له‌حیمكردنه‌وه‌ى هه‌ولێر به‌ به‌غدا له‌ ڕێگه‌ى پردێكى ئاسنینه‌وه‌

دیوی دووەمی کردنەوەی پردە ئاسنینەکەی پردێ

له‌حیمكردنه‌وه‌ى هه‌ولێر به‌ به‌غدا له‌ ڕێگه‌ى پردێكى ئاسنینه‌وه‌

1039 خوێندراوەتەوە

به‌هۆى به‌ستنى پردێكى ئاسنین له‌ شارۆچكه‌ى پردێ له‌سه‌ر ڕێگه‌ى كه‌ركوك هه‌ولێر جارێكى دیكه‌ ڕێگه‌ى هه‌ولێر - كه‌ركوك و هه‌ولێر-به‌غداد پێكه‌وه‌ به‌سترانه‌وه‌، نزیكه‌ى 10 مانگ له‌مه‌وپێش له‌ گه‌رمه‌ى ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا، پرده‌كه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه‌ ته‌قێنرایه‌وه‌، تا ڕێگه‌ له‌ پێشره‌وی تانك و سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى بگیرێت كه‌ ده‌یانویست به‌ره‌و هه‌ولێر بچن.

 

ڕوخانى پرده‌كه‌ هه‌ر به‌ته‌نها به‌ماناى پچڕاندنى په‌یوه‌ندى هاتوچۆى نێوان هه‌ولێر- كه‌ركوك و هه‌ولێر- به‌غداد نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ماناى دابڕانى سیاسى هه‌ولێر بوو له‌ به‌غداد و به‌جێهێشتنى كه‌ركوكیش بوو بۆ حه‌شدى شه‌عبى و حكومه‌تى عێراق.

پارتى دیموكراتى كوردستان و خودى مه‌سعود بارزانى كه‌ هه‌ڵگرى پرۆژه‌ى ڕیفراندۆم بوون، له‌كاتێكى هه‌ستیاردا و به‌بێ ئاماده‌یى هه‌لومه‌رجى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستیان بۆ بابه‌تێكى چاره‌نوسساز برد، ئه‌نجامه‌كه‌ى به‌ خستنه‌ مه‌ترسى هه‌رێمی كوردستان كۆتاییهات تا ئاستى دروستبوونى مه‌ترسى له‌سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێمى كودستان و كۆتایى ئه‌زموونى حوكمڕانى له‌ باشورى كوردستان.

،،

ڕوخانى پرده‌كه‌ هه‌ر به‌ته‌نها به‌ماناى پچڕاندنى په‌یوه‌ندى هاتوچۆى نێوان هه‌ولێر- كه‌ركوك و هه‌ولێر- به‌غداد نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ماناى دابڕانى سیاسى هه‌ولێر بوو له‌ به‌غداد و به‌جێهێشتنى كه‌ركوكیش بوو بۆ حه‌شدى شه‌عبى و حكومه‌تى عێراق.

 

زیاتر له‌وه‌ش شكستى ڕیفراندۆم كاریگه‌رى له‌سه‌ر پێگه‌ى كورد له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ى كوردستان كرد، كه‌ ده‌شێت خاپوركردنى شاره‌ كوردییه‌كانى باكور و داگیركردنى عه‌فرین له‌ ڕۆژئاوای كوردستان له‌ نمونه‌ى ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ بن.

به‌هۆى ڕیفراندۆمه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان خاكێكى زۆر و سه‌رچاوه‌یه‌كى زۆرى نه‌وت و كێڵگه‌ى نه‌وتى فراوان و پێگه‌ى سیاسیی و سه‌ربازى گه‌وره‌ى له‌ده‌ستدان.

 

dfg
شوێنەواری داروخاوی پردەکەی ناحیەی پردێ پاش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکۆبەری ٢٠١٧

 

هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌سه‌ره‌تاكانى پرۆسه‌كه‌وه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان و خودى بارزانى زیانى گه‌وره‌یان به‌ركه‌وت، تا ئاستى كه‌نارگیركردنى بارزانى و گه‌مارۆى سیاسى له‌سه‌رى، به‌وه‌ى چیتر وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ نه‌كرێت و په‌راوێز بخرێت.

له‌وانه‌یه‌ له‌ دواى شكستى شۆڕشى ئه‌یلوله‌وه‌، قۆناغی 16ى ئۆكتۆبه‌ر به‌ قورسترین قۆناغى سیاسیی پارتی دابنرێت، ناكرێت دیپلۆماسیه‌تى نێچیرڤان بارزانى هه‌م له‌ئاستى ناوخۆ و هه‌م له‌ئاستى ناوچه‌كه‌ و جیهانیش له‌به‌رچاو نه‌گیرێت له‌ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و قه‌یرانه‌ قورسه‌دا كه‌ پارتى و بارزانى و حكومه‌تى هه‌رێمیش ڕووبه‌ڕووى بوونه‌وه‌، له‌مه‌دا دوودڵى نێچیرڤان بارزانى سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆم فریاى كه‌وت، چونكه‌ ئه‌و یه‌كێك بوو له‌وانه‌ى پێى وابوو بارزانى له‌ بابه‌تى ڕیفراندۆمدا به‌هه‌ڵه‌دا براوه‌.

،،

به‌ كردنه‌وه‌ى پرده‌ ئاسنینه‌كه‌ى پردێ، خودى بارزانى و پارتى و نێچیرڤان بارزانى هه‌موو ئه‌و دییفاكتۆیانه‌یان قبوڵكرد كه‌ له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هاتنه‌ ئاراوه‌ كه‌ پێشتر وه‌ك داگیركاریی سه‌یریان ده‌كرد.

 

نێچیرڤان بارزانى له‌دواى ڕیفراندۆمه‌وه‌ خه‌ریكى چاككردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و پردانه‌یه‌ كه‌ به‌هۆى ڕیفراندۆمه‌وه‌ دران به‌ ئاودا، له‌مه‌شدا تاراده‌یه‌كى زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و ورده‌ ورده‌ خه‌رێكه‌ پارتى هێزى جارانى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و بارزانیش تۆنى ده‌نگى گڕ تر ده‌كات.

 

RTY
پاککردنەوەی شوێنی دانانی پردە ئاسنینەکە ـ پردێ ـ ٢٠١٨.٨,١٠

 

له‌وانه‌یه‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 12ى ئایار یه‌كێك بێت له‌ هۆكاره‌كانى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌هێزى بارزانى و پارتى بۆ ناو هاوكێشه‌ى سیاسى عێراق له‌كاتێكدا له‌ماوه‌ى ڕابردوودا زۆرشتى له‌ عێراق له‌ده‌ستدا.

دروستكردنه‌وه‌ى پردى ئاسنینى نێوان هه‌ولێر ـ كه‌ركوك، له‌وانه‌یه‌ له‌ گرنگترینى ئه‌و هه‌وڵانه‌بێت حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیه‌كانى له‌سه‌ر بونیاد بنێته‌وه‌ و له‌پاڵ ختوكه‌دانى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى به‌ ئیستیهلاكى محه‌لى، خۆى به‌و پرده‌ ئاسنینه‌دا هه‌ڵواسێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوه‌شى به‌غدا و حكومه‌تى مه‌ركه‌زى كه‌ پێشتر هه‌وڵى ده‌دا خۆى له‌ده‌ستى راته‌كێنێت و یاخى ببێت لێى.


به‌ كردنه‌وه‌ى پرده‌ ئاسنینه‌كه‌ى پردێ، خودى بارزانى و پارتى و نێچیرڤان بارزانى هه‌موو ئه‌و دییفاكتۆیانه‌یان قبوڵكرد كه‌ له‌دواى 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هاتنه‌ ئاراوه‌ كه‌ پێشتر وه‌ك داگیركاریی سه‌یریان ده‌كرد.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری