ئەوەی لە گوتارەکەی بەرێز بلاسخارتدا نەهاتووە!

د. كاوە مەحمود

2022-10-11

لە وتارەکەیدا لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، خاتوو بلاسخارت نێردراوی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی بۆ عێراق، ئاماژەی بۆ ڕووداوە سیاسییە گرنگەکان لە ماوەی ساڵیکدا لە عێڕاق کرد و، لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنی وەک ئەو ئەرکەی پێی سپێردراوە و، لە چوارچێوەی عەقلیەتی باوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ هۆکارەکانی قەیرانی سیاسی لە عێڕاقدا، دەستی لەسەر هۆکاری ڕووداو و پەرەسەندنەکان دانا و، بەپەلە ئاماژەی بۆ پاشخانی هەندێ لە دیاردە سیاسییەکان کرد. 
هەرچەندە ئەگەر بەراورد نێوان وتار و ڕاپۆرتی خستنەڕووی رێڕەوی ڕووداوەکان نێوان خاتوو بلاسخارت و نوێنەرکانی پێشووتری نەتەوە یەکگرتووەکان کە یەکێکیک لەوانە یان کۆپیتش بوو، بکەین، جیاوازییەکی زۆرمان لە بۆێری و ڕاستگۆیی ڕاپۆرتەکان لە بەرژەوەندی بلاسخارت دەردەکەوێت، بەڵام دیسانەوە کۆمەلێک بابەت و هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی پێویست هەیە، کە پەیوەندییان بە شوناسی قەیران لە عێڕاق و هۆکارەکانی هەیە لە دەقی ڕاپۆرتەکەی بەرێز بلاسخارتدا نەهاتبوو.
لە ڕاپۆرتی پێشکەشکراو ئاماژە بە گرنگی پاراستنی هێمنی و گرتنەبەری دیالۆگ و جێبەجێکردنی دەستور و رێزگرتن لە پرنسیپەکانی دیموکراسی و بوونی حکومەتێکی کاریگەر کە خزمەتگوزرای و ئاسایش و قەڵاچۆکردنی گەندەڵی و دابینکردنی عەدالەت مسۆگەر بکات، بەڵام هۆکاری جێبەجێنەکردنی تێکڕای ئەم بابەتانە بۆ گوێنەدان بە ئەرکی هاوبەش و کارکردن بۆ سەپاندنی هەژموون و، فەرامۆشکردنی بەرژەوەندی نیشتمانی لەلایەن سەرجەم پێکهاتەی سیاسی لە عێراقدا، دەگەڕێنێتەوە و، ڕووداوەکانی ساڵی ڕِابووردوو و ئەو بنبەستە سیاسییەی کە هەشە بە زەنگی مەترسی دادەنێت.
بەڵام ئەوەی کە بە تەمومژاوی سەبارەت بەم خاڵە لە ڕاپۆرتەکی بەرێز بلاسخارت ماوەتەوە، چەمکی بەرژەوەندی نیشتمانییە و پێناسەی نیشتمانە لەلایەن گەلانی عێڕاقەوە و، لکاندنی ئەم پێناسەیەیە لەلایەن گۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە چەمکی دەوڵەتەوە. 
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش لە چوارچێوەی هەژموونی عەقلیەتی سیاسی باو جیاوازی لە نێوان بوونی دەوڵەت لە عێڕاقدا کە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی دەرەکی درووستکراوە و، بە سەر چەند نیشتمانێکی جیاوازدا دوور لە ئیرادەی گەلانی ئەو نیشتمانانە،  سەپێنراوە، لە گەڵ پێناسە و شوناسی نیشتمان کە دیاردەیەکی مێژووییە بە بریار و ئیرادەی سیاسی درووستنەکراوە و، هەر بۆیە گرفت لە سەپاندنی یەک دەوڵەت بە سەر چەند نیشتمانێکدا کرۆکی قەیرانی دەوڵەتە لە عێڕاقدا و، ئەمەش قەیرانێکە لە گەڵ مێژووی درووستکردنی دەوڵەت لە عێڕاقدا بوونی هەیە و، بە درێژایی میژووی ئەم دەوڵەتە بە شێوازی جۆراجۆر درووست بوو، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بە تەراویلکەی "هاووڵاتیبوون" لە چوارچێوەی قەیرانی دەوڵەت دەسوڕێتەوە، لە کاتێکدا کە لە مێژەوە زەنگی مەترسی لێدراوە و، بەردەوام خەڵکی زەحمەتکێش بۆ سەپاندنی پەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست دەبنە قوربانی ئاژاوە و پێکدادانەکان و لە سایەی ئەم ڕەوشەشدا گەندەڵی بەردەوام دەبێت.
یەکێک لەو خاڵانی کە بەرێز بلاسخارت ئاماژەی پێ نەکرد دەستنیشانکردنی ئەو لایەنانەیە کە دەستووری ئیتحادی جێبەجێ ناکەن و، قەناعەتیان بە بەفیدرالێبوونی دەوڵەت نییە و، لە چوارچێوەی دەوڵەتی ناوەندنی ڕەها بە شێوەیکی پراکتیکی مامەلە دەکەن و،  ئەو بنەمایانەی کە دەبوایە پرۆسەی سیاسی لە عێڕاقدا دوای 2003 لەسەری بنیات بنرایە فەرامۆش کرا و،  لەمەشدا ئەو هێزە سیاسییانە بە شێوەیەکی ڕوون دەڕبڕی ئاراستەی سیاسی نەتەوە و پێکهاتەی زۆربەین و، بابەتەکانیش لەم حاڵەتەدا هەروەکو لە ڕاپۆرتەکی بلاسخارت هاتووە لە چوارچێوەی دامەزراندنی حکومەتی ناوەند و بریاردانی بودجە و بەردەوامبوونی کاری حکومی بە شێوەیکی شەکلی کۆدەبێتەوە و، لە جیاتی ئەوەی دەست لە سەر هۆکارە سەرەکییەکان دابنرێت کە لە قەیرانی دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت، تەنیا ئاماژە بۆ قەیرانی سیستمی سیاسی و ریساو و سیاسەت و سیستمی حوکمرانی دەکرێت. 

بەڵام ئەوەی کە بە تەمومژاوی سەبارەت بەم خاڵە لە ڕاپۆرتەکی بەرێز بلاسخارت ماوەتەوە، چەمکی بەرژەوەندی نیشتمانییە و پێناسەی نیشتمانە لەلایەن گەلانی عێڕاقەوە و، لکاندنی ئەم پێناسەیەیە لەلایەن گۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە چەمکی دەوڵەتەوە. 
 


 ڕاپۆرتکەی بلاسخارت ئاماژە بۆ بابەتی پێکدادان لە شەقام و تێکچوونی ڕەوشی ئاسایش و قوربانییەکان دەکات، بێ ئەوەی ئاماژە بۆ هۆکاری سەرەکی ئەم پێکدادانە بکات، کە وای کردووە چەکداری بەشی کاریگەر لە جموجۆڵەکانی ئەو خۆپیشاندانانە بێت کە لەلایەن چەکدارانەوە ئاراستە دەکرێن و، گوتاری فەرمی دەسەڵاتداران لە ناوەندا لە باشترین حاڵەتدا باسی گروپی میلشیای چەکداری دەکات، لە کاتێکدا سەرجەم ئەو میلشیانانە بەشێکن لە گروپەکانی حەشدی شەعبی و لە دەوڵەتەوە موچە وەردەگرن.
بەرێز بلاسخارت لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بۆ بۆردومانکردنی تورکیا و ئێران دەکات کە بێگومان خاکی کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام دیسانەوە هیچ داواکارییەک و پێشنیازێکی تیدا نییە بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەم بابەتە.
یەکێک لە گرفتەکان لە بۆچونی سەرجەم نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ریزبەندییە سیاسیەیە کە پێشتر لە ئەجیندەی کارەکانیاندا ئامادە دەکرێت. سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای عێڕاقەوە ئەو ئەجیندەیە خۆی لە دیالۆگ دەبینێت لە پێناوی ڕێکەوتن لە سەر سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و دامەزراندنی حکومەت، لە کاتێکدا ئەزمونی ساڵانی پێشتر ئەوەی خستۆتە ڕوو کە تەنیا دامەزراندنی حکومەت و سازشکردن لە سەری وەک نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات قەیرانە سەرەکییەکان چارەسەر ناکات و، بۆیە ئەگەر دیالۆگ پێویست بێت ئەوا گرنگە دیالۆگێکی کراوەی بێ هیڵی سوور و دانانی خاڵی پیرۆزی پێشوەخت سەبارەت بە چارەنووسی دەوڵەت بکرێت، کە ئەمەش پێَویستی بە قەناعتبوونە بە ئازادی گەلانی عێڕاق لە دەستنیشانکردنی چارەنووسی خۆیان و، بیرکردنەوە لە پاراستنی گەل پێش پاراستنی دەوڵەت و، ئەمەش هەنگاوی یەکەمی هەستکردنە بە لێپرسراوەیی لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی بارگرژی کە بلاسخارت داوای دەکات.
لە ڕاپۆرتەکەیدا بەرێز بلاسخارت کۆمەلێک پرسیاری گرنگی خستۆتە ڕوو سەبارەت بە بابەتی هەڵبژاردنەوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، لەوانە:

ـ چۆن زامنی ئەوە دەکرێ کە هەڵبژاردنی ئایندەش بە فیرۆ ناچێت؟
ـ چۆن هاووڵاتیانی عێڕاق قەناعت بە خۆیان دەکەن کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بدەن؟
ـ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە چ شێوەیک پشتگیری ئەو هەڵبژاردنە دەکات؟
تێکڕای پرسیارەکانی بەرێز بلاسخارت ئاماژە بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردنی ئایندە ڕێگایەکی مسۆگەر نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
هەرچەندە سەرجەم لاینە سیاسییەکانی عێڕاق لە هەلومەرجی ئێستادا باس لە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن وەک ڕِێگایەکی بەردەوامبوونی ململانێی سیاسی دەکەن، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندی بە بەردەوامبوونی گەندەڵی و دیاردەی دەوڵەتی قوڵ و قەوارە و بوونی میلشیاکانەوەیە و لە سیستمی سیاسی و پێکهاتەی حوکم دەردەکەوێت، لە ڕێگای دووبارە و چەندین بارەوەی هەڵبژاردن یەکلاناکرێتەە و، قەیرانەکان پەیوەندی بە شوناس و پێکهاتەی دەوڵەتەوە هەیە و، بێ بوونی دیالۆگێکی ڕوون و کراوە سەبارەت بە دەوڵەت، پێکەوەژیانی گەلانی عێڕاق مسۆگەر نابێت و، قەیرانەکان بەردەوام دەبێت و لە بەرژەوەندی سەرجەم حوکمرانەکانە و، سامانی مرۆیی و ئابووری نێو ئەو دەوڵەت بە فیرۆ دەچێت.
لە کۆتاییدا گرنگە ئاماژە بە بۆچونێکی بایەخداری بەرێز بلاسخارت بکەین سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بێگومان کارتێکردنی نەرێنیانەی خۆی دەبێت و لە ئاستی ڕای گشتی کوردستانی و هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەڵەتی ڕەنگدەداتەوە.