بەغداد لەململانێی حەوزەی قوم و نەجەف تێوەگلاوە

گۆران قادر

2022-08-30

ئەوەی ئێستا لە بەغداد و پارێزگاكانی عێراقدا دەگوزەرێت ململانێیەنیەكی تەواو ئاینیە ، كە بەرگی سیاسەتی بەبەردا كراوە و ڕەوانەی بەغداد و ناوچەی سەوز كراوە، چونكە ڕیشەی توندوتیژییەكان بەهۆی  دەستلەكاركێشانەوەی سەید كازم حائیریی كەسایەتی ئاینی شیعی ولە بنەماڵەی ئالی سەدرەوە بوو، كە لەسەر دەستی مەرجەعیەتیەكانی ئەو بنەماڵەیە و بە تایبەت محمد باقر سەدر پێگەیشتووە،بەڵام ئێستا مەیلی بەلای خامەنەییەوە رۆیشتووە.

ئەوەی كە ئەمجارە  كێشەكەی گەورەتر كردووە، گەیاندویەتیە توندوتیژی ،ئەوەیە حائیری سەرباری ئەوەی وازهێنانی لە مەرجەعیەت ڕاگەیاندووە، داوا لە لایەنگرانی دەكات ببنە شوێنكەوتەی ئایەتوڵڵا  عەلی خامەنەئی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران،ئەمەش واتای ئەوەیە كە مەرجەعیەتی ڕاستەقینە لە عیراق و نەجەفدا بوونی نامێنێت،بەڵكو ریشەكەی لە قوم و تاران دەبێت،هەر ئەوانیش دەبنە رابەری شیعەكانی جیهان، كە لە ئەنجامدا بەبی َبەها بوونی حەوزەی نەجەف و زاڵبونی حەوزەی قوم كۆتایی دێت، هەروەها ئومێدی بە مەرجەع بوونی  موقتەدا سەدر بۆ هەتا هەتایە لە گۆڕ دەنێت، هەربۆیە سەدر تەواو توڕە كرا و وازهێنانی خۆی لە سیاسەت ڕاگەیاند،كە ئەمەش پەیامێكە لەوەیە تەنها كەسایەتیە ئاینیەكان و شارەزایان لێی تێبگەن، چونكە لای سەدر ئاین و پاراستنی پێگەی بنەماڵەكەی لە پێش هەموو شتێكەوەیە، هەروەها خۆیشی  نایەوێت لە سامانی ئاینی بنەماڵەكەی بێبەش بكرێت،بۆیە سیاسەت كردن دەكاتە قوربانی ئەو میراتە بنەماڵەییەی كە لە ئالی سەدرەوە بۆی ماوەتەوە.

موقتەدا سەدر لە ڕاستیدا، كەسایەتیەكی سیاسی پۆپۆلیستە، توانای ئارام گرتنی نیە و لە بڕیارەكانیدا بە پەلە و هەڵەشەیە،هەر كە توڕە دەكرێت هەموو دامەزراوەكانی هەڵدەوەشێنێتەوە، دوای ئارام بوونەوەی دامەزراوەكانی وەك دوكانێكی سیاسی و ئاینی دەكاتەوە،بەڵام لەگەڵ ئەم كەسایەتیەیدا خاوەن هێزێكی زۆری ئاینی و مرۆییە، لە بنەماڵەیەكی  ناسراوی ئاینی شیعە گۆشكراوە، كە ئەو سەروەتە گەورەییە كە سەدر هیچ كات ئامادە نیە دەستبەرداری بێت، بۆیە هەر كە مەترسی كەوتە سەر پێگە ئاینیەكەی، وازهێنانی لە سیاسەت ڕاگەیاند، وەك پەیامێك بۆ ئەوەی كە مەرجەعیەت و ئاینی بوون، چەندین هێندە لە سیاسی بوون گرنگترە و ئامادە نیە سازشی لێبكات.

هەرچەندە چاوەڕی ناكرێت، ئەم هەنگاوەی حائیری ببێتە هۆی كەمبوونەوەی پێگەی سەدر لە ڕووی ئاینی و كۆمەڵایەتیەوە،چونكە پێگە ئاینی و جەماوەرییەكەی ئەو هێزەی پێداوە، كە ئەمەش لە بنەماڵەكەیەوە بۆی ماوەتەوە، كە خەباتێكی درێژیان دژ بە بەعسیەكان كردووە، چەندین كەسایەتیان شەهید كراوە، لەسەروی هەموویانەوە تیرۆركردنی محمد سادق سەدر بوو،بەڵام موقتەدا بە كەمترین هەنگاو لەو بارەیەوە توڕە دەبێت و ناتوانێت ئارام بگرێت .
ئەوەی ئێستا و لە داهاتوودا لە بەغداد و تەواوی پارێزگاكانی عیراق دەگوزەرێت ململانێیەكی ئاینیە بە بەرگی سیاسییەوە،ئەویش شەڕی هەژمونی مەرجەعیەتی بوونی گەورەیە لە نێوان شیعەی ئێران و عێراقدا،بۆیە چارەسەرەكەش هەر بە لایەنی ئاینی دەكرێت،چونكە ڕیشەی كێشەكە ئاینیە،بەڵام نابێت ئەوە لە بیر بكەین ئەم ململانێ ئاینیە كاریگەری تەواوی لەسەر سیاسەت دەبێت، بەتایبەت لایەنی پشتگیری ئێران بۆ موقتەدا سەدر لەوەیە بگاتە خاڵی سفر،لەوەش زیاتر ببێتە هۆی دژایەتی كردنی لەلایەن رابەرانی سیاسی و ئاینی ئێرانەوە،هەروەها دەبێتە خاڵێكی ناكۆكی درێژ خایەن كە نزیكە سەدر لە مەرجەعیەتی خامەنەیی دوربخاتەوە،كە بگاتە ئاستی ئەوەی هەر لایەنە و لای خۆیەوە هەوڵی فراوانكردنی هەژموونی ئاینی خۆی بدات، تا دەگاتە ئاستی بەریەك كەوتن.

چارەسەری توندوتیژییەكانی ئەمجارە بە دەستلەكاركێشانەوە و مانگرتن لە خواردن كۆتایی نایەت، چونكە ئەو پێگەیەی هەیانە بە هەوڵ و ماندووبون و بە مەرسوم وەریان نەگرتووە، تا بەبریارێك دەستبەرداری ببن،بەڵكو میراتێكی بنەماڵەیی و ئاینیە، هەرچەندە دەستبەرداری ببن، هێشتا خاوەن پێگەی خۆیانن،بۆیە بە یەكتر قبوڵ كردن و پاراستنی پێگەی لایەنی بەرامبەر ، كێشەكە چارەسەر دەبێت، بەو مەرجەی ململانێكە تێكەڵ بە جەماوەر و فتوای ئاینی نەكرێت.