واشنتۆن پۆست: داعش بە خێراییەکی پێشبینینەکراو دەگەڕێتەوە عێراق

وتەبێژی سەربازیی ئەمریکا لە بەغداد: جەنگی دژ بە داعش کۆتایی نەهاتووە

واشنتۆن پۆست: داعش بە خێراییەکی پێشبینینەکراو دەگەڕێتەوە عێراق

807 خوێندراوەتەوە

و: دانا ساڵح

رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرباری راگەیاندنی سەرکەوتنی یەکجاریی بەسەر داعش لە لایەن حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، بەڵام ڕێکخراوەکە بە خێراییەکی گەورە گەراوەتەوە بۆ چالاکییەکانی، کردەوەی رفاندن و تیرۆر و تەقینەوەی دەستپێکردووە، ئەوەی مەترسی قۆناغێکی تری توندوتیژیی و وێرانکاری لێ دەکرێت بۆ عێراق.

 

واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو پەلامارە بچوکانەی لە چەند ناوچەیەکی دوورە دەست و پەراوێزخراو ئەنجامی دەدات و حکومەتی عێراق پشتگوێیان دەخات، هەمان ئەو تەکتیکەیە کە داعش پیادەی دەکرد پێش دەرکەوتنی بەشێوەیەکی گەورە و بەهێز لە هاوینی ٢٠١٤ کاتێک دەستیان بەسەر ژمارەیەک شاری عێراقی و سوریدا گرت.

لە کۆبوونەوەی لوتکەی ترەمپ و پۆتین رۆژی ١٦ی ئەم مانەگە لە پایتەختی فینلەندا، دۆناڵد ترەمپ وتی: جەنگی دژ بە داعش ٩٨ ـ ٩٩% سەرکەوتوو بووە.

عیماد مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بە واشنتۆن پۆستی وتووە، داعش لە بیابانەکان و لە ناو شاخەکاندا هەن، هێشتا پاشماوە و شانەی نوستووی بچوکیان هەیە، ئەوان ژمارەیان زۆر نییە بەڵام هێرشی لە ناکاو و خێرا ئەنجام دەدەن، خەڵکانێکیش لە ناو شارەکاندا یارمەتیان دەدەن.

،،

لە کۆبوونەوەی لوتکەی ترەمپ و پۆتین رۆژی ١٦ی ئەم مانەگە لە پایتەختی فینلەندا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وتی: جەنگی دژ بە داعش ٩٨ ـ ٩٩% سەرکەوتوو بووە.

 

هاشم هاشمیی، پسپۆر لە  روبەروبوونەوەی تیرۆر کە لەم بوارەدا راوێژ دەدات بە حکومەتی عێراق دەڵێت: دوای شکستە قورسەکەیان، ئەگەرێکی پێشبینیکراوە داعش هەوڵی گەرانەوە بدات، گەرانەوە بە خێراییەکی گەورەتر لەوەی پێشبینی دەکرێت، ئەمەش زۆر مەترسیدارە.

هاشمیی لۆمەی حکومەتی عێراق دەکات بەوپێیەی شکستیهێناوە لە گەیاندنی هاوکاریی و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستی داعش بوون، دەڵێت: هیچ شتێکی نەکردووە کەمێک هاوکاریی مرۆیی نەبێت.

 

df
چەکدارەکانی داعش لە ناو شاری موسڵ ـ حوزەیرانی ٢٠١٤

 

هاشم هاشمیی باسی ئەوەی کردووە کە حکومەت هیچ کام لە پلانەکانی خۆی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە جێبەجی نەکردووە، ئەوەش لە بەرژەوەندی داعشە، لە ئێستاشدا ئەوە دیار نییە کە ئایا خۆپیشاندانەکانی باشوری عێراق کاریگەری دەبێت لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی حکومەت لەو ناوچانەی کە داعشی تێدا بڵاووبوەتەوە، بە تایبەتی لە بەشی باکوری عێراق، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوای هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری رابردوو.

کۆلۆنیل شۆن ریان، وتەبێژی سەربازیی ئەمریکا لە بەغداد بە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دەڵێت: ئێستا هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دۆخێکی باشترن بەراورد بە ٢٠١٤ کاتێک بەرامبەر هێرشەکانی داعش هەڵاتن، داعش ئێستا هێرشی بچوک ئەنجام دەدات و توانای نییە هێرشی بەرفراوان بکات، بەڵام هێشتا جەنگەکە کۆتایی نەهاتووە.

قسەکانی کۆلۆنیل شۆن وەک قسەکانی مایکڵ ناتیسی شیکەرەوەی سەربازییە لە پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتەکانی خۆرهەڵاتی نزیک، کە دەڵێت داعش ئێستا لەو ناوچانەدا چالاکیی دەکات کە ماوەیەکی کەمە داگیری کردووە،  ئەو ناوچانەی کە خەڵکەکەی دووچاری کۆچکردن بوون لە لایەن میلیشیا شیعەکانەوە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و تائێستاش خەڵکەکەی نەگەراونەتەوە.

،،

شۆن ریان، وتەبێژی سەربازیی ئەمریکا لە بەغداد بۆ واشنتۆن پۆست: ئێستا هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دۆخێکی باشترن بەراورد بە ٢٠١٤ کاتێک بەرامبەر هێرشەکانی داعش هەڵاتن، داعش ئێستا هێرشی بچوک ئەنجام دەدات و توانای نییە هێرشی بەرفراوان بکات، بەڵام هێشتا جەنگەکە کۆتایی نەهاتووە.

 

dfc

تەقینەوەیەک لە ناوچەی بەغداد جەدیدە ــ بەغدادی پایتەخت ـ تەموزی ٢٠١٧

 

ناتیس باسی ئەوە دەکات کە ئەو ناوچانە گۆراون بۆ شاری وێرانە و بوونەتە  ژینگەیەکی لەبار بۆ شەری پارتیزانی، بە تایبەت کە بە شاخ و دارستانی چڕی خورما دەورەدراون، هەروەک هێڵەکانی ڕێگەوبانیش گونجاو نین تێیاندا تاوەکو هێزە عێراقییەکان بە چەکی قورسەوە بچنە ناوی، هەموو ئەم فاکتەرانە لە لایەن داعشەوە ئیستیغلال دەکرێن.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوە کردووە، بۆچوونێک هەیە کە ئەو چەکدارانەی داعش ئەمرۆکە پەلامارو هێرش ئەنجام دەدەن، پاشماوەی چەکدارە ئەسڵیەکانی ئەو رێکخراوەن کە بەشدارییان کرد لە دەستبەسەرداگرتنی شارەکان پێش ٤ ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٤، کە ژمارەیان بە ٢ هەزار مەزەندە دەکرێت، لە رێگەی شانەی بچوکەوە کاردەکەن لە ناوچەکانی باکور و باکوری خۆرئاوای بەغداد.