دروشمی دژ بە ئێران لە ناو خۆپیشاندانەکانی باشوری عێراقدا

دروشمی دژ بە ئێران لە ناو خۆپیشاندانەکانی باشوری عێراقدا

579 خوێندراوەتەوە

ن: سەڵاحەدین خدیو

و: پێشەوا ئەنورە

پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق کە بە زۆری شیعەنشینن، بوونەتە جێی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوانی خەڵکی لە دژی گەندەڵی، لاوازی دەوڵەت و کەمی خزمەتگوزاری گشتی. لەهەندێک لە شارەکان بارەگای ‌‌‌‌‌‌‌حيزبە شيعە دەسەڵاتدارەکان دەسوتێنرێت و دروشمگەلێکیش لە دژی ئێران دەوترێنەوە.

بڕانی کارەبا لە گەرمای پەنجا پلەدا لە پارێزگای بەسرە هەڵگیرسێنەری خۆپیشاندانەکان بوو، پێش جەنگی کوەیت عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەند و ئاسودە دەژمێردرا و لەڕوی ئاو و کارەباوە کورتهێنانی نەبوو..

دوانزە ساڵی گەمارۆی توندی رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان بوونە هۆی ئەوەی کە ئەم وڵاتە بەهۆی کورتهێنانی لە ڕوی سەرچاوەی داراییەوە نەتوانێ وەبەرهێنانی پێویست لە پڕۆژەی ژێرخانییەکانی وەک ئاو و کارەبادا بکات و لەم بوارانەدا دوچاری کورتهێنان و قەیران ببێتەوە.

لەدوای کەوتنی سەدامەوە لەگەڵ هەڵگرتنی گەمارۆکاندا و فرۆشتنی ڕۆژانەی چوار ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت، گەندەڵی گەورەی ئابووری ڕێگربووە لە وەبەرهێنانی ئامانجدار و کاریگەر لەم بوارانەدا.

دیموکراسی بەشێوەیەکی کرداری بووەتە دەستەگەرێتی و حیزبە هاوبەشەکانی دەسەڵات لەو وەزارەتانەی کە لەبەردەستیاندان وەک ئامرازێکی بەدەستهێنانی پارە سودیان لێوەردەگرن، گەورەیی گەندەڵی بە ئەندازەیەکە کە دەگوترێت لەم ساڵانەی دواییدا زیاد لە شەش هەزار گرێبەستی بەڵێندەرێتی خاڵی و ڕواڵەتی بۆ دزینی پارەی گشتی ئیمزا کراون.

،،

ئێران بە پاساوی قەرزەکانی پێشوو کارەبای بەسرەی بڕیووە، هەندێک لە خەڵکی ئەم وڵاتە باوەڕیان پتەوە لەسەر ئەمەی کە ئەم هەنگاوەی تاران بەشێکە لە ململانێی سیاسی لەگەڵ واشنتۆن بە مەبەستی سەندنەوەی متمانە و ناشایستە دەرخستنی حەیدەر عەبادی و رێگرتن لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک وەزیران.

 

هۆکارێکی دیکەی سەرلێشێواوی خەڵکی نەتوانینی حیزبە سیاسیەکانە لە دەستگەیشتن بە ڕێککەوتنی دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە کە لە دوای سێ ساڵ جانگ لەگەڵ داعشدا بڕیاربوو عێراق بە ئارامی بگەیەنن، کەمی بەشداریکردنی خەڵکی لەم هەڵبژاردنانەدا – ٤٤٪ - دەرخەری درزی نێوان لایەنە شیعییەکان و بێ متمانەیی هاوڵاتیان بەو نوخبە دەسەڵاتدارەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ وە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست.

 

df
خۆپیشاندەرانی شارۆچکەی زوبێر ـ پارێزگای بەسرە ـ ٢٠١٨.٧.١٧

 

لەحاڵێکدا کە ئێران بەهۆی پێداویستی ناوخۆیی و نەتوانینی دەوڵەتی عێراق بە پێدانی قەرزەکانی پێشووی هەناردەی کارەبای بۆ ئەم وڵاتە بڕیوە، هەندێک لە خەڵکی ئەم وڵاتە باوەڕیان پتەوە لەسەر ئەمەی کە ئەم هەنگاوەی تاران بەشێکە لە ململانێی سیاسی لەگەڵ واشنتۆن بە مەبەستی سەندنەوەی متمانە و ناشایستە دەرخستنی حەیدەر عەبادی و رێگرتن لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک وەزیران.

ئەوان دەڵێن تاران عێراقی کردوەتە جێی تەسفیە حیسابی خۆی لەگەڵ ئەمریکا و دەیەوێت هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی قانون بەجێگەی عەبادی کە لە ئەمریکاوە نێزیکترە، بهێنێتە سەرکار.

درەنگکەوتنی دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکانیش کە جێی ناڕەزایی زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان بوو جوڵێنەرێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەیە، لەبەر ئەوەی کە لەم هەفتانەی دواییدا شێوە دەنگۆیەک پەیدابوبو کە لە نێوان لایەنە سەرەکییەکانی کورد و شیعەدا لەسەر پاراستنی دەرئەنجامە راگەیەنراوەکان و پێکهێنانی دەوڵەت لەسەر ئەو بنەمایە پێکهاتنێکی سەرەتایی بەدەستهاتووە و دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکان هەنگاوێکی ڕواڵەتیانە و گۆڕانکارییەکی واتادار لە ئەنجامەکاندا وەدیناهێنێت.

،،

بە دوور نازانرێت لە ئەگەری درێژەکێشانی لە ڕۆژ و هەفتەکانی کە دادێ، دەنگی ئەم ناڕەزایەتیانە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ناوچەی سلێمانی بزرنگێتەوە.

 

dfc
خۆپیشاندەران لە بەردەم بارەگای حزبی فەزیلەی ئیسلامی ـ نەجەف ـ ٢٠١٨.٧.١٣

 

بەدور دەزانرێت کە ئەم نائارامیی و خۆپیشاندانانەی باشوری عێراق، پارێزگا سونینشینەکان کە هێشتا لە دۆخی جەنگی نەهاتونەتە دەرەوە و ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانیان لە کەمپەکاندا ژیان دەگوزەرێنن بگرێتەوە. بەڵام بە دور نازانرێت لە ئەگەری درێژەکێشانی لە ڕۆژ و هەفتەکانی کە دادێ دەنگی ئەم ناڕەزایەتیانە لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی ناوچەی سلێمانی بزرنگێتەوە.

پانزدە ساڵ لە دوای کەوتنی سەدام دیکتاتۆری لەم وڵاتەدا لەناوچووە، لێ دەستەگەرایی سیاسی و لێنەهاتویی لە حکومڕانیدا جێی گرتۆتەوە وخەڵکی دەڵێن ماندوو بوون و ئیتر بە حیزبەکان و سیاسەتمەداران و سندوقەکانی دەنگ و دامەزراوەی هەڵبژاردنەکان متمانە ناکەن. ن. سەڵاحەدین خدێو و. پێشەوا انور

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك