سەبارەت بە ژینا و ناونانی مەهسا: ڕاسیزم و کۆڵۆنیالیزم

پێشڕەو محەمەد

2022-10-21

یەک، گومان لەوەدا نییە و ئەمڕۆ بە فراوانیی بۆ هەموو جیهان سەلماوە هیچ ڕاسیزمێک بوونی نییە مێژوویەکی گەورەی کۆڵۆنیالیزم لە پشتییەوە نەبێت. بۆ نموونە وەک لە کتێبەکەمدا «ڕەچەڵەکناسیی کەمپ» بە دوور و درێژیی باسمکردووە، هیچ زاراوە و چەمکێکی نازییەکان بوونی نییە پێشتر لە کۆڵۆنیالیزمی ئەڵمانیی لە باشوور-خۆرئاوای ئەفریقا (ئێستا تانزانیا و نامیبیا) دژی خەڵکانی ڕەسەنی ئەفریقیی بەکارنەهاتبێتن. چەمکەکانی وەک «کەمپی کاری زۆرەملێ، داوەشان، قڕکردن، ڕەگەزی نزم، ناشارستان، بێ کولتوور، لادێنشین، کێویی، میواندۆست، ساویلکە، دەربەدەر، ئاوارە» و هتد، هیچیان هیتلەر دروستی نەکردوون، هەموویان پێشتر ئەڵمانە کۆڵۆنیستەکان دروستیانکردبوون. ئەڵمانەکان یەکەم کاریش کردیان بۆ ئەوەی خەڵکی ڕەسەنی ئەفریقیی لە ڕابردوو و داهاتوویان داببڕن، ناوە ڕەسەناکانیان سڕییەوە. کەواتە بۆ تێگەیشتن لە ڕاسیزم، تۆ بەناچاریی دەبێت کۆڵۆنیالیزم بناسیت.

دوو، ناونانی کەسەکان و شوێنەکان، سڕینەوەی ناوە ڕەسەنەکان و ئازاد-هەڵبژێردراوەکان، هەنگاوێکی زۆر گرنترە بۆ کۆڵۆنیالیزم لە سوپا و توندوتیژیی، تا هەم گەلانی کۆڵۆنیزەکراو و داگیرکراو ئاسانتر کۆنتڕۆڵ بکات و دەسەڵاتیان بەسەردا پیادە بکات و ببێتە خاوەنی سامانی سروشتیی و هێزی کاریان. ناونان، وەک زۆربەی لێکۆڵەرانی جیهان باسی دەکەن، یەکێکە لە چەکە زۆر توندوتیژەکانی هێزە کۆڵۆنیستەکان بۆ سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی خەڵکانی داگیرکراو و سڕینەوەی یادەوەریی ڕابردوویان و پەیوەندییان بە مرۆڤ و سروشتی دەوروبەریانەوە و کردنیان بە ئامێر وەک ڕۆبۆت کە ئاسان بێت بە کۆنتڕۆڵ بیانجوڵێنن و هەرچییەک حەزبکەن وەک مشکی تاقیگە بەسەریاندا پیادە بکەن. ئەمڕۆ بۆ نموونە یەکێک لە پرۆسە هەرە کاریگەرەکانی لەکۆڵۆنیخستن لە ئاستی جیهانییدا، دووبارە ناونانەوەی کەسەکان و شوێنە ناوگۆڕێنراوەکانە. 

سێ، ئێران بە سیستەماتیک کۆڵۆنیالیزم لەسەر کوردستان پیادە دەکات، کۆی قەڵەمڕەوی کوردستانی بۆ کەمپی هێزی کاری کۆچپێکەر و بۆ کۆڵبەرنشینبوون و لەسیاسەتداماڵین کورتکردووەتەوە. لە لایەکەوە هێزی پیشەسازیی لە قەڵەمڕەوی کوردستان بڕیوە و لەگەشەی خستووە، وەک مارکس باسی دەکات کۆڵۆنیالیزم هەر شوێنێک بگرێت سەرچاوە ئابوورییەکانی کوێر دەکاتەوە و ئێران پاشان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاسانتری خەڵکی کورد، لە سیاسەتیان دادەماڵێت و دەیانکاتە مرۆڤی گوێڕایەڵی چەماوە ئەگەر بیانەوێت لە ژیاندا بمێننەوە و کاربکەن. وەک فرانتز فانۆن، فەیلەسوفی شۆڕشگێڕی دژە-کۆڵۆنیالیست باسی دەکات، بنچینەییترین فۆرمی کۆڵۆنیالیزم و ڕاسیزم، دوورخستنەوەی مرۆڤی کۆڵۆنیزەکراوە لە سیاسەت و کردنیان بە بوونەوەرانی ناسیاسیی. 

 

ناونانی کەسەکان و شوێنەکان، سڕینەوەی ناوە ڕەسەنەکان و ئازاد-هەڵبژێردراوەکان، هەنگاوێکی زۆر گرنترە بۆ کۆڵۆنیالیزم لە سوپا و توندوتیژیی، تا هەم گەلانی کۆڵۆنیزەکراو و داگیرکراو ئاسانتر کۆنتڕۆڵ بکات و دەسەڵاتیان بەسەردا پیادە بکات و ببێتە خاوەنی سامانی سروشتیی و هێزی کاریان.

چوار، وەک ئەم بەڵگەیە پیشانی دەدات، ژینا ئەمینی نەیدەویست ناوی مەهسا بێت، ئێران خواستەکەی بۆ گۆڕینی ناو ڕەتدەکاتەوە لەبەر: یەک، ناوێکی نا-ئێرانییە و دوو، ناوێکی کوردییە. کۆڵۆنیالیزم/ڕاسیزمی ئێرانیی باش دەزانێت ناونانەوە بەهێزترین چەکی وشیاریی دژە-کۆڵۆنیالیزمە، لەبەرئەوە بە سانایی قەدەغەی دەکات. قەدەغکردنی ناوی ژینا و کردنی بە مەهسا، سڕینەوەی یاد و یادەوەریی قوربانیانە بۆ ئەبەد. لەبیرکردن و فەرامۆشکردنی یاد و ناوی قوربانیان، لە مێژوودا ئەرکی هەموو بزووتنەوە فاشیستییەکان بووە. وەک واڵتەر بنیامین باسی کردووە، ئەگەر دەتانەوێت خیانەت لە قوربانیان نەکەن و بەمجۆرە پراکتیکی فاشیزم جێبەجێ نەکەن، کەواتە قوربانیان بەناوی خۆیانەوە بانگبکەن. تەنانەت چێ گیڤارا باس لەوە دەکات بۆ جەنگان دژی ئیمپریالیزم پێویستە ناوە ڕەسەنەکانی ئەمریکای لاتین بگەڕێنرێنەوە. ناونانەوە، خەباتێکی ئێجگار گرنگە.

پێنج، کاتێک شاپەرستە ئێرانییەکان دەڵێن با ناوی «مەهسا» بەکاربهێنین نەک «ژینا» چونکە یەکێتیی لەبەین دەچێت، و چەپەکانیش وەک کۆرسی گۆرانیی، لەدوویان دەڵێنەوە، هیچیان نە خەمی یەکێتییانە و نە خەمی «قوربانیی: ژینا»، ئایدیاکە ڕوونە: هێشتنەوەی دەسەڵاتی باڵای پیاوی فارس، بەسەر مرۆڤی داگیرکراودا و پاراستنی ئایدیۆلۆژیای فاشیستیی «یەکپارچەیی خاکی ئێران». پێشبینیی دەکرا چەپ وشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ خەباتی دژە-ڕاسیزم و دژە-کۆڵۆنیالیزمدا بکات، وەک مێژوو سەلماندوویەتی، تەنها چەپ هێزی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕی خەبات بووە دژی ڕاسیزم، کۆڵۆنیالیزم و فاشیزم، کەچی لای ئێمە دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە، چەپ ئێستا هەم لەژێر ئاڵای شاپەرستەکان دەجەنگێت و هەم پرۆسەی زیاتر درێژەدان بە کۆڵۆنیالیزم بەردەوام دەکات. مارکس هەرگیز دوودڵ نەبوو لە خەباتە دژە کۆڵۆنییەکاندا، تەنانەت بەرگریی لەکۆی بزووتنەوە ڕزگارییخوازییەکان بکات بەوانەش کە کاتۆلیکی مەسیحیی بوون، فانۆنی مارکسیست دوودڵ نەبوو، پشتیوانیی لە موسڵمانەکان و عەرەبە جەزاییرییەکان بکات، کەچی دیسان بۆ دۆخی تراژیدیای ئێمە، لەناوچەکە، چەپیش بووەتە هاوئاوازی شاپەرست و ناسیۆنالیستە شۆڤینییەکان.