ڕۆڵی پیاوه‌ یاخییه‌كه‌ له‌ حكومه‌تی ئـایـنـدەی عـێـراقدا

ڕۆڵی پیاوه‌ یاخییه‌كه‌ له‌ حكومه‌تی ئـایـنـدەی عـێـراقدا

1104 خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر بەپیاوە یاخییەکە ناسراوە کە هەمیشە دەیەوێ جیاواز دەربکەوێت، سەردانکردنی بۆ سعودیه‌ یاخیبوونێکی گەورەیە هەم به‌رانبه‌ر بەشێک لەشیعەکان‌و هەم بۆ ئێران، ئەو بێئەوەی خاوەنی ڕەوانبێژی بێ لە ئاخاوتندا، هەمیشە بەزمانی سادە قسەدەکات‌و لەڕێگەی جوڵاندنی شەقامەوە گوشار بۆ سه‌رحكومه‌ت‌و نه‌یاره‌كانی دروست ده‌كات، ڕه‌نگه‌ ده‌نگه‌ زۆره‌كه‌ی كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار به‌ده‌ستی هێنا، به‌شێكی به‌رهه‌می ئه‌مه‌ بێت‌و ئه‌و ببێتە ئەوکەسەی کە بانگێشتی لایەنەکان بکات لە حکومەتی داهاتوی عێراق .

موقتەدا سەدر کێیە؟

موقتەدا سەدر لە ڕۆژی ١٢ئابی١٩٧٣. لەبنەماڵەیەکی ناسراوی ئاینی شیعە مەزھەب، لەشاری نەجەف چاوی بەدنیا ھەڵھێناوە، ئەم منداڵە لەژێر دەستی باوکی کە پیاوێکی ئاینی بووە زانستی ئاینی خوێندووەو فێربووە، پاش ئەوەی باوکی و دووبرای لە لایەن رژێمی بەعسەوە لە ساڵی ١٩٩٩ تیرۆر دەکرێن، ئەمیش عێراق جێدەھێڵێت‌ و لەشاری قومی ئێران نیشتەجێ دەبێت‌، لەوێ درێژە بەخوێندنی ئاینی دەدات لە حەوزەی عیلمی ئەو شارە.

 

 
سەدر لە دوای نەمانی باوکی

سەدر پاش لە دەست دانی باوکی و دووبرای لە ڕووداوێکی تەموومژاوی کە ھەرچەندە حکومەتی بەعس چەند کەسێکی لەسەر ڕووداوەکە سزادا، بەڵام بنەماڵەی سەدر پێیانوایە بەعس خۆی ئەو کارەی ئەنجام داوە، لەپاش ئەم ڕووداوانە سەرکردایەتی جوڵانەوەیەکی یاخییبوانە دەکات لەدژی ڕژێمی بەعس، دواتر ناوی لێنرا (ڕاپەڕینی ١٩٩١).

سەدر دوای ڕووخاندنی حکومەتی عێراق

پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لەلایەن ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە ساڵی ٢٠٠٣، کەوتە دژایەتیکردنی ئاشکرای بوونی سوپای ئەمریکا لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش سوپای مەھدی پێکھێنا. ساڵی ٢٠٠٤ چووە شەڕی چەکدارییەوە لەگەل ھێزەکانی ئەمریکا لەچەندین شاری عێراق.

 

 
سەدرو دژایەتیکردنی ھەریەکە لە ئێران و ئەمریکا


سەدر دژی ھەر دەستوەردانێکی وڵاتانی ئەمریکا و ئێران بوو لە کاروباری عێراق وەک دوو جەمسەری دژبەیەک، ئەو پێیوایە کە دەبێت بڕیارەکانی عێراق لە بەغدادی پایتەختەوە بدرێن، نەوه‌ک لە پایتەختی وەڵاتانی ترەوەو سەروەری عێراق بپارێزرێ، دژایەتییە ئاشکراکەی لە رابردوو کە بە ئاشکرا کەوتە دژایەتی ئەمریکا بە ھەمان شێوەش دژایەتی وڵاتی ئێرانیش دەکات، سەدر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ حکومەتی داھاتوو ھەڵقوڵای خەڵکی عێراق بێت، ئێران دەست وەردنەداتە کاروباری عێراق‌و پرسی حکومەت پرسی خەڵکی عێراقە نەک وڵاتانی دراوسێ.

 

تێروانینەکان سەبارەت بە موقتەدا سەدر


سەدر جیاواز لە سەرکردەکانی تری شیعە، بە کەسێکی ئاڵۆز دادەنرێت‌و تێگەشتن لەم پیاوە ئاسان نییە لە چاو سەرکردەکانی تری شیعە بەرامبەرەکانیشیان ھەمیشە بەچاوێکی تر تەماشای دەکەن‌و تەنانەت ئەمریکاو ئێرانیش نازانن لایەنگری کامیانە، ئەم پیاوە ڕاستە شیعەیه‌ولەحەوزەی عیلمی شیعەکان خۆێندوێتی، بەڵام لەجیاوز لە شیعەکان بیردەکاتەوە، ھەر ئەم جیاوازییەش وایکردووە ھەمیشە بەرامبەرەکانی بە ئێران وئەمریکاوە بەچاوێکیتر بڕواننە ئەم پیاوەو بائاگاییەوە رەفتاری لەگەل بکەن، هه‌ر جیاواز لەسەرکردەکانی تری عێراق، ھەمیشە بریارەکانی سەیروسەمەرەو ھەنگاوەکانی چاوەڕواننەکراوە، ھەمیشە رەخنەدەگرێت لەدەسەڵاو حکومرانەکان.

 

 

ڕۆژی ١٢ ئایار

 
لە ڕۆژی ١٢ ئایار ئەم پیاوە عەمامە بەسەرو عەبا لەبەرە کە تەمەنی گەیشتۆتە ٤٥ ساڵ، لەگەڕەکێکی شاری نەجەفی خۆشەویستی شیعەکان لە قوتابخانەیەکی سەرەتای ئەم پیاوە جیاواز لە سەرکردەکانی تری عێراق کە لەبنکەی دەنگدانی vip لە ھۆتێلە پێنج ئەستێرەییەکان دەنگ دەدەن، ئەم بەبێ پاسەوان و ئۆتۆمبیلی جام رەش‌و سەیارەی گوللە نەبڕو چاودێرییەکی توندو تۆڵ بە پیادە بەرەو ئەوشوێنە دەچوو کە دەنگی لێ دەدا،ئەو كه‌ (ھاوپەیمانی سائیرون)ی پێکھێنا کە تێکەڵەیەکە لە شیعەو حیزبی شیوعی و لیبڕاڵ، دوای ئاشکراکردنی دەنگەکان بە پێچەوانەی ھەموو پێشبینیەکان کە دەکران لە ناوخۆ ودەرەوەی عێراق بۆ ئەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراق کە زۆرێک لە پێشبینیکەران پێیان وابوو وایان پێشنیار دەکرد کە حیزبەکەی (حیدەر عەبادی) دەبێتە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە، بەڵام بە پێچەوانەو بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ھەموو ڕکابەرەکانی توشی شۆک کرد کاتێ ھاوپەیمانێکەی بە بەدەستھێنانی (٥٤) کورسی پەرلەمان بووە براوەی ھەڵبژاردنەکەو بووە یەکەم کوتلەی پەرلەمان‌و حیزبەکەی عەبادی بە پێچەوانەی پێشبینیەکەن لەدوای حیزبەکەی (ھادی عامری) لـەپـلەی سێیەم دایە.


ئێستا کە ھەموو رێگاکان و ھەموو دەرگاکان وھەموو وەفدە سیاسیەکان دەچنەوە سەر ڕێگەی ماڵی موقتەدا سەدر. ئێستا ھەموو چاوەکان و ھەموو گوێیەکان چاوەڕوانی ھەنگاو وگوفتارەکانی ئەو پیاوە ئاینیەن.

 
ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەت

سەدر بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ عێراق بۆچوونی وایە کە دەبێت حکومەتی داھاتوو حکومەتی ھاوڵاتیان بێت‌و عێراقیەکان تێدا پێشەنگ بن و ببنه‌ بنەمای سەرەکی پێکھێنانی حکومەت، رەخنەی توندیش لە نفوسی ئێران و ئەمریکا لەعێراق دەگرێت، ھۆشداریدایە ئەو دوو وڵاتەکە دەست وەردان نەکەن.
بە وتەی وتەبێژی سائیرون بۆ پێکھێنانی حکومەت سەروەری عێراق دەبێتە بنەمایەک و حکومەتی نوێی پێ دەناسرێتەوەو ھەوڵەکانی بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامە سەرەرای بەربەستەکانی کە لەلایەن ئێران بۆی دادەنرێت، چونکە ئێران سەرکەوتنی سەدر بە ھەڕەشە ناودەبات بۆ سەر نفوزیان، لەبەر ئەوەی سەدر بەناوی زۆرینەی شیعەکانەوە قسەدەکات.

 
لەماوەی پێشوو لەگەل سەرۆکی رەوتی حیکمە کۆبونەوە ئەمەیش بەھەمان شێوە بەلای ئێرانه‌وه‌ باش نییە، چونکە حەکیمیش دوور کەوتۆتەوە لە خولگەی ئێران.
لەئەگەری سەرنەکەوتنی ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی حکومەت بەھۆی بەربەستە دەرەکیەکان و ڕێکەوتنی زۆرینەی شیعەکانی سەر بەئێران بۆ پێکھێنانی حکومەت جیا لە سەدر کارێکی وا سادەو ئاسان نابێت لەبەر ئەوەی سەدر، ھەم خاوەنی ھێزی چەکدارییەو ھەمیش پێگەو قورسیایی ھەیە لای جەماوەرو بە پیاوی نیشتمانی ناودەبرێت و توانای جوڵاندنی شەقامی ھەیە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس