حكومه‌تی عێراقی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌و فەرمانگە فیدراڵییەکان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كاته‌وه‌؟

خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم كێشه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایەتییانە دروست بكات

حكومه‌تی عێراقی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌و فەرمانگە فیدراڵییەکان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كاته‌وه‌؟

750 خوێندراوەتەوە

هەفتەی ڕابردوو، پاش سەردانی وەفدێک بەسەرۆکایەتی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ بەغدا، حکومەتی عێراقی، بەفەرمی بڕیاری کردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتی‌و فەرمانگەو یەکەیەکی فیدراڵی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ دا کە پەیوەستن بە دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندەوە و خه‌ڵكی شارەکەش گومانیان هەیە کە حکومەتی هەرێم شکستی پێ نەهێنێت.


کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی‌و فەرمانگەو یەکەکان لە لایەن وەزیری ناوخۆی عێراق، بڕیاریان لەسەر دراوه‌، کە ئەوانیش بریتیبوون لە " بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت، بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە، باری شارستانی، کارتی زانیاری، نشینگە، تابلۆی ئۆتۆمبێل، پۆلیسی گومرگ، لیوای پاسەوانی سنور".


پاش سێ ساڵ لە دەرچوونی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە ئێستادا هەڵەبجەییەکان گومانیان هەیە بەرامبەر بە ئەنجام گەیشتنی هەر هەوڵێک کە بۆ سەرپێخستنی پارێزگا بوونی ئەو شارە دەدرێت و ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ زەمانێک نییە کە حکومەتی هەرێم گرفتی بۆ دروست نەکات‌و شکستی پێ نەهێنێت.

،،

پاش سێ ساڵ لە دەرچوونی بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە ئێستادا هەڵەبجەییەکان گومانیان هەیە بەرامبەر بە ئەنجام گەیشتنی هەر هەوڵێک کە بۆ سەرپێخستنی پارێزگا بوونی ئەو شارە دەدرێت

 

 
دوو هەفتە لەمەوبەر، پاش بڵاوبوونەوەی فەرمانێکی وەزاری لە وەزارەتی تەندروستی کەبەرواری مانگی ڕابردووی لەسەرە بە واژۆی سەرۆکی حکومەتەوە، تیایدا لە پاڵ ناوی سێ پارێزگاکەی هەرێمدا، ناوی هەڵەبجە وەک پارێزگا نەهێنرابوو، ئەمەش، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ناڕەزایی هاوڵاتیانی هەڵەبجەی لێکەوتەوەو ئاماژەیان بەوە کرد کە گوایە حکومەتی هەرێم لە بە پارێزگابوونی شارەکە پەشیمان بووەتەوە.


دانا عبدول، ئەندامی دەستەی چاودێری پارێزگای هەڵەبجە، کە لەسەرەتاوە ئاگاداری وردەکاری پڕۆسەی بە پارێزگا بوونی شارەکەیە، بۆ"دیپلۆماتیک مەگەزین" وتی:" بەڕای من هەر لە بنەڕەتدا ئەو هەڵایەی کە لەسەر کردنەوەی فەرمانگە فیدراڵییەکان دروستکراوە، بەشێکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکێتی، بەپێی یاسا ئەو لایەنەی کە موخاتەبەی حکومەتی ناوەند ئەکات ئەنجومەن وەزیران و وەزارەتی ناوخۆیە، سەرۆکی وەفدەکە کەسەردانی بەغدای کرد نەک لەبەغدا بەڵکو تا ئێستا لەهەرێمیش حسابی پارێزگاری وەکالەتی بۆ نەکراوەو ئیمزای ناخوێندرێتەوە".


وتیشی " بەپێی ئەوەی تا ئێستا هەرێم بەڕەسمی پارێزگاری بۆ" هەڵەبجە دانەناوە و نایشهێڵێت ئەنجومەنی پارێزگا دروست ببێت‌و هەڵەبجە لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستانەوە حسابی پارێزگای بۆ نەکراوە، ئەتوانین بڵێین ئەگەر لەبەغدایشەوە فەرمان دەربچێت ئەگەری گرفت بۆدروستکردن زۆرە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە".

ئەم گومانانەی هاوڵاتیانی هەڵەبجە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەهۆی هەیمەنەی دەسەڵاتی حیزب بەسەر حکومەتداو بوونی ململانێ سیاسییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بە یەکجاری هەیکەلی پارێزگاکە سەرپێ بخات.

،،

" بەپێی ئەوەی تا ئێستا هەرێم بەڕەسمی پارێزگاری بۆ" هەڵەبجە دانەناوە و نایشهێڵێت ئەنجومەنی پارێزگا دروست ببێت‌و هەڵەبجە لەکۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستانەوە حسابی پارێزگای بۆ نەکراوە، ئەتوانین بڵێین ئەگەر لەبەغدایشەوە فەرمان دەربچێت ئەگەری گرفت بۆدروستکردن زۆرە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە".

ڕەنگین سەلام، یەکێکیترە لەو هاوڵاتیانەی هەڵەبجە کە گومانی لە سەرکەوتنی هەوڵەکان بۆ بەپارێزگا بوونی شارەکە هەیە، ئه‌و بۆ دیپلۆماتیک مەگەزین، وتی:" خەڵکی هەڵەبجە ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ وەعدو بەڵێندا هەیەو گومانم نییە لە دواکەوتن و ئەسڵەن نەچوونە بواری جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە دراون، چونکە حکومەتی هەرێم لە ساڵی ۲۰۱٥ نەیتوانیوە ڕه‌زامه‌ندی له‌ ئەنجومەنێک بۆشارەکە دەرببڕێت، کەئەمە شتێکی ئاسانە، چ جای دروستکردن‌و گێڕانەوەی ئەو فەرمانگە گرنگانەی وەک پاسپۆرت و فۆڕمی خۆراک".

ڕه‌نگین وتیشی:" لەوانەیە بەڵێنی پێدانی بەرمیلە نەوتەکە بۆهەر خێزانێکی هەڵەبجە بنێردرێت ئەمە ئاسانە بۆیان،بەڵام حکوومەت ڕێگری لەبەردەم ئەوانی دیکە درووست ئەکات‌و دەستاو دەسکردنی دەسەڵاتیش لەهەڵەبجە بیانوویەکی باشە بۆئەوەی حکومەت بڵێ گرفتەکە لەهەڵەبجە خۆیانەوە بووە".

لە بەرامبەردا، پارێزگاری هەڵەبجە، بە وەکالەت کە سەردانی بەغدای کرد و بەڵێنی کردنەوەی چەند فەرمانگەیەکی فیدراڵی لە حکومەتی عێراق وەرگرت، ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری نەکردنەوەی فەرمانگە فیدراڵییەکان تەنها پەیوەندی بە قەیرانی دارایی و سیاسی نێوان هەرێم و بەغدادەوە هەیە.

،،

لە بەرامبەردا، پارێزگاری هەڵەبجە، بە وەکالەت کە سەردانی بەغدای کرد و بەڵێنی کردنەوەی چەند فەرمانگەیەکی فیدراڵی لە حکومەتی عێراق وەرگرت، ئاماژە بەوە دەکات، هۆکاری نەکردنەوەی فەرمانگە فیدراڵییەکان تەنها پەیوەندی بە قەیرانی دارایی و سیاسی نێوان هەرێم و بەغدادەوە هەیە.

 

 

عه‌لی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە، بە وەکالەت، بە دیپلۆماتیک مەگەزینی، وت:"هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەغدامان کردو لە چەند ویستگەیەکی گەشتەکەماندا، بەڵێنی کردنەوەی ۷ فەرمانگەو یەکەی فیدراڵیمان لە حکومەتی عێراق وەرگرت کە یەکێکیان پێش سێ مانگ بڕیاری لەسەر درابوو، لە سەردانەکەماندا جەختمان لە تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی کردەوە".

وتیشی:" سەبارەت بە ترس و گومانەکانی هاوڵاتیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی هەڵەبجەی کردووە بە پارێزگا، لە ماوەی ڕابردووشدا، بە ڕەچاوکردنی قەیرانی دارایی حکومەتی هەرێم ئامادەکاری بۆ کردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتییەک کردووە، واتە لەگەڵ حکومەتی عێراق هەمانگی لە پێشینەیان هەیە بۆ سەرپێخستنی پارێزگاکە".


بەرواری ۱۳/۳/۲۰۱۳ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە کرد کە ڕووبەرەکەی ١٥٩٩ كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، كە پێكهاتووە لە قەزای هەڵەبجە ناوەندی پارێزگاكەو ناحیەكانی "سیروان، خورماڵ، بیارە، بەمۆ". لەوکاتەوە تا ئێستا، بە پارێزگا بوونی شارەکە بەتەواوەتی سەرپێ نەخراوەو هەڵەبجەییەکان لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.

 

author photo

 بەکالۆریۆس لە زمانی کوردی، ئەزمونی شەش ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی لە میدیای نوسرا و بیستراودا