پارتی ته‌نورێكى گه‌رم بۆ كۆمه‌ڵى ئیسلامى دادەخات

"كۆمه‌ڵیش قه‌ده‌غه‌ بكرێت حزبێكى دیكه‌ دروست ده‌كه‌ین"

پارتی ته‌نورێكى گه‌رم بۆ كۆمه‌ڵى ئیسلامى دادەخات

2792 خوێندراوەتەوە

به‌هۆى تۆمه‌تباركردنى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌ تێوه‌گلانیان له‌ گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى شاری هەولێر، تا دێـت په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان كۆمه‌ڵى ئیسلامى و پارتى دیموكراتى كوردستان توندتر ده‌بن.

دواى رووداى هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر بیناى پارێزگاى هه‌ولێر ، له‌ رۆژى 23ى ئه‌م مانگه‌، به‌رێوه‌به‌رى ئاسایشى هه‌ولێر رایگه‌یاند: گروپێكى تیرۆرستیان ده‌ستگیر كردووه‌ و سه‌لیم شوشكه‌یش ئه‌ندامى كۆمه‌ڵى ئیسلامى سه‌ر به‌و گروپه‌یه‌ و داعشه‌، سه‌ركرده‌یه‌كى كۆمه‌ڵى ئیسلامیش ده‌ڵێت"پارتى شكستى ئیدارى به‌ئێمه‌ ده‌شارێته‌وه‌."

زانا رۆستایی سه‌ركرده‌ له‌كۆمه‌ڵى ئیسلامى تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ بۆ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌دوێت و ده‌ڵێت: پارتى دیموكراتى كوردستان هه‌ر كاتێك له‌ هه‌ولێر رووبه‌رووى شكستى ئیدارى ببنه‌وه‌ دێن به‌ كێشه‌ درووستكردن بۆ كۆمه‌ڵى ئیسلامى شكسته‌كانیان ده‌شارنه‌وه‌ و خۆڵ ده‌كه‌نه‌ چاوى خه‌ڵك".

کۆمەڵ: ده‌سه‌ڵات لێمان ده‌ترسێت

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بۆچى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵى ئیسلامى تێوه‌گلێنێ له‌ گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌ڵێت: ده‌سه‌ڵات له‌ كۆمه‌ڵ ده‌ترسێت و ده‌زانێت حزبێكه‌ رۆژ به‌رۆژ گه‌شه‌ ده‌كات بۆیه‌ تۆمه‌تى داعش بوون ده‌خاته‌ پاڵ ئه‌ندامه‌كانى به‌ڵام كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌سه‌ر نه‌هجى میانره‌وى خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت و چۆك دانادات.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ده‌ڵێن ئه‌ندامى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌نێو ئه‌و سێ کەسەدا هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر بیناى پارێزگاى هه‌ولێر زانا رۆستایی ده‌ڵێت: ئێمه‌ش ده‌توانین بیسه‌لمێنین كه‌ كورى ئه‌ندامێكى سه‌ربازى پله‌ باڵاى پارتى له‌ نێو مێردمنداڵه‌كاندا هه‌یه‌ كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر پارێزگا".

،،

زانا رۆستایی: ده‌سه‌ڵات له‌ كۆمه‌ڵ ده‌ترسێت و ده‌زانێت حزبێكه‌ رۆژ به‌رۆژ گه‌شه‌ ده‌كات بۆیه‌ تۆمه‌تى داعش بوون ده‌خاته‌ پاڵ ئه‌ندامه‌كانى به‌ڵام كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌سه‌ر نه‌هجى میانره‌وى خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت و چۆك دانادات.


هه‌روه‌ها زانا رۆستایی ده‌شڵێت: پارتى له‌ ساڵى 2014 وه‌ ئه‌م شه‌ره‌ به‌ كۆمه‌ڵ ده‌فرۆشێت دواى ئه‌وه‌ى مامۆستا سه‌لیم شوشكه‌یی خۆى كاندید كرد و ده‌نگێكى زۆرى هێنا، له‌و رۆژه‌وه‌ تۆمه‌تى داعش بوون و تیرۆر بوون ده‌خاته‌ پاڵ مامۆستا و ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌وه‌ى ساردیان بكاته‌وه‌ له‌ خه‌باتى مه‌ده‌نى.

DFC
زانا روستایی و سەلیم شوشکەیی ـ ئایاری ٢٠١٨


ئه‌و ئه‌ندامه‌ باڵایه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جار نییه‌ كێشه‌یان بۆ درووست بكرێت، به‌ڵام كۆمه‌ڵ هه‌ر به‌رده‌وام بووه‌ چونكه‌ ئه‌وان به‌غیره‌تن و له‌كه‌س ناترسن و كاتێك چه‌كیشیان داناوه‌ به‌ پێویستیان زانیوه‌ چه‌ك دابنێن و خه‌باتى مه‌ده‌نى بكه‌ن و ئه‌مرۆش له‌سه‌ر غیره‌تى خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن.
زۆرجار باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ پارتى شه‌رى ئه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵ ده‌فرۆشێت كه‌ به‌ره‌ى ئه‌نتى پارتى گرتووه‌ته‌ و سیاسه‌ته‌كانى گۆرانى دژ به‌ پارتى ته‌به‌نى كردووه‌ له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوو، ئه‌مه‌ش پارتى زۆر نیگه‌ران كردووه‌.
به‌ڵام رۆستایی ده‌ڵێت كۆمه‌ڵ سیاسه‌تى خۆى هه‌یه‌ و چى له‌به‌رژه‌وه‌ندى خاك و وڵات بێت ئه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌دات نه‌ك سیاسه‌تى هیچ لایه‌نێكى دیكه‌ و گله‌یش له‌ لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت: ئه‌مانه‌ حكومه‌ت نین به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتن كه‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌توانێ له‌ناوت به‌رێ بتكوژێت به‌ڵام حكومه‌ت به‌رپرسیاره‌ و خۆى به‌ خاوه‌نى ئه‌م لایه‌نه‌كان و هاوڵاتیان ده‌زانێت.

" كۆمه‌ڵیش قه‌ده‌غه‌ بكه‌ن حزبێكى دیكه‌ دروست ده‌كه‌ین"
زانا رۆستایی ئه‌ندامه‌ باڵاكه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو شتێك چاوه‌روانكراوه‌ كه‌ بۆ كۆمه‌ڵى ئیسلامى بێته‌ پێش ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داخستنى حزبه‌كه‌شیان بێت به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات بیریان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ حزبه‌كه‌ش دابخه‌ن حزبێكى دیكه‌ داده‌مه‌زرێنن.
ئه‌و ده‌شڵێت: كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ چى ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵ به‌ڵكو كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ وڵات به‌ره‌و وێرانى و خراپبوون ده‌روات به‌م جۆره‌ ركاربه‌رى و خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵاته‌، به‌ڵام هه‌رچییه‌ك به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵ بكرێت یاسا هه‌یه‌ و رێگه‌ى یاسا ده‌گرنه‌ به‌ر.

DF
چەند سەرکردەیەکی کۆمەڵی ئیسلامیی


" په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى باش و به‌رده‌وامن"


رۆستایی له‌كۆتاییدا ئه‌وه‌ش ده‌ڵێـت هه‌رچه‌نده‌ پارتى له‌رێگه‌ى دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتییه‌وه‌ هێرشى بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵ ده‌ست پێكردووه‌ به‌ڵام له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندیی سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ پارتى باشن و به‌رده‌وامن و هیچ كێشه‌یه‌كى جدیان له‌نێواندا نییه‌ به‌ڵام بیروراى جیاوازیان هه‌یه‌ و ده‌كرێ له‌داهاتوودا به‌دانیشتن و رێكه‌وتن چاره‌سه‌ر بكرێن هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا هیچ رێكه‌وتنێكى ئاشكراو نهێنى له‌گه‌ڵ پارتى نییه‌.

دواى ئه‌وه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان چه‌ند ئه‌ندامێكى كۆمه‌ڵى به‌ تێوه‌گلان له‌گه‌ڵ داعش تۆمه‌تبار كرد له‌ سه‌رووى هه‌مویانه‌وه‌ سه‌لیم شووشكه‌ی ئه‌ندامى پێشوى په‌رله‌مانى عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنه‌كه‌یان، ئه‌مرۆ كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئیدانه‌ى ئه‌و كارانه‌ى ده‌سه‌ڵات و پارتى كرد و به‌ بێرێزى كردنى له‌قه‌ڵه‌م داوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ حزبێكى سیاسى كوردستانى خاوه‌ن هه‌ڵوێست دژ به‌ بیرى توندوتیژى

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان