ ڕازیبوونى پارتى به‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ى فراكسیۆنى گۆڕان‌و هاوكۆكبوونیان له‌سه‌ر ناوه‌رۆكى پرۆژه‌كه‌ له‌ دوو خاڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ گرتووه‌.
لاى پارتى، سه‌رۆكى هه‌رێم به‌نده‌ به‌ مه‌سعود بارزانییه‌و ئه‌وان لایانوایه‌ ئه‌گه‌ر بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌بێت پۆسته‌ هیچ به‌هایه‌كى نییه‌، هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وان له‌ڕێوه‌ ڕازیبوون به‌وه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا، هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌كرێت، دیاریشه‌ كه‌ به‌پێى یاسا مه‌سعود بارزانى ناتوانێت جارێكى دیكه‌ خۆى بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكاته‌وه‌و خوى بارزانیش مه‌یلى بۆ پۆسته‌كه‌ نه‌ماوه‌.

 

dfc
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان

 

،،

لاى پارتى، ئه‌گه‌ر بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌بێت پۆسته‌کە هیچ به‌هایه‌كى نییه‌، بۆیه‌ ئه‌وان له‌ڕێوه‌ ڕازیبوون به‌وه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌كرێت، دیارە به‌پێى یاسشا بارزانى ناتوانێت جارێكى دیكه‌ خۆى بۆ كاندید بكاته‌وه‌ و خۆشی مه‌یلى بۆ پۆسته‌كه‌ نه‌ماوه‌.


له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌، پێده‌چێت ڕازیبوونى فراكسیۆنى پارتى‌و ده‌نگدانیان به‌ پرۆژه‌ یاساى هه‌ڵپه‌ساردنه‌كه‌و سپاردنى هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ خولى داهاتووى په‌رله‌مان، له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتبێت كه‌ ئه‌وان له‌وه‌ دڵنیان كه‌ له‌ خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانیشدا زۆرینه‌ ده‌بن‌و ده‌توانن به‌ خواستى خۆیان‌و له‌ به‌رژه‌وه‌ندى پارتى پرۆژه‌كه‌ هه‌موار بكه‌نه‌وه‌.
هه‌رچه‌نده‌، سه‌باره‌ت به‌ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، زۆرتر ناوى پارتى‌و گۆڕان دێته‌ گۆڕێ، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا پۆسته‌كه‌ زۆرتر په‌یوه‌ستداره‌ به‌ پارتى‌و یه‌كێتییه‌وه‌و هه‌وڵه‌كانى یه‌كێتیش له‌ ڕابردوودا بۆ درێژكردنه‌وه‌ى ویلایه‌تى سه‌رۆكى پێشووى هه‌رێم‌و ئاماده‌ نه‌بوونى په‌رله‌مانتارانیان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى 11ى ته‌مموزى تایبه‌ت به‌ هه‌ڵپه‌ساردنى پرۆژه‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، ئاماژه‌ى ناڕازیبوونى گه‌وره‌ى ئه‌وانه‌و به‌و پێیه‌شى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم په‌یوه‌ندى به‌ سه‌وداى سیاسى‌و دابه‌شكردنى پۆسته‌ سیاسى‌و حكومییه‌كانى نێوان یه‌كێتى‌و پارتییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ هه‌رێم‌و له‌ به‌غداد، بۆیه‌ یه‌كێتى لایه‌نێكى گه‌وره‌ى ململانێكانى تایبه‌ت به‌م پرسه‌ ده‌بێت‌و گۆڕانیش پێیوایه‌ به‌ به‌ڕێوه‌ نه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستاندا، گورزى كوشنده‌ى له‌ سه‌وداى سیاسى‌و پشك پشكێنه‌ى نێوان پارتى‌و یه‌كێتى داوه‌.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی