شاره‌زوور، قه‌زایه‌ك كاندید تێیدا شه‌پۆل ده‌دات

دوانزە کاندید کێبرکێ لەسەر ٤٠ هەزار دەنگی شارۆچکەیەک دەکەن

شاره‌زوور، قه‌زایه‌ك كاندید تێیدا شه‌پۆل ده‌دات

2107 خوێندراوەتەوە

 له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌ كه‌ ناوه‌ندی قه‌زاى شاره‌زووری سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانییه‌، نزیكه‌ى چل هه‌زار ده‌نگده‌ر هه‌یه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا (12 ) كاندید له‌ سنوره‌كه‌دا بوونى هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌شێوه‌یه‌ك دابه‌شبوون به‌سه‌ر لیست و قه‌واره‌ جیاوازه‌كان و زیاتر ئه‌وكه‌سانه‌ش كاندیدن كه‌له‌ناو عه‌شیره‌ته‌كانى سنوره‌كه‌دا ناسراون.

 

بنه‌ماى دیاریكردنى كاندیده‌كان
سه‌باره‌ت به‌و پێوه‌رو بنه‌مایانه‌ى حزبه‌كان كاندیده‌كانیان له‌سه‌ر دیاریكردووه‌ به‌تایبه‌ت كه‌زۆرێك له‌كاندیده‌كان كوڕى كه‌سایه‌تى ناسراوى عه‌شیره‌ته‌كانن له‌سنوره‌كه‌دا، ئه‌نوه‌ر مامه‌ ره‌شه‌ لێپرسراوى كۆمیته‌ى رێكخستنى یه‌كێتى له‌ شاره‌زوور بۆ دیپلۆماتیک مەگەزین ده‌ڵێت:" له‌ سنورى قه‌زاى شاره‌زوور داوامانكردووه‌ كێ ده‌یه‌وێت خۆى كانیدیدبكات، له‌ رێگه‌ى هه‌ڵبژاردنیان له‌ناو كۆمیته‌كه‌یانه‌وه‌ سه‌ركۆ ئازاد گه‌ڵاڵى) برازای مارف ئاغای سه‌رۆك عه‌شیره‌تی گه‌ڵاڵی هه‌لبژێردراوه‌، كه‌ته‌واوى كادیره‌ حزبیه‌كان له‌سنوره‌كه‌دا به‌شداریان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا كردووه".


ئەو باس له‌ گرنگى عه‌شیره‌ت ده‌كات بۆ كاندیده‌كه‌ و ده‌ڵێت:"عه‌شیره‌تى گه‌ڵاڵى عه‌شیره‌تێكى گه‌وره‌یه‌ و له‌سنوره‌كه‌دا خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتێكی زۆرن و ناوبانگێكى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ و خاوه‌نى شه‌هیدى زۆره‌ بۆیه‌ كاندیدبوونى كه‌سێك له‌م عه‌شیره‌ته‌ جێگه‌ى دڵخۆشیمانه‌".

 

DFC
هەڵەبجەی تازە، ناوەندی قەزای شارەزوور

 

له‌ناو عه‌شیره‌تەکانی سنورەکەدا، چه‌ندین كەس لە لایەن حزب و قەوارەکانەوە کاندیدکراون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە ٣٠ی ئەیلولی داهاتوو بۆ وادەی ئەنجامدانی دیاریکراوە، عەشیرەتەکان خاوه‌نى پێگە و دەسەڵاتن و کاریگەرییان لەسەر تاکەکانیان هەیە.

 

"ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات، گرنگى به‌عه‌شیره‌ت ده‌ده‌ن"


هه‌ندێكیتر له‌كاندیده‌كان شانازى به‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ عه‌شیره‌تێكى ناوسراو و به‌ناوبانگ له‌سنوره‌كه‌دا كاندیدكراون، باس له‌رۆڵى گرنگى عه‌شیره‌ت ده‌كه‌ن له‌نێو سیستمى سیاسى هه‌رێمى كوردستان.

،،

کاندیدێکی حزبی شیوعی: دۆست و خزمانم هاوكارى جدیمن و عه‌شیره‌ته‌كه‌م پێگه‌یه‌كى به‌هێزى هه‌یه‌ له‌سنوره‌كه‌دا بۆیه‌ رۆڵێكى به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن و هاوكارێكى باشم ده‌بن له‌پرۆسه‌كه‌دا.

 

محەمەد به‌ختیار ساڵح، كاندیدى حزبى شیوعى كوردستان و لێپرسراو كۆمیته‌ى قه‌زاى شاره‌زوورى هه‌مان بە دیپلۆماتیک مەگەزینی وت:"شاره‌زوور له‌كۆمه‌ڵه‌ عه‌شیره‌تێك پێكهاتووه‌ و له‌رابردووشدا حزبه‌كانى ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات گرنگیان به‌پێگه‌ى سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان و كه‌سایه‌تیه‌كان داوه‌، عه‌شیره‌ته‌كان له‌كایه‌ سیاسیه‌كاندا رۆڵێكى به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پرسه‌ گرنگه‌كان".

ده‌شڵێت"خودى ده‌سه‌ڵاتیش حوكمڕانێكى ئاغاواتییه‌!!، له‌لایه‌ن چه‌ند بنه‌ماڵه‌و عه‌شیره‌تێكه‌وه‌ هه‌ر له‌پۆستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی و جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانى ده‌سه‌ڵات، بازرگانى هاورده‌ و هه‌نارده‌ له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ و ئاغاكانه‌وه‌ قۆرخ كراوه‌".

سه‌باره‌ت به‌كاندیدبوونى، رونیده‌كاته‌وه‌ له‌هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن پشت به‌ڕابردووى پاك و كارى مرۆڤانه‌ و ئه‌و هه‌وڵانه‌ى یاویه‌تى بۆ به‌دادگا گه‌یاندنى گه‌نده‌ڵكاران ده‌به‌ستێت،  ئاماژەشی بەوە کرد:" دۆست و خزمانم هاوكارى جدیمن و عه‌شیره‌ته‌كه‌م پێگه‌یه‌كى به‌هێزى هه‌یه‌ له‌سنوره‌كه‌دا بۆیه‌ رۆڵێكى به‌رچاویان هه‌یه‌ له‌هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن و هاوكارێكى باشم ده‌بن له‌پرۆسه‌كه‌دا".

 

ERL
محەمەد بەختیار، کاندیدی حزبی شیوعی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

 

ناوچه‌یه‌كى بچوك و كاندیدى زۆر

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى لیسته‌كه‌یان ته‌نها له‌ قەزایەکی بچوكدا بۆچى سێ كاندیدى هه‌یه‌؟  عوسمان گوڵپى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى بە دیپلۆماتیک مەگەزینی راگەیاند:" هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى چه‌ندین پێوه‌رى له‌به‌رچاوگرتووه‌ كه‌یه‌كێكیان شوێنى جوگرافیه‌و یه‌كێكیشیان رێژه‌ى ده‌نگده‌ره‌ به‌پێى كۆمسیۆنى باڵا، له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كان له‌زاخۆ تا گه‌رمیان و هه‌ورامان كاندیدى هه‌یه‌، سه‌باره‌ت به‌شاره‌زووریش ناوچه‌یه‌كى گرنگه‌و رێژه‌ى دانیشتوان تێیدا زۆره‌و یه‌كێك له‌كاندیده‌كان ئه‌گه‌رچى خه‌ڵكى شاره‌زووره‌ به‌ڵام له‌سه‌رناوه‌ندى سلێمانى كاندیده‌، ناوبراو خۆشحاڵى خۆى ده‌رده‌بڕێت به‌وه‌ى به‌ده‌مه‌وه‌هاتنى تواناى باش بۆ هاوپه‌یمانى هه‌یه‌ له‌ته‌واوى ناوچه‌كان".

،،

لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی لە شارۆچکەی هەڵەبجەی تازە ٣ کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە.

 

هه‌بوونى مه‌ڵبه‌ند و نه‌بوونى كاندید
پێچه‌وانه‌ى حزبە سیاسیه‌كانی ترى ناوچه‌كه‌ مه‌ڵبه‌ندى شاره‌زوورى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان هیچ كاندیدێكى نییه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا، به‌وته‌ى پشتیوان نامیق، لێپرسراوى راگه‌یاندنى مه‌ڵبه‌ندى ناوبراو بۆ دیپلۆماتیک ده‌ڵێت" حزبى سۆسیالیست زیاتر له‌ 60 كاندیدى هه‌یه‌ له‌سه‌ر تاسه‌رى كوردستان، له‌به‌ر زۆرى كاندیده‌كانمان حزبمان به‌باشى زانى كاندیدمان له‌سنوورى مه‌ڵبه‌ندى شاره‌زوور نه‌بێت و كاركردنمان بۆ سه‌رخستنى كاندیده‌كانیترمان بێت".


یه‌كێكی تر له‌و لیستانه‌ى كاندیدى پێشكه‌شكردووه‌ بۆ هەڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و له‌ناوچه‌ى شاره‌زوور كاندیدى نییه‌ جوڵانەوەی نه‌وه‌ى نوێیه‌، شنه‌ عه‌لى خه‌یات، كاندیدى نه‌وه‌ى نوێ و نیشته‌جێى شارى سلێمانى بۆ دیپلۆماتیک مەگەزین دەڵێت:" هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سیڤیه‌كان كراوه‌و ره‌نگه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌سیڤى ناردبێت سیڤیه‌كه‌ى قبوڵكراو نه‌بێت دواى ئه‌وه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆکراوە".

ده‌شڵێت:" هیچ جیاوازیه‌ك له‌نێوان ناوچه‌كاندا نه‌كراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێك شوێن كاندیدیان نه‌بووه‌ یان سیڤیان پڕنه‌كردوه‌ته‌وه‌و و هه‌ركه‌سێك كاندیدبێت له‌نه‌وه‌ى نوێ ده‌بێت پابه‌ندى به‌رنامه‌و پرۆگرامه‌كانى نه‌وه‌ى نوێ بێت كه‌مه‌رجى سه‌ره‌كیه‌ بۆ كاندیدبوون و ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارى سه‌ره‌كى نه‌بونى كاندیدبێت له‌و سنوره‌دا".

لە شارۆچکەی هەڵەبجەی تازە کە ناوەندی قەزای شارەزوورە، نزیکەی ٣٠ هەزار دەنگدەر  هەیە و بە ناحیەی وارماوا (زەرایەن)ی سەر بە قەزاکەشەوە نزیک دەبێتەوە لە ٤٠ هەزار دەنگدەر هەیە، بەوپێیەش دەردەکەوێت ١٢ کاندیدەکە کێبرکێ لەسەر دەنگی ٤٠ هەزار کەس دەکەن لە کاتێکدا ئەگەر رێژەی دەنگدانیش ١٠٠% بێت.

به‌گشتى له‌سه‌رئاستى هه‌رێمى كوردستان 700 كاندید له‌ لایه‌ن 29 لیست و قه‌واره‌وه‌ نێردراوه‌ بۆ كۆمسیۆن، رێژه‌ى ده‌نگده‌ریش زیاتر له‌ 3 ملیۆن ده‌نگده‌ره‌ له‌ ته‌واوى هه‌رێم بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 30-9-2018ى په‌رله‌مانى كوردستان.

 

author photo

رۆژنامەنووس

بەکالۆریۆس لە راگەیاندن

بەکالۆریۆس لە زانستە سیایییەکان