دیوی پشتەوەی زیندانیکردنەکەی فەرهاد پیرباڵ

پێکهاتەی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردن چۆن بووە ؟

دیوی پشتەوەی زیندانیکردنەکەی فەرهاد پیرباڵ

1885 خوێندراوەتەوە

"من له‌مڕۆ به‌ملاوه‌، رایده‌گه‌یه‌نم كه‌هیچ ره‌وایى و مافێكم له‌تازه‌گه‌رى و نوێكردنه‌وه‌دا نه‌ماوه‌. هه‌ربه‌رهه‌مێكم، ئه‌گه‌ر ئیمزاى پێش 20/8/2001ى به‌سه‌ره‌وه‌نه‌بێت، پێویست وایه‌ نوسه‌رو خوێنه‌ران(به‌تایبه‌ت گه‌نج) به‌گومان و بێزه‌وه‌ ته‌ماشاى بكه‌ن، متمانه‌ى پێ نه‌كه‌ن، هیچ بایه‌خ و به‌هایه‌كى بۆ دانه‌نێن، به‌چاوى سوكه‌وه‌ سه‌یرى بكه‌ن، به‌قسه‌ى قۆڕو وڕێنه‌یان له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن، ته‌نانه‌ت پێویست و باشتریش وایه‌ ده‌م و ده‌ست فڕێى بده‌نه‌ زبڵخانه‌وه‌".

ئه‌مه‌ وه‌فاتنامه‌ى د.فه‌رهاد پیرباڵه‌ به‌بۆنه‌ى تێپه‌ڕبوونى(40)ساڵ به‌سه‌ر رۆژى له‌دایكبونیه‌وه‌، پیرباڵ له‌كتێبى(زمانى حه‌یزه‌ران)دا كه‌له‌ساڵى 2006ز دا چاپ و بڵاوى كردوه‌ته‌وه‌ به‌چه‌ند هۆكارێك ئه‌مه‌ى روونكردوه‌ته‌وه‌ كاتێك كه‌سێك ته‌مه‌نى چووه‌ سه‌رو (40)ساڵ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بێت گومان بخرێته‌ سه‌رئه‌قڵى و رێى تێده‌چێت توشى(خرفان)و(كه‌رێتى) و (شیزۆفرینیا) ببێت.

 

پیرباڵ،  نوسەرێکی جیاواز

فه‌رهاد پیرباڵ، یه‌كێكه‌ له‌و نوسه‌رانه‌ى هه‌میشه‌ یاخى و خاوه‌نى تایبه‌تمه‌ندى خۆى بووه‌ چ له‌نوسین چ له‌هه‌ڵسو كه‌وتى رۆژانه‌ى، ناوبراو هه‌میشه‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌ بووه‌ ستایڵێكى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بێت و جیاوازبێت له‌وانیترو ویستویه‌تى به‌هه‌ر جوڵه‌یه‌ك ژماره‌یه‌كى زۆ له‌خه‌ڵكى سه‌رسام بكات.
پیرباڵ له‌گه‌ڕه‌كى ته‌یراوه‌ له‌هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، له‌ناوه‌راستى هه‌شتاكاندا رووده‌كاته‌ ئه‌وروپاو له‌ناوه‌راستى نه‌وه‌ده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان و ده‌بێت به‌مامۆستا له‌زانكۆى سه‌لاحه‌دین و دواجار له‌و زانكۆیه‌ش رێگرى لێده‌كرێت وانه‌ بڵێته‌وه‌و ده‌ردەكرێت.

 

DFC
د.فەرهاد پیرباڵ

ئه‌و خاوه‌نى زیاتر له‌ 70 (كتێب)ى چاپكراوو سه‌دان دیدارو كۆڕوكۆبونه‌وه‌ى جه‌ماوه‌رى له‌شاروشارۆچكه‌كانى كوردستانه‌. دوایه‌مین كۆڕى له‌شاره‌زوور ئه‌نجامدا له‌ 15/2/2018 سه‌باره‌ت به‌(ژن، ئازادى، فه‌لسه‌فه‌)و ئه‌وه‌ش دوایه‌مین چالاكى بو پێش ده‌ستگیركردنى.


دژایه‌تى پیرباڵ
له‌دواى رووداوه‌كانى 17ى شوباتى 2011و هاتنى فه‌رهاد پیرباڵ بۆناو خۆپیشانده‌رانى به‌رده‌ركى سه‌راى سلێمانى، به‌شى زۆرى خۆپیشانده‌ران ئاماده‌نابن گوێى لێبگرن و ته‌نانه‌ت په‌لامارى ئه‌و نوسه‌ره‌ ده‌درێت كه‌ خۆى به‌سه‌رچاوه‌ى دروستكردنى ره‌خنه‌و په‌روه‌رده‌كردنى گه‌نجى ره‌خنه‌گر ده‌زانى.

پێشتریش له‌ شاری كه‌لار ژماره‌یه‌ك له‌كتێبه‌كانى ده‌سوتێنرێت، لێره‌وه‌ به‌ره‌یه‌كی لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن فه‌رهاد پیرباڵ به‌ پیاوى پارتى و كاركردن بۆ پارتى داده‌نێن و كه‌سێتى فه‌رهاد و به‌رهه‌مى فه‌رهاد لێكجیا ناكه‌نه‌وه‌ و هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ له‌ لایان ره‌تده‌كرێته‌وه‌و ناوبراو چیتر ئه‌و سه‌ردان و گه‌ڕانه‌ى ناو شار و شارۆچكه‌كان كه‌پێشترهه‌یبوو نامێنێت 

 

گومانه‌كانى ده‌ستگیكردن
كاتێك پیرباڵ ده‌ستگیركرا به‌ده‌یان كه‌مپین له‌شارو شارۆچكه‌كانى كوردستان سازكراو به‌ دەیان نوسین و وتار له‌ماڵپه‌ڕ و تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌ بۆ پشتگیرى و داواى ئازادكردنى، پێچه‌وانه‌ى ئازادكردنه‌كه‌ى كه‌هه‌ندێك له‌وانه‌ى له‌كه‌مپین و نوسینه‌كانیان پشتگیرى ئه‌م نوسه‌ره‌یانكردبوو په‌شیمانبوون.
هه‌ندێك پێیانوابوو ده‌ستگیركردنى پیرباڵ دووره‌ له‌هه‌موو رێكارێكى یاسایى و ته‌نها بۆ ترساندنى نوسه‌رانی تر بووە، تاچیتر نه‌توانن ئه‌وانیش ره‌خنه‌بگرن.

 

fg
د.فەرهاد پیرباڵ

هەندێکی دیکەش لە رۆشنبیران و نوسه‌ران ئاماژه‌یان به‌وه‌ ده‌كرد بۆچى كاتێك پیرباڵ دژى حزبه‌ سیاسیه‌كان جگه‌ له‌پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى قسه‌یده‌كرد شێت نه‌بوو! ته‌نانه‌ت پشتگیرو پشتیوانى لێده‌كرا، به‌ڵام ئێستا پێویستى به‌پزیشكى ده‌روونى هه‌یه‌ له‌كاتێكدا نه‌خۆشخانه‌ هه‌یه‌و ده‌توانرێت له‌وێ چاره‌سه‌ربكرێت!.
به‌پێى وتەکانی فەرهاد پیرباڵ بۆ ئامادەکاری ئەم راپۆرتە، ئەو پێش ده‌ستگیركردنى  پرۆژەیەکی لە مێشکدا بووە کە بریتیی بووە لە ( خۆكاندیدكردنى بۆ سه‌رۆكى هه‌رێمی کوردستان و درووستكردنى لیستێك بۆ په‌رله‌مانى كوردستان جیاواز له‌ته‌واوى لیسته‌كانی تر.

هەر بە وتەی  ناوبراو بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ خانوه‌كه‌ى هه‌ولێرى ده‌فرۆشێت و پاره‌كه‌ى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخان ده‌كات.

 

DFC
د.فەرهاد پیرباڵ پثێشرەوی خۆپیشاندانێک دەکات دژی شەری ناوخۆ ـ هەولێر ـ ١٩٩٥

 

ئه‌و لیسته‌ى پیرباڵ ئاماده‌ی كردبوو، به‌شێوه‌یه‌ك بوو گه‌نجێك نوێنه‌رى گه‌نجان و ژنێك نوێنه‌رى ژنان و جوتیارێك نوێنه‌رى جوتیاران بێت، واته‌ به‌پێى پیشه‌و ته‌مه‌ن نوێنه‌ره‌كانى دیاریكردبوو كه‌ ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ ته‌نها جوتیار ده‌نگ به‌نوێنه‌رێكیان بده‌ن و پێشمه‌رگه‌ ته‌نها ده‌نگ به‌نوێنه‌رێكى پێشمه‌رگه‌ى خۆیان بده‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رقاڵى ئاماده‌كاریه‌كانى خۆی بوو.

ده‌ستگیركردنى ناوبراو ئه‌و گومانه‌ى دروستكرد تا دواى ته‌واوبوونى واده‌ى پێشكه‌شكردنى قه‌واره‌ و كیانه‌ سیاسیه‌كان ئازاد نه‌كرا لە زیندان، به‌وه‌ش له‌و مافه‌ بێبه‌ش بوو به‌تایبه‌ت كاندیدبوون و دروستكردنى لیستێك له‌ سنورى ده‌سه‌ڵاتى زه‌رد، هەر بۆیەش تا ته‌واوبوونى ماوه‌ى یاسایى بۆ پێشكه‌شكردنى لیست بۆ په‌رله‌مانى كوردستان ئازاد نەکراوە.

 

هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى پیرباڵ له‌زیندان
دواى زیاتر له‌ چوار مانگ مانه‌وه‌ له‌زیندانى هه‌ولێر رۆژی ١٧ی٧ی ٢٠١٨  فه‌رهاد پیرباڵ له‌زیندان ده‌هێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنیدا ده‌بێته‌ جێگه‌ ره‌خنه‌ى زۆرێك له‌وانه‌ى كه‌مپینیان بۆكرد، به‌تایبه‌ت كه‌خۆى شوبهاند به‌ "سه‌گى به‌رده‌م دەرگاى ماڵی بارزانى"، هه‌ندێك له‌نوسه‌رانیش سه‌ره‌راى تێبینیه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن پێویسته‌ كه‌سێتى و ده‌قى نوسینى نوسه‌ر تێكه‌ڵ نه‌كرێت و ره‌چاوى ئه‌و بارودۆخه‌ش بكرێت كه‌پیرباڵى تێدایه‌.

 

author photo

رۆژنامەنووس

بەکالۆریۆس لە راگەیاندن

بەکالۆریۆس لە زانستە سیایییەکان