لێدوان و تێنەگەیشتن 

فارس نەورۆڵی

2024-07-04

بەهۆی زۆری کەناڵی جیا جیای میدیاییەوە هەموو شت دەگاتە جیهان، بەڵام ئەوەی کێشەیە هەموو شت وەک خۆی نەگاتە بیسەر یان وەرگر، ئەمەش وایکردوە سەر لێشێواوی دروست بکات و پرۆسەی تێگەیشتن بەلاڕێدا بەرێ بەبێ بوونی زمانێکی نەرم و ڕاستگۆ و واقیعی هیچ تێگەیشتنێک لەناو کۆمەڵگەو لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا ڕوو نادات بەپێچەوانەوە ئەو زمانەی ئەمڕۆی میدیای کوردی و سیاسی کوردی پێی دەدوێت زمانێکە پرۆسەی ئاڵۆزبوون گەشەپێدەدات و پرۆسەی تێگەیشتن لەناو دەبات.

بۆیە پێویستە لێدوان بێژەکان و میدیا و خاوەن پۆستەکان لەوە تێبگەن کە زمان ئەو کلیلەیە کە دەمانگەیەنێتە ڕاستی و هەموو تێگەیشتنێک لەناو زماندایەو لەڕێگای زمانەوەیە، لەهەمان کاتدا سەرەتای هەمو وێران بونێکیش لەڕێگای زمانەوەیە ئەوە زمانە دەتوانێت هیواکان تێکەڵ بکات و هەر زمانیشە دەتوانێ هیواکان لەناوبەرێت و بیتوێنێتەوە.

ئێستا ناوچەکە بەگشتی لەژانێکی پێش لەدایک بونێکی نوێدایە مەترسی لەتەک خۆی دێنێت و چەندان ئەگەری جیاواز لەپێشە ئەگەرەکانیش پێویستیان بەچەند کات و سات و ڕووداو گەلێک هەیە بۆ لەدایک بونێکی نوێ، بۆیە فەزای سیاسی و میدیایی کوردستان پێویستی بە زمان و خواستی لۆژیکی هەیە بۆ شیکردنەوە نەک خواستی دەروونی. ڕاستە هەرێم بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات (ئەگەر بکرێت)، بەڵام گۆڕانکارییەکان ئەوەندە هەستیارن کە هەر لایەنێک ئەو پرسیارە لەخۆی بکات ئایا نەمانی هەرێم گرنگە یان بردنەوەی چەند کورسییەک ؟ ئەم دوو ئەگەرەش لەڕێگای زمانەوەیە بۆ تێگەیشتن یان تێکدان،کەواتە پێویستە هەموو لایەک پێداچونەوەیەک، هەڵوێستەیەک لەزمانی سیاسی و لێدوان و زمانی میدیادا بکات چونکە ئەم جۆرە لێدوانانەی ئەمڕۆی ناو کۆی میدیای کوردی بەرەو تێگەیشتنمان نابات لەپێشهاتەکان، بەڵکو بەرەو سەرگەردانیمان دەبات!