سه‌رۆكى لیستى گۆڕان له‌ نێوان عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى و عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح و برزۆ مه‌جیددا

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاڵا نیلیه‌كه‌ ده‌داته‌ ده‌ستی كێ ؟

سه‌رۆكى لیستى گۆڕان له‌ نێوان عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى و عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح و برزۆ مه‌جیددا

4956 خوێندراوەتەوە

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سه‌رۆكى لیسته‌كه‌ى له‌ نێوان هه‌ر یه‌كه‌ له‌ عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى و عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح و برزۆ مه‌جیددا یه‌كلایى بكاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ تا دوا چركه‌ساته‌كان عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى زۆرترین چانسى هه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌ندێ زانیارى له‌ئارادان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌ستكاری ئه‌و بژاره‌یه‌ بكرێت له‌ چركه‌ساته‌كانى كۆتایدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، یاخود باس له‌ ئه‌گه‌رى هێنانى كاندیدى چواره‌م ده‌كرێت كه‌ بریتیه‌ له‌ كوێستان محه‌مه‌د.

 

دانانى هه‌ر یه‌كێك له‌م كاندیدانه‌ كاریگه‌رى جیاوازى ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستى گه‌رموگوڕى هه‌ڵمه‌ته‌كانی بانگه‌شه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ره‌نگدانه‌وه‌ى گه‌وره‌شى ده‌بێت له‌سه‌ر دۆخى ناوخۆیى بزوتنه‌كه‌.

 

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان پێویسته‌ زۆر به‌وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه‌دا بكات، له‌لایه‌ك پێویسته‌ كاندیدێكى به‌هێزى جه‌ماوه‌رى هه‌بێت، له‌ لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ پێویسته‌ كه‌سێك بێت جێگاى قبوڵى هه‌موو ئاراسته‌ و بیروڕا جیاوازه‌كانى ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ بێت، به‌واتایه‌كى دیكه‌ سه‌رۆك لیست له‌و ململانێیانه‌ى له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هه‌یه‌، خۆى یه‌كلا نه‌كردبێته‌وه‌ و به‌شێك نه‌بێت له‌ كێشه‌كان.

ڕووداوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ ئاڕاسته‌یه‌ك ده‌ڕۆن كه‌ هه‌ر گروپێك هه‌وڵ ده‌دات كه‌سێكى دیاریكراوى خۆى له‌و پرۆسه‌یه‌دا بباته‌وه‌ پێشه‌وه‌ و داشى خۆى بجوڵێنێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ مه‌ترسیى دوورخستنه‌وه‌ له‌سه‌ر عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى دروست بووه‌.

،،

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌بێت له‌ ده‌ستبردن بۆ دیاریکردنی سەرۆک لیست هه‌زار و یه‌ك حساب بۆ به‌ یه‌كگرتویى هێشتنه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌ بكات و به‌هانه‌یه‌ك نه‌دات به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ بۆنى یه‌كلابوونه‌وه‌ى بڕیارى سیاسى ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ی لێبێت له‌ لایه‌ن ئاراسته‌یه‌كى دیاریكراوه‌وه‌.

 

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌بێت له‌ ده‌ستبردن بۆ ئه‌و بابه‌ته‌دا هه‌زار و یه‌ك حساب بۆ به‌ یه‌كگرتویى هێشتنه‌وه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌ بكات و به‌هانه‌یه‌ك نه‌دات به‌ده‌سته‌وه‌ كه‌ بۆنى یه‌كلابوونه‌وه‌ى بڕیارى سیاسى ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ی لێبێت له‌ لایه‌ن ئاراسته‌یه‌كى دیاریكراوه‌وه‌.


له‌ نێو ئه‌و كاندیدانه‌ى سه‌ره‌وه‌دا، عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى تاڕاده‌یه‌ك هاوسه‌نگى پاراستووه‌ و له‌سه‌ر هیچ كام له‌ ئاراسته‌كانى ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ حساب نییه‌، له‌ ماوه‌ى رابردووشدا هه‌وڵى زۆرى داوه‌ بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ى ناڕازییه‌كان، ئه‌مه‌ش له‌ یه‌ك كاتدا چانسى ئه‌وى به‌هێز و لاواز كردووه‌.


ئه‌گه‌ر بێلایه‌نیه‌كه‌ى عه‌بدوڵای مه‌لا نوری له‌ كێشه‌كانى ئه‌م دواییه‌ وایكردبێت كه‌سێكى قبوڵكراوبێت لاى هه‌مووان، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاوبگیرێت كه‌ له‌ ئێستادا بڕیارى سیاسى بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ ده‌ستى ئاراسته‌یه‌كى دیاریكراودایه‌ به‌هۆى كشانه‌وه‌ى ئاراسته‌كه‌ى دیكه‌و كه‌نارگرتنیان.


بۆیه‌ یه‌كلابوونه‌وه‌ له‌سه‌ر عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى ته‌نها له‌و كاته‌دا ده‌بێت كه‌ لیژنه‌كه‌ به‌ هاوسه‌نگى بڕیار بده‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌ دواى كه‌سێكى له‌و جۆره‌وه‌بن كه‌ نزیكبێت له‌ گروپه‌كه‌ى خۆیانه‌وه‌ ئه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌بێته‌ سه‌رۆكى لیست عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى نابێت.


هه‌رچه‌نده‌ عه‌بدوڵاى مه‌لا نورى یه‌كێكه‌ له‌ گه‌نجه‌ ئازاكانى خولى پێشووترى په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام گرفته‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌شێك نییه‌ له‌و نه‌خشه‌یه‌ى داڕێژراوه‌ بۆ جوڵه‌كردن و په‌یوه‌ندى له‌سه‌ر ئاستى ئه‌و گروپه‌ى كه‌ له‌ئێستادا سیاسه‌تى بزوتنه‌وه‌كه‌ ده‌جوڵێنن و له‌ نێو ئه‌و نه‌خشه‌یه‌دا ڕۆڵێك نییه‌ به‌ناوى ئه‌وه‌وه‌.

،،

عه‌بدوڵای مه‌لا نورى، نه‌ به‌شێكه‌ له‌ گه‌مه‌ نوێیه‌كانى ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ و نه‌ ئاگای له‌ جوڵه‌كانى ئه‌م دوایه‌یه‌، نه‌ ده‌شتوانێت لینكى په‌یوه‌ندى بێت، ئه‌و ته‌نها یه‌ك كارتى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ رابردووه‌ ئازایانه‌ و پاكه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ساده‌ییه‌كه‌ى كه‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر له‌ناو گه‌نجاندا خۆشه‌ویستى كردووه‌.


عه‌بدوڵای مه‌لا نورى، نه‌ به‌شێكه‌ له‌ گه‌مه‌ نوێیه‌كانى ناو بزوتنه‌وه‌كه‌ و نه‌ ئاگای له‌ جوڵه‌كانى ئه‌م دوایه‌یه‌، نه‌ ده‌شتوانێت لینكى په‌یوه‌ندى بێت، ئه‌و ته‌نها یه‌ك كارتى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ رابردووه‌ ئازایانه‌ و پاكه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ساده‌ییه‌كه‌ى كه‌ تاڕاده‌یه‌كى زۆر له‌ناو گه‌نجاندا خۆشه‌ویستى كردووه‌.


له‌ناو ئه‌م كێشمه‌كێشه‌ى كه‌ ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێكى ماوه‌ بۆ دیاریكردنى سه‌رۆكى لیست، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ به‌هۆى ئاراسته‌ جیاجیاكانه‌وه‌ ئه‌و ناوه‌ى پێشوو بكێشنرێنه‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا كه‌سى چواره‌م بێته‌ ناو هاوكێشه‌كه‌وه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ كوێستان محه‌مه‌د. كوێستان محه‌مه‌د پاڵپشتى ته‌واوى عومه‌رى سه‌ید عه‌لى هه‌یه‌ و له‌ هه‌مووان زیاتر حه‌زى به‌ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بۆى بچێته‌ سه‌ر.


كوێستان محه‌مه‌د له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی یه‌كێتی بوو، له‌ناو گروپه‌كه‌ى عومه‌رى سه‌ید عه‌لیدایه‌، ڕایه‌كیش هه‌یه‌ له‌ناو گۆڕاندا ئه‌و له‌شكره‌ى ده‌نێردرێته‌ په‌رله‌مان پێویسته‌ سیاسییه‌كى موخه‌زره‌م سه‌رپه‌رشتى و سه‌رۆكایه‌تیان بكات.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری