ئایا زمانی کوردی پیرۆزە؟

د. ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

2024-09-14


زمانی کوردی  ئەو زمانەی کە تا ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە بیری پێکەینەوە؛ بەڵێ زمانێک بەو پاشخانە فراوانەیەوە بە فراوانییەی لە وشە و مۆرف و سیمانتیک و هەموو پایە سەرەکییەکانی دیکەی زمانەوە نە توانیوێتی فیکر بەرهەم بهێنێت، نە ڕەوشێکی خۆماڵی و نوێ بۆ دین و دونیا و جیهان لەجۆرەکەی خۆی سەرڕێبخات، جا لێرە شتێک بەکەڵکت نەهاتبێ بە دڵنیایی لە قەبرەکەش بەکەڵکت نایەت، بەقەولی مەسعود محەمەد لەدەرەوەی مێژوو ماوەتەوە. دەقیق وەک ئەو خاکە بەپیتەی کە بە دەستلێنەدراوی و کچێنی ماوەتەوە و تا ئێستا پاچێک یان  گاسنێکی بۆ کێڵان لێڕۆنەکراوە. دنەدانی حەماسی ئایدۆلوژی و عاتیفەی دینی و ئیتنی و گۆرانی وتن بۆ شتێکی سرک و نەگیر و  ڕامنەکریاوی وەک زمان بۆ من تراژیکۆمیدیایەکی بێلەزەت زیاتر نییە.

زمانی کوردی نە زمانێکی شیرینە نە زمانێکی خۆشە، نە پیرۆزە نە ناپیرۆزە، بەڵکو هێمایەکە بۆ ئامانجێکی گەورەتر لەخۆی کە فیکرە، زمانێکە بەکارهێنانی کلتووری و مێژوویی نێو شوێن-کاتی هەبووە و هەیە، دەبێت هەیبێت.

دیدی من بۆ هەموو دیاردەیەک دیدێکی ڕەخنەگرانەی بێ خاتر گرتنە بەڵام لە زماندا دەبێت ئەم دیدە تیژتر و بڕندەتر بکرێتەوە نەوەک لەپەنا عاتیفەی وەسف و پەسن و بەپیرۆزکردنیدا خۆمان بدزینەوە لە بیرکردنەوە، دەبێت زمان ئیحراج بکرێت و بدرێتە بەر مەنگەنەی ئەوەی بتوانێت فیکر بەهەم بهێنێت، تێڕوانینی هەبێت بۆ دیاردە فیزیکی و مێتافیزیکییەکان، دەبێت توانای ئەوەی هەبێت دەستخەتێکی خۆی بنووسێتەوە نەوەک کۆپی ئەوانی دیکە لە فۆڕمی گرامەر و سینتاکسی خۆیدا بجوێتەوە. "دەستخەتێکی خراپی خۆی بێت باشترە لە کۆپییەکی چاکی خەڵک"

لە ڕوانگە مێژووییە هیگڵییەکەشەوە زمان جوڵاوە و پێسپردراوی تایبەت بە خۆی هەیە، خاوەن بەرپرسیارێتییە، وەسفکردنی بەو وەسفە هەرزەکار و مناڵانەیەی گوایە شیرین و شەکرە هیچ نییە جگە لە خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی بیرکردنەوە، سەرڕێخستنی دید و بۆچوون بۆ دونیا و بۆ ژیان.

جەڕاندنی زمان بۆ ڕەهەندی دینی و میللی و ئیتنی و عیرقییەکان هیچ نییە جگە لە جەهلێکی مورەکەب بەرامبەر زمان و سەیەلان و جەرەیانە بێ ئامانج و بێ ئەژێنداکەی. ئەم جەڕاندنە گەر سودێکی هەبێت تەنها بۆ ئەهلی ئەژێندای دیاریکراو و موتەسەڵیت هەیەتی ئەویش لەپێناو دروستکردنی دروشم و کۆنیشانەکانی Syndromeی  میلەتی سەردەست  و دەغدەغەی ئایدۆلۆژی و ناسۆنالیستی و هەندێجاریش فاشیستی.

 زمان نەتاڵە نە شیرینە، نە پیرۆزە نە دوژمنە، بەڵام کاتێک زمانێک دەبێتە زمانی بیرکردنەوەی لەخۆ و ناکۆپی و ئەم بیرکردنەوەیەش گرێ دەدات بە ژیانەوە و دەیانکاتە بیرکردنەوە کارا Functional، کاتێک زمانێک دەتوانێت خەیاڵ بکات و خەیاڵیش تەنها لە خەون وکاسەی سەردا ناهێڵێتەوە، ئەوا خۆبەخۆ دەبێتە زمانی ژیان، هەر زمانێکیش بووبە زمانی ژیان زمانێکی شیرینە، پێویستیی بە شەکر و نەباتی ئێمە نابێت تا شیرینی کات. بە پێچەوانەوە گەر زمانێک نەبووبێتە زمانی فیکر و بیکردنەوە، سەدان وشەی بۆ تەنها یەک مانا هەبێت، فەرهەنگەیکەی دەیان ملیۆن وشەش بێت، بە هەموو گۆرانی  شەکر و نەباتی ئەم دونیایە شیرین نابێت.

بەخشینی تایبەتمەندێتی شیرینتر، پێرۆزتر، بانتر، زمانی سەردەست و ستاندارد بە زمان تەنها و تەنها خزمەت بە ئەژێندای کەسانی خاوەن ئەژێندا دەکات، نە زمانەکە دەتوانێت ڕەخنەی خۆی بکات نە ئەوەشە بتوانێت ببێتە زمانێکی بیرکەرەوەی ژیانساز.

هەر زمانێک بتوانێت تێکستی بەهێز و موحکەم و پایەدار دروستبکات، بیرکردنەوە بەشێک بێت لە بونیادەکەی و ئەم بیرکرنەوەیەش بتوانێت خەیاڵ و جیهانبینی لەجۆرەکەی خۆی بۆ دین و دونیا و زانست دروست بکات، دووربێت لە کۆپی و لاسایی کردنەوەی ئەوانی دیکە، لای ئاخێوەرانی شیرین و خۆشە و خۆبەخۆ دەبێتە زمانی خواستی هەموان.

زمان و مێژووی زمان شتێکی کۆنترە لە میللەت و مێژووی  نەتەوە، ئەم قسەیە بۆ هەموو زمانەکان ڕاستە، زمان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بونیادی هۆشمەندی مرۆڤەوە هەیە نەوەک شتی دیکە، زمان گرێدراوی ئەو تۆڕەیە لە پەیوەندی ئاڵۆز کە دەیبەستیتەوە بە تێکست لەلایەک و ژیان لەلایەکی دیکەوە، هەموو نوقڵی ئەم دونیایە ناتوانێت زمانێکی دابڕاو لەم بونیادە تۆڕیی و شەبەکەییە شیرین بکات، با ئاوازی گۆرانێکەشی خۆش بێت.

کارایی زمان پەیوەندی بە دەوڵەت و میلەتەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بەو تۆڕەوە هەیە کە ئەو زمانە بە تێکست و تێکستەکانیش بە ژیانەوە دەبەستێتەوە، زمانێک ژیانسازی نەکات شیرینیش بێت لەدەمدا تاڵ دەنوێنێت، تەماشای زمانی ڕوسی بکەن بەو هەموو هەژمونەوە، بەو هەموو ئەدیب و فیکرەوە تا ئێستا نەبۆتە زمانی ژیان!