ئایەتوڵا سیستانیی، ئەو ئێرانییەی خاوەنی دوا قسەی عێراقە

شەش ساڵە دەرگای ماڵەکەی بە ڕووی بەرپرسانی باڵای عێراقدا داخستووە

ئایەتوڵا سیستانیی، ئەو ئێرانییەی خاوەنی دوا قسەی عێراقە

1508 خوێندراوەتەوە

تەمەنی خەریکە دەچێتە سەرو 85 ساڵ، لە کۆڵانێکی تەنگەبەر و خانویەکی کۆنی بەشە مێژویییەکەی شاری نەجەفدا ژیانێکی سادە بەسەردەبات، کەچی فەتوا و رێنماییە نوسراوەکانی لە عێراقدا بێ چەند و چون حوکمی قانونیان هەیە. هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت بەئاسانی بڕگەكانی دەستوریش پەکبخات، ئەو پیاوە، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانییە.

 

لە ئێرانەوە بۆ عێراق

رەنگە ئایەتوڵڵا سیستانی وەک مەرجەعی کۆچکردو موحسین ئەلحەکیم (1970 مردوە) خاوەن کەسایەتییەکی کاریزماتیک و باکگراوندێکی ئاینیی گەورە نەبێت، بەو پێیەی لە بنەماڵەیەکی زۆر ناسراوی نەجەفیی نییە و لە شاری مەشهەدی ئێرانەوە هاتوە، بەڵام لە سەردەمی مەرجەعییەتی ئەمدا شیعەی عێراق لە دۆخی چەوسانەوەو تەنگپێهەڵچنینەوە پەڕینەوە بۆ سەر تەختی حوکمڕانیی بەغدا.

لەم گۆڕانە مێژوییەدا کە لە عێراق رویدا، سیستانی شەڕەفی مامانێتیکردنی لەداییکبونی ئەم حوکمڕانییە شیعییەی ئێستای پێ بڕا. ئەمە لەکاتێکدا مەرجەعەکەی پێش خۆی کە گەورە مامۆستا و پەروەردەکاری بو، ئەبولقاسمی خوئی، لە دەمی راپەڕینە جەماوەرییەکەی 1991ی باشوری عێراقدا بەتۆبزی لە نەجەفەوە برا بۆ دیداری سەدام حسێن، لەسەر تەلەفزیۆنی عێراقیش فەتوای پێدرا کە ئەو ڕاپەرینە فیتنە و کاری ئاژاوەچییەکانە و دەبێت بەزویی کۆتایی پێ بهێندرێت، بەمەش گەنجە شیعە خوێن ـ گەرم و راپەڕیوەکانی لە خۆی تۆراند و وێنە پیرۆزەکەی وەک رێبەری دین و دونیای شیعە کەمێک شێوا.


هەمو ئەو گێڕانەوانەی لە ناوەندی شیعییدا هەن لەبارەی منداڵیی و پێگەیشتن و دەرکەوتنی سیستانییەوە وەک هەمان ئەو چیڕۆکانەن کە لەبارەی کەسانی هەڵکەوتو و بەهرەدار و داناوە بیستراون. لە زیرەکیی و قوڵبونەوە لە بیرکردنەوە و بێمنەتیی لە بەرژەوەندییە دونیاییەکاندا.

،،

سیستانی لە 1951دا هاتۆتە عێراق، تا ئێستا هەڵگری رەگەزنامەی ئەم وڵاتە نییە، بەڵام ئێرانیبونەکەی و نەبونی رەگەزنامەی عێراقیی نەبوەتە رێگر لەبەردەم ئەوەی ببێتە خاوەنی قسەی یەکەم و کۆتایی لە کاروبارەکانی وڵاتدا، دوای 2003 پێشنیازکرا رەگەزنامەی عێراقیی پێ بدرێت بەڵام رەتیکردەوە

ئەو دروست لە 1951دا هاتۆتە عێراق، تا ئێستاش هەڵگری رەگەزنامەی ئەم وڵاتە نییە، بەڵام ئێرانیبونەکەی و نەبونی رەگەزنامەی عێراقیی نەبوەتە رێگر لەبەردەم ئەوەی ببێتە خاوەنی قسەی یەکەم و کۆتایی لە کاروبارەکانی وڵاتدا. هەرچەندە دوای 2003 پێشنیازکرا رەگەزنامەی عێراقیی بدرێتە سیستانی، بەڵام ناوبراو ئەم باسەی رەتکردەوە و وەک زۆر شتی دیکە بەبێدەنگی کوشتی بۆ ئەوەی مۆرکی نێونەتەوەییی دین و مەزهەب وەک خۆی بمێنێتەوە و هەواداران و پەیڕەوکەرانی لە ئێران و وڵاتانی دیکەی دونیا هەڵویستەکانی پەیوەستنەکەنەوە بە رەگەزنامەکەیەوە.

 

dfc
ئایەتوڵا عەلی سیستانی لە تەمەنی لاویدا

جگە لەمەش ئەگەر کەسێک 35 ساڵی ژیانی لەژێر دەستی ئاسنینی رژێمی بەعسدا بەبێ رەگەزنامە بەئاسایی گوزەراندبێت ئێستا چ پێویستی بە رەگەزنامەی عێراق هەیە لە کاتێکدا شەش ساڵی تەواوە وەک ناڕەزاییەک لە کارەکانیان دەرگای ماڵەکەی لەسەر سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران، سەرۆک پارلەمان، وەزیرەکانی عێراق داخستوە و هەمویان ئاواتەخوازن دەرگایان لێ بکاتەوە تا لەڕێی دیداری ئەوەوە، وێنەی خۆیان لەبەر چاوی پێکهاتەی زۆرینەی عێراق جوان بکەن.

 

دەرکەوتنی وەک مەرجەعی باڵا


هەرچەندە ناوبانگی سیستانیی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی پاش مەرگی ئایەتوڵڵا خوئیی گەورە مەرجەعی شیعە (1992) و نوێژکردنی سیستانی لەسەر تەرمەکەی لەناو مەزاری ئیمام عەلییدا، بەڵام تا هەردوو شەرعزانی شیعەی هاوئاستی خۆی کە لە نەجەف بون، مورتەزا بروجەردی و میرزا عەلی غرەوی، لە 1998 دا تیرۆر نەکران، سیستانی نەبوە مەرجەعی باڵا.

سەرەڕای ئەوەی لەنێوان 1998 ـ 2003 سیستانی هیچ چالاکییەکی نەبوە و تەنانەت دەرگای فەتوادان و میوانداریکردنی خەڵکیشی داخستوە، بەڵام لەگەڵ روخانی رژێمدا (2003) وەکو بەهێزترین پیاوی عێراق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان و حاکمی مەدەنیی ئەمەریکا لە عێراق، پۆڵ بریمەر، لەسەر دانانی دەستور و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، کەوتوەتە دانوستان و بیروڕا گۆڕینەوە.

لە دەمی هەڵبژاردنە گشتییەکەی 2004ـ 2005یشدا سەرپەرشتیی پێکهێنانی ئیئتیلافێکی یەکگرتوی شیعیی کرد کە بەهاوکاریی کورد و بەشێوەی هەمیشەیی پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیران و جومگە گرنگەکانی دیکەی حوکمڕانیی عێراقی گرتەدەست.

ئەم دەسەڵاتە مەعنەویی و هێزە گەورەیەی سیستانییش هەڵقوڵاوی بایەخپێدانی خوئی مامۆستای و ئەمری واقیعە وەک کەسی یەکەمی حەوزەی ئایینیی نەجەف کە مێژوی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی پێنجەمی کۆچیی.

،،

ئەم دەسەڵاتە مەعنەویی و هێزە گەورەیەی سیستانی هەڵقوڵاوی بایەخپێدانی خوئی مامۆستای و ئەمری واقیعە وەک کەسی یەکەمی حەوزەی ئایینیی نەجەف کە مێژوی دامەزراندنی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی پێنجەمی کۆچیی.

 

لە ئێستاشدا سیستانی جگە لە عێراق لە ئێران، هیند، پاکستان، لەناو شیعەکانی سعودیە و وڵاتانی کەنداو، هەردو ئەمەریکا و ئوستورالیا بە ملیۆنەها کەس بە مەرجەعی تەقلیدی خۆیانی دەزانن و پەیڕەوی لە فەتوا و ئیجتیهادە فیقهییەکانی دەکەن.

 

ململانێی نفوز و داهات


لە ئێستادا سیستانی بە "مەرجەعی باڵای تایفەی ئیمامی" دەناسرێت لە سەرانسەری جیهاندا، بەڵام تاقە مەرجەعی بێڕکابەر نییە و لە پەنا سیستانییدا شیعەکان چەندین مەرجەعی دیکەی گەورەی تەقلیدیان لە عێراق، ئێران و لوبنان هەیە. لەئایینزای شیعەدا مەرجەع جگە لە فەتوای ئایینیی، ئیدارەکردنی "مافە شەرعییەکان"یشی بە دەستە کە بریتییە لە کۆکردنەوەی زەکات و سەدەقە، ئیدارەکردنی ئەوقاف، خاوەندارێتی داراییی گشتیی (الٲموال العامة)، جگە لەمانەش هەمو تاکێکی شیعەش دەبێ پابەندبێت بەوەی ساڵانە پێنج یەکی (خمس)ی داهاتەکەی رادەستی خەزێنەی ئەو مەرجەعییەتە بکات کە شوێن فەتوا و رێنماییەکانی دەکەوێت.

کۆی قەبارەی ئەم داهاتانەش دەگەنە ملیۆنەها و ملیارەها دۆلار و بەشێکن لە هۆکاری ناواخن و پشت پەردەی ململانێی مەرجەعەکانی تەقلید، چونکە سەرجەمیان لە پێشبڕکێی بەخشینەوەی پارە و دروستکردنی پڕۆژە و پەیداکردنی شوێن پێ هەڵگری زیاتر دان. زۆرجاریش باڵادەستی بۆ دەوڵەمەندترینیانە وەک ئەوەی کە ئێستا عەلی خامنەیی دەیەوێت لەڕێی زیادکردنی موچەی فەقێکانی حەوزەی هەواداری (مقلد) خۆیەوە لە شاری نەجەف جێگە بە نانە دەروێشییەکەی سیستانی لێژ بکات.

 

df
چاخواردنەوە لەژێر وێنەی ئایەتوڵا سیستانیدا ـ نەجەف ـ ٢٠٠٥.١.١٣ ـ فۆتۆ: رۆیتەرز


لەسەر ئاستی عێراق هیچ مەرجەعێک رکابەریی سیستانی پێ ناکرێت لە پارە و داهاتدا بەو پێیەی گەورە مەرجەعی باڵا و خاوەن زۆرترین هەوادارە، بەڵام لەسەر ئاستەکانی دی بەدور نییە لە رەخنە و ناڕەزایی و هەمیشە پرسیاری ئەوە دەکرێت چۆن سیستانی بەسەلامەت لە دەستی بەعس دەرچوە لە کاتێکدا زۆربەی ئایەتوڵڵا و شەرعزانەکانی دی هاوڕێ و هاوئاستی ئەو تیرۆر یان ئیعدام کراون.

پێگەی فەرمی نوسینگەی سیستانی لە میانەی ژیاننامەی ناوبراودا پارێزگاریکردن لە مانەوەی حەوزەی ئایینیی شیعە بە دەستکەوتی جیهاد و خۆڕاگریی سیستانی لە قەڵەم دەدات. لە تێکڕای 35 ساڵی تەمەنیدا لەژێر دەستەڵاتی بەعس، سیستانی تەنها لە راپەڕینەکەی 1991دا ماوەیەک لە ئوتێل دەستبەسەرکراوە. بە قەولی نوسینگەکەشی "دواتر بە بەرەکەتی ئالوبەیت ئازادبوە".

هەروەها بانگەشەی ئەوەش دەکات کە بەڵگەنامەکان دەریدەخەن چەندینجار پلانی تیرۆرکردنی داندراوە بەڵام "فێڵی خودا پێش فێڵی پیلان گێڕان کەوتوە". پێدەچێت ئەم بانگەشەی نوسینگەی سیستانی جێگەی بڕوای تەواوی جەماوەری شیعە نەبێت، چونکە هەندێکجار هەوادار و ئۆرگانەکانی نزیک لەم مەرجەعە ناچار بون باس لەوە بکەن لە کۆی 12 ئیمامی مەعسومی شیعە تەنها حوسێن و مەهدی دژی رژێمی حوکمڕانی سەردەمی خۆیان راپەڕیون، "تەنانەت ئیمام حوسێنیش بۆ چاکسازیی هات بۆ عێراق نەک بۆ روخاندنی حوکمی یەزید لە شام"، ئیتر بۆچی سیستانی جاڕی یاخیبون بدات لە دژی سەدام؟ بە لای ئەوانەوە گرنگ پاراستن و سەروکاریکردنی حەوزەی ئایینیی بوە کە کانیاوی شیعەگەرییە نەک شۆڕش و سیاسەت و بەرەنگاریکردنی رژێم.

 

مەرجەعیەتی بێدەنگ و مەرجەعیەتی گۆیا (بوێژ)


بەپێی پۆلێنی شیعەناسەکان مەرجەعیەتی سیستانی گوزارشتە لە جۆرە مەرجەعیەتێک کە لە ئەدەبییاتی نوێی هەندێک لە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعییدا پێیدەگوترێت "بێدەنگ ـ صامت"، ئەم تەرزە شیعەگەرییەش زیاتر لە تەسەوف و کەنارگرتنەوە نزیکە، وا ناسراوە کە زۆربەی پرسەکان بەبێدەنگیی بەڕێدەکات لەپێناو سەلامەتیی مەزهەبدا.

،،

مەرجەعیەتی سیستانی گوزارشتە لە جۆرە مەرجەعیەتێک کە لە ئەدەبییاتی نوێی هەندێک لە پەیڕەوانی مەزهەبی شیعییدا پێیدەگوترێت "بێدەنگ ـ صامت"، ئەم تەرزە شیعەگەرییەش زیاتر لە تەسەوف و کەنارگرتنەوە نزیکە، وا ناسراوە کە زۆربەی پرسەکان بەبێدەنگیی بەڕێدەکات لەپێناو سەلامەتیی مەزهەبدا.

 

dfc
چەکدارە شیعەکان وێنەی ئایەتوڵا عەلی سیستانیان بەرزکردووەتەوە ـ عێراق ـ ٢٠١٥

 

بەرانبەر بەمەش رەوتێکی شیعەگەریی شۆڕشگێڕ هەن کە بە گۆیا (بوێژ) ناسراون، ئەمانە جگە لە ئایینداریی و خوێندنی حەوزە، کار بۆ هاتنەکایەی دەوڵەتی ئیسلامییش دەکەن و لەسەر دەستی محەمەد باقر سەدر (دامەزرێنەری حیزبی دەعوە) رەنگڕێژیی بۆ کراوە. لەسەر دەستی خزمەکەشی محەمەد سادق سەدر (باوکی موقتەدا و مامۆستای رێبەری روحیی حیزبی فەزیلە محەمەد یەعقوبی) دەرکەوتوە و ناسراوە، ئەنجامیش بوەتە هۆی لەسێدارەدانی سەدری یەکەم (1980) و تیرۆرکردنی سەدری دوەم و موستەفا و موئەمەلی کوڕی (1998)

هەرچەندە ساڵانێکی زۆر ئەم بابەتە تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانی شەقامی شیعیی بوو، بەڵام پاش ئەوەی مەرجەعییەتی سیستانی مینبەری سەحنی حوسەینی کەربەلای کردە دەلاقەیەک بۆ شەنوکەوی هەفتانەی بارودۆخی عێراق، چی دی مانایەک بۆ چەمکی "مەرجەعییەتی بێدەنگ" نەمایەوە، بەتایبەت بەم دواییانە کە سیستانی زنجیرەیەک هەڵوێستی بنبڕ و جومگەیی راگەیاند کە دیارترینیان بریتی بو لە پێداگریی لەسەر گۆڕینی مالیکی، فەتوادانی بۆ جیهاد لەدژی داعش و پێکهێنانی حەشدی شەعبیی، پێداگریی بەردەوام لەسەر پێویستیی ریفۆرم لەسەرجەم کەرتەکانی وڵات.

لە ئێستادا هەندێک پێیانوایە ئەگەر مەرجەعییەتی سیستانی نەبوایە کە سەدرییەکان و حیزبی دەعوە و فەزیلە بە کلاسیکی ناوی دەبەن، ئەوا داعش حوکمڕانیی شیعەی لە عێراق دەکردە بەشێک لە مێژوو لە کاتێکدا ئەوان کە خۆیان بە شۆڕشگێڕ دەزانن نەیانتوانی بەرگریی لە خاکی عێراق بکەن. ئەمەش تای تەرازوەکەی بە لای سیستانییدا لاسەنگ کردوە.

 

author photo

نوسەر و ڕۆژنامەنوس