سەردەمی هیچوپووچیی و مرۆڤە هیچوپووچەکان !

محمد خۆشناو

2022-11-12

ڕۆمانووسی ناسراوی ئیسپانی «كارلۆس ثافۆن» بەم شێوەیە لەو ترسناکیەی کە ئێستا بەروەڕووی جیهانی هاوچەرخ بۆتەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەڵێت 🙁 جیهان بەهۆی بۆمبی ئەتۆمی لەناوناچێت  ، بەڵام زۆری و زێدەڕۆیی لە هیچوپووچی  «التفاهة» وا لەجیهان دەکات ببێتە نوکتەیەکی سەخیف ….
مرۆڤە هیچوپووچەکان «التافهين» کەسانێکن زۆر گێلن ، خۆنیشاندەرێکی بێزارکەری پەهلەوانین و ، خۆیان بە عیملاق پیشان دەدەن کە وانیە ! و وادەزانن کە هەموو شتێک دەزانن و ، لەکن ئەوان هیچ شتێک گرنگ نیە و ، هیچ شتێک سوودی نیە و ، چارەسەری هەموو شتێکیش بێجەدوایە و تەنها خۆی چارەسەری لەپشت سیحرەوە بۆ هەموو شتێکی پێیە ؟ ئێستا هیچوپووچەکان وەکو بەکتریا و کەڕوەکان لەزۆربووندان و لە هەموو لایەک بەتۆپزی و بە هەموو شێوازێک دوور لە پابەندبوون و ڕوخسەت و ڕێزگرتن دێنە ناومان ، لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و حزبەکان و کایەکانی دیکەدا زۆرن و ، لە هەڵبژاردنەکاندا ژمارەیەکی بەرچاویان دەردەچن ، تۆڕەکانی سۆشیالمیدیا خاکێکی بە پیت و بەرەکەتی ئەوانە و لەو داڵانە تاریکانەوە خۆیان دەردەهێنن و بوونەتە کاڵایەکی پڕ فرۆش و ، کراونەتە سومبول و ناسراو .
هیچوپووچیی لە هەموو کات و شوێنێک هەبووە و خەڵک مامڵەی لەگەڵدا دەکات و بۆتە بەشێک لە ژیان ، ئەوەی جێگەی تێڕامانە دۆخی کۆمەڵگەی کوردستانە کە زۆر سەیروسەمەرەیە ، کە کەسانێک لەوانەی  دەزانن و پسپۆرن گەڕاینەوە دواوە و ، خۆهەڵکێشەکان لە ڕیزی یەکەمدان و بەئاشکرا  هیچوپووچیەکانیان بەشێوەیەکی ئیستیفزازی بڵاودەکەنەوە و ، هەندێکیشیان لەقەبی « د . »یان پێوەیە و ، لە پەرلەمان و  حکومەت و پێگەکانی تری حزبی شوێنێکی شایستەیان هەیە ، کارەساتی گەورە ئەوەیە کە گوێیان لێدەگیرێت و پشتیان دەگیرێت و هان دەدرين و چەپڵەیان بۆ لێدەدرێت ، لەڕاستیدا ئەمانە شێرپەنجەن بە پیسیی بڵاوبوونەتەوە و لە دەزگا زیندووەکانی جەستەی کۆمەڵگە دەدەن و ، جەماوەرێکی باشیان هەیە کە خۆیان پێدەگرن و داکۆکیان لێدەکەن ….بەکورتیەکەی هیچوپووچەکان لە بوارە جیاجیاکانی هونەری و ئابووری و وەرزشی و لە غیابی  پسپۆر و داهێنەر و هزرمەنداندا لە هەڵکشاندان .

ئەوە چەندین ساڵە شارەزایان هۆشداری دەدەن لە هاتنی  بەرفراوانی هیچوپووچیی و ، دۆخی داڕمانی بەهاکان کە ئەوەتا وا لە کۆمەڵگە دەدات ، بەڵام کەس ئاگاداری نەبوو و ، لەگەڵ کۆنترۆلبوونی بێئاگایی و دەستەبەربوونی دۆخی لەبار بازاڕی هیچوپووجی فراوان بوو و ئەوەتا ئیستا خەریکە کۆمەڵگە هاواری لە کاریگەریە خەراپەکەی  هەڵدەستێت 


«ئالان دونۆ» مامۆستای  فەلسەفە لە کەنەدا کتێبێکی بەناوی(سیستەمی هیچوپووچوویی) دانا کە ترسناکی ئەو سیستمە بەسەر جیهاندا  پێشان دەدات و ، زیاتر باسی تۆڕە کۆمەڵاتیەکان لە «تویتەر و فیس بوک و ئینیستیگرام » دەکات ، کە بوونەتە پێگەی بە سومبولکردنی هیچوپووچەکان و زۆربەیان کراونەتە بەناوبانگەکانی سۆشیالمیدیا ، بەپێی تیۆری «دونۆ» هیچوپووچەکان لەکن زۆربەی نیزامە سیاسیەکان ، وەکو کلۆی کێوی ، لە هەموو شوێنێک لەسەر هەموو شانۆیەک سەما دەکەن و ، خۆیان بە کورسی وەدەنووسێنن و ، پەلدەهاوێن و  شۆڕدەبنەوە و دەچنە ناو تەعلیم و ڕۆشنبیری و سیاسەت و هونەر و ڕاگەیاندن ،  بەجۆرێک واقیع  بە قەبارەکی زۆر لە لیکاو و ووشەی ئەوانە داپۆشراوە  کە لە ئەنجامی ماستا و پانکردنەوە بۆ ئەو کەسانەی لە خۆیان باڵاترن دروستبووە ، دونۆ دەڵێت : جەنگ بۆسەر تیرۆر بۆتە خزمەتێک بۆ نیزامی هیچوپووچەکان و وای لەگەلان کردووە خۆیان تەسلیمی ئیرادەی گڕوپەکان یان هەتا کەسەکان بکەن . وەک ئەوەی ئەوان پاریزەرێکی ئاسمانیان هەبێت ، لەجیاتی ئەوەی ئەو جەنگە هەلێک بێت بۆ ئەوەی گەلان بڕیاری خۆیان وەرگرنەوە .
ئەوە چەندین ساڵە شارەزایان هۆشداری دەدەن لە هاتنی  بەرفراوانی هیچوپووچیی و ، دۆخی داڕمانی بەهاکان کە ئەوەتا وا لە کۆمەڵگە دەدات ، بەڵام کەس ئاگاداری نەبوو و ، لەگەڵ کۆنترۆلبوونی بێئاگایی و دەستەبەربوونی دۆخی لەبار بازاڕی هیچوپووجی فراوان بوو و ئەوەتا ئیستا خەریکە کۆمەڵگە هاواری لە کاریگەریە خەراپەکەی  هەڵدەستێت 
بۆ ڕووبوڕووبونەوەی هیچوپووچی پێویستە تواناکان بەهەدەر نەدرێن و کاتە بەنرخەکان لە «هیج شتێک»دا بەفیڕۆ نەدرێن و ، بەرگری هیچوپووچیی بە ڕۆشبیری بکەین و ، چەمکی ڕاستەقینە بۆ ووشەکان بگەڕێنینەوە.