به هه‌ندێ موباله‌غه‌وه ده‌ڵێم: مرۆڤ له ژیانیدا ته‌نها یه‌ك جار به‌ڕاستی ئاشق ده‌بێ، جا ئاشقی ئاینێك بێ یان ئایدیۆلۆژیا و حزبێك، یان ئافره‌ت/پیاوێك! ئه‌ویش ئه‌و جاره‌یه كه بۆ یه‌كه‌م جار، به به‌رنامه بێ یان به‌بێ به‌رنامه، به تاسه‌وه ئیمان به‌و دڵخوازه‌ی دێنێ، به‌دڵ و به‌گیان خۆشی ده‌وێ، واته ئیمانی هه‌ر كه‌سێك كۆدێكی هه‌یه و ته‌نها یه‌ك جار ئه‌و كۆده ده‌كرێته‌وه و راده‌ستی كیانێك ده‌كرێ، كه كرایه‌وه جارێكی‌تر نوێ نابێته‌وه، ئه‌م ئه‌شقه تا ده‌مرێ هه‌وێ و ركابه‌رێكی راسته‌قینه‌ی له دڵی ئه‌و كه‌سه‌دا بۆ دروست نابێ..
هه‌ر به‌ناو (ئه‌شق) و (ئینتیما)یهكیتر پاش ئه‌و ئه‌شقه قووڵه‌ی یه‌كه‌م دروست ببێ، ته‌نها (حهزلێكردنه) بۆ چێژ (به‌رژه‌وه‌ندی) نه زیاتر. ئه‌مه حاڵه‌تێكی هێنده ورده كه ته‌نانه‌ت ره‌نگه پاڵه‌وانه‌كه خۆیشی هه‌ستی پێ نه‌كات و حاشای لێ بكات و ئه‌شق و ئیمان و ئینتیمای دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌میشی هه‌ر به ره‌سه‌ن و راسته‌قینه بزانێ و وا نواندن بكا كه له‌ناو ئه‌زموونی ئه‌شقێكی تری راسته‌قینه‌دایه، بگره تانه له یه‌كه‌م بدات و پێی وا بێت هه‌ڵه‌ی ته‌مه‌ن بووه!
ئاخر ناهه‌قی نییه، چونكه ده‌زانێت داننان به‌م راستییه گه‌ردوونییه‌دا سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌كه‌ی ده‌كاته نمایشێكی قازانجخوازانه و نرخی له‌لای خانه‌خوێی دووه‌م و سێیه‌می ناهێڵێ و هه‌میشه به (جێگومان) ده‌بێت و نابێته ئه‌ندامێكی راسته‌قینه‌ی (خێزان)هكه، بێ‌ئاگا له‌وه‌ی داننه‌نانی به‌م راستییه‌دا هیچ له‌و راستییه ناگۆڕێ كه ئه‌و هه‌رده‌م لای خانه‌خوێ دووه‌م و سێیهمهكهی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هه‌ر (جێگومان)ه، و هه‌میشه نازناوی (كۆنه..) هه‌ر به‌دوایه‌وه ده‌بێ.. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ی باسمان كرد له ئه‌زه‌له‌وه له كۆنه‌ستی مرۆڤایه‌تیدا چێنرابێ.
بڕوانه له‌نێو سه‌دان و هه‌زاران بێباوهردا كه له سه‌ره‌تای ئیسلامدا باوه‌ریان به ئیسلام هێناوه، كه‌سێك هه‌یه به‌ناوی (كه‌عبی ئه‌حبار)، جوله‌كه بووه و موسڵمان بووه، ره‌نگه به‌بێ غه‌ل و غه‌شیش موسڵمان بووبێ، به‌ڵام تائێستا ئه‌م داماوه به راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به پیلانگێڕان بۆ له‌ناوبردنی ئیسلام به پاڵنه‌ری ئاینی پێشووی تۆمه‌تبار ده‌كرێ، به‌تایبه‌ت له‌وه‌دا كه زۆر له‌و حه‌دیسانه‌ی به ئیسرائیلیات ناسراون ده‌درێنه پاڵ ئه‌و، وه‌ك بڵێیت به‌درۆ موسڵمان بووبێ، تا له ناوه‌وه له ئیسلام بدات. واته كۆنه جووله‌كه‌بوونی كه‌عب مۆرێكی گومانه بهنێوچاوانییهوه و قه‌ت وه‌ك موسڵمانێكی راسته‌قینه ته‌ماشا ناكرێ!!
چه‌ند گه‌نجێك چه‌ند ساڵێك ئه‌ندامی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بوون، له‌وانه (....)، ئه‌وانه وازیان له‌و حزبه هێناوه و چوونه حزبێكی ركابه‌رییه‌وه كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، كه‌چی به‌رده‌وام له هه‌ندێ میدیا و نووسینی هه‌ندێ نووسه‌ره‌وه به (كۆنه ئیخوان) تۆمه‌تبار ده‌كرێن، ئه‌م تۆمه‌ته ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یش بێ له‌خۆوه نییه، پێم وایه هه‌ر زاده‌ی ئه‌و هه‌سته گشتییه‌یه له ناخی هه‌ر مرۆڤێكدایه.
براده‌رێك ده‌یگوت ده ساڵ شیوعی بووم، (25) ساڵه پارتیم، هه‌ر پێم ده‌ڵێن (كۆنه شیوعی). واته مادام كۆدی ئیمان و ئه‌شقه‌كه‌ی ته‌سلیمی شیوعیه‌ت كردووه، پارتی به ئه‌ندامی (نیوداشت) و (ده‌ستی دوو) و (بێ جه‌وهه‌ر) و (جێگومان) كه بۆ (مووشه) هاتووه، نه‌ك باوه‌ڕدار به پارتی، وه‌ریده‌گرێ، هه‌ربۆیه كۆنه شیوعییه‌كانی ناو پارتی دوای بیست سی ساڵ هێشتا هه‌ر له ئیعلامدان و نه‌بوونه به‌شێكی جه‌وهه‌ری له پێكهاته‌ی سه‌ركردایه‌تیی پارتیدا.
براده‌رێكی رۆشنبیر ده‌ناسم، ناسراوه، جاران ئیسلامییه‌كی رادیكاڵ بوو، واته كۆده‌كه‌ی بۆ ئه‌و ره‌وته كرده‌وه، ئێستا ده‌ڵێن تا سنووره‌كانی ئیلحاد رۆیشتووه، به‌ڵام سه‌رباری گۆڕانی قه‌ناعه‌ت و ئینتیمای من هێشتا له زۆر له هه‌ڵوێسته‌كانیدا تارمایی ئه‌و كۆده ده‌بینم!
چه‌ند گه‌نجێك چه‌ند ساڵێك ئه‌ندامی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان بوون، له‌وانه (....)، ئه‌وانه وازیان له‌و حزبه هێناوه و چوونه حزبێكی ركابه‌رییه‌وه كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه، كه‌چی به‌رده‌وام له هه‌ندێ میدیا و نووسینی هه‌ندێ نووسه‌ره‌وه به (كۆنه ئیخوان) تۆمه‌تبار ده‌كرێن، ئه‌م تۆمه‌ته ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یش بێ له‌خۆوه نییه، پێم وایه هه‌ر زاده‌ی ئه‌و هه‌سته گشتییه‌یه له ناخی هه‌ر مرۆڤێكدایه.
ئه‌مه‌ی وتم -وه‌ك وتم- به هه‌ندێ موبالهغهوهیه، نازانم بۆ سه‌داچه‌ندی حاڵه‌ته‌كان راسته، به‌ڵام پێم وایه تا رێژه‌یه‌كی باش راسته و هه‌ستێكی گشتی لای هه‌موومان هه‌یه كه به چاوی گومان و جۆرێ له (كهمنرخی) ته‌ماشای ئه‌و كه‌سانه ده‌كرێ كه دین یان حزب ده‌گۆڕن، ته‌نانه‌ت ئه‌و کەسانهیش كه سه‌روه‌ختێك ژن/مێرده‌كه‌یان زۆر خۆشویستووه، كه‌چی پاش مردنی یان به‌بێ مردنیشی مه‌یلیان داوه‌ته یهكێكیتر..
ره‌نگه ده‌رنه‌چوونی ئه‌و كاندیدانه‌ی سه‌ركردایه‌تیی پارتیش كه له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دوواییدا له حزبهكانیترهوه چووبوونه ناو ئه‌و حزبه له ده‌نگدان بۆ سه‌ركردایه‌تی له كۆنگره‌ی 14ی ئه‌و حزبه‌دا كه له چه‌ند رۆژی رابردوو له دهۆك به‌ڕێوه چوو، هه‌ر بۆ كاریگه‌ریی ئه‌و هه‌سته بگه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه هێشتا متمانه‌یان به‌و سهنگهرگوێزهرهوانه نییه، هه‌ر بۆیه په‌راوێزیان خستن، كه پێم وایه ئه‌وه یه‌كێك له رووداوه هه‌ره گرنگه‌كانی ئه‌و كۆنگره‌یه بوو، كه جه‌ماوه‌ری پارتی به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی، هه‌ڵوێستی له‌و كاندیدانه وه‌رگرت