سەرکردەکانی پارتی و گۆران دەربارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان چی دەڵێن؟

ئایا بارزانی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی گۆران کردووە ؟

سەرکردەکانی پارتی و گۆران دەربارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان چی دەڵێن؟

3300 خوێندراوەتەوە

دوای نزیكه‌ی سێ ساڵ به‌سه‌ر تێكچوونی ته‌واوه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆران، له‌ ئێستادا هه‌ردوولا له‌ هه‌وڵدان بۆ شكاندنی به‌سته‌ڵه‌كی نێوانیان، یه‌كه‌مین هه‌نگاویشیان له‌ نێو په‌رله‌مان و پشتگیریكردنی فراكسیۆنی هه‌ردوو حزب بوو له‌ پرۆژه‌ یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی سلێمانی ـ هه‌ڵه‌بجه‌ی پارتیش ده‌ڵێت: "تا گۆڕان له‌ پارتى نزیك ببێته‌وه‌ كوردستان ئارامتر ده‌بێت".

گۆران: له‌ په‌رله‌مان په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى زۆر باشه‌

ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، جه‌مال حاجى محه‌مه‌د، سكرتێری سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنه‌وه‌ى گۆران به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی راگه‌یاند" بزوتنه‌وه‌ی گۆران په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات باشه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتى له‌دواى هه‌ڵَبژاردنى 12ى ئایاره‌وه‌ هیچ شتێكى فه‌رمی له‌نێوانمان رووى نه‌داوه‌".
سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ى كه‌ وا باس ده‌كرێت له‌ ئێستادا گۆران نیگه‌ران بێت له‌ یه‌كێتى و بیه‌وێت به‌ نزیكبوونه‌وه‌ى له‌ پارتى تۆڵه‌ له‌ یه‌كێتى بكاته‌وه‌، جه‌مال حاجى محه‌مه‌د ده‌ڵێت: " زۆر نیگه‌رانین له‌ یه‌كێتى و چه‌ندین جار داوایان كردووه‌ دانیشین پێكه‌وه‌ به‌ڵام مه‌رجمان داناوه‌ و ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت یه‌كێتى ئیدانه‌ى شه‌وى ته‌قه‌كردن له‌ مه‌كۆى سه‌ره‌كى گۆران بكات".
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتی جه‌مال حاجی محه‌مه‌د ده‌ڵێت:" ئێمه‌ ئه‌مرۆ له‌گه‌ڵ پارتى له‌ نێو هۆڵى په‌رله‌مانی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر باشن".

،،

 سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنه‌وه‌ى گۆران: ئێمه‌ ئه‌مرۆ له‌گه‌ڵ پارتى له‌ نێو هۆڵى په‌رله‌مانی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانمان زۆر باشن.

 

df
بارەگای سەرەکی بزوتنەوەی گۆران ـ گردی زەرگەتە ـ سلێمانی

پارتی: ده‌مانه‌وێت له‌ گۆران نزیك ببینه‌وه‌

له‌ به‌رامبه‌ریشدا عارف ته‌یفور، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى سلێمانى ـــ هه‌ڵه‌بجه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌ڵێت:" هه‌رچه‌نده‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران وه‌ك بیركردنه‌وه‌ و سیاسه‌ت دووره‌ له‌ پارتییه‌وه‌ و خاوه‌نى فكره‌یه‌كى تونده‌ به‌ڵام پارتى ده‌یه‌وێـت له‌ گۆران نزیك ببێته‌وه‌ و له‌م روه‌شه‌وه‌ هه‌وڵى زۆریانداوه‌ و پێكه‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌".

عارف ته‌یفور كه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ شوێنی ئه‌دهه‌م بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى سلێمانى ـــ هه‌ڵه‌بجه‌ى پارتى ده‌ستبه‌كاربووه‌، ئه‌وه‌شی به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین وت:" هه‌تاكو گۆڕان له‌ پارتى نزیك ببێته‌وه‌ كوردستان به‌ره‌و ئارامتر ده‌روات و هه‌مووان سوودمه‌ند ده‌بین، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ دوورى گۆران په‌یوه‌ندییه‌كان ئاڵۆز ده‌كات و هه‌رێم به‌ره‌و دۆخى نه‌خوازراو ده‌بات بۆیه‌ پارتى مه‌به‌ستیه‌تى له‌ گۆران نزیك ببێته‌وه‌".
هه‌روه‌ها جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ " نزیكبوونه‌وه‌ له‌ گۆران هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ نییه‌ و پارتى بێمنه‌ته‌ له‌وه‌ى كه‌ كارى بكه‌وێـت گۆڕان له‌و روه‌وه‌".

،،

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى سلێمانى ـــ هه‌ڵه‌بجه‌ى پارتی: نیكبوونه‌وه‌ له‌ گۆران هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ نییه‌ و پارتى بێمنه‌ته‌ له‌وه‌ى كه‌ كارى بكه‌وێـت گۆڕان له‌و روه‌وه‌.

 

dfc
عارف تەیفور، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی ـ هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان


له‌به‌رامبه‌ردا، جه‌مال حاجی محه‌مه‌د ده‌ڵێت:" له‌ شه‌رى ده‌سته‌ویه‌خه‌ى نێوان پارتى و یه‌كێتی له‌ شه‌رى ناوخۆشدا، له‌ نێو هۆڵى په‌رله‌مان په‌یوه‌ندییه‌كان نه‌گه‌یشتبوونه‌ بنبه‌ست و به‌ته‌واوى نه‌پچرابوون بۆیه‌ ئاساییه‌ ئه‌مرۆش سه‌ره‌راى گرژییه‌كانى نێوان گۆران و پارتى، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ په‌رله‌مان ئاسایی بن و هه‌ر بابه‌تێكیش دێته‌ پێشه‌وه‌ به‌رێگه‌ى دیپلۆماسى چاره‌سه‌ر بكرێت".


عارف ته‌یفور ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران عیناده‌ و به‌ ئاسانى رێك ناكه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتى، به‌ڵام پێیوایه‌ "باشتر ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى لایه‌نه‌كان رێك بكه‌ون و هیچ گرژییه‌ك نه‌مێنێت له‌نێوانیان".
هه‌ر له‌م باره‌یه‌شه‌وه‌، سكرتێری سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزووتنه‌وه‌ى گۆران ده‌ڵێت:" چاوه‌روانى نیازى پارتین له‌ داهاتوودا داواى چى ده‌كات و چى ده‌وێـت، تاكو ئێمه‌ش ئه‌و كاته‌ قسه‌ى جدى خۆمان هه‌بێت و له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆران بریارى له‌باره‌وه‌ ئه‌ده‌ین".

 

یه‌كێتى له‌ كوێى په‌یوه‌ندییه‌كانى گۆران و پارتی ده‌بێت ؟

سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌ و له‌ به‌رچاوگرتنی خواستی یه‌كێتى نیشتیمانی كوردستان وه‌ك هاوپه‌یمانی ستراتیژیی پارتی، عارف ته‌یفور ئه‌وه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ "به‌بێ یه‌كێتى هیچ رێكه‌وتنێكى گرنگ ئه‌نجام ناده‌ن و پێیان باشه‌ له‌ رێكه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ گۆران، یه‌كێتیش ئاگادار بێت و به‌ سێ قۆڵى وڵات به‌رێوه‌ به‌رن و هاوپه‌یمانه‌تییه‌كى به‌هێز درووست بكه‌ن".
له‌ به‌رامبه‌ردا سكرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆران ده‌ڵێت:" ئێمه‌ حساباتێكمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ماوه‌ و ده‌بێت بیكه‌ین، بۆیه‌ هه‌موو جۆره‌ رێكه‌وتن و دانیشتنێك له‌گه‌ڵ یه‌كێـتى ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌تاكو مه‌رجه‌كانمان جێ به‌جێ نه‌كه‌ن".

به‌پێی هه‌ندێك زانیاریی نافه‌رمیی و له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانى پارتى بۆ نزیكبوونه‌وه‌ گۆران، باس له‌وه‌ ده‌كرێـت كه‌ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكی پارتی په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كى گۆران ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام عارف ته‌یفور ده‌ڵێت: "جه‌نابى سه‌رۆك له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌ و ئاگادار نیم ئه‌گه‌ر شتێكى واى كردبێت و ئه‌گه‌ر ئه‌نجامیشى دابێت ئاساییه‌ چونكه‌ پارتى هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ نزیكبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان و ئارامى هه‌رێمی كوردستان".
هه‌رچی جه‌مال حاجی محه‌مه‌ده‌ بوونى ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت:" هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى مه‌سعود به‌رزانییان بۆ نه‌هاتووه‌".
په‌یوه‌ندییه‌كانی گۆران و یه‌كێتی له‌ 12ی ئۆكتۆبه‌ری 2015 تێكچوو، كاتێك وه‌زیره‌كانی گۆران له‌ حكومه‌ت ده‌ركران و رێگه‌ نه‌درا سه‌رۆكی په‌رله‌مان بگه‌رێته‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر، له‌ كاتێكدا به‌پێی رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ پارتی گۆران به‌شداریی كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی كردبوو به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانیی كه‌ له‌ 18ی حوزه‌یرانی 2014 ده‌ستبه‌كار بوو.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان