ده‌ستپێشخه‌ریه‌كى سیاسیی بۆ سفر كردنه‌وه‌ى كێشه‌كان

بۆچى هه‌رێمى كوردستان به‌رله‌وه‌ی بچێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ پێویستى به‌ موباده‌ره‌یه‌كى سیاسیی نوێ هه‌یه‌ ؟

ده‌ستپێشخه‌ریه‌كى سیاسیی بۆ سفر كردنه‌وه‌ى كێشه‌كان

5525 خوێندراوەتەوە

ئه‌و شه‌له‌له‌ سیاسییه‌ى له‌ 23 حوزه‌یرانى 2015 له‌ هه‌رێمى كوردستاندا دروست بوو تا ئه‌مڕۆ درێژه‌ى هه‌یه‌، له‌و به‌رواره‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌حاڵه‌تێكى ئاورته‌ى سیاسیی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی تێپه‌ڕده‌بێت و هه‌رێمیان روِوبه‌ڕووى قه‌یرانى گه‌وره‌ كردووه‌ته‌وه‌، زۆر به‌ڕاشكاوى ئێستا كاتى كردنه‌وه‌ى ئه‌و گرێ كوێرانه‌یه‌ كه‌ ڕووداوه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى 3 ساڵى رابردوو دروستیان كرد، ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ى موباده‌ره‌یه‌كى سیاسیی نوێوه‌ كه‌ تواناى سفركردنه‌وه‌ى كێشه‌كان و گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌وه‌ و سه‌قامگیریی و سیاسیی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیى بۆ هه‌رێمى كوردستانى هه‌بێت.

له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا، حزبه‌ سیاسییه‌كان هه‌موو شێوازه‌كانى ململانێیان له‌گه‌ڵ یه‌كترى تاقیكرده‌وه‌، له‌ قۆڵبادانى سیاسییه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ په‌لاماردانى چه‌كداریی و خستنه‌ژێر پرسیارى داموده‌زگا شه‌رعییه‌كانى كوردستان.

ئه‌نجامه‌كه‌ى به‌چى كۆتاییهات؟ جگه‌ له‌ عه‌یبداركردنى پرۆسه‌ى دیموكراسیی و شكاندنى حورمه‌تى دامه‌زراوه‌ شه‌رعییه‌كان و برسیكردن و ماندووكردنیی خه‌ڵك و لاوازكردنى پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان، تا لێوارى دروستكردنى مه‌ترسى له‌سه‌ر وجودى قه‌واره‌ی سیاسیی و ئیداریی هه‌رێمى كوردستان.

له‌ هه‌نگاوێكى له‌و جۆره‌دا پێویست به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌كانى رابردوو و ڕیزكردنى لیستى تاوان و تۆمه‌تباره‌كان ناكات، گرنگه‌ ئه‌وه‌ى ڕوویدا وه‌ك ئه‌زمونێك بۆ مێژوو و په‌ند وه‌رگرتن بپێچرێته‌وه‌ و په‌ڕه‌یه‌كى سیاسیی نوێ هه‌ڵبدرێته‌وه‌ كه‌ له‌ توانایدا هه‌بێت كوردستانێكى سه‌قامگیر و خۆشگوزه‌ران بێنیته‌ ئاراوه‌

ده‌بێت ڕووداوه‌كانى ڕابردوو بایى ئه‌وه‌نده‌ هێز و سیاسیه‌كانى عاقڵ كردبێت كه‌ ته‌نها چاویان به‌رژه‌وه‌ندیی و داخوازییه‌كانى خۆیان نه‌بینێت، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئه‌زمونه‌كانى ڕابردوو ئه‌وه‌ى نیشاندابن كه‌ سیاسه‌ت له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع ده‌كرێت و فڕێدانى دروشم و خواستى ناواقیعى جگه‌ له‌وه‌ى نایه‌ته‌دى ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌شى هه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ته‌واوى بشێوێنێت و خه‌ڵك ماندووتر و برسى تر بكات، ئه‌زمونى هه‌رێمی كوردستانیش ڕووبه‌ڕووى قه‌یران و مه‌ترسى گه‌وره‌ بكاته‌وه‌.

،،

ده‌بێت ڕووداوه‌كانى ڕابردوو بایى ئه‌وه‌نده‌ هێز و سیاسیه‌كانى عاقڵ كردبێت كه‌ ته‌نها چاویان به‌رژه‌وه‌ندیی و داخوازییه‌كانى خۆیان نه‌بینێت،  پێویسته‌ ئه‌زمونه‌كانى ڕابردوو ئه‌وه‌ى نیشاندابن كه‌ سیاسه‌ت له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع ده‌كرێت و فڕێدانى دروشم و خواستى ناواقیعى جگه‌ له‌وه‌ى نایه‌ته‌دى ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌شى هه‌یه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ته‌واوى بشێوێنێت و خه‌ڵك ماندووتر و برسى تر بكات.

 

ئه‌زمونى چه‌ند ساڵى رابردوو ده‌ریخست كه‌ سیاسه‌تى رادیكاڵى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا ناتوانێت ئه‌نجامى گرنگ بدات به‌ده‌سته‌وه‌، وێڕاى خه‌رجكردنى توانایه‌كى زۆر له‌ دواجاریشدا خۆى و خه‌ڵكیش نائومێد و ماندوو ده‌كات، به‌ڵكو سیاسه‌تى نه‌رم و هه‌نگاوهه‌ڵگرتن به‌پێى ئه‌مرى واقیع ده‌توانێت ورده‌ ورده‌ گه‌شه‌ى سیاسیی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی بهێنێته‌ ئاراوه‌ و كرانه‌وه‌ى زیاتر دروست بكات له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا.


ئه‌م یاسایه‌ هه‌م بۆ حزبه‌ باڵاده‌سته‌كان راسته‌ و هه‌م بۆ حزبه‌كانى ئۆپۆزسیۆنیش، به‌هه‌مویان ده‌توانن ئه‌زمونه‌كه‌ تێكبده‌ن به‌ڵام كه‌س به‌خۆسه‌پاندن و فه‌رزكردنى سیاسه‌تى خۆى به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا ناتوانێت به‌ مه‌رامه‌ تایبه‌تیه‌كانى بگات.

 

DF
;کۆبوونەوەی ماکگۆرگ لەگەڵ سەرکردەی چوار لایەنە نارازییەکە ـ سلێمانی ـ گردی زەرگەتە ـ ٢٠١٨.٥.٢٢

 

پارتى دیموكرتى كوردستان چه‌ند به‌هێزیش بێت ناتوانێت وا بكات به‌زۆر بارزانى بكاته‌ سه‌رۆكى شه‌رعى هه‌رێمى كوردستان، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان چه‌ند به‌هێزیش بێت ناتوانێت فاكته‌رى مێژوو و جوگرافیا و دابه‌شبونى هێزى سه‌ربازیی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان له‌به‌رچاو نه‌گرێت.


به‌داخه‌وه‌ له‌ دواى ساڵى 2015 وه‌، كه‌ ڕووداوه‌كان له‌ گرێژنه‌ ده‌رچوون تائێستا نه‌توانراوه‌ جوڵه‌ى سیاسی بخرێته‌وه‌ سه‌ر ڕێڕه‌وى راسته‌قینه‌ى خۆى، به‌ڵكو به‌دوایدا هه‌میشه‌ هه‌ڵه‌ له‌ دواى هه‌ڵه‌ ئه‌نجامدراوه‌، به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ى له‌وسه‌رى تونێله‌كه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ به‌كوێمان ده‌گه‌یه‌نێت.

ئه‌م دۆخه‌ نوێیه‌ى كه‌ ئاواتى بۆ ده‌خوازین له‌ سایه‌ى ڕێكه‌وتنێكى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى گشتگیر دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ تێیدا، هه‌مووان سازش له‌سه‌ر به‌شێكى داواكارییه‌كانیان ده‌كه‌ن و به‌شێكیشى به‌ده‌ست ده‌هێنن.

ته‌نانه‌ت ئه‌م دۆخه‌ نوێیه‌ تێپه‌ڕاندنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانی عێراقیشی پێویسته‌، به‌ شاگه‌شكه‌بوونى یه‌كێتى و پارتى و نیگه‌رانیه‌كانى ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌.

له‌ تێڕٍوانینی ئێمه‌دا، هه‌رێمی كوردستان به‌رله‌وه‌ى پێویستى به‌ هه‌ڵبژاردن بێت پێویستى به‌ موباده‌ره‌یه‌كى سیاسیی هه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ كێشه‌كان سفر بكرێنه‌وه‌ و هاوسه‌نگى سیاسیی و ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تیی بهێنێته‌ ئاراوه‌.

كوردستان به‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌وه‌ بچێته‌ ناو هه‌ڵبژاردنێكى دیكه‌وه‌ كێشه‌كان قوڵتر ده‌بنه‌وه‌ و دابه‌شبوونه‌كان زیاتر ده‌كه‌ن، دووریش نییه‌ به‌ریه‌كه‌وتنى جه‌سته‌یى لێ بكه‌وێته‌وه‌.

،،

ئه‌م دۆخه‌ نوێیه‌ى كه‌ ئاواتى بۆ ده‌خوازین له‌ سایه‌ى ڕێكه‌وتنێكى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى گشتگیر دێته‌ ئاراوه‌ كه‌  هه‌مووان سازش له‌سه‌ر به‌شێكى داواكارییه‌كانیان ده‌كه‌ن و به‌شێكیشى به‌ده‌ست ده‌هێنن، ته‌نانه‌ت تێپه‌ڕاندنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانی عێراقیشی پێویسته‌، به‌ شاگه‌شكه‌بوونى یه‌كێتى و پارتى و نیگه‌رانیه‌كانى ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌.

 

وورده‌كاریی ئه‌و موباده‌ره‌ سیاسییه‌ هه‌رچی بێت له‌ لایه‌ن سیاسییه‌كانه‌وه‌، بێگومان ئه‌ركى میدیا بریتى ده‌بێت له‌ ڕێگه‌خۆشكردن و زه‌مینه‌سازكردنى جه‌ماوه‌ریی بۆ كارێكى له‌و جۆره‌.

كوردستان پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ به‌هێز و توانایه‌كى گه‌وره‌وه‌ بچێته‌ به‌غداد، به‌ڵام یه‌كبوونى نێوماڵى كورد پێویستى به‌ ئاشتبوونه‌وه‌ى راسته‌قینه‌ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانى كوردستان هه‌یه‌، پێویستى به‌ سازان و سازشى لایه‌نه‌كان هه‌یه‌ بۆ یه‌كترى. بێگومان كوردستانێكى به‌هێزى یه‌كگرتوو سه‌نگى سیاسى ناوخۆیى و هه‌رێمیى و نێوده‌وڵه‌تى زیاترى ده‌بێت.

 

ERD
دوایین کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتی ـ هەولێر ـ ٢٠١٨.٧.١٦

 

بێگومان به‌ربه‌ست و ڕێگرى زۆر هه‌ن له‌به‌رده‌م موباده‌ره‌یه‌كى سیاسیی وا گه‌وره‌دا، كه‌ ده‌بێت به‌ وریاى مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت و چاره‌سه‌ر بكرێن له‌وانه‌ش:

  1.  شوێنه‌واریی ڕووداوه‌كانى 3 ساڵى رابردوو، كه‌ پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ فه‌رامۆش بكرێن  .
  2. شوێنه‌واریی نیگه‌رانى لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان، كه‌ ده‌كرێت له‌ ڕێگه‌ى وورده‌كاریی ناو وه‌ره‌قه‌ى سازانى نیشتیمانییه‌وه‌ تێپه‌ڕێنرێت.
  3. . ئاراسته‌ توند و په‌ڕگیره‌كانى ناو هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كان، كه‌ ڕێگرن له‌ به‌رده‌م سازشكردنى لایه‌نه‌كان بۆ یه‌كترى، كه‌ ده‌شێت میدیا ڕۆڵى گرنگى هه‌بێت له‌ زاڵنه‌بوونى ئه‌م ئاراسته‌یه‌دا.

ئه‌و بابه‌تانه‌ى ده‌كرێت ببنه‌ هه‌وێنى موباده‌ره‌یه‌كى نیشتیمانى سه‌ركه‌وتوو:
1. رێكه‌وتن له‌سه‌ر سیستمى سیاسییى و حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستان.
2. درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان و دروستكردنى حكومه‌تێكى ڕاگوزه‌ر به‌هه‌مان پێكهاته‌ى سه‌ره‌تاى دروستبوونیی ئه‌م كابینه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ حوزه‌یرانی 2014 دا پێكهێنرا.
3. ڕێكخستنه‌وه‌ى سیاسه‌تى ئابوریی و مامه‌ڵه‌كردنی شه‌فاف له‌گه‌ڵ مه‌له‌فى نه‌وت
4. شه‌فافیه‌ت له‌ داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

،،

درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان و دروستكردنى حكومه‌تێكى ڕاگوزه‌ر به‌هه‌مان پێكهاته‌ى سه‌ره‌تاى دروستبوونیی ئه‌م كابینه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ حوزه‌یرانی 2014 دا پێكهێنرا، یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی هەوێنی موبادەرەیەکی نیشتیمانی سەرکەوتوو.


5. دابه‌شكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ نێوان دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌ باڵاكانى هه‌رێمی كوردستاندا.
6. ڕێكخستنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر به‌غداد.
7. به‌شدارى كورد له‌ حكومه‌تى ئاینده‌ى عێراق و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاره‌كته‌ره‌كانى.
8. دۆخى كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان.
9. ڕێكخستنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ و به‌ نیشتیمانیكردنى.
10. موچه‌ و بژێوى هاوڵاتیان.
11. رێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى نێوان هه‌رێمى كوردستان و وڵاتانى دراوسێ و وڵاتانى زلهێزى دونیا.
12. چاكسازیی حكومى و ئیداریی له‌ داموده‌زگاكانى حكومه‌تدا.
13. رێكخستنه‌وه‌ى سیستمى دادوه‌ریی و كاراكردنی ڕۆڵى داواكارى گشتى.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری