لە عەفرین چی ڕویدا؟ كاردانەوەكان چی بون؟

لە عەفرین چی ڕویدا؟ كاردانەوەكان چی بون؟

2990 خوێندراوەتەوە

ڕوبەڕووبونەوەی توند لەنێوان سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەگەڵ هێزەكانی كورد لە عەفرین لە سوریا ڕویدا، ماوەی دوو ڕۆژە بەشێوەیەكی چڕ توركیا پرۆسەیەكی سەربازی بۆسەر عەفرین دەستپێكردوە، بەوەش بەرەیەكی نوێی شەڕی ناوخۆی لە سوریا كردەوە.

لەكاتێكدا ئەمریكا داوای لە توركیا كرد دانبەخۆیدا بگرێت، تۆپخانەكانی توركیا بەردەوامن لە بۆردومانی بنكە و بارەگای هێزەكانی یەپەگە هاوكات لە خاكی سوریاوە چەند موشەكێك ئاراستەی توركیا كران و لە دوو شارۆچكەی سەرسنور كەوتنەوە و بەهۆیانەوە دەیان كەس بریندار بون، بەپێی قسەی چەند شایەتێك و نوسینگەی سەرۆكی شارەوانیەكان.

ئەوەش لەكاتێكدایە توركیا لە ڕۆژی شەممەوە بە ئامانجی كۆتایی هێنان بە هێزەكانی یەپەگە لە عەفرین هێرشێكی چڕی لەرێگای تۆپخانەكانی و لەرێگای ئاسمانیەوە دەستپێكردوە و ئەم پرۆسەیەشی ناو ناوە "پرۆسەی چڵە زەیتون" .

،،

نوری مەحمودی، بەرپرس لە هێزەكانی پاراستنی گەل رایگەیاند، سەرجەم هێرشە زەمینیەكانی توركیا بەریان پێگیراوە و ناچار بە كشانەوە كراون، وتیشی، روبەروبونەوەی توند لە بەیانیەوە لە چەندین شوێنی عەفرین روبداوە.

توركیا هێزەكانی یەپەگە بە رێكخراوێكی تیرۆرستی وەسفدەكات و بەهۆی پشتیوانیەكانی ئەمریكاوە بۆ ئەم هێزانە تەواو نیگەران بوە، ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا كە پشتیوانی هێزەكانی یەپەگەیە لە روبەروبونەوەی داعش لە سوریا رایگەیاند، "نیگەرانن لە دۆخی عەفرین".

رەجەب تەیب ئەردۆڤان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، هێرشی ئاسمانی بەردەوامە و ئێستا كاتی هێرشی زەمینیە، ببینن چۆن هێزەكانی یەپەگە لەناو دەبەین.

وتیشی، دەریان دەكەین، ئینشائەڵا بەخێرایی پرۆسەكە تەواو دەكەین.

لای خۆیەوە بروسك حەسەكە، وتەبێژ بەناوی هێزەكانی پاراستنی گەل" یەپەگە" رایگەیاند، لە باكور و خۆرئاوای عەفرینەوە لەشەڕ و روبەڕوبونەویەكی تونددان لەگەڵ هێزەكانی سوپای توركیا و هاوپەیمانەكانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

لای خۆشیەوە بن عەلی یەلدرم، سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند، پشتیوانی هێزەكانی سوپای سوریای ئازاد دەكەن لە باكوری سوریا، بە ئامانجی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام بە قوڵایی 30 كیلۆمەتر بە دەوری عەفرینەوە.

پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ئەنقەرە دوای عەفرین

بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە بۆسەر هێزەكانی یەپەگە كە لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرێن، پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و واشنتۆن كە هەردوكیان ئەندامی ناتۆن روبەروی ئاڵۆزی زۆر بۆتەوە.

لای خۆشیەوە هێزەر ناوەرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، داوا لە توركیا دەكەن دان بەخۆیدا بگرێت و گرەنتی ئەوە بدات كە پرۆسە سەربازییەكە سنوردارە لەروی كات و شوێنەوە و گیانی هاوڵاتیانی مەدەنیش پارێزراوبێت.

لای خۆشیەوە جیم ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمریكا، رایگەیاند، توركیا ئەمریكای ئاگاداركردۆتەوە پێش دەستپێكردنی پرۆسەكەی بۆسەر عەفرین.

لەلایەكی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی میسر پرۆسەی سەربازی توركیای لە عەفرین رەتكردەوە و رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی توركیا شكاندنی سەروەری سوریایە و هەوڵە سیاسیەكان بۆ چارەسەر و كۆتایی هێنان بە تیرۆر لەو وڵاتە لەناو دەبات.

تەئكیدیش دەكاتەوە ئەم هەنگاوەی توركبا گەلی سوریا گرفتارتر دەكات، پێویستە سەروەری خاكی سوریا و یەكپارچەیی ئەو وڵاتە پارێزراو بێت.

لای خۆیەوە سیرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، هەنگاوە تاك لایەنەكانی ئەمریكا لە سوریا، بوە هۆی توڕەیی توركیا.

تورەیی و نیگەرانیەكانی توركیا بەتایبەتی دوای ئەوە دەستیپێكرد كە ئەمریكا پرۆسەی راهێنانی سەربازی بە 30 هەزار كەس لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا راگەیاند، كە لەژێر دەستی هێزەكانی پاراستنی گەل " یەپەگە" دان.

یەكەم شكستی پرۆسەكەی توركیا

نوری مەحمودی، بەرپرس لە هێزەكانی پاراستنی گەل رایگەیاند، سەرجەم هێرشە زەمینیەكانی توركیا بەریان پێگیراوە و ناچار بە كشانەوە كراون، وتیشی، روبەروبونەوەی توند لە بەیانیەوە لە چەندین شوێنی عەفرین روبداوە.

توركیا ئاشكرایكرد كە لەناو ئامانجەكانیاندا چەند خێمەیەكیان لەناو ئاوارەكاندا كردۆتە ئامانج كە یەپەگە وەك حەشارگە بەكاری هێناون، لەبەرامبەر هێزەكانی یەپەگە دەڵێن، هێرشەكانی توركیا چەندین مەدەنین كوشتوە، جگە لەوەش توركیا ناوچە مەدەنیەكان و خێمەی ئاوارەكانی كردۆتە ئامانج.

هێزەكانی سوپای سوریا ئازاد

رائید یاسر عەبدولرەحیم، سەركردەیەك لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئاشكرایكرد كە 25 هەزار كەس لە سوپای سوریای ئازاد بەشدارن لەو پرۆسەیەدا بۆ ئازادكردنەوەی گوندە عەرەبیەكان كە لە پێشتردا هێزەكانی یەپەگە كۆنترۆڵیان كردون.

وتیشی، ئێمە نامانەوێت بچینە ناو عەفرین تەنها دەمانەوێت ئامانجە عەسكەرییەكان لەو شارەدا بپێكین، دەمانەوێت شارەكە گەمارۆ بدەین و هێزە میلیشیامانی لێ‌ بكەینە دەرەوە، ئێمە گرفتمان لەگەڵ هاوڵاتیانی مەدەنی نیە.

وتیشی، هەنگاوی یەكەم پاككردنەوەی 16 گوندی عەرەبیە كە میلیشیاكان بەهاوكاری هێزی ئاسمانی روسیا كۆنترۆڵیان كردوە.

لای خۆشیەوە پەیامنێری رۆیتەرز ئاشكرایكرد لە شارۆچكەی ئەعزازی سنوریی لە باكوری سوریا كە لەژێر دەستی هێزەكانی سوپای سوریای ئازاددایە، گوێی لە چەندین تەقینەوە بوە كە دواتر دوكەڵێكی زۆر بەسەر شارەكەدا بڵاوبۆتەوە، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی هێشتا هێزەكانی پاراستنی گەل "یەپەگە" لەو ناوچەیەن.

.

سەرچاوە: رۆیتەرز

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو