زەوی بە کادیری موستەفیدی حیزب مەدەنەوە

عومەر عەلی غەفور

2024-07-28

حکومەت بەهەر پاڵنەرێک بێ بڕیاری داوە دەست بەدابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستە جموجوڵ دەستی پێکردوە، مەرجەکان بڵاو کراونەتەوە و لە فەرمانگەکان فۆرم بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە.. کارێکی چاکە..

ئەڵبەت من شمولم ناکا، چونکە موستەفیدم و کاتی خۆی وەک رۆژنامەنووس (٢٠٠م) زەویم وەرگرتوە، خۆشبەختانە فۆرمەکە بەڵێننامەیەکیشی تێدایە کە سزای بەندکردن و دارایی بۆ هەر فەرمانبەرێک داناوە کە پێشتر زەوی یان خانووی وەرگرتبێ و فۆرم پڕ بکاتەوە.. ئەمەیش کارێکی چاکە..

بەڵام لە هەموو شتەکان چاکتر ئەوەیە رێگە نەدرێ کادیرانی حزبی کە ئێستا فەرمانبەرن و پێشتر وەک کادیر -بەبێ هیچ مەرجێ لەو مەرجانەی بۆ فەرمانبەران کاریان پێ دەکرێ- زەوییان وەرگرتوە، جارێکیتر لێرەیش ببنە شەریکە بەش و لە مەرجی موستەفیدبوون هەڵاوێر بکرێن..

ئایا شتی وا دەبێ؟ من دڵنیا نیم ئەوە هەیە یان نا، تەنها بەسەرهاتێ دەگێڕمەوە  و ئیدی جەدوای رەخنەکەی بەندە دەردەکەوێ..

هەڵە نەبم ساڵی ٢٠٠٤ بوو، ئەوکاتە ناوبەناو زەوی بەسەر چین وتوێژەکاندا دابەش دەکرا، هەر لەو سەروەختەدا -دیارە پاش دانوستانێکی حزبی- بڕیار درا پارچە زەوی بدرێتە کادیرانی چەند ئاستێکی سەرەوەی حزبێک لەو حزبانە (مەعلوم بەهەموو حزبەکان دراوە، باسی یەکێتی و پارتی خۆیان هەر مەکە!!)، بەم شێوەیە: (ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ٦٠٠م + سەرکردایەتی ٦٠٠ یان ٥٠٠م بوو دڵنیا نیم +  مەکتەبەکان ٤٥٠م + مەڵبەند ٣٠٠م)، ئەڵبەت لە شوێنی نایابیش.
من پێشتریش نووسیومە کە ئەو کارەی حزب دەیکا زوڵمە و لە بەشی خەڵک دەکرێ و ناکرێ خەڵکی ئاسایی پاش بیست سی ساڵ دووسەد مەتر زەوی نەدرێتێ کەچی کادیرێکی باڵای حزبی لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان ٣٠٠، ٤٥٠، ٥٠٠، ٦٠٠ زەوی بدرێتێ.. کە بەردەوام حزب و کادیرەکانی موعارەزە ئەم رەخنەیەمان لە یەکێتی و پارتی دەگرت و بەگەندەڵی و ناعەدالەتیمان دادەنا، بەڵام کارەسات لەوەدایە تۆ کاتێ دەسەڵات خۆیشتی لەو تەخشان و پەخشانە پشکدار کرد، ئیتر بەقودرەتی قادر نقەت لێ ببڕێ و زۆر بەویژدانی ئاسوودەوە وەریبگری و هەزار و یەک پاساو بۆ رەوایی پێدانی دابتاشی!
تا ئێرەیش قەینا و وەرتگرت پیرۆزت بێ، کارەسات ئەوەیە بەوە تێر نەخۆیت و چاوت لەوە بێ لە دایرەکەیشت وەک فەرمانبەر، بەدەر لە رێنماییەکان بۆ دووەم جار زەوی وەربگریتەوە..

ئەوە بوو لەو سەروەختەدا دەوامم لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بوو، بەیانییەک چوومە دەوام و لە هۆڵەکەدا لەگەڵ چەند کەسێ وەستابووین، بینیم برادەرێک هات کە ئەندام مەڵبەند بوو و لەوانە بوو ٣٠٠ مەتری وەرگرتبوو، هات چاک و چۆنیمان کرد، وتم کاک فڵان خێرە هاتووی بۆ ئێرە؟ وتی: "وەڵا بیستوومە ئەڵێن ئەوانەی وەک کادیری حزبی زەوییان وەرگرتوە بە موستەفید حسێب نین و بۆیان هەیە وەک فەرمانبەریش وەریبگرن، هاتووم لێرە بپرسم بزانم راستە"..
بەقسەکەی زۆۆر پەست بووم، وەرە پیاوی خودا تۆ بەیداخی دینداری و چاکسازیت هەڵگرتبێ و سەری زمان و بنی زمانت باسی گەندەڵیی هەردوو حزب بێ و لە خۆت زیاتر دنیات پێ دز و گەندەڵ بێ، کەچی دوێنێ ٣٠٠ مەتر زەویت بەناهەق وەرگرتبێ، بەحەرامی نەزانی چاوت لەوە بێ ببیتە بەشخۆری فەرمانبەرێکی داماویش..
وتم: جا پێت وایە شتی وا ئەگەر هەبێ شتێکی باشە؟ وتی: ئەی بۆ؟! (خەڵکیتریش حازر بوون) وتم: "وەڵاهی ئەوە گەورەترین ناهەقییە جا هەر حزبێ بیکا، جا پارتی بیکا یەکێتی بیکا، یەکگرتوو بیکا!!".. قسەکانمی پێ ناخۆش بوو.

لەڕاستییدا بەدووایدا نەچووم بزانم چی ئەنجامێکی دەست کەوت و ئایا ئەو ئیستیسنا کردنەی کادیری حزب لە مەرجی موستەفیدبوون هەیە یان نا، بەڵام لەو گەندەڵستانەی هەردوو حزبی حاکم سازیان کردوە و حزبەکانیترش زۆر تا کەم و بەناوی جۆراوجۆر تێوەی گلاون؛ هیچ بەدووری نازانم هەبێ!!

 شتی وا ئەگەر  هەبێ (هیوادارم نەبێ) هەر بەڕاستی شەرم و عەیبە و دزییەکی گەورەیە حزبەکان لە خەڵکی دەکەن و نابێ فەرمانبەران رێگەی پێ بدەن، چونکە دزینی بەشی ئەوانە..