چۆن ڕزگار دەبێت لە لیوە لیو؟

بەهروز حاجی

2024-07-01

ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی لەقافڵەکەی سەرۆکی حکومەتدا،توشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون،ئاسایی نەبوو،ئاسایی نەبوو چونکە ئەوان ئەوشەقامەی پێیدا دەڕۆن،کەسیتر ناتوانێت پێدا تێپەڕن،دەبێت هەموان لەشوێنێ خۆمان بوەستین لەفلەکەیەکدا،یان ڕێگەیان بۆ چۆڵکەین هەتا ئەوان تێدەپەڕن!

ئەو شوێنەی پێویستبکات ترافیک لایەتەکان دەکوژێنرێنەوە،سەرجەم ئەو خاڵانەی دەچنەوە سەر شاڕێی ڕێڕەوییان دەبێت بوەستێنرێت،کەواتە بۆدەبێت لەشەقامێکدا کەبەوشێوە ڕێگە خۆشکرابێت ئەوان توشی ڕووداوببن! بێگومان ئەمە پێمان دەڵێت ئەوان لە ڕۆیشتنی ڕێگەکەشیاندا پێشلی یاساو یاسای هاتوچۆیان کردووە،ئەمە جگە لەوەی لەهەموو دونیادا تەنها بۆ حاڵەتی فریاکەوتنی خێرا و ئاگر کەوتنەوە ڕێگە بەو جۆرە ڕۆیشتن و ئاسانکارییە دەدرێت.بۆیە گەر یاسا هەبێت دەبێت لێپێچینەوە و سزا هەبێت بۆ هەموو ئەو حاڵەتانەی لەدەرچونێکی بەرپرسان ڕوودەدەن!

وەلێ ئەوان کە بەکردارەکانیان،دەریانخستووە،خۆیان بەگەورەتر لە یاسا دەزانن ڕەنگبێ گونجاوتربێت بەهەلی کۆپتەر بڕۆن بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکانی پێش هەڵبژاردن، چونکە نە قافڵەی عەسکەری ،نە شەقام داخستن و نە ترافیک کوژاندنەوەی پێویستە، ئەمە جگە لەوەی پارێزراوترن و لەتوڕەیی خەڵک و هێلکە بارانیش ناکرێن و توشی ڕووداوی هاتوچۆش نابن و لەهەمووشی گرنگتر لیوەلیوی ئۆتۆمبێلەکانیشیان نابێتە مایەی بێزاری خەڵکانێک کەلەشەقامدا لەوکاتەدا ڕێدەکەن و سەلامەت دەبن لەتوڕەیی خەڵکیدا.