ترس و نیگەرانی دووەم و لەپێشینەی ئەمریكیەكان لە هێرشەكانی توركیا

ترس و نیگەرانی دووەم و لەپێشینەی ئەمریكیەكان لە هێرشەكانی توركیا

1405 خوێندراوەتەوە

هەڕەشەی توركیا بۆ مەنبەج جیاواز لە عەفرین مەترسی لای بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) دروستكردووە.


چەند رۆژێكە سوپای توركیا و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەوانەی كە لەلایەن ئەنكەرەوە پشتگیری دەكرێن ئۆپەراسیۆنێكیان لەدژی كانتۆنی عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە.لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند جگە لە عەفرین ئۆپەراسیۆنەكەی كە بەناوی )چڵی زەیتون سیبموڵی ئاشتییە (وە بەڕێوەدەچێت شارۆچكەی مەنبەجیش دەگرێتەوە.

،،

ئەگەر ئەنكەرە هێرشی هاوشێوەی عەفرین بكاتە سەر مەنبەج ئەوا ئەگەری پێكدادانی لەگەڵ سوپای ئەمریكادا دەبێت كە هەردوو وڵات ئەندامی پەیمانی ناتۆن.

مەنبەج ناوچەیەكی سەر بە پارێزگای حەڵەبە و لە ناحیەكانی مەنبەج، ئەبوقەلەق، خەفسە، مەسكەنە و ناحیەی ئەبوكەهف پێكهاتووە و ساڵی رابردوو لەلایەن شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە زۆرینەی پێكدەهێن و بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لەدەستی داعش ئازادكرا و ئێستا ژمارەیەك لە هێزەكانی ئەمریكا لەو شارۆچكەیە جێگیرن.

هێزەكانی ئەمریكا لە مەنبەج
ئەمریكا هێزی سەربازی لە عەفرین نییە، كە تا ئێستا ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بە چڕی گرتویەتییەوە، بەڵكو بەشێك لە هێزەكانی لە مەنبەج و خۆرهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای كوردستان جێگیركردوە، ئەگەر ئەنكەرە هێرشی هاوشێوەی عەفرین بكاتە سەر مەنبەج ئەوا ئەگەری پێكدادانی لەگەڵ سوپای ئەمریكادا دەبێت كە هەردوو وڵات ئەندامی پەیمانی ناتۆن.


سەرەڕای ئەوەش ئەمریكا خوازیارە كۆنترۆڵكردنی ناوچەكە لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەل ( یەپەگە ) بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەژموونی دیپلۆماتی بداتێ‌، چونكە واشنتۆن لە دانوستانەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی سوریا لە جنێڤ پێویستی بەو هەژمونە هەیە كە لە كۆتاییدا رەنگە ئەو دانوستانە كۆتایی بە شەڕی سوریا و دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد بهێنێت.


هەرچەندە توركیا و ئەمریكا هاوپەیمانن لە ناتۆدا، بەڵام لە پرسی سوریادا بەرژەوەندییەكانیان جیاوازە، واشنتۆن بایەخ بە كۆتاییهێنان بە رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" دەدات و ئەنكەرەش پەرۆشە بۆئەوەی رێگە لە كورد بگرێت نەبێتە خاوەنی ئۆتۆنۆمی و پشتگیری باكوری كوردستان بكات.


بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن رێگەگرتن لە رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هاوپەیمانی ئەمریكان لە شەڕی داعشدا لە مەنبەج، بەلای واشنتۆنەوە كارێكی میحوەری و جێی بایەخە.

،،
هەر ئۆپەراسیۆنێكی توركیا بۆسەر مەنبەج مەترسی گەورە لای ئەمریكا دروستدەكات چونكە ژمارەیەكی زۆر سەربازی ئەمریكی لە شارۆچكەكە و چواردەوری جێگیركراون


بەرپرسێكی ئەمریكی كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە رۆیتەرزی وت :" مەنبەج هاوپەیمانی دژی دەوڵەتی ئیسلامی ئازادیكردووە و ئەگەر توركیا بەو ئاراستەیە دەست بە جموجوڵ بكات ئەوا بە شێوەیەكی جیاوازتر لێی دەڕوانرێت."


وتیشی " توركەكان قسە لە بارەیەوە دەكەن، بەڵام هیچ ئاماژەیەك نییە كە جموجوڵ بەرەو خۆرهەڵات دەكەن كە هێزەكانمانی لێیە ، لە قۆناغی ئێستادا لە عەفرین شەڕێكی جیاوازتر هەیە، بەڵام ئەگەر بە ئاراستەی خۆرهەڵات جوڵە بكەن ئەوا دۆخێكی زۆر جیاوازتر دەبێت."

دانوستان لەگەڵ توركیا
هەر ئۆپەراسیۆنێكی توركیا بۆسەر مەنبەج مەترسی گەورە لای ئەمریكا دروستدەكات چونكە ژمارەیەكی زۆر سەربازی ئەمریكی لە شارۆچكەكە و چواردەوری جێگیركراون و مانگی ئازاری ساڵی رابردوو ئەمریكا ئەو هێزانەی لە مەنبەج و ناوچەكە جێگیركرد بۆئەوەی رێگە لە پێكدادانی نێوان هێزی توركیا و هێزەكانی سوریای دیموكرات ( هەسەدە) بگرێت و بەشێكیش لە هێزەكانی ئەمریكا لە مەنبەج سەرقاڵی مەشق و كاری راوێژكارین لەگەڵ هێزەكانی هەسەدەدا.


بەرپرسێكی تری ئەمریكی بە رۆیتەرزی وت: بە وردی چاودێری دەكەین ئەگەر ئەوە روبدات ئەوا مایەی نیگەرانییە، پاراستنی هێزەكانمان كاری لە پێشینەمانە".


هەرچەندە شەڕ دژی داعش لە چەند روبەرێكی زۆر بچوكی سوریا ماوە، بەڵام ئەمریكا پێویستی بە هێزەكانی یەپەگە هەیە بۆئەوەی كۆنترۆڵی ناوچەكان بكەن و گرەنتی ئەوەبكەن جارێكی تر ئەو رێكخراوە توندڕەوە دەرنەكەوێتەوە لە و ناوچەیەدا.


مەیجۆر ئەدریان رانكین گالەوەی، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە رۆیتەرزی راگەیاند " ئێستا وەفدێكی وەزارەتەكە لە چوارچێوەی وەفدێكی ئەمریكیدا لە ئەنكەرەن بۆ تاوتوێكردنی پرسە ئەمنییەكان لە نێویشیاندا دۆخی عەفرین".


گالەوەی وتیشی : گروپە چەكدارەكانی عەفرین" بەشێك نین لە هاوپەیمانی دژ بە داعش" و زیاتربوونی توندوتیژی لە عەفرین سەرنجەكان لەسەر ئەو هەوڵانە لادەبات كە دەدرێن بۆ كۆتاییهێنانی یەكجارەكی رێكخراوی داعش".


بەرای گونۆڵ توڵ بەڕێوەبەری پرۆگرامی توركیا لە پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەراست ( پەیمانگایەكی تایبەت بە توێژینەوەیە) قایلكردنی ئەردۆغان بە جوڵنەكردن بەرەو مەنبەج تاڕادەیەك زۆر قورسە.

،،

" ستراتیژی ئەمریكا هەمووی پشت بە كورد دەبەستێت، تاكە كاریگەری كە ئەمریكا لە سوریا هەیبێت لەرێگەی كوردەكانەوەیە".


ستراتیژی دۆناڵد ترەمپ لە سوریا بە شێوەیەكی نیمچە تەواوەتی پشتدەبەستێت بە پارێزگاریكردن لە یەپەگە كە 30 هەزار شەڕڤانی شەڕكەری هەیە، هەروەها ئامانجی ستراتیژەكەی نەهێشتنی پاشماوەكانی داعشە لەگەڵ بوژاندنەوەی دانوستانەكانی جنێڤ، كە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی سوریا سەرپەرشتی دەكات.


تۆڵ وتی" ستراتیژی ئەمریكا هەمووی پشت بە كورد دەبەستێت، هەتا ئەگەر توركیا هێرشیش نەكاتە سەر مەنبەج، كەوتنی عەفرین كوردەكان لاوازدەكات و ئەوەش هەژمونی ئەمریكا لەلای كورد لاوازدەكات".

" تاكە كاریگەری كە ئەمریكا لە سوریا هەیبێت لەرێگەی كوردەكانەوەیە."


ئەو توێژەرەی پەیمانگای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وتیشی " ئەگەر مەنبەج بكەوێت، ئەوە هەڕەشە بۆسەر رەققە دروستدەبێت، ئەوەش بەلای ئەمریكاوە گرنگە" رەققە پێگەی سەرەكی داعش بوو لە سوریا و ساڵی رابردوو پاككرایەوە.


دەشڵێت: ئەمریكا هەرچی هەوڵی هەیە دەیخاتەگەڕ بۆئەوەی ئاڵۆزی لەگەڵ توركیا هێوربكاتەوە، بەڵام نازانم چی پێشكەشدەكەن، پێویستە لەسەریان زۆر داهێنەر بن".

سەرچاوە: رۆیتەرز

 

author photo

بەكالۆریۆس لە زمانی عەرەبی

رۆژنامەنوس

ئەزمونی 10 ساڵ كاركردن لە راگەیاندندا