وەڵامێک بۆ وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کامێراکانی پۆینت توو پۆینت

هەڵكەوت عەبدوڵا

2022-09-08

دوێنێ چوارشەممەی ڕێکەوتی ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢، بەڕێز جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر قسەوباسەکان دەربارەی کامێرەکانی کۆنترۆڵکردنی خێرایی (پۆینت توو پۆینت) هاتە دەنگ و بە چەند ڕستەیەکی کورت ڕای حکومەتی هەرێمی دەربارەی ئەو پرسە خستەڕوو، منیش وەک شارەزایەکی بواری هاتووچۆ، بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانی بە کورتی وەڵامی قسەکانی بدەمەوە، بەو هیوایەی دەرفەتێک بڕەخسێت بۆ پێداچوونەوە بەو هەنگاوەدا و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا.

بەڕێز وتەبێژی حکومەت دەڵێت: "ئەو بابەتە گەورەکرا و بە شێوازێک بەکارهێنرا بۆ موزادەیەی‌ سیاسی".
لە وەڵامدا دەڵێم، بەڕێزم سەرەتا بابەتەکە بۆخۆی گەورەیە و پەیوەندیی بە ژیان و باری دارایی هاووڵاتیانەوە هەیە و بۆ ئەنجامدانی کارێکی وەها سەرەتا دەبوایە وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوونی لەسەر ئاستی جیهان بۆ بکات و بزانێت چۆن ئەنجام دەدرێت و لە چ شوێنێکی هاتووچۆدا بەکاردەهێنرێت و پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کامانەن، نەک بەبێ لێکوڵینەوەی ورد و ئاگاداربوون لە فەلسەفەی پشت کامێراکانی کۆنترۆڵکردنی خێرایی (پۆینت توو پۆینت) لە هەرێمی کوردستان کاری پێ بکرێت و جێبەجێی بکرێت. ئینجا ڕەوانییە هەر هاوڵاتییەک ڕەخنە لە کارێکی دیاریکراوی حکومەت بگرێت بە "تیۆری پیلانگێڕان" ڕاڤەی بکەن و خۆتان لە بەرپرسیارێتی بەدووربگرن.

بەڕێز وتەبێژی حکومەت دەڵێت: "ئەو گرێبەستە بە شافەفی کراوە و ئەگەر تێبینییەکیش هەبێت دەکرێت چارەسەر بکرێت."
لە وەڵامدا دەڵێم، بەڕێزم شەفافبوونی کارێک مانای ڕاستی و دروستی کارەکە ناسەلمێنێ، دەشێت کارێک زۆر ڕوون و شەفاف بێت، بەڵام لە ڕووی زانسییەوە هەڵەی تیادا بێت و مەترسیی لێ بکەوێتەوە. سەبارەت بە لایەنی زانستیی ئەو هەنگاوە دواتر دێمە سەری و دەمەوێت بڵێم کە کارەکە ڕاستە شەفافە، بەڵام لەم ڕووانەوە:
١- شەفافە لە ڕووی ئەوەی، وەزارەتی ناوخۆ بەبێ ڕاوێژکردن بە کەسانی شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن تاکلایەنانە بڕیاری لێ داوە.
٢- شەفافە لە ڕووی ئەوەی، لەبری ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ خۆی کارەکە ئەنجام بدات لە بەرژەوەندیی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستاندا، دەرفەتی بۆ بازرگانێک ڕەخساندووە لەسەر حسابی گیرفانی هاوڵاتیان پارەی بێشومار و خەیاڵی بۆ خۆی پەیدابکات.
٣- شەفافە لە ڕووی ئەوەی، ژمارەیەکی زۆر ئوتومبیل لە لایەن بازرگانەکەوە کڕاوە کە پارەیەکی زۆری تێچووە و دەریدەخات کارەکە ئەوەندە خێری بۆ بازرگانەکە هەیە ئەو ژمارە زۆرەی ئوتومبیل لەپێناویدا بکاتە دیاری بۆ حکومەت.
٤- شەفافە لە ڕووی ئەوەی، مەرجەکانی بازرگانەکە چەند بەهێزبوون کە وای کردووە هەقی بەسەر ئەوەوە نەبێت هاوڵاتیان کەی پارەی سزای سەرپێچیی خێراییەکە دەدەن بە حکومەت، چونکە ئەو ڕاستەوخۆ و بێ چاوەڕوانیکردن پارەکەی خۆی وەردەگرێت.
٥- شەفافە لە ڕووی ئەو ڕێژەی پارەیەی بازرگانەکە وەریدەگرێت و ئەو ڕێژەیەی کە حکومەت وەریدەگرێت و بریتییە لە ٧٠٪ بۆ بازرگانەکە و ٣٠٪ بۆ حکومەت تا کاتی تەواوبوونی تێچووی پڕۆژەکە، کە پانزە ساڵی پێویستە.

سەبارەت بەوەی ئەگەر تێبینیش هەبێت دەکرێت چارەسەر بکرێت دەڵێم: لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی قسەوباسی لەسەر کرا و بڕیار دەربارەی درا چیتان دەربارەی کرد. هەزاران هاوڵاتی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ڕای خۆیان خستەڕوو چیتان دەرهەقی کرد. من بۆ خۆم وەک شارەزایەکی بواری هاتووچۆ لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیەوە لایەنەکانی ئەو کامێرانەم خستەڕوو و لە پەیوەندیی تەلەفۆنیشدا تێبینییەکانی خۆم بە بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاند، کە ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە داڕشتنی گرێبەستەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ چ گوێیەکی پێدان. لە ڕاستیدا دەبوایە پێش گرێبەستەکە زانیاری و تێبینیی پێویست کۆبکرایەتەوە، نەک دوای گرێبەستەکە تێبینی وەربگیرێت و ئەستەم بێت دەستکاریی گرێبەستەکە بکرێت.

دەربارەی لایەنی زانستیی ئەو کامێرانەش بە کورتی ئەوە دەڵێم، کە لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا سیستەمی کامێراکانی کۆنترۆڵکردنی خێرایی (پۆینت توو پۆینت) بەو شێوازەی هەرێمی کوردستان دانەمەزراوە و سەربازگەئاسا هەموو ڕێگەوبانەکانی ناوشار و دەرەوەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو بە گشتی لەو شوێنانەدا دانراوەن کە ڕووداوی هاتووچۆ زۆر ڕوویان داوە و بۆ ماوەیەکی دیاریکراوەی کورتمەودا. بۆ نموونە، چەند سەد مەترێک لەناو شار، (٥-١٠کم) لە ڕێگەوبانی دەرەوەی شار و (١٠-٤٠کم) لەسەر ڕێگەی خێرا (های وەی). کاتێک سەبارەت بە (پۆینت توو پۆینت) لەگەڵ بەرپرسە باڵاکەی وەزارەتی ناوخۆ قسەم کرد، ئەمەم بۆ ڕوونکردەوە. ئەو وتی کامێرەکانی ناوشار یەک پۆینتن و ئەوانەی نێوان شارەکان (پۆینت توو پۆینت)ن. منیش پێم وت کەواتە دەبێت وەزارەتی ناوخۆ ڕوونکردنەوە بدات، چونکە ئەگەر وابێت کارێکی دروستە، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕوونکردنەوەیەش بڵاونەکراوەتەوە.

بەڕێز وتەبێژی حکومەت دەڵێت: "ئەو پڕۆژەیە لە بەرژەوەندی‌ هیچ کەس و لایەنێک نییە، بەڵکو لە بەرژەوەندی‌ خەڵک و بۆ کەمبوونەوەی‌ رووداوەکانی‌ هاتوچۆیە."
لەوڵامدا دەڵێم، بەڕێزم جەنابت شارەزای بواری هاتووچۆ نیت و بەو حوکمەی خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایت، دەبێت بزانیت قسەکردن لەسەر بابەتێک دەبێت بەپێی پسپۆڕی (بڕوانامەدار) یان شارەزایی (ئەزمووندار)ی بوارەکە بێت. ئینجا دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە کوردستان تەنیا کامێراکانی کۆنترۆڵکردنی خێرایی بەس نین، چونکە خێرایی تاقە هۆکاری ڕووداوەکانی هاتووچۆ نییە، بەڵکو هۆکارەکانی زۆرن، هەندێکیان پەیوەندییان بە مرۆڤەوە هەیە (شۆفێر و پیادەکان)، هەندێکی دیکە پەیوەندییان بە ڕێگەوبانەوە هەیە (بوونی ڕێگەی گونجاو و سەلامەت)، یەکێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ئوتومبیلەکان (مەرجەکانی توندوتوڵی) و ئەوەی دیکەش پەیوەندی بە کەشوهەواوە هەیە...هتد.
بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ کامێرەکانی (پۆینت توو پۆینت) کاریگەرییەکی سنوورداری هەیە و بە ئەندازەی گەورەیی کێشەی ئەو ڕووداوانە نییە. بۆیە دووپاتی دەکەمەوە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکانی هاتووچۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە پێویستن و دەبێت حکومەت ئاوڕیان لێ بداتەوە و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنیان هەڵبهێنی:
١- دانانی پلانی چوار ساڵە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی ئەو پلانە لە ڕووی دارایی، زانستی  هاتووچۆ، ئامار و داتاکانی ڕووداوەکان...هتد. بۆ ئەمە پلانێکی ئامادەم بیخەمە بەردەستی بەڕیزتان بۆ سوودلێوەرگرتن.
٢- بنیادنانی سیستەمێکی هاتووچۆی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای یاسا عیراقیەکان و یاسا نێودەوڵەتیەکان.
٣- دامەزراندنی سیستەمێکی مۆڵەتپێدانی کوردستانی بە پشتبەستن بە کەسانی شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و وەک کارێکی دەستەجەمعی، نەک هەنگاوێکی قۆرخکاری لە لایەن هەر کۆمپانیایەکەوە بێت.
٤- چاککردنی ڕێگەوبانەکانی کوردستان لە ڕووی بنیادنان و هێڵ و هێماکان و مەرجەکانی سەلامەتیەوە.
٥- کۆنترۆڵکردنی مەرجەکانی توندوتۆڵیی ئوتومبیلەکان و ڕێگەگرتن لەوەی ئوتومبیلە ناتوندوتۆڵەکان بێنە سەر ڕێگاکانی هەرێمی کوردستان.
٦- بەرزکردنەوەی کواڵیتیی زانستیی کارمەندانی هاتووچۆ، لە پلە باڵاکانەوە تا دەگاتە پۆلیسێکی سەر شەقام، چونکە هاتووچۆیەکی هاوچەرخ و پێشکەوتوو پێویستی بە کارمەندی شارەزا و لێهاتوو هەیە.
٧- بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی هاتووچۆ بە شێوەیەکی سیستەمکراو لە ڕێگەی دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن، ڕاگەیاندنەکان، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، مزگەوتەکان و ئەوانی دیکەوە...هتد.

بەڕێز وتەبێژی حکومەت، زۆربەی ئەو قسانەی لەم وەڵامەدا دەرم بڕیون چەند ساڵیک لەمەوبەر بە نامە ئاڕاستەی بەڕێز سەروکی حکومەت و وەزیری ناوخۆم کردووە، بەم دواییانەش بە یاداشتنامەیەک دووبارە ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆم کردەوە و بە داواکارییەک خستمەوە بەردەمی سەرۆکی حکومەت، بەڵام بەداخەوە هیچی دەرهەق نەکرا.
 
کاتێک ساڵی ٢٠١٣ ڕەخنەمان ئاڕاستەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لە وەڵامدا وتی قسەکانتان ڕاستە، بەڵام ئێمە لە ڕابردوودا لۆکەمان لە دەمی خەڵک نابوو تا قسەنەکەن، ئێستا ئەو لۆکەیەمان خستووەتە گوێی خۆمان." هیوادارم ئێوە بە ڕای ئەو بەرپرسە نەکەن، نە لۆکە لە دەمی خەڵک بنێن و نە بیخەنە گوێی خۆتان.
بە هیوای پێداچوونەوە بەو گرێبەستەدا و زەمینەخۆشکردن بۆ بنیادنانی هاتووچۆیەکی هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان.

شارەزای بواری هاتووچۆ