ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر خه‌تن بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان

"لایه‌نه‌ نارازییه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ی پارتی و یه‌كێتیه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخه‌ن"

ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر خه‌تن بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان

739 خوێندراوەتەوە

پرسی دواخستنى هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بووه‌ته‌ بابه‌تێكى گه‌رمی نێوان لایه‌نه‌كان، به‌پێی زانیارییه‌كانی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینیش له‌ ئێستادا ئه‌مریكیی و ئێرانییه‌كان له‌سه‌ر خه‌تن تاوه‌كو لایه‌نه‌كان رازیی بكه‌ن به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردن، په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش ده‌ڵێت:"لایه‌نه‌ نارازییه‌كان داوایان لێكردووین له‌گه‌لَ پارتی پێكه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن دوابخه‌ین".

 

به‌ڵێن ئیسماعیل، ئه‌ندامى ژوورى هه‌ڵبژاردنى بزووتنه‌وه‌ى گۆران سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ بۆ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین ده‌دوێت و ده‌ڵێت: "گۆران پێى باشه‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆیدا بكرێت و یارى به‌ ئیراده‌ى هاوڵاتیان نه‌كرێت و ئه‌و پاساوانه‌ش كه‌ یه‌كێتى و پارتى ده‌یهێننه‌وه‌ بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردن پاساوى لاوازن".
ده‌شڵێت: "ئێمه‌ وه‌ك گۆران ئاگادارین كه‌ لایه‌نێك هه‌یه‌ به‌جدى ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردن دوا بخات چونكه‌ له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى ده‌ترسێت و ده‌زانێت بارودۆخى حزبه‌كه‌ى بۆ هه‌ڵبژاردن له‌بار نییه‌ و زۆر خراپه‌".


سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتیش كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت زۆرتر ئه‌و حزبه‌ له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانه‌، زانا عه‌بدولره‌حمان، ئه‌ندامى په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنى یه‌كێتى پێیوایه‌ حزبه‌كه‌ی بارودۆخى له‌ هه‌موو حزبه‌كانی تر باشتره‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردن ناترسێت، چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوو بینرا كه‌ یه‌كێتى چ ده‌نگێكى زۆرى هێنا.


به‌پێی زانیارییه‌كانی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینیش له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، كۆده‌نگیه‌ك له‌ ناو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی هه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ پارتی پرسی دواخستنی هه‌ڵبژاردن باس بكات.

،،

زانا عه‌بدولره‌حمان:  حزبه‌كه‌م بارودۆخى له‌ هه‌موو حزبه‌كانی تر باشتره‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردن ناترسێت، چونكه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوو بینرا كه‌ یه‌كێتى چ ده‌نگێكى زۆرى هێنا.


هه‌روه‌ك دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین زانیوویه‌تی، له‌سه‌ر دانه‌كه‌ی هه‌فته‌ی پێشووی برێت ماكگۆرك نوێنه‌ری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، داوای له‌ سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌كان كردووه‌ كه‌ له‌ 30ی ئه‌یلول هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام نه‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار ناكۆكی و كێشه‌ی له‌ نێوان لایه‌نه‌كان دروست كردووه‌، بۆیه‌ دوور نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت ئه‌م كێشانه‌ قوڵتر ببنه‌وه‌ و لێكترازاندنی زیاتر له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا رووبدات، بۆیه‌ ماكگۆرك به‌ باشی زانیووه‌ له‌ بری سه‌رقاڵبوون به‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ كورد خۆی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق ته‌رخان بكات.

 

dfd
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ـ ٢١ی ئەیلولی ٢٠١٣


سه‌باره‌ت هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتى باس له‌وه‌ ده‌كات" له‌ رووى ئه‌منیی و مادیی و ماندوویه‌تى هاوڵاتیانه‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌بار نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن نه‌ك ئه‌وه‌ى یه‌كێتى بارودۆخى گونجاو نه‌بێـت".
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كگرتووش به‌ دیپلۆماتیك مه‌گه‌زینی وت:"یه‌كێتى كێشه‌ى ناوخۆیی هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ریان بكات و دڵنیاشم كه‌ ناتوانێت وه‌ك هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایار ساخته‌كارى بكات بۆیه‌ داواى دواخستنى هه‌ڵبژاردن ده‌كات".


هه‌ڵه‌دنى ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بیانووى ده‌سه‌ڵات لایه‌نى مادیه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن زۆرى تێ ده‌چێت ئه‌وه‌ بیانوویه‌كى زۆر بێ مانایه‌ چونكه‌ پاره‌ له‌ شوێنى دیكه‌ ته‌خشان و په‌خشان ده‌كرێـت نه‌ك هه‌ڵبژاردن، بیانووى ئه‌وه‌ش كه‌ هاوڵاتى بێهیواو بێ تاقه‌ت بێت دیسان هه‌ر یه‌كێتى و پارتى وایان له‌ هاوڵاتیان كردووه‌ به‌ڵام ئه‌مانه‌ ناكه‌نه‌ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت".

،،

ئەبوبەکر هه‌ڵه‌دنى: بیانووى ئه‌وه‌ش كه‌ هاوڵاتى بێهیواو بێ تاقه‌تە لە هەڵبژاردن هه‌ر یه‌كێتى و پارتى لێی بەرپرسیارن به‌ڵام ئه‌مانه‌ ناكه‌نه‌ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن دوابخرێت.


هه‌روه‌ك به‌پێی زانیارییه‌كانی دیپلۆماتیك مه‌گه‌زین له‌م هه‌فته‌یه‌دا وه‌فدێكی باڵای ئێران ده‌گه‌نه‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌، ئامانجی سه‌ره‌كیشیان رازیكردنی هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارد نه‌كرێت، چونكه‌ ئێرانییه‌كان پێیانوایه‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دۆخه‌كه‌ ناسه‌قامگیرتر ده‌كات و ره‌نكه‌ كێشه‌ی ئه‌منیشی لێ بكه‌وێته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ سنوری سلێمانی.

 

dfc
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان ـ هەولێر

ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌ى یه‌كێتى ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ راى به‌هێز و زۆرینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان دوابخرێت و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجام بدرێت.
ده‌شڵێت:"ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى داوایان لێكردووین كه‌ یه‌كێتى له‌گه‌ڵ پارتى رێك بكه‌وێت تاوه‌كو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت، په‌رله‌مانتارانی گۆران و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ به‌ڵێنیان پێدوان له‌ كه‌ناڵه‌كانیشه‌وه‌ ره‌خنه‌ نه‌گرن و باسى نه‌كه‌ن به‌س هه‌ڵبژاردن دوا بكه‌وێت".

،،

بەڵێن ئیسماعیل: تائێستا هیچ فراكسیۆن و حزبێك ئه‌م داوایه‌ى به‌ فه‌رمی و نافه‌رمی پێشكه‌شى گۆران نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دواخرا ئه‌وكاته‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆران بریار ده‌دات كه‌ وه‌ڵامیان چى ده‌بێت و چى به‌ هاوڵاتیان ده‌ڵێین.

 

ئه‌ندامه‌كه‌ى ژوورى هه‌ڵبژاردنى گۆرانیش ئه‌م قسانه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت:" تائێستا هیچ فراكسیۆن و حزبێك ئه‌م داوایه‌ى به‌ فه‌رمی و نافه‌رمی پێشكه‌شى گۆران نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن دواخرا ئه‌وكاته‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆران بریار ده‌دات كه‌ وه‌ڵامیان چى ده‌بێت و چى به‌ هاوڵاتیان ده‌ڵێین".
ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌ى یه‌كگرتووش ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌كى وه‌ها بێته‌ په‌رله‌مان بۆ گفتوگۆكردن ئه‌وا یه‌كگرتوو ده‌نگى پێ نادات، سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى كه‌ یه‌كگرتووش كۆمه‌ڵێ تێبینى هه‌یه‌ له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دواخستنیدا نییه‌".


سه‌باره‌ت به‌و هه‌ڵوێسته‌ی لایه‌نه‌ نارازییه‌كان كه‌ ده‌ڵێن سوورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ 30ی ئه‌یلولدا، زانا عه‌بدولره‌حمان ده‌ڵێت:" لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى خۆڵ ده‌كه‌نه‌ چاوى خه‌ڵك و له‌هه‌موو كه‌س زۆرتر حه‌ز به‌ دوا خستنى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن به‌ڵام له‌ شه‌قام ده‌ترسن و ناوێرن ئاشكراى بكه‌ن ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ى پارتى یان یه‌كێتییه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ بكرێت".

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان