مانەوە، كشانەوەو بایكۆتی پەرلەمانتاران

چۆمان محەمەد

2022-11-04

وەك دەستپێك درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان نەریتێكی خراپ، نایاسایی، نادەستوریی و ناپەیڕەوییە.
هیچ پاساوێك هەڵناگرێت بەتایبەت بۆ هەموو ئەو هێزانەش كە باوەڕیان بە سندوقی دەنگدان و ڕای خەڵك هەبووە، ئێستاش چەند رۆژێكی كەم ماوە بۆ تەواوبوونی ماوەی بەیاسایی پەرلەمان كە ٦/۱۱/۲٠۲۲، هەموو ئەو پەرلەمانتار و فراكسیۆنانەی دەنگیان بەم درێژكردنەوە نەدا لەبەردەم دووڕیانێكدان، یا مانەوە لەپەرلەمان هەوڵدان بۆ بۆ ڕێگری دروستكردن و فشار و ئاگاداركردنەوەی خەڵك بۆ هەنگاوەكان  و هێشتنەوەی پەرلەمان بەو تۆزە جوڵە و فشارانەی دەكرێت، تاڕادەیەك ئەم رێگایە ئیحراجی و رەخنەی تێدایە بەوەی تۆ دەنگت نەداوە بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هیچ پاساو و لۆژيك و دادپەروەییەک قبوڵی ناكات مانەوە.
رێگای دووەم، كشانەوەیە لەئەندام پەرلەمانیی، راستگۆیانە لەگەڵ خەڵك لێی دەردەچن، بەردەوامی نادەن بەكاركردن لە پەرلەمانێكی ماوە بەسەرچووی ناشەرعی، هەنگاو دەنێن بۆ قۆناغەكانی داهاتوو بەرەی فراوان دروستبكەن، وەدەوترێت حزبەدەسەڵاتدارەكان لەماوەی ئەم خولەی پەرلەمان چییان ویستووە تێپەریوەو ڕێگری دروست نەبووە، بۆیە مانەوە لەم پەرلەمانە بەم شێوازی درێژكردنەوە ئیحراجی ونەنگی زیاتری تێدایە، وەك لەسود و قازانجەكانی بۆ ئەو بەرێزانەی باوەریان وایە خەڵك بۆ ماوەیەكی دیاریكراو هەڵیبژاردون...

روانگەی سیاسی و یاسایی بایكۆت:
لەم نێوەندەشدا رایەكی سەیر و نامۆ دروستبووە، رێگای بایكۆتی پەرلەمانە نە وازهێنان و دەستلەكاركیشانەوە نە مانەوەو بەردەوامیدان، بەندە وایدەبینم ئەم ڕێگایە جۆرێك لەچەواشەكاری و موزایەدە و ترس لە شوێنگرەوەكانی تێدایە، دەنا گەر باوەڕتان بە پەرلەمان نییە و بەناشەرعی لەقەڵەمی دەدەن، ناكرێت بایكۆتی كاری ناشەرعی و نایاسایی بكەیت، چونکە تۆ هەر لەبنەماوە كارەكەت پێ هەڵەیە و هەڵای گەورەتان كرد بۆ درێژكردنەوە، ئەم پرسی بایكۆتەش هەتا لەناو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا لەچوارچێوەی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتار مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بەپێی مادەی (22) پەیرەوی ناوخۆ، دوای ئامادەنەبوونی سێ دانیشتنی یەك لەدوای یەك، یان (5) دانیشتنی پچڕپچڕ، لەپاش چەند رێكارێكی ئاسایی، سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت ئەم پرسە بخاتە دەنگدانەوەو كۆتایی بە ئەندامێتییان بهێنێت، لەو حاڵەتەدا شوێنگرەوەكانیان بەپێی یاسا بەركارەكان  پڕدەكرێنەوە، لێرەدا ئەم هەنگاوەش تاڕایەك ئەكەوێتەوە سەر تێروانین وبۆچوونی سەرۆكی پەرلەمان، ئاخۆ ئەم پرسە دەخاتە دەنگدان یاخود نا؟ چونکە ئەرك نیە لەئەستۆی بەڵکو دەسەڵاتێكە دەتوانێت بەكاری نەهێنێت.