ئایا كورد دەتوانێت یارییەكە لەتورك بباتەوە ؟

ئایا كورد دەتوانێت یارییەكە لەتورك بباتەوە ؟

24862 خوێندراوەتەوە

و: 



پاش هێرشێكی سەربازی چەند رۆژە، سوپای توركیا هەنگاوەكانی بەرەو ناوشاری عەفرین دەستپێكرد كە ناوچەیەكی سوریایە و پاش كۆنترۆڵكردنەوەی لەدەستی رێكخراوی قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی لەلایەن كوردەكانەوە حكومداری دەكرێت.


دەسەڵاتدارانی توركیا دەڵێن ناوچەیەكی ئارام بۆ دورخستنەوەی مەترسییەكان دروستدەكەن و بۆ ئەو مەبەستەش بە قوڵایی 20 كیلۆمەتر دەچنە ناو خاكی سوریاوە.


رەجەب تەیب ئۆردوغانی سەرۆكی توركیاش لەلێدوانێكی توندو هەڕەشەئامێزدا هۆشیاری دایە كوردەكانی توركیا كە ئەگەر لەسەر هاوڕێبازە سورییەكانیان بێنە دەنگ، ئەوا لەكەمترین ماوەدا سەركەوتنی گەورە بەسەر عەفریندا تۆماردەكات.


ئەوە هەڵسەنگاندنێكی هەڵەیە بەجۆرێك كە سەرەنجام توركیا لەپەلوپۆدەخات ، هاوكات ترسی زۆری ئۆردوغان و تێكەڵكردنی كایەی سیاسی و سەربازی زیانی زۆر بەتوركیا دەگەیەنێت.


هێزی سەربازی و ئاسایشی توركیاش وەك بەشێكی گرنگ لە رێكخراوی ناتۆ، تەنها تارمایی تواناو هێزی دەسەڵاتی پێشویان لەبەرچاوە و چیتر ناتوانن بەهەمان پێوەری توانای پێشووی خۆیان مامەڵە بكەن.


ئەوان هەمان توانای راهێنان و هەمان ئەزمون و دیسپلینی پێشوتریان نیە ، لەهەرچوار فڕۆكەوانێكی توركی یەكێكیان لەزینداندان، زۆربەی فرۆكە ( ئێف-16)ەكانیان كاریان پێناكرێت لەبەر نەبوونی فرۆكەوانی راهێنراو و شارەزا.

لەساڵی 2012 دا هێزەكانی سوریا فرۆكەیەكی (ئێف-4 )ی توركییان خستەخوارەوە، كوردەكانیش چەندین جار هێلیكۆپتەری توركیایان خستۆتە خوارەوە.

،،
مایكڵ رۆبن: تائێستاش روون نیە كە ئایا سوپای توركیا دەتوانێت بەشێوەیەكی كاریگەر شەڕبكات یان نا. رەنگە توركیا بتوانێ چەند ناوچەیەكی كەم لەسوریا داگیربكات، بەڵام بوونیان لەوناوچانە زیاتر سمبولی دەبێت نەك مانەوەیەكی راستیانە و كاریگەر


تائێستاش روون نیە كە ئایا سوپای توركیا دەتوانێت بەشێوەیەكی كاریگەر شەڕبكات یان نا. رەنگە توركیا بتوانێ چەند ناوچەیەكی كەم لەسوریا داگیربكات، بەڵام بوونیان لەوناوچانە زیاتر سمبولی دەبێت نەك مانەوەیەكی راستیانە و كاریگەر. یەكێك لەهۆكارەكانی ئەوەی كە دەزگای میتی توركی یارمەتی بەرەی نوسرەی دا و رێگەی بە هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی ( داعش ) دا لەسنورەكانی توركیاوە جموجوڵ بكەن بێبەرامبەر نەبوو، هەوڵێك بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی لەناو سوریادا.


بەكورتی ئەردۆگان ویستی پێگەی فەرماندەیی هێزەچەكدارەكانی توركیا بەكاربهێنێت و خۆی وەك فەرماندەیەكی بەتوانا نمایشبكات، بەبێ ئەوەی وەك كەمال ئەتاتوركی دامەزرێنەری كۆماری توركیا بەشداری شەڕو رووبەرووبونەوە قورسەكان بكات بۆ دەركەوتن و دروستكردنی ناوبانگ.


لەچەند رووداوێكی وڵاتانی عێراق و سوریادا، ئەو بۆشایی گەورەی توانا و دەسەڵاتی توركیا دەركەوتووە. لەساڵی 2016 دا داعش دوو سەربازی توركی سوتاند كە لەسوریا دەستگیركرابوون، داعش توانیبووی لەشوێنی نمایشكی سەربازی خۆیان ئەو دوو سەربازەی توركیا بڕفێنێت كە زۆرترین چاودێری ئاسایشی لەسەر بوو، تەنانەت حكومەتی توركیا و دەزگای هەواڵگرییەكەشی تا دوای كوشتنیان نەیانتوانی شوێنی مانەوەیان ئاشكرابكەن، ئەمەش بەڵگەی بوونی بۆشاییەكی گەورەیە لەتوانای دەزگای هەواڵگرییەكەیدا. لەبری داننان بە كوشتنیاندا، ئۆردوغان رەتیكردەوە كە وێنەڤیدیۆییەكان راستبن و تەنانەت بڵاوكردنەوەی وێنە ڤیدیۆییەكەشی لەمیدیاكاندا بڵاوكردەوە.


بەهەمان شێوە، لاوازی توركیا لەخراپتربوونی دۆخی ناوخوێی ئەو وڵاتەدا رەنگدەداتەوە. چەندین دەیەیە تیرۆرستان توانیویانە توركیا بكەنە ئامانج بەڵام هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە نەیانتوانیوە سەركەوتوانە شوێنپێی تیرۆرستان ئاشكرابكەن و پلانەكانیان پوچەڵبكەنەوە. پاش ئەوەی ئۆردوگان ژمارەیەك بەرپرسی ئاسایش و سەربازی لەپۆستەكانیان دوورخستەوە و بەخەڵكی تر جێگەكانیانی پڕكردەوە، تیرۆرستان دۆخەكەیان هەڵگێڕایەوە و توانیان بگەنە ئارامترین و ئاسایشترین شوێنەكان لەهەریەك لە ئەستەمبول و ئەنقەرە.


ئەمەش پێناچێت بەدەربێت لەئەزمونی سەركردەكانی دیكە لەمێژوودا. بۆنمونە، هێزی سوری سۆڤیەت كاریگەری خۆی لەدەستدا پاش ئەوەی دیكتاتۆر ستالین بەرپرسە سەربازییەكانی دوورخستەوە پێش داگیركاری نازییەكان لەجەنگی جیهانی دووەمدا.


هۆكاری سەرەكی لەشكركێشی و بەزاندنی سنورەكانی ئێران لەلایەن عێراقەوە لەساڵی 1980 دا تەنها كردەیەكی سەرسوڕهێنەرانە نەبوو، بەڵكو پەیوەندی بەدەركردن و دوورخستنەوەی چەند بەرپرسێكی سەربازییەوە هەبوو لەلایەن ئایەتوڵا خومەینی لەسەردەمی شۆڕشی كۆماری ئیسلامیدا. لەعێراقیش داگیركردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، پاش ئەوە هات كە نوری مالیكی چەندین بەرپرسی پرۆفێشناڵی سەربازی لەكارەكانیان دوورخستەوە و جێگەكانیانی بە شوێنكەوتە سیاسییەكانی خۆی پركردەوە.

،،

لەگەڵ ئەوەی هێزی سەربازی توركی وەك رابردووی نیە، ناتوانرێت هەمان وێنە بۆ یەپەگە بكێشرێت و هەمان پێناسەی بۆبكرێت. هێزە كوردييەكانی سوریا كاريگەرترین هێزی سەرزەمینی بوون لەدژی هێزە تیرۆرستییەكانی ئەلقاعیدە و داعش. چەندین ساڵ بەتەنها جەنگان، لەلایەن ئەمەریكا و روسیاوە گرنگییان پێنەدرا


لەساڵی 1984 ەوە توركیا شەڕی پەكەكەدەكات، ئەو گروپە لەساڵی 1999 زەربەیەكی كوشندەیان بەركەوت كاتێك سەركردەكەیان، عەبدوڵا ئۆچەلان، بەهاوكاری دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا و ئیسرائیل دەستگیركرا. پاش ئەوەی بەرپرسانی توركیا بۆماوەی زیاتر لەدەیەیەك بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ئۆجەلان بەتەواوەتی لەكایەی سیاسی دوورخراوەتەوە و هیچ كاریگەرییەكی نەماوە، بەلام ئۆردوغان بەدەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان جارێكی تر سەلماندی كە ئەو سەركردەیە فیگەرێكی دانەبڕاوە لەكایەی سیاسی توركیا. هەرچەندە ئەردۆگان هەوڵی زۆری داوە كە پەكەكە وەك تیرۆرست بناسێت و وای نیشانبدات كە دەستیان لەتیرۆردا هەبووە، بەڵام ئەوان توانیویانە زیاتر وەك هێزێكی یاخی ئاسایی خۆیان نیشانبدەن. هەرچەندە پەیوەندی نێوان پەكەكە و یەكینەكانی پاراستنی گەل ( یەپەگە) راستییەكی حاشاهەڵنەگرە، بەڵام بەرپرسانی توركیا زۆر زەحمەتە بتوانن هیچ هێرشێكی ناوخۆیی توركیا ببەستنەوە بەكوردەكانی سوریاوە.


لەگەڵ ئەوەی هێزی سەربازی توركی وەك رابردووی نیە، ناتوانرێت هەمان وێنە بۆ یەپەگە بكێشرێت و هەمان پێناسەی بۆبكرێت. هێزە كوردييەكانی سوریا كاريگەرترین هێزی سەرزەمینی بوون لەدژی هێزە تیرۆرستییەكانی ئەلقاعیدە و داعش. چەندین ساڵ بەتەنها جەنگان، لەلایەن ئەمەریكا و روسیاوە گرنگییان پێنەدرا، گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكەش پەراوێزخران و توركیاش سزای ئابوری و سەربازی بەسەردا سەپاندن، لەكۆبانێش دیسپلینی بەهێز و یەكدەستی و بنەمای ئەخلاقی بەرزیان هۆكار بوو بۆ سەركەوتنیان. ئەگەر بیانتوانییایە بەتەواوەتی دژی داعش بجەنگێن و لەهەموو روویەكەوە رووبەڕووی ببنەوە، ئەوا دەبونە ئۆپۆزسیۆنێكی سەرسەخت بۆ توركیا.

،،

مایكڵ رۆبن: ئایا بنەبركردنی تیرۆرستان لەلایەن توركیاوە بەواتای سرینەوەی رەگەزی دێت لەسوریا ؟ ئەگەر ئەوە ئامانجەكە بێت، ئایا چی رێگری لەگەرانەوەی دەیان تەرمی سوپای توركیا دەكات لەناو تابوتی مەرگدا؟ ئایا ئەمە نابێتەهۆی وروژاندنی هەستی نەتەوەیی كوردی چەوساوە لەناوخۆی توركیادا ؟


پەكەكەش هێزێكی ناپرۆفێشناڵ نیە، بەتایبەتی چاش چەندین ساڵ لە شەڕ و خەباتی سەخت. لەرووبەرووبونەوەیەكی دیكەدا، كە لەلایەن توركیاوە سەپێنرابوو، پەكەكە توانی دوو گەورە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری توركیا دەستگیربكات.


ئامانجەكانی سوپای توركیا روون نیە، یەك دووكاندار و شوانێكی كورد نیە- بەپێی هەڵسەنگاندنی كوێربینی رەگەزپەرستی- كە بەرپرسانی توركیا بە تیرۆرستیان نەزانن.


ئایا بنەبركردنی تیرۆرستان لەلایەن توركیاوە بەواتای سرینەوەی رەگەزی دێت لەسوریا ؟ ئەگەر ئەوە ئامانجەكە بێت، ئایا چی رێگری لەگەرانەوەی دەیان تەرمی سوپای توركیا دەكات لەناو تابوتی مەرگدا؟ ئایا ئەمە نابێتەهۆی وروژاندنی هەستی نەتەوەیی كوردی چەوساوە لەناوخۆی توركیادا ؟ ئەگەر توركیا نەتوانێت رووبەرووی پەكەكە ببێتەوە لەهەكاری و دیاربەكر، ئایا لەئەستەمبول و ئەنقەرە دەتوانێت رووبەروویان ببێتەوە ؟


وەك چۆن ئەردۆگان قاعیدە و داعشی پرچەك كرد، ئایا گەر رووسیا و ئەمەریكا و ئیسرائیل و رژێمی سوریاش بەهەمان شێوە یەپەگە پرچەك بكەن چی روودەدات؟


ئەگەر كوردەكان جەنگەكە بگوازنەوە بۆناوخۆی توركیا، ئایا ئابوری توركیا دەتوانێت وەك ئابورییەكی ملیارەها دۆلاری بەردەوامبێت لەگەشەكردن، لەگەڵ ئەوەی كە پیشەسازییەكەی بەڕێژەی لەسەدا 75 كەمیكردووە ؟


ئەردۆگان لەخەیاڵی خۆپەرستی و خەیاڵدانی بێ ناوەرۆكی ئەوتۆدا دەژی كە لەسنورەكانی راستییەوە دووره. سەرزەنشتی هەموو ئەوانە دەكات كە وەك تیرۆرست مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، وەك سەركردە باڵاكانی نزیكی خۆشی ئاماژەی پێدەكەن، ئەو كەیفی بەوەدێت كە ئەو شتانەی پێبوتریت كە خۆشحاڵە بەبیستنیان. ئێستاش ئەنجامەكە ئەوەیە كە توركیا لەشكركێشی دژی هێزێك دەكات كە لەوە بەهێزترە ئۆردوغان بیری لێدەكاتەوە و ئەمەش دەبێتەهۆی كارەساتێكی تر بۆ توركیا.


رەنگە ئەردۆگان پێشبینی سەركەوتنێكی خێرا بكات، بەڵام ئەوەی بۆ رووندەبێتەوە كە ئەو گروپە پەراوێزخراوەی كە ئەو بەتیرۆرستیان دەزانێت هێندە بەهێزن كە بتوانن خوێنی داگیركەرە توركەكان لەسەر زەوی خۆیان وشكبكەنەوە و ئابوری توركیاش بهێننەوە خاڵی سفر.
ئەردۆگان نەك سەرناكەوێت، بەڵكو وڵاتەكەی توشی شۆكێكی وەها گەورەی دۆڕان دەكات كە نەتوانن پێشبینی بكەن.


مایكل رۆبن نوسەری بەشی نهێنی بێڵوێیە لەماڵپەڕی واشنتۆن ئێگزامینەر. ئەو شیكەرەوەی پەیمانگای پرۆژەی سەركێشی ئەمەریكی و بەرپرسی پێشووی پنتاگۆنە.

مایكڵ رۆبن


سەرچاوە: واشنتۆن ئێگزامینەر

 

author photo

مایكڵ رۆبن: راوێژكاری پێشووی پنتاگۆن بۆ كارو باری رۆژهەلاتی ناوراست‌و توركیاو ئێران و بەهاری عەرەبی، ئێستا لێكۆڵەر لە پەیمانگای ئەمەریكی بۆ توێژینەوە، وتارەكە لە رۆژنامەی واشتن پۆست بەرواری 5-4-2018 بڵاوكراوەتەوە