ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە لێوارێكی مەترسیداردا

ئایا تەوافوقە سیاسییەكان جێگەی هەڵبژاردن دەگرنەوە ؟

ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە لێوارێكی مەترسیداردا

808 خوێندراوەتەوە

 ساڵی 1992 یەكەمین هەڵبژاردن لە چوارچێوەی دەسەڵاتی كوردیدا ئەنجامدرا و بووە یەكەمین ئەزموونی دیموكراسی، بەڵام كاتێك لایەنەكان بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە بیانەوێت لەبری سندوقەكانی دەنگدان لە رێگەی رێكەوتنە سیاسیەكانیانەوە گۆرانكارییەكان ئەنجام بدەن، پێدەچێت ئەم ئەزموونە لە بری گەشەكردن، رووبەرووی لە ناوچوون و پاشەكشەی تەواو ببێتەوە.

 


چارەنووسی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن:


ئەوەی لە ئێستادا قسەوباسی جدی لەبارەوە دەكرێت، چارەنووسی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمانیەیە كە 30ی 9ی ئەمساڵ وەك وادەی ئەنجامدانی دیاریكراوە.
خوێندنەوەكان وامان پێدەڵێن، بە هۆكاری هەندێك كێشەی ناوخۆیی و وەرگرتنی ئەو فیدباكە خراپەی لە لایەن دەنگدەرانیانەوە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری عێراق، پێناچێت هیچ كام لە لایەنە سیاسیەكان كوردستان مەیلی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان هەبێت، ئەمرۆش قوباد تاڵەبانی لە كاتی كردنەوەی تەرمیناڵی نوێی فرۆكەخانەی سلێمانی رایگەیاند" هەموو حزبە سیاسییەكان لەگەڵا دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانن بەڵام ناوێرن بە ئاشكرا بیڵێن".

 

،،

لایەنە نارازییەكان بە تەواوی لەگەڵا دواخستنی هەڵبژاردنن بەڵام ناوێرن داوای بكەن و دەیانەوێت كارەكە بە مەقاشی پارتی و یەكێتی بكەن و دەستی خۆیان نەسوتێنن.

 

 

هەرچی یەكێتی و پارتییە، بەپێی هەندێ لە زانیارییەكان مشتومریانە لەبارەی چۆنییەتی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە دوور نییە لە رێگەی پەرلەمانەوە بۆ كاتێكی نادیار دوای بخەن.

 
سەبارەت بە لایەنە نارازییەكانیش، پێ ناچێت لاریان هەبێت لە دواخستنی هەڵبژاردن بەڵام چاوەروانی یەكێتی و پارتی دەكەن تاكو بزانن لەسەر چی و چۆن رێك دەكەون؟

 
لایەنە نارازییەكان بە تەواوی لەگەڵا دواخستنی هەڵبژاردنن بەڵام ناوێرن داوای بكەن و دەیانەوێت كارەكە بە مەقاشی پارتی و یەكێتی بكەن و دەستی خۆیان نەسوتێنن.

 

 

 

،،

ئەوەی پارتی دەیەوێت لەم معامەلەیەدا دەستی بكەوێت ئەوەیە، دەیەوێت هەر بە ئاسانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دوا نەخات، بەڵكو یەكێتی ناچار بێت سازش لە هەندێك پۆستی سیادی خۆی بكات بە تایبەت لە بەغدا بۆ پارتی.

 

 
پارتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە ؟

ئەوەی دەبینرێت لەرووی راگەیاندنەوە پارتی لە هەموو لایەنەكانی تر سورترە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام ئاخۆ پارتی لەمەدا بە دوای چییەوە بێت؟ و بۆچی بەشاراوەی پارتیش پێی باشە هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت، بە هۆكاری ئەوەی پارتی مانەوەی ئەم بارودۆخەی لە بەرژەوەندیدایە، كە هەم سەرۆكی حكومەت و هەم دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و زۆرێك لە جومگە گرنگەكانی دەسەڵات لە دەستدایە و لایەكی دیكەشەوە و سەرۆكایەتی پەرلەمانیشی بەدەستەوەیە. بۆیە بۆ پارتیش خراپ نابێت ئەگەر هەڵبژادن نەكرێت.

ئەوەی پارتی دەیەوێت لەم معامەلەیەدا دەستی بكەوێت ئەوەیە، دەیەوێت هەر بە ئاسانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دوا نەخات، بەڵكو یەكێتی ناچار بێت سازش لە هەندێك پۆستی سیادی خۆی بكات بە تایبەت لە بەغدا بۆ پارتی.

 
ئەمرۆ وا دەردەكەوێت كە ئەوە یەكێتییە داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات نەك پارتی، چونكە یەكێتی بەهۆكاری كۆمەڵی كێشەی ناوخۆیی زووتر ئەمەی دەر بڕی و نەیتوانی ئەم بابەتە بشارێتەوە و نەیدركێنێ.

،،

پارەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پێشوو لە ئەستۆی حكومەتی ناوەندی بووە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لە ئێستادا بودجەكەی بۆ دیاریكراوە و دیاریش نییە هەڵبژاردنی پارێزگاكان كەی و چۆن دەكرێت.!

 

 

پاساوەكانی یەكێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن:

یەكەم: لەرووی ئەمنییەوە:


گوایا لەرووی ئەمنییەوە ئەمرۆ هەرێمی كوردستان لە باردۆخێكی هەستیاردایە و لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هەر چەندە ئەمەش پاساوێكی بەهێز نییە چونكە زۆرجار دەسەڵات پەنای بەم پاساوە بردووە بۆ مامەڵەكردن بە هەندێ پرسی سیاسی دیكەوە لە رابردوودا.


دووەم: لەرووی مادییەوە:


یەكێكی دیكە لە پاساوەكانی یەكێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ئەوەیە كە سێ هەڵبژاردن لە ساڵێكدا لە هەرێم لەرووی مادییەوە زۆری تێدەچێت. بۆیە داوا دەكات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەگەڵ هەڵَبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت.

 
ئەمەش پاساوێكی زۆر بەهێز نییە، چونكە پارەی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پێشوو لە ئەستۆی حكومەتی ناوەندی بووە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش لە ئێستادا بودجەكەی بۆ دیاریكراوە و دیاریش نییە هەڵبژاردنی پارێزگاكان كەی و چۆن دەكرێت.!؟ كە ئەمە بنەرەتی مەترسییەكەیە و دواتر بە وردی باسی دەكەین.

سێیەم: هۆكاری دەرەكی


وا باس دەكرێت ئێرانییەكان وەك دۆستی یەكێتی، و ئەمریكییەكان وەك نزیكێكی پارتی ئەو پەیامەیان بە دەسەڵاتدارانی هەرێم دابێت كە هەڵبژاردن ئەنجام نەدەن تاكو حكومەتی نوێی عێراق پێكدەهێنرێت، ئەم خاڵەیان بەهێزترین بیانووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن كە بێگومان هەمیشە زلهێزەكانی دەرەوە هەژموونی خۆیان سەپاندووە بەسەر هەرێمدا، بەڵام دیسان خاڵی نییە لە رەكیزەی لاواز چونكە ئێرانیەكان و ئەمرییكییەكان چۆن و كەی و بە چ هۆكارێك و تاكەی داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكەن.!؟

 


كەواتە هۆكارەكان زۆرن بە دەست یەكێتییەوە بۆ وەستاندنی هەڵبژاردن، لێرەو لەوێ سەركردەكانیان ئاماژە بەوەش دەكەن كە هاوڵاتیان بێهیوا و ماندوون، دەكرێت ئەوە بڵێین ئایا سەكردەكانی یەكێتی و پارتی ئەو پرسیارەشیان لەخۆیان كردووە كێ هاوڵاتی نیگەران كرد؟ و ئایا لەبری بێهیواكردنی هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دواخستنی، نەدەكرا دەسەڵات هیوابەخشی هاوڵاتیان بێت بۆ پرۆسەیەكی دیموكراسی؟

 

 

 

،،

هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان تەنها لە هەڵبژاردن بێ هیوا نین بەڵكو لە تێكرای سێكتەرەكانی حوكمرانی رەش بین بوون.

 

 
بۆچی هاوڵاتیانیش حەزیان لە هەڵبژاردن نییە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە رەنگە راستەوخۆ پەیوەندی نەبێت بە دەنگدانەوە چونكە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان تەنها لە هەڵبژاردن بێ هیوا نین بەڵكو لە تێكرای سێكتەرەكانی حوكمرانی رەش بین بوون.

 

 

رێكەوتنە حزبییەكان جێگەی هەڵبژاردن دەگرنەوە ؟


هاوڵاتیان دەنگیاندا بە ئۆپۆزسیۆن هەر یەكێتی و پارتی براوە بوون دەنگیان نەدا بەكەس هەر یەكێتی و پارتی براوە بوون، بۆیە بۆیان دەركەوتووە هەڵبژاردن لەم ناوچەیە كارە بنەرەتییەكەی خۆی ناكات كە دەستاودەستكردنی دەسەڵات و گۆرانكارییە، چونكە دواجار دەسەڵات لە رێگەی مەكتەب سیاسییەكان و رێكەوتنە حزبییەكانەوە بریاری كۆتایی دەدەن و تەنانەت كاری پەرلەمان و حكومەتیش دەكەن، هەر رەنگە بەم نزیكانەش كۆتا بریار لەبارەی چارەنووسی هەڵبژاردنەوە بدەن، بۆیە هاوڵاتی هیچ ئومێدێكی بە هەڵبژاردن نەماوە وەك پرۆسەیەكی سیاسی و دیموكراسی كە فریاد رەسێك بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پێشكەوتنی كۆمەڵگا.

 

،،

رەنگە یەكێتی و پارتی بیانەوێ بە بیانووی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامدانی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاكان، بۆ كاتێكی دوورودرێژو نادیار پرۆسەی هەڵبژاردن چی دی ئەنجام نەدرێت.

 

 

هەڵبژاردنی 30ی 9، بۆ كەی دوا دەخرێت؟

كێشەكە تەنها لەوەدا نییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوا دەكەوێت، بەڵكو لەوەدایە بۆ كەی و چۆن دوا دەخرێت ؟

وا باس دەكرێت بۆ مانگی 11و12ی ئەمساڵا دوابخرێت و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، بەڵام پرسیار لێرەشدا ئەوەیە بۆ پرۆسەیەكی گرنگی سیاسیی وەك هەڵبژاردن بەدواخستنی بۆ ماوەی چەند مانگێك چی لە باروودۆخەكە دەگۆرێت.؟ یان نیەتەكە لەمە ترسناكترە كە چاوەروان دەكرێت.!

نیەتێكی ترسناك، ئەزموونی هەڵبژاردن دەباتە لێوارێكی مەترسیدار

رەنگە یەكێتی و پارتی بیانەوێ بە بیانووی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامدانی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاكان، بۆ كاتێكی دوورودرێژو نادیار پرۆسەی هەڵبژاردن چی دی ئەنجام نەدرێت.

بەڵگەكان:


یەكەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت ؟


وا باس دەكرێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان چی دی ئەنجام نادرێت، بۆیە یەكێتی و پارتی لێزانانە ئەم دوو هەڵبژاردنە پێكەوە گرێ دەدەن و كاتێك باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمان كرا دەڵێن لەگەڵ پارێزگاكان كاتێكیش باس لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كرا دەڵێن كاتەكەی دیار نییە و بریاری لەسەر نەدراوە بۆیە ئەم پرسە بەكراوەیی دەمێنێتەوە تا رۆژێك دەسەڵات ویستی بوو ئەنجامی بدات یاخود نا.!

دووەم: یەكێتی پارتی نایانەوێ خەڵك دەنگ بدات


یەكێتی و پارتی بە ئەزموونی چەند ساڵی رابردوویان لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەزموونی جەنجاڵی پەرلەمانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، پێ دەچێت حەزیان بەو بەشدارییە سیاسییە گەرموگورە نەمابێت و بیانەوێت خەڵكی بێ هیوا بكەن و بیانەوێ پەرلەمانێكی لاواز و دەستەمۆ لە بەرژەوەندی خۆیان دروست بكەن.

سێیەم: هۆكاری دەرەكی:


پێدەچێت داوای ئەمریكی و ئێرانییەكان بۆ دەسەڵاتدارانی كورد كە هەڵبژاردن ئەنجام نەدەن، رزقێك بێت خوا ناردبێتی بۆ یەكێتی و پارتی تاكو تەوزیفی بكەن و بۆ بەرژوەندی خۆیان بەكاری بهێنن.

 

،،

ئێرانییەكان ئاساییە داوای ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن بكەن لە كورد، چونكە پرۆژەی ئێرانییەكان بۆ ناوچەكە هەڵبژاردنی تێدا نییە، بەڵام سەیرە ئەمریكییەكان ئەم داوایە بكەن، ئاخر بریار بوو هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵدا پرۆژەیەكی دیموكراتی ئەمریكی بێت.!

 

 

 

بۆچی ئەمریكییەكان دژی هەڵبژاردنن.!؟


ئێرانییەكان ئاساییە داوای ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن بكەن لە كورد، چونكە پرۆژەی ئێرانییەكان بۆ ناوچەكە هەڵبژاردنی تێدا نییە، بەڵام سەیرە ئەمریكییەكان ئەم داوایە بكەن، ئاخر بریار بوو هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵدا پرۆژەیەكی دیموكراتی ئەمریكی بێت.!


بۆیە دەبێت هۆكارەكە چی بێت كە ئەمرییەكانیش لەگەڵ هەڵبژاردن نەبن لە ئێستادا لە ناوچەكە، رەنگە كاتێك مەكگۆرك پەیام دەدات بە یەكێتی و پارتی لە هەولێر جارێ هەڵبژاردن نەكەن هۆكارەكە ئەوەیە ئەمریكا بۆی دەركەوتبێت هەڵبژاردن هیچ بەهیچ ناكات لە كوردستان بۆیە پەشیمانە لە هێنانی پرۆسەی دیموكراسی بۆ ناوچەكە. یان رەنگە بیەوێت جارێ هەڵبژاردن نەكرێت و دواتر ئەمریكيیەكان بیانەوێ شتێكی دیكە بكەن.

 
لەكۆتایدا دەردەكەوێت، ئەمرۆ هەموو لایەنەكان حەزیان لە هەڵبژاردن نیە بۆیە یەكێتی داوا لەپارتی دەكات دوای بخات، لایەنە نارازییەكانیش داوا لە یەكێتی دەكەن پارتی رازی بكات. بەڵام نازانرێت ئەم جەنگە ساردەی هەڵبژاردن بەرەو كوێ دەروات و چارەنووسی هەرێم چی لێ دەكات كە پێ دەچێت ئەزموونی هەڵبژاردن لە كوردستان بۆ ماوەیەكی نادیار لەناو ببات.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان