پۆل برێمەر چۆن باسی سەرکردە عێراقییەکانی كردووه‌؟

پۆل برێمەر چۆن باسی سەرکردە عێراقییەکانی كردووه‌؟

3238 خوێندراوەتەوە

ڕاپۆرتی: عەلی فەتحی

پۆڵ برێمەر دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق بووە یەکێك لەناوە ئاشناکان لەلای گەلی عێراق‌و بووە حاکمی مەدەنی ئەمریکا لەعێراق، برێمەر دوای کۆتای هاتنی ئەرکەکەی ڕووداوەکانی ئەو کاتی لە کتێبێکدا بەناوی ساڵەکەم لەعێراق تۆمارکرد.

 
لەم کتێبەدا بریمەر باس لە پێکهێنانی ئەنجومەنی حوکم‌و چەندین ڕووداوی سیاسی و جۆراوجۆر دەکات‌و زۆرێک لەسیاسی‌و سەرکردەکانی عێراقی هەڵسەنگاندووەو باسیان دەکات.


دواتر, محه‌مه‌د عەرەب" کتێبیکی نوسی بەناوی، ( مالم یژكره‌ بریمر فی كتابه). ئەوەی برێمەر لەکتێبەکەیدا باسی نەکردووە، دواتر ئەم کتێبە لەلایان دوو وەرگێڕی کوردەوە, وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی، لەم کتێبەدا بریمەر باس لە سەرکردە دیارەکانی عێراق دەکات، ئەم کتێبە بەتەواوکەری کتێبەکەی بریمەر دادەنرێت بەناوی ساڵەکەم لەعێراق.

لەم کتێبەدا قسەکانی بریمەر بەشێکیان لەزاری کەسێکەوە دەگێڕدرێنەوە کە نزیکبووە لەبریمەرو جێگەی متمانەی بریمەر بووە، بەناوی ویداد، لێرەدا هەوڵدەدەین چەند نموونەیەك لەسەرکردە دیارەکانی عێراق کە لەم کتێبەدا لەسەر زاری بریمەرەوە باسکراون بخەینە ڕوو.

 

عەلی سیستانی

بریمەر، پێیوابووه‌ ئەم پیاوە عەساکەی موسایە، چونکە گەورەترین ئاگری سیاسی یان ڕوو بەڕوو بوونەوەی تائیفی‌و مەزهەبی لەعێراقدا خامۆش دەکات، بە تەنها لاپەڕەیەکی بچووک لەنوسینگەی سیستانییەوە دەربچێت بەبێ ئیمزا یاخود مۆری ئەو.

ویدایت دەیوت، ئەگەر دڵنیا نەبوومایە کە برێمەر ئەمریکییەو مەسیحیە، دەموت یەکێکە لە شوێنکەوتوانی سیستانی. برێمەر لەکتێبەکەیدا بەڕوونی باس لە سروشتی ئەو پەیوەندییە دەکات کە لەگەڵ سیستانیدا هەیبووه‌، لەگەڵ ئەوەی هەندێک جار ئەم پەیوەندییانە ئاڵۆز دەبوون‌و هەروەها باس لەوە ده‌كا کە برێمەر، موچەیەکی مانگانەی(٢٥٠٠٠) دۆلاری دەدا بە عەبدالڕەزاقی کوڕی سیستانی، بەناونیشانی خەرجیەکانی پارێزگاری مەرجەعە ئاینییەکان لە نەجەف.

موقتەدا سەدر

برێمەر زۆر لێی دەترساو باوەڕیوابوو ئێران موقتەدا دەجوڵێنێت بەڕێگەیەکی ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی حیزبوڵای لوبنانەوە، بەبێ ئەوەی خۆی هەستی پێ بکات، چونکە زانیاری هەبوو کە بنەماڵەی سەدر پێچەوانەی بۆ چوونی ئێرانن لەعێراقدا.
بریمەر ناوی خستە ناو لیستی ناوە ترسناکەکان، کە لەسەر لەوحەیەک لەناو نوسینگەکەی خۆیی هەڵیواسیبوو, کەناوی نابوو لەوحەی ڕەش.
بریمەر ئارەزووی لەناو بردنی موقتەدای نەدەکرد، بەڵکو ئارەزووی دەکرد لەقاڵب بدرێت، هەر چەندە شیعەکانی ناو ئەنجومەنی فەرمانڕەوایی فشاری زۆریان دەکرد بۆ لەناو بردنی ئەم سەرکردە گەنجە.

نوری مالیکی

برێمەر سەبارەت بە نوری مالیکی دەڵێت، مالیکی عەقڵێکی بەتوانای هەبوو، دەیزانی چۆن جەعفەری بەکار دەهێنێت، ئەمە وایکرد جەعفەری پێش بکەوێت‌و مالیکیش سود لەبیرو بۆچونەکانی جەعفەری‌و ڕۆشنبیری‌و نەرمونیانییەکەی ببینێت.

ئیبراهیم جەعفەری

توندڕەوە لەبەرگی میانڕەودا، بریمەر بەم شێوەیە ناوی دەبرد، چونکە ئەم پیاوە تاسەر ئێسقان توندڕەوە، بەڵام وتاربێژێکی بەتواناو قسەکەرێکی لێهاتووەو زۆر ڕۆشنبیرەو سیاسییەکی سەر نەکەوتووە.


بەڵام قسە وڵات دروست ناکات. بریمەر بڕوایوابوو کە جەعفەری پێوویستە ببێتە وانەبێژ لەیەکێک لەحوسەینییەکاندا نەك پیاوی وڵات. بریمەر بێزاربوو کاتێک کە بەتەنها لەگەڵی دادەنیشت، چونکە ڕاستەوخۆ ناچێتە سەر باسی بابەتەکان‌و قسە دەهێنی و دەبات.


بریمەر لەکتێبەکەیدا سەبارەت بەم کەسایەتیە دەڵێت، ئیبراهیم جەعفەری ئەوکەسەی میوانداری کردم بۆ ژەمەخواردنێکی زۆر خۆش، جەعفەری دەستیکرد بە دەربڕینی بۆ چونەکانی و لەسەر جۆرەها بابەت قسەی دەکرد، بەجۆرێک کە ڕاناوەستێ هەناسەیەک هەڵبمژێ، دەستی کرد بەقسەکردن لەسەر فەیلەسوفەکانی یۆنان‌و هیتلەرو ستالین‌و سەدام‌و جۆرج واشنتۆن‌و هەروەها پێشبینییەکانی خۆی دەربارەی داهاتووی فەرمانڕەوایەتی عێراق.

ئەحمەد چەلەبی

ئەندازیاری دووبەرەکی نانەوەو ڕیزتێکدانە، بەم شێوەیە بریمەر وەسفی دەکات، ویدات دەڵێت، هەر کێشەیەکی شیعی ڕووبەڕووی بریمەر ببوایەوە یەکسەر پەیوەندی بەئەحمەد چەلەپیەوە دەکردو سەرزەنشتی دەکرد، پێش ئەوەی پەیوەندی بە ئەندامەکانی تری ئەنجومەنی فەرمانڕەوایەتییەوە بکات، چونکە زۆرێک لەو کێشەو گرفتانە، ئەحمەد چەلەپی دروستی دەکردو کپیشی دەکردەوە بەمەبەستی چەند گرێبەستێکی سیاسی لەگەڵ ئەمریکیەکاندا.
بریمەر زۆرجار ئارەزووی دیداری چەلەپی نەدەکردو ڕەتی دەکردەوە، دیداری لەگەڵدا بکات، هەروەها ویدات دەڵێت، ئەحمەد چەلەپی پارەی دەدا بەسوپای مەهدی‌و موقتەدا کە دەستیان هەبوو لەکوشتنی کەسایەتییەکاندا.

ئەیاد عەلاوی

پیاوی ئەمینی عێراق، دۆستایەتی تەواوی هەیە بۆ ئەمریکا، دەستێکی ئاسنینی ژیرەو بریمەر بەردەوام باسی سەرسامبوونی خۆی دەکرد بەعەلاوی.
ویدات دەڵێت جارێکیان، دەربارەی عەلاوی وتی، چەند ئاواتەخوازبووم ئەم پیاوە ئەمریکی بووایە، چونکە زیرەکی‌و هێزەکەی بەدڵا چووبوو. بەڵام بەردەوام دەترسا لەعەلاوی، لەوەی کە عبدالعزیز حکیم و چەلەبی و جەعفەری شتێکی بەسەر بهێنن چونکە، ئەمانە بەردەوام بۆ هەل دەگەڕان بۆ لەناوبردنی، بەهۆی ئەو ڕابردووە بەعسێتییەی کە هەیبوو. بریمەر بڕوای وابوو کە عەلاوی باشترین سەکردەو کەشتیوانە بۆ کەشتی حکومەت، بەڵام دەیزانی ئەمە لەداهاتوودا نابێت، لەبەرئەوەی سەکردە شیعەکان ڕقێکی زۆریان هەبوو بۆ عەلاویی و یاریدەدەرەکانی.

عەدنان پاچەچی

پیاوێکە لەسەردەمی خۆییدا ناژی، کاتێ دەسەڵاتی وەک سەرکردەیەك کۆتایی هاتووە، سەرەڕای ئەو ڕێزە زۆرەی کە بریمەر هەیبوو بۆ پاچەچی، بەڵام دەیوت زیرەکترین و بەهێزترین کەس لەبەردەم گەورەیی تەمەندا دەکەوێت‌و هیچی پێناکرێت. پاچەچی پشتیوانیەکی بەهێز دەکرا لەلایان ئەمریکیەکانەوە، چونکە پێیانوابوو پیاوێکی بەهێزی سوننەیە، هەرچەندە بریمەر گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە پاچەچی تەنها لەسەر کاغەز سوننەیە.


مۆفەق ڕوبەیعی

بریمەر پێیوابووه‌ پزیشکێکی خراپ بووە، چونکە ڕاستگۆیی یەکێکە لە سیفەتەکانی هەموو پزیشکێک، بەڵام ئەو هەر بە سروشت کەسێکی درۆزنە، زۆرجار بریمەر سەرزەنشتی دەکردو پێیدەوت, تۆیەکەم کەسی کە ڕەخنە دەگریت‌و دواین کەسیشی کە چاك ڕێكدەبیتەو، هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدایە کە ڕۆڵێکی گەورەتر بەخۆیی بدات لەوەی کە ئێستا هەیەتی، دەیەوت ڕۆڵی نێوەندگیرو نزیککەرەوە ببینێت لەکاتی تەنگژەو ڕووداوەکاندا.

مه‌شعان جبوری

زیتەڵ‌و کۆڵنەدەر، بریمەر پێیوابوو مه‌شعان، خاڵی بەیەکگەیشتنی کوردو عەرەبی سوننەیەو دوژمنەکانی لە دۆستەکانی زیاترن، لەپێش هەموویانەوە شیعەکان. بریمەر چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد لەقۆناغی هەڵبژاردنەکاندا دەرکەوتنێکی سیاسیانەی هەبێت بەهۆی بوونی خەسڵەتی هونەری قەناعەت پێکردنی بەرانبەرو بەباشی خستنەگەڕو بەکارهێنانی ڕاگەیاندن بۆ خزمەتکردنی پڕۆژەکانی.

عه‌مار حه‌کیم

سەرکردەی داهاتووی شیعەکانە، بریمەر پێیوابووه‌ ئەگەر موقتەدا نەبووایە، ئەوا عەمار جێگەی دەگرتەوەو هەمان یاری سیاسی دەکرد. عەمار وتاربێژێکی شارەزاو لێهاتووە، بەرگریکارێکی دڕی مافی شیعەکانەو بەجوانترین شێوە ئاین بەکار دەهێنێت بۆ سیاسەت و لەباوکی زیرەکترەو زیاتر لەمامی دەچێت، چاوەڕوانی ئایندەیەکی پڕشگنداری لێدەکرێت لەقۆناغی دوای بریمەردا. بەڵام زیادەڕەوی و تووندڕەوی ئاینی عەیبێکە تێیدا، هەر چەندە لەڕووی سیاسییەوە دیندارە نەك لەڕاستیدا.

تاریق هاشمی

بریمەر، هاشمی بەنموونەی سیاسەتمەداری سەردەم دادەنێت، کە با لەکوێوە هات لەوێوە شەن دەکات، لە موحسین عەبدولحەمید باشتر دەتوانێت نوێنەرایەتی ئیسلامی سوننە بکات لەسەر شانۆیی سیاسەتی عێراقدا. کەسێکی فێڵ بازو وتاربێژێکی سانایەو زیاتر سۆز جوڵێنەرە نەك بابەتیانە. بریمەر پێیوابوو دوا ڕۆژێکی پڕشنگداری دەبێت، جارێکیان بریمەر وتی ئەم پیاوە کودەتایەکی حیزبانەی ئاشتیانە بەسەر موحسین عەبدولحەمید دا دەکات.

شەهرستانی

لەناوەندی شیعەکاندا لەگشتیان زیرەکترو شیاوترە ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەك شیعەیەک. بریمەر بەم جۆرە پێناسەی دەکات، توندڕەوێکی شیعەی عەلمانی و دۆست و لایەنگری ڕەهایی ئەمریکا. زۆر جار بریمەر وەک هاوڕێ و دۆستێک وتووێژی لەگەڵ دەکردو هاوکاری دەکرد، کەسێکی زیرەک و شارەزایە لە دۆزینەوەی کەلێنە یاساییەکاندا.

عادل عەبدولمەهدی

بەعسییە تا ئەو ڕۆژەی لەژیاندا بێت، چونکە بیرو بۆچوونی لە فەرمانڕەوایی و جێبەجێ کردنیدا وەك بۆ چوونی بەعسییەکانەو کاریگەرییەکی تەواوی هەیە لەسەر بڕیارەکانی عبدالعزیز، بریمەر وەسفی دەکات لەگەڵ ئەوەی کە لەڕووبەڕووبوونەوەیەکی نیمچە بەردەوامیدایە لەگەڵ هادی عامری و عەمار حەکیم.